2025-06-08 89 جار خوێنراوەتەوە

نێڵسۆن ماندێلا.. ئەو پیاوە لێبوردەیەى سەرەتا ناوى گێرەشێوین بو

 

نێڵسۆن ماندێلا، بە سیاسەتمەدارێکی دژە ئاپارتاید واتا دژە جیاكاریى لەنێوان رەشپێست و سپى پێست لە باشوری ئەفریقا ناسراوە و شۆڕشگێڕێکە لە ساڵانی 1994-1999وەک سەرۆکی باشورى ئەفریقا کاریکردوە و یەکەم سەرۆکی رەشپێستيش بوە.

لەیەکەم هەڵبژاردنی فرەییدا کە نوێنەرایەتی هەمو رەگەزەکانی دەکرد، هەڵبژێردرا و حکومەتەکەیشی سەرنجی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی میراتی ئاپارتاید بو.

نیلسۆن ماندێلا، لە باشوری ئەفریقا، لە شاری ترانسکای، لە 18ی تەمموزی 1918لەدایکبوە، سەرەتا ناوی دۆلیهلالا بوە، بە واتای (گێرەشێوین)، دواتر بەهۆى ئەوەى ناوەكە لەسەر زارى هاوڕێكانى قورسبوە؛ لە قوتابخانە گۆڕدراوە بۆ نێڵسۆن. ئەم سەرۆكە رەشپێستەى باشورى ئەفریقا، مەهاتما گاندی بە سەرچاوەی ئیلهامبەخشی خۆی زانیوە، چونکە گاندی بیرۆکەکانی خۆی لە ئیدانەکردنی توندوتیژيی و داوای ئاشتی لە باوەشگرتبو.

باوکی لە تەمەنی نۆ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بۆیە لەگەڵ یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گوندەکانی ناوچەکەی خۆی گەورە بو، دواتر لەگەڵ ژمارەیەکی کەمی منداڵدا چوە قوتابخانەی سەرەتایی، پاشان خوێندنی بە پلەیەكى باش تەواوکرد و لەگەڵ هاوڕێکەی فەرمانگەیەکی یاساییان کردەوە.

خەباتکاری گەورەی ئەفریقا، ژیانێکی سەختی بەسەر بردوە و نزیکەی 27 ساڵ زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا، سێبەر و چوار دیوارە کوشندەکانى زیندان؛ نەیانتوانی زەردەخەنەکەی تیرۆر بکەن، مێژوی پڕ لە نادادپەروەريی و خۆبەزلزانین و نەهێشتنی ئەوی دیکەی لە خەیاڵدان و بیرى لایەنە جوداخواز و ناكۆكەكانى وڵات هەڵگرت، بەدرێژایى ئەو ساڵانەى لە زیداندا بو، لێبوردەیییەکی زۆری هەبو؛ تەنانەت لەگەڵ جەلادەکانیشیدا.

ماندێلا، سەرکردایەتی خەباتی گۆڕینی رژێمی ئاپارتایدی باشورى ئەفریقای بە دیموکراسییەکی فرەڕەگەزی کرد و دواى ئەوەى بو بە یەکەمین سەرۆکی رەشپێستی وڵات، رۆڵێكی گەورەی هەبو لە هێنانەدی ئاشتی بۆ ناوچە جێناکۆکەکانی تر، لە ساڵی 1993 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا.

کاریزما و متمانە بەخۆبون و هەستی نوکتەیی و ئامادەنەبونی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئازارەکانی و زنجیرە روداوە سەرسوڕهێنەرەکانی ژیانی، بونەتە هۆى ئەو قبوڵکردنە جیهانییە بێ وێنەیەى پێیبەخشرابو.

دواى كۆتاییهاتنى ماوەى حوكمڕانییەكەى لە ساڵى 1999دا، ناوبراو بۆتە باڵیۆزێکی پلە بەرز لە باشورى ئەفریقا و سەرکردایەتی هەڵمەتەکانی دژ بە نەخۆشى "ئایدز"ى دەكرد و توانى لەماوەى ساڵانى رابردودا، یارمەتی وڵاتەکەی بدات بۆ میوانداریکردنی جامی جیهانی فیفا لە ساڵی 2010.

 لەساڵى 2005دا، كاتێك باسکردنی پەتای ئایدز لە وڵاتەکەدا قەدەغەبو، ماندێلا مردنی کوڕەکەی بەو نەخۆشییە راگەیاند.

ماندێلا، لەساڵى 2012دا بوە یەكەمین كەسایەتى باشورى ئەفریقا، كە وێنەكەى لەسەر دراوى ئەو وڵاتە دانرابێت و لەساڵى 2013دا بە نەخۆشكەوتنى هەردو سییەكانى؛ كە بە زەحمەت و بە سۆندە هەناسەى بۆ دەدرا، كۆچى دوایى كرد.

 

  • رۆژهەڵات..لەحوكمڕانى سەفەوییەكانەوە بۆ كۆمارى ئیسلاميى ئێستا

  • ئایا عێراق دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ حوسییەکان؟

  • رایخى سێهەم.. ناسراوترین لۆگۆى جیهان

  • نێڵسۆن ماندێلا.. ئەو پیاوە لێبوردەیەى سەرەتا ناوى گێرەشێوین بو

  • جۆزیف گۆبڵز.. ئەو وەزیرەى تەنها رۆژێك راوێژكارى ئەڵمانیا بو

  • ئەو سەرۆكەى رۆژێك پێش مردنى وتارێكى نوسى و تەنها خۆى بینى

  • هۆچی منە.. چێشتلێنەرێك دەرگاى دۆزەخ بۆ ئەمریكییەكان دەكاتەوە

  • عیدی ئەمین..لە نێوان ستەم و پرتەقاڵ خواردن و رەفتاری نامۆدا

  • ناپلیۆن..ئەو ئیمپراتۆرەى لە پشیلە دەترسا و دەنگى زۆر ناخۆشبو

سەرەکی