2024-07-10 327 جار خوێنراوەتەوە

خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی گوندی گوهەزرێ لە قەزای ئامێدی بە هاوەنباران وەڵام درایەوە

ناوەندی هەواڵ

دوای هێرش و داگیرکاریەکانی تورکیا بۆ سەریان، ئەمڕۆ هاوڵاتیانی گوندەکانی دەوروبەری قەزای ئامێدی هاتنە سەرشەقام و ڕێگاکانیان داخست.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10-7-2024، هاوڵاتیانی گوندەکانی (گوهەزرێ و چەند گوندێکی دیکە ) لە دەڤەری قەزای ئامێدی هاتنە سەر شەقام و رێگاى هاتوچۆى نێوان دەڤەرەکانی قەزای ئامێدییان داخست و بە هۆی بەردەوامی بۆردوومان و ترس و دڵە ڕاوکێی شەڕی تورکیا لە سەریان، داوایانکرد هەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار بگاتە ناوچەکە و بۆردوومانی تورکیا بوەستێنێت لە سەریان.

دوابەدوای خۆپیشاندانەکەش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە لایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە بە هاوەن ناوچەکە بۆردوومان کرایەوە و هاوەنێک لە ناوەڕاستی گوندەکە کەوتە خوارەوە کە پێدەچێت لەوەڵامی ناڕەزای هاوڵاتیانی گوندەکە بێت .

ئەحمەد گوهەزرێ موختاری گوندەکە سەبارەت بە هەڕەشە و بۆردوومانەکان بۆ سەریان وتی: هاوڵاتیانی گوندەکە و دەوروبەریان توڕە و بێزار بوون لە دڵە ڕاوکێ و دەربەدەری، بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیاوە، هەربۆیە بەناچاری ڕێگەکانمان بە ڕووی هاوتوچۆدا داخستووە تا ئەو کاتەی لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری دۆخەکە دەکات و بۆمبارانی سەر گوندەکە دەوەستێنن. 

ساڵانێکە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی زەمینی و ئاسمانی دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و نیەتی داگیرکردنی هەیە، دەڤەرەکانی بادینان و ئامێدی و خوکورک و گارە و قەندیل بە هەموو گوند و ناوچەکانیەوە بە چڕی کەوتونەتە ژێر بۆمباران و چەکی قەدەغە کراوی تورکیاوە، بەوهۆیەشەوە تا ئێستا بە دەیان هاوڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون، ئەوە جیا لە جۆڵکردنی دەیان گوندی ناوچەکە لە هاوڵاتیان و کۆچپێکردنیان بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان و سوتاندنی ڕەز و باخەکانیان  .



  • ئەلمۆنیتۆر: نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا لەگەڵ مەزلوم عەبدی و مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە

  • زۆرترین کەس لە تاران و کرماشان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون

  • بەشی زۆری ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی دەستگیر کراون

  • چۆن دەزگای هەواڵگری مۆساد دزەی کردە ناو ئێران و سیستمە بەرگریییەکانی لەناو برد؟

  • ئێران وەڵامی ‌هێرشەکانی ئیسرائیلی دایەوە و سەدان موشەک و درۆنی ئاڕاستەکرد

  • واشنتۆن پۆست: ئەو موشەکانەی ئەمڕۆ هێرشەکەی پێ ئەنجامدرا چەند مانگێک لەمەوپێش ئاودیوی ئێران کراوە .

  • پانۆراماى پێشهاتە سەربازییەكانى نێوان ئێران و ئیسرائیل

  • هەپەگە لە ڕاگەیاندراوێکدا "تورکیا بەچەکی قورس و قەدەغەکراو و درۆن هێرش دەکاتە سەر گەریلا"

  • ئەندامێکی هاوپەیمانی ئەنبار " ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ ئاودیوی تورکیا دەکرێت و داهاتەکەشی بنەماڵەیەک دەستی بەسەردا دەگرێت "

سەرەکی