×

وێنەی گوزارشت
2024-10-22 173 جار خوێنراوەتەوە

ئیسرائیل بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران ئاماده‌یه‌؛ ماڵى چه‌ند به‌رپرسێكیش ده‌گرێته‌وه‌

ناوەندی هەواڵ

ئێران بایدن به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات پشتیوانى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ده‌كات، كه‌ناڵ 14 ى ئیسرائیل ده‌ڵێت پێش ئه‌نجامدانى هێرش بۆسه‌ر ئێران، فڕۆكه‌وان و به‌رپرسانى ئاسمانیی سوپاى ئیسرائیل ئامانجه‌كانیان به‌وردى پێده‌وترێت.

كه‌ناڵ 14 ى ئیسرائیل بڵاویكرده‌وه‌: پلانى ئیسرائیل بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ى ئێران ئاماده‌یه‌، به‌شێك له‌ پلانه‌كه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ماڵى چه‌ند به‌رپرسێكى باڵاى ئێرانه‌، ئه‌ویش وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ هه‌وڵى تیرۆركردنى بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆكوه‌زیرانى ئیسرائیل له‌ڕێگه‌ى درۆنه‌وه‌ له‌نزیك ماڵه‌كه‌ى كه‌ دواتر حزبوڵڵاى لوبنان به‌رپرسیارێتى گرته‌ئه‌ستۆ.

به‌وته‌ى ئه‌و كه‌ناڵه‌ سوپاى ئیسرائیل و ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئیسرائیل، پلانى هێرشه‌كه‌یان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیرى به‌رگریی ئیسرائیل كردووه‌.

پلانەکە چۆنە؟

پلانه‌كه‌ ته‌نها چه‌ند كه‌سێكى كه‌م له‌ به‌رپرسانى ئیسرائیل ئاگادارن، چه‌ند بژارده‌یه‌كى هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێرانى تێدایه‌، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و هێرشه‌ موشه‌كییه‌ى یه‌كى ئه‌م مانگه‌ ئێران له‌ڕێگه‌ى موشه‌كی بالیستییه‌وه‌ كردیه‌ سه‌ر ئیسرائیل، ئه‌ویش له‌ تۆڵه‌ى كوشتنى ئه‌میندارى حزبوڵڵا و سه‌رۆكى مه‌كته‌بى سیاسى حه‌ماس و فه‌رمانده‌یه‌كى سوپاى پاسداران.

به‌پێى پلانى هێرشه‌كه‌ كه‌ كه‌ناڵ 14 ى ئیسرائیل به‌شێكى ئاشكراكردووه‌، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى وه‌ڵامى ئیسرائیل دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانه‌، هه‌روه‌ها ئامانجى سه‌ربازى و حكومى، جگه‌ له‌ ماڵى چه‌ند به‌رپرسێكى باڵاى ئێران.

وه‌ك ئه‌و كه‌ناڵه‌ ئیسرائیلییه‌ ئاماژه‌ى پێداوه‌، پلانه‌كه‌ى ئیسرائیل له‌ڕێگه‌ى چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كى پێشكه‌وتووی سه‌ربازی جێبه‌جێ ده‌كرێت، ڕه‌نگه‌ موشه‌كى دورمه‌وداش له‌خۆبگرێت.

پێشتر ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كردبوو كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى بۆ ئێران "به‌هێز و توندوتیژ" ده‌بێت، له‌كاتێكدا پێشتر جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو دژى هێرشى ئیسرائیله‌ بۆسه‌ر ئامانجه‌ نه‌وتى و ئه‌تۆمییه‌كانى ئێران.

ئه‌مریكا و ئیسرائیل پێكه‌وه‌ پلانیان داناوه‌

 ئاشكرابوونى به‌شێكى پلانى هێرشه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئێران جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مریكا تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ى له‌كاتێكدا داواى كه‌مكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كات، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ پشتیوانى هێرشى ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران ده‌كات.

ئه‌میر سه‌عید ئیروانى، نوێنه‌رى ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند: لێدوانى بایدن به‌وه‌ى كات و چۆنیه‌تى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ده‌زانێت جێگه‌ى گومان و نیگه‌رانییه‌.

ئیروانى له‌ په‌یامێكدا كه‌ ئاراسته‌ى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى كردووه‌، ئه‌مریكا پشتیوانى ته‌كنیكى و چه‌كى پێشكه‌وتووى پێشكه‌شى ئیسرائیل كردووه‌ و سیسته‌مى به‌رگریی ئاسمانی پێشكه‌وتووشى پێداوه‌، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رى ئیسرائیله‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران.

نوێنه‌ره‌كه‌ى ئێران له‌ په‌یامه‌كه‌یدا هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ش ده‌كات، هه‌ر پێشێلكارییه‌ك له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ بۆسه‌ر یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌نجامى كاره‌ساتبارى بۆ ئاشتى و ئاسایشى ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تى ده‌بێت.


  • ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ كه‌ كۆریاى باكور ناردوویه‌تیه‌ ئۆكرانیا بۆ فه‌رمانده‌یى سه‌ربازه‌كانى؟

  • مێژووی سەرژمێری گشتیی لە عێراق بە داتا

  • سبەینێ قۆناغی سێیەم و تەواوکاریی سەرژمێری بەرێوەدەچێت

  • توركیا له‌ ڕێگه‌ى دیواره‌وه‌ باكور له‌گه‌ڵ پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان لێك داده‌بڕێت

  • چیرۆكی ئایدن و ڕۆژین؛ ئەو دوو ئێزدیەی لە ڕێگەی فەیسبووكەوە یەكیان دۆزییەوە

  • پێنج ڕووداوی گرنگ لە مێژووی سلێمانی

  • هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی 10 بۆچی ئاڵۆز و درێژخایەن دەبێت؟

  • توركیا هێزى زیاتر ده‌هێنێته‌ هه‌رێمى كوردستان و گومان له‌سەر نیازى ڕاسته‌قینه‌ى هەیە

  • بۆچی بنكەی هەریر فراوان دەكات؟ گومان لە كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق و سوریا دروستدەبێت

سەرەکی