×

قەرەیلان
2024-10-24 210 جار خوێنراوەتەوە

قەرەیلان: کورد دووبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل؛ پەكەكە گومانی لە نیازی توركیا هەیە

ناوەندی هەواڵ

پەكەكە گومانی لە هەوڵەكانی توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی هەیە، موراد قەرەیلان بەرپرسی باڵی سەربازی ئەو حزبە دەڵێت " ڕێگە بە سیاسەتی فریودان نادەین ، کە بە تاکتیکی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت، کوردیش ناڵێت نەخێر بۆ ئەمە، بەڵام دووبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل". ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ قسەكانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە كە وتبووی "ئەگەر ئۆجەلان لە پەرلەمان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بكات یاساكان بەجۆرێك دەگۆڕین ئازاد بكرێت".

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل ڕایگەیاند:" دەوڵەتی تورکیا بە هەموو توانای خۆیەوە بە شەڕ دژی کورد نەیتوانیوە ئەنجامی دڵخوازی خۆی بەدەست بهێنێت، وەک تەڤگەرەکەمان ئێمە دژی پڕۆسەی چارەسەری دیموکراتیک نین، بەڵام ڕێگە بە سیاسەتی فریودان نادەین ، کە بە تاکتیکی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت."وتیشی:"بێگومان ئەگەر ڕەوشێکی باش بێتەکایەوە کە بەرژەوەندی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، وڵاتپارێزی ڕاستەقینە بگرێتەخۆ و لەسەر ئەم بناغەیە هەندێک هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، لایەنی کوردیش ناڵێت نەخێر بۆ ئەمە، بەڵام دووبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل، ئەگەر هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا نەبن، هیچ کاریگەرییەکیان نابێت"."بێگومان وەک ڕێبەر ئاپۆش دەستنیشانی کرد، پەکەکە و سیاسەتی یاسایی_دیموکراتیکی کورد خاوەنی ڕۆڵی گرنگن لە چارەسەردا، ئەوەی ڕژێم دەیکات تاکتیکی سوکە، تاوەکو لایەنێک دژی ئەویتر بدات بە شەڕدا، پێویستە ئەمە نەکەن، ڕۆڵی هەر پێکهاتەیەکی کورد لەبەرچاو بگیرێت". 

قەرەیلان ئەوەشی وت.فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل دەشڵێت:" بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی هەرچەند بەگوێرەی زیهنیەتی خۆی خاوەنی ناوەڕۆکێکی ناعەقڵانییە و لای گەلی کورد هەرگیز قبووڵ ناکرێت، بەڵام بانگەوازێکە تێیدا عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبووڵ کردووە و لێدوانەکەش بەو هۆیەوە دراوە، ڕاستییەکە ئەمەیە، ئەگەر نزیکایەتییەکە بەگوێرەی ئەم ڕاستییە بێت، وەڵامی خۆی لای کورد دەبینێتەوە".

وتەكانی قەرەیلان لەكاتێكدایە، دوێنێ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتیی مەهەپە، داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كرد ئەگەر گۆشەگیرییەكەی سەری هەڵبگیرێت و بێت لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا كۆتایی بە 'تیرۆر' بێنێت و پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا با یاساكان بە جۆرێك ڕێك بخرێنەوە، ئۆجەلان بتوانێت داوای مافی هیوا بكات و ئەوانیش ئامادەن بۆ ئەمە.وتەكانی باخچەلی لە كاتێكدایە 25 ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر زیندانیكردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە "مافی هیوا" بە شایستەی ژمارەیەك لەو كەسانە دەزانێت كە بە زیندانی هەتاهەتایی قورسكراو سزا دراون، بۆ ئەوەی بە شێوەی مەرجدار ئازاد بكرێن.

دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە لە لایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە، مافی هیوا بەپێی یاسا لە توركیا ڕێك خرا. لەو یاسایەدا بە ڕەچاوكردنی هەڵسوكەوتی ئەو حكومدراوانەی بە سزای زیندانی هەتاهەتایی یان سزای زیندانی هەتا هەتایی قورسكراو زیندانی كراون، ڕێگە بە حوكمدراو دەدات دوای تێپەرینی ماوەیەكی دیاریكراو لە زیندان داوا بكات بە مەرج ئازاد بكرێت. بەڵام سودمەندبوون لەو مافە لە توركیا هەموو حوكمدراوێك ناگرێتەوە و كۆمەڵێك مەرجی خۆی هەیە.
30ی ئەیلول بریكاری سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا، مەراڵ دانش بێشتاش بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت لەو مافە سودمەند بێت پرۆژەیاسایەكی پێشكەشی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی توركیا كرد.

لە پڕۆژەیاساكەدا هاتووە:- لە هەڵگرتنی سزای لەسێدارەدانەوە لە 2004 و گۆڕینی بە سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسكراو، ئۆجەلان لە دۆخێكی سەختدا دەژی لە ژورێكی تاكەكەسیدا.

لە بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا سودمەندنەبوونی ئۆجەلان لە مافی هیوا وەك كارێكی دژەمرۆڤایەتی باس كراوە.
 دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەو میانەیەدا بڕیاری داوە 25 ساڵ جارێك چاو بە سزای زیندانی هەتاهەتاییدا بخشێندرێتەوە و باسی لەوەیش كردووە توركیا دەبێت پابەند بێت بەو بڕیارانە.

بۆچی باخچەلی هەڵوێستی گۆڕاباخچەلی ماوەی 27 ساڵە سەرۆكی مەهەپەیە و مەهەپەش پارتەكەی پارتێكی نەتەوەیی توركە و هەر جۆرە دەسكەوتێكی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر توركیا.باخچەلی و پارتەكەی تەنانەت لە كاتی پرۆسەی ئاشتیشدا (2013 بۆ 2015) بە توندترین شێوە دژایەتی خۆیان بۆ پرۆسەكە ڕاگەیاند و لەگەڵ ئەوەدا بوون تەنها بە ئاگر و ئاسن كۆتایی بە جوڵانەوەی چەكداری كوردی بهێندرێت و ئەو ئاراستە سیاسییەی نوێنەرایەتی كوردانی باكوری كوردستانیشی دەكرد لە توركیا قەدەغە بكرێت و ئەندامانی زیندانی بكرێن.

چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەكەنەوە "توركیا زۆر لەوە دەترسێت دووبارە نەخشەی ناوچەكە بكشێرێتەوە و ئەزموونی باشور و ڕۆژئاوای كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش دووبارە ببێتەوە دواتر پەل بهاوێت بۆ باكوری كوردستان. 

ئەمەیش وای كردووە ئاك پارتی حوكمڕانی توركیا و مەهەپەی هاوپەیمانی بیر لە كۆتاییهێنان بەو سیاسەتە سەركوتكارییە بكەنەوە كە لە دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی ئاشتییەوە لە بەرامبەر كورد گرتوویانەتە بەر".

دوای ئەوەی باخچەلی یەكی ئەم مانگە لە كردنەوەی خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی توركیا چووە لای بەرپرسانی دەم پارتی و تۆقەی لەگەڵدا كردن، ڕایگەیاند: "لە كاتێكدا داوای ئاشتی دەكەین بۆ جیهان، لە ناوخۆدا پێویستیمان بە ئاشتییە".

دوای دوو هەفتە باخچەلی داوای لە ئۆجەلان كرد كۆتایی بە 'تیرۆر' بهێنێت و پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە و دوێنێش جارێكی دیكە هەمان داوای لە ئۆجەلان كردەوە و وتی: "ئەگەر گۆشەگیرییەكەی سەری هەڵبگیرێت با بێت لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا كۆتایی بە 'تیرۆر' بێنێت و پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوكات با یاساكان بە جۆرێك ڕێك بخرێنەوە، ئۆجەلان بتوانێت داوای مافی هیوا بكات و ئەوانیش ئامادەن بۆ ئەمە".

  • ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ كه‌ كۆریاى باكور ناردوویه‌تیه‌ ئۆكرانیا بۆ فه‌رمانده‌یى سه‌ربازه‌كانى؟

  • مێژووی سەرژمێری گشتیی لە عێراق بە داتا

  • سبەینێ قۆناغی سێیەم و تەواوکاریی سەرژمێری بەرێوەدەچێت

  • توركیا له‌ ڕێگه‌ى دیواره‌وه‌ باكور له‌گه‌ڵ پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان لێك داده‌بڕێت

  • چیرۆكی ئایدن و ڕۆژین؛ ئەو دوو ئێزدیەی لە ڕێگەی فەیسبووكەوە یەكیان دۆزییەوە

  • پێنج ڕووداوی گرنگ لە مێژووی سلێمانی

  • هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی 10 بۆچی ئاڵۆز و درێژخایەن دەبێت؟

  • توركیا هێزى زیاتر ده‌هێنێته‌ هه‌رێمى كوردستان و گومان له‌سەر نیازى ڕاسته‌قینه‌ى هەیە

  • بۆچی بنكەی هەریر فراوان دەكات؟ گومان لە كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق و سوریا دروستدەبێت

سەرەکی