دوای ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران کوژرا، تا ئێستاش گەورە بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل گومانیان هەیە بەمزوانە رژێمی ئێران بگۆڕێت.
کۆتاییهێنان بە رژێمی ئێران یەکێکە لە ئامانجەکان
پێش و دوای هێرش بۆسەر ئێران، بەرپرسانی ئەمریکا لەوانەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەداوە، کۆتاییهێنان بە رژێمی ئێران یەکێکە لە ئامانجەکان، جگە لە کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمیی و مووشەکی بالیستی ئێران.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال، داوای لە هاوڵاتیانی ئێران کرد "سود لەو دەرفەتە ببینن و وڵاتەکەیان وەربگرنەوە".
گومانی جددی هەیە لە توانای ئۆپۆزسیۆنی ئێران
بەڵام سێ بەرپرسی ئەمریکی بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان بۆ رۆیتەرز ئەوەیان ئاشکرا کردووە، گومانی جددی هەیە لە توانای ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە کۆتایی بە رژێمی ئێستای ئێران بهێنێت کە لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە لە دەسەڵاتدایە.
هەرچەندە هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە دووری نازانن کە حکومەتی ئێران بڕوخێت، کە ژمارەیەکی زۆر سەرکردە و فەرماندەی لەدەستداوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانیشەوە کە لە کانوونی دووەم سەریهەڵدا جەماوەری لەدەستداوە.
بەڵام بەدووریشی دەزانن کە رووخانی رژێمی ئێران بەمزوانە رووبدات.
لە ئەگەری کوشتنی خامنەیی کەسایەتی توندڕەوی دیکە لە سوپای پاسداران شوێنی دەگرنەوە
رۆیتەرز پێشتر بڵاویکردبوەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگری ئەمریکا، کە پێشکەش بە کۆشکی سپی کراوە، باس لەوە کراوە، لە ئەگەری کوشتنی خامنەیی دەکرێت کەسایەتی توندڕەوی دیکە لە سوپای پاسداران شوێنی بگرنەوە، یاخود توندڕەوانی ئاینی.
بەرپرسانی ئەمریکا بەدووری دەزانن، بەرپرسانی سوپای پاسداران خۆیان رادەست بکەن، چونکە سودیان لە تۆڕێکی بەرفراوانی بەرژەوەندی بەستووە و لایەنگریشیان هەیە.
ئەو وتەیە لە کاتێکدایە، لەکاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئێران، راپۆرتێکی هەواڵگری ئەمریکا بەدووری زانیوە هیچ جیابوونەوەیەک لەنێو سوپای پاسداران رووبدات.
بەوتەی سێ سەرچاوەی دیکە، جیابوونەوە مەرجی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی هەر شۆڕشێک، بۆیە داوایان لە هەواڵگری وڵاتەکەیان کردووە هەوڵبدەن بەشێک لە فەرماندەکان لە سوپای پاسداران داببڕن.
بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی ئەمریکا رژێم لە ئێران نەرووخا
رۆژێک دوای کوژرانی خامنەیی، بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی ئەمریکا رژێم لە ئێران نەرووخا، بۆیە دۆناڵد ترەمپ تۆنی قسەکانی گۆڕی و وتی هەوڵدەدەین رێگەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران بکەینەوە، چونکە پێمان وانییە حکومەت بڕووخێت بەمزوانە. تا ئێستا کۆشکی سپی و هەواڵگری ئەمریکا لەوبارەیەوە هیچ قسەیەکیان نەکردووە.
بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە لەکاتێکدایە، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی یەکشەممەی رابردوو رایگەیاند: ئەنجومەنێکی سەرکردایەتی کە پێکدێت لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەندامێکی ئەنجومەنی پاراستنی دەستور و ئەنجومەنی پسپۆڕان بەشێوەیەکی کاتیی کارەکانی رابەری گشیی بەڕێوەدەبەن.
گفتوگۆی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا تەنها لەوەدا کورت نەبووەتەوە،کە باس لە کاریگەری کوژرانی خامنەیی بکات، بەڵکو باس لە کاریگەریی لەسەر گۆڕانکاری لە سەرکردەکانی حکومەت کراوە، دوای کوژرانی خامنەیی.
بە وتەی دوو بەرپرسی ئەمریکا، لەماوەی رابردوودا گفتوگۆی زۆر لەوبارەیەوە کراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، کە ئایا کوژرانی خامنەیی دەبێتەهۆی گۆڕینی مامەڵەی ئێران لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەتایبەتیش لەسەر پرسی ئەتۆمیی و مووشەکە بالیستیەکانی.
بە وتەی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی، ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، چەند جارێک لەگەڵ رەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشووی ئێران کۆبوونەتەوە کە لە دەرەوەی ئێرانە، هەر ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی ئەمریکا بگەنە ئەو بڕوایەی کە هیچ کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە ئەمریکا پشتیوانی دەکات توانای ئەوەیان نییە کۆنترۆڵی دۆخی ئێران بکەن.
لە کۆتاییدا، جۆناسان بانیکۆڤ، کە بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگری ئەمریکایە و ئێستا لە ناوەندی توێژینەوەی ئەتڵانتیک کاونسڵ لە واشنتۆن کاردەکات، پێی وایە لە کۆتاییدا گورزە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاتێک سودی دەبێت کە خەڵکی ئێران بڕژێنە سەرشەقامەکان و کۆتایی بە رژێمەکە بهێنن.