محەمەد شیاع سودانی
2024-11-25
82 جار خوێنراوەتەوە
سەرژمێریی دانیشتوان بە داتا لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە ڕاگەیەندرا
ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی ئاماری بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان،
ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان 45 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
ڕۆژی دووشەممە 25-11-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی
عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراقی
بە هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكردەوە.
بەپێی
ئەنجامی سەرژمێری ئەو 45 ملیۆن کەسە لە چوارچێوەی زیاتر لە حەوت ملیۆن خێزاندان، لە
11.33%ـی سەرۆکی خێزانەکان ژنن، رەگەزی مێ نزیکەی 1% لە رەگەزی نێر کەمترە.
هاووڵاتییانی تەمەن 15 بۆ 60 ساڵ، زۆرینەی دانیشووان پێکدەهێنن.
بەگوێرەی ئەنجامەکە، ژمارەی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی
کوردستان 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەسە، ئەو ژمارەیە بیانییەکان و پەنابەرانیش
دەگرێتەوە.
شارنشین لە عێراق 70.3% و گوندنشین 29.7%ـی تێکڕای ژمارەی
دانیشتووانن.
بەراورد بە ساڵی 2009 کە ژمارەی دانیشتووان 31 ملیۆن و
664 هەزار بوو، رێژەی ساڵانەی گەشەی دانیشتووان گەیشتووەتە 3%.
ژمارەی رەگەزی نێر لە عێراق و هەرێمی کوردستان 22 ملیۆن
و 784 هەزار و 62 کەسە، کە دەکاتە 50.1%ـی کۆی ژمارەی دانیشتووان.
ژمارەی رەگەزی مێ 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 کەسە، کە دەکاتە
49.8%ـی کۆی ژمارەی دانیشتووان.
ئەو خێزانانەی ژنان سەرۆکیانن 11.33%ـی هەموو خێزانەکان
پێکدەهێنن، لەکاتێکدا پیاوان سەرۆکایەتیی 88.67%ـی خێزانەکان دەکەن.
محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند: دەستەی ئاماری عێراق رێوشوێنەکانی
دیکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی تەندروستی، دیمۆگرافی، لەدایکبووان، مردووان و خاوەن
پێداویستیی تایبەت کۆدەکاتەوە بۆ ئامادەکردنی ئاماری کۆتایی بۆ عێراق و هەرێمی
کوردستان.
ئەو کەسانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە 15
ساڵ کەمترە، 36.1%ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانن؛ تەمەنی 15 بۆ 65 ساڵ 60.2%ـی هەموو
ژمارەی دانیشتووانن
تەمەنی 65 بەرەو سەرەوە 3.7% پێکدەهێنن.
بەگوێرەی ئاماری بەرایی سەرژمێری، هەشت ملیۆن و 37 هەزار
و 221 خانوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن. کە 92.1%ـیان خانووی نیشتەجێبوونن،
6.6% شوقە، 0.4% خانووی گڵ و، .0.9%ـیان لە جۆری دیکەن.
|