2024-11-25
77 جار خوێنراوەتەوە
تۆمەتباری سەرەكیی دزی سەدە بە 10 ساڵ زیندانیكردن سزادرا
ناوەندی هەواڵ
دادگای تاوانەكانی كەرخ بڕیاری لەبارەی سكاڵاكانی پەیوەست بە دزینی پارەی باج دا، سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر تۆمەتبار (نور زوهێر) و شەش ساڵ زیندانیكردن بەسەر (رائد جوحی) و ژمارەیەك فەرمانبەردا سەپاند.
دادگای تاوانەكانی كەرخ لە بەغداد ڕایگەیاند: دادگای تاوانەكانی كەرخ تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سكاڵاكانی سەبارەت بە تاوانی ناسراو ( بردنی پارەی باج) ی یەكلاكردەوە، بڕیاریدا سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر تۆمەتبار نور زوهێر و شەش ساڵ زیندانیكردن بەسەر ڕائد جوحی و ژمارەیەك فەرمانبەری هاوبەشی تاوانەكەدا سەپاند، سزای سێ ساڵ زیندانیكردنیش بەسەر هەیسەم جبوری ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا سەپێندرا.
دزیی سەدە
ئەو دۆسیەیەی بە گەورەترین دۆسیەی دزیی لە عێراق دادەنرێت، لە دزییەكەدا سێ ترلیۆن و 700 ملیار دینار دیارنەما، كە دەكاتە نزیكەی دوو ملیار و نیو دۆلار، كە پارەی باج بوو، پێش دوو مانگ لە كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دۆسیەكە ئاشكرابوو.
بەپێی ئەو نوسراوانەی لە دەستەی گشتیی باجەكانەوە دزەیان كردووە، بڕی دوو ملیار و نیو دۆلار، لەنێوان كانونی یەكەمی 2021 تا ئابی 2022 لە بانگی ڕافیدەینی حكومیی ڕاكێشراوە، ئەویش لە ڕێگەی 247 هەژماری بانكییەوە ڕاكێشراوە، دواتر خراوەتەسەر هەژماری پێنج كۆمپانیا و دواتر ڕاستەوخۆ ڕاكێشراوە.
دوای ئاشكرابوونی دۆسیەكە، دەستەی نەزاهەی عێراق و دەسەڵاتی دادوەریی دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە كرد و ژمارەیەك فەرمانی دەستگیركردنیان دەركرد، یەكێك لەو فەرمانانە بۆ بازرگان نور زوهێر بوو.
دەرهێنانی پارەكان لەلایەن ژمارەیەك تۆمەتبارەوە كراون، بەشێكیان كاربەدەستی حكومی بوون و بەشێكیشیان خاوەن و كاربەدەستی كۆمپانیا و بانكی ئەهلی و هەندێكیان نێوەندگیر و سوودمەندی دزیكردنەكان بوون.
بەپێی ئاماری پێشتری بانكی ناوەندی و چەند دامەزراوەیەكی دیكەی عێراق، بڕی ئەو پارانەی لە دۆسیەی "دزیی سەدە"دا دزراون، سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار بووە و لە ساڵانی 2021 و 2022ـدا دزراون.
بە وتەی حەیدەر حەنون سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق، "ئەو پارەیەی لە دۆسەی دزیی سەدەدا دزراوە، دەركەوتووە لەوە زیاترە كە پێشتر ڕاگەیەندراوە و ژمارەی تۆمەتبارانیش زیاترە و گەیشتووەتە 30 تۆمەتبار".
نور زوهێر گەورە سەرمایەداری عێراقی، وەك تۆمەتباری سەرەكی دزی سەدە ناوی دەبرێت و دوای ئەوەی بە كەفالەت ئازاد كرا عێراقی جێهێشت.نور زوهێر ڕەتیدەكاتەوە ئەو بەشێك بوبێت لە دزییەكە و دەڵێت، ئەو چەكی بانكی بە شێوەیەكی فەرمی كڕیوە و دواتر فرۆشتوویەتیەوە، هەروەها هەڕەشی ئاشكراكردنی ناوی هەموو ئەو بەرپرسانەی عێراقی كرد كە لە دۆسییەكەدا دەستیان هەیە.
|