عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە
2024-10-23
364 جار خوێنراوەتەوە
كهى پهیامى دهبێت؟؛ دوای 43 مانگ ڕێگه به سهردانى ئۆجهلان دهدرێت
ناوەندی هەواڵ
میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند داوای عومەر ئۆجەلان، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و برازای عەبدوڵا ئۆجەلان لەسەر فراکسیۆنی دەم پارتی، بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی قبوڵکراوە.
لە کەیەوە نەتوانراوە ببینرێت؟
لە 2019ەوە ئۆجەلان نەیتوانیوە کەسوکار و پارێزەرەکانی ببینێت، لە 2021ەوە تەنها یەک تەلەفۆنی کورتی ئەنجامداوە.
ئەگەر دیدارەکە رێکبکەوێت ئەگەری هەیە عەبدوڵا ئۆجەلان لەڕێی عومەر ئۆجەلانەوە پەیامێک بڵاوبکاتەوە و پرسی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی باسبکات.
کەی پەیامی دەبێت؟
دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد ئەگەر گۆشەگیرییەکەی سەری هەڵبگیرێت بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆتایی بە 'تیرۆر' بێنێت و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، سیاسەتمەداری کورد گوڵتان کشاناک ڕایگەیاند: "لەوانەیە 29ی ئۆکتۆبەر دەنگی بەڕێز ئۆجەلان ببیستین".
باخچەلی دوێنێ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر ئۆجەلان ئامادە بێت بۆ ئەمە، ئەوا با یاساکان بە جۆرێک ڕێک بخرێنەوە، ئۆجەلان بتوانێت داوای مافی هیوا بکات و ئەوانیش ئامادەن بۆ ئەمە.
ئەو گوتانەی باخچەلی لە کاتێکدایە 25 ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دەوترێت دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە "مافی هیوا" بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانی هەتاهەتایی قورسکراو سزا دراون، بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن.
ئەم قسانەی باخچەلی وەک بومەلەرزەیەکی سیاسی وابوون لە تورکیا، چونکە یەکەمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتە سەرۆکی پارتێکی تورکی بەتایبەت کە پارتەکەش پارتێکی نەتەوەیی توند بێت و بەوە ناسرابێت بەردەوام دژایەتی جوڵانەوەی کوردی کردبێت، بەم جۆرە بدوێت.
کاردانەوەی وتەکانی باخچەلی
لە کاتێکدا سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا پشتیوانی خۆیان بۆ گوتەکانی باخچەلی دەربڕی، پارتە نەتەوەیی و ڕاستڕەوەکان و بەشێک لە لێپرسراوە پاشخان نەتەوەیییە توندەکانی ناو جەهەپە سەرکۆنەی قسەکانی باخچەلییان کرد.
دوا بە دوای ئەو قسانە گوڵتان کشاناک لە میانی بەشداریکردن لە پەخشی İlke TV ڕایگەیاند: "لەوانەیە 29ی ئۆکتۆبەر بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا، دەنگی بەڕێز ئۆجەلان ببیستین".
گوڵتان کشاناک یەکێکە لە کاراکتەرە سیاسییە هەرە گرنگەکانی باکوری کوردستان و دوای حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن، پێنج مانگ لەمەوبەر ئازاد کرا.
کشاناک کێێە؟
کشاناکی تەمەن 63 ساڵ لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکان بە هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئامەد هەڵبژێردرا و پاشان بە قەییوم لابرا و لە 30ی تشرینی یەکەمی 2016یشەوە زیندانی کرابوو. کشاناک لە 28ی حوزەیرانی 2011ەوە تاوهکو 31ی ئاداری 2014 هاوسەرۆکی پارتیی ئاشتی و دیموکراتی بووە و لە هەردوو خولی 23 و 24ی پەرلەمانی تورکیا بە پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە لە بازنەی سێرت.
کاردانەوەی دەم پارتی
لای خۆیەوە هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لەبارەی گوتەکانی باخچەلییەوە دەڵێت: "ڕێگای چارەسەرکردنی پرسی کورد دیارە و موخاتەبی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانە کە لە زیندانی ئیمراڵی گۆشەگیرییەکی توندی بەسەردا سەپێندراوە. پەرلەمان شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کوردە و لەوێش موخاتەب دەم پارتییە. پێویستە سەرەتا گۆشەگیری هەڵبگیرێت و بە دانوستان و دیالۆگی دیموکراتییانە و ئاشتییەکی شکۆمەندانە پرسی کورد چارەسەر دەکرێت".
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هەروەها سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە چی زووە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و ئەوان لە مێژە داوا دەکەن یاساکان بە جۆرێک ڕێک بخرێنەوە ئۆجەلان لە مافی هیوا سودمەند بێت.
نوێترین هەڵوێستی ئەردۆغان
رۆژنامەی سەباحی تورکی، بڵاویکردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وتوویەتی: بانگەوازەکەى دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکى گشتیی مەهەپە بە گرنگ دەزانێت، با ئەم دەرفەتە مێژووییە نەکەنە قوربانی پرسە شەخسییەکان و پێکەوە هەموان بۆ تورکیایەکی بێ شەڕ کار بکەن.
|