×

چەند ئاوارەیەکی لوبنانی لە عێراق
2024-10-17 299 جار خوێنراوەتەوە

سه‌رلێشێوان له‌ عێراق؛ نیشته‌جێكردنى لوبنانییه‌كان كێشه‌ى ناوەتەوە

ناوەندی هەواڵ

له‌گه‌ڵ زیادبوونى ژماره‌ى ئاواره‌ لوبنانییه‌كان بۆ یه‌ك ملیۆن كه‌س، هه‌زارانیان ڕوویان كردووه‌ته‌ سوریا، به‌شێكیشیان هاتونه‌ته‌ عێراق، تۆمارێکی دەنگیش کێشەی ناوەتەوە.

تۆمارێکی دەنگیی کێشەی ناوەتەوە

نیشته‌جێكردنى لوبنانییه‌كان بووه‌ته‌ كێشه‌ بۆ عێراق، دواى ئه‌وه‌ى تۆمارێكى ده‌نگیی فه‌رمانده‌یه‌كى حزبوڵا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و داوا ده‌كات خێزانى چه‌كدارانى حزبوڵا له‌ ڕێگه‌ى سوریاوه‌ ببرێنه‌ عێراق.

به‌شێك له‌ چالاكوان و میدیا عێراقیه‌كان ده‌ڵێن به‌شێكى زۆرى ئه‌و ئاواره‌ لوبنانیانه‌ له‌ پارێزگاى دیاله‌ نیشته‌جێده‌كرێن.

کۆچبەرانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە

به‌ڵام عه‌لى عه‌باس وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پلانى نیشته‌جێكردنى خێزانى چه‌كدارانى حزبوڵا له‌ عێراق هه‌بێت.

به‌وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق ژماره‌یه‌ك سه‌ردانكه‌رى لوبنانى هاتوونه‌ته‌ عێراق و له‌ هۆتێله‌كانى كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف نیشته‌جێكراون،  وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت "به‌شێكیان سه‌ردانى چه‌ند پارێزگایه‌كى عێراقیان كردووه‌ بۆلاى خزم و كه‌سوكاریان".

به‌ڵام ڕۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌ت ئاشكراى كردووه‌ تائێستا ئه‌و ئاواره‌ لوبنانیانه‌ى گه‌یشتوونه‌ته‌ عێراق ڕوون نییه‌، ئه‌وانیش له‌ ڕێگه‌ى وشكانى و ئاسمانییه‌وه‌ بووه‌.

ژمارەیان چەندە؟

به‌ڵام به‌پێى به‌دواداچوونى ژماره‌یه‌ك میدیاى عه‌ره‌بى، ژماره‌ى ئه‌و ئاواره‌ لوبنانیانه‌ى هاتوونه‌ته‌ عێراق نزیكه‌ى پێنج هه‌زار كه‌سن و پێشبینى ده‌كرێت ژماره‌یان بۆ حه‌وت هه‌زار كه‌س به‌رزببێته‌وه‌ و به‌شێكیان له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌كان و ناوه‌نده‌ ئاینییه‌كان شوێنى مانه‌وه‌یان بۆ دیارى كراوه‌.

به‌شێك له‌و ئاوارانه‌ به‌ ئاژانسى فرانس پرێسیان وتووه‌ "هاتوون بۆ كه‌ربه‌لا دواى ئه‌وه‌ى گوێیان لێبووه‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ ماڵه‌كانیان بۆ ئاواره‌كان ئاوه‌ڵا كردووه‌".

له‌ده‌ستپێكى شه‌ڕى غه‌ززه‌ كه‌ تشرینى یه‌كه‌مى 2023 ده‌ستیپێكرد و پریشكه‌كه‌ى لوبنانى گرته‌وه‌، زیاتر له‌ دوو هه‌زار لوبنانى كوژراون، له‌ ئه‌یلولى ئه‌مساڵه‌وه‌ ئیسرائیل به‌چڕى بۆردومانى لوبنانى ده‌ستپێكردووه‌ و له‌وكاته‌شه‌وه‌ نزیكه‌ى هه‌زار و200 كه‌س كوژراون، زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن كه‌سیش له‌و وڵاته‌ ئاواره‌ى وڵاتانى دراوسێ بوون، زۆرێكیشیان توانیویانه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ وڵاتانى ئه‌وروپا.

حكومه‌تى عێراق هه‌فته‌ى ڕابردوو بڕیاریدا سێ ملیار دینار بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى به‌ لوبنانییه‌كان ته‌رخان بكات، جگه‌ له‌وه‌ى هاوكارى مرۆیى و ته‌ندروستى ڕه‌وانه‌ى لوبنان كرد.

جگه‌ له‌وه‌ش مه‌زارگه‌ى حسێنییه‌ى شیعه‌كان لیژنه‌یه‌كى بۆ هاوكاریكردنى لوبنانییه‌كان پێكهێناوه‌.

ئه‌و ئامارانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ ئامارى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراقه‌ كه‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو ڕایگه‌یاندووه‌ و ده‌ڵێت "زیاتر له‌ پێنج هه‌زار و 700 لوبنانى به‌ ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانى به‌غدا و نه‌جه‌ف و ڕێگاى وشكانى قائیم هاتوونه‌ته‌ عێراق".

 

  • ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ كه‌ كۆریاى باكور ناردوویه‌تیه‌ ئۆكرانیا بۆ فه‌رمانده‌یى سه‌ربازه‌كانى؟

  • مێژووی سەرژمێری گشتیی لە عێراق بە داتا

  • سبەینێ قۆناغی سێیەم و تەواوکاریی سەرژمێری بەرێوەدەچێت

  • توركیا له‌ ڕێگه‌ى دیواره‌وه‌ باكور له‌گه‌ڵ پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان لێك داده‌بڕێت

  • چیرۆكی ئایدن و ڕۆژین؛ ئەو دوو ئێزدیەی لە ڕێگەی فەیسبووكەوە یەكیان دۆزییەوە

  • پێنج ڕووداوی گرنگ لە مێژووی سلێمانی

  • هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی 10 بۆچی ئاڵۆز و درێژخایەن دەبێت؟

  • توركیا هێزى زیاتر ده‌هێنێته‌ هه‌رێمى كوردستان و گومان له‌سەر نیازى ڕاسته‌قینه‌ى هەیە

  • بۆچی بنكەی هەریر فراوان دەكات؟ گومان لە كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق و سوریا دروستدەبێت

سەرەکی