2024-11-26
198 جار خوێنراوەتەوە
سبەینێ پەكەكە پێدەنێتە 47 هەمین ساڵیادی دروستبوونییەوە
ناوەندی هەواڵ
سبەینێ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" یە، ئەو حزبەی لە سەردەمێكدا دامەزرا كە كورد لە باكوری كوردستان ئینكاری هەبوونی دەكرا و قسەكردن بە كوردیش قەدەغەبوو، بەڵام ئێستا پەكەكە ناوێكی ناسراوە لە كوردستان و جیهان.
پەکەکە چۆن دامەزرا؟
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ساڵی 1978لە گوندێكی باكووری كوردستان یەكەم كۆنگرەی خۆی بەست و بوونی خۆی بە شێوەی ئاشكرا و فەرمی ڕاگەیاند.
پەكەكە لە ڕۆژی 27/11/1978 لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجە لە پارێزگای ئامەد لە باكووری كوردستان یەكەم كۆنگرەی خۆی بە بەشداری 23 كەس بەست و سەرھەڵدانی خۆی ڕاگەیاند.
ناوی پەکەکە
دانانی ناوی پەكەكە بۆ ئەو حزبە تازە دامەزراوە لەلایەن ئەندامێكی كۆنگرەی یەكەمی پەكەكە بە ناوی فەرھاد كورتای پێشنیاز كراوە و لەو كۆنگرەیەدا پەسەندكرا.
پێش دامەزراندنی پەكەكە، ئەندامان و لایەنگرەكانی ئەو حیزبە، بەناوی ئاپۆچییەوە كار و چالاكییان بەڕێوە دەبرد.
پێشتر چی ناوێکیان هەبوو؟
یەكەمین گرووپی ئاپۆچییەكان لە ساڵی 1974 دەستیان بە چالاكی كرد بە سەرۆكایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان، ساڵی 1977 ئەو گرووپە بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ باكووری كوردستان بۆ درێژەدان بە چالاكییەكانی ساڵێك دواتریش وەك پەكەكە خۆیان ناساند و حەوت كەسیان وەك دەستەی بەڕێوبەری حیزب هەڵبژارد، بەهۆی پاڵپشتی توركیا بۆ هەندێك عەشیرەت لەو ناوچانە و وەستانەوەیان دژی پەكەكە یەكەمین پێكدادانی سەربازی و چەكداری ڕوویدا لە ناوچەی حیلوان - سیڤەرەك لە پارێزگاری ئورفا
تاوەكوو كودەتای سەربازی 12/9/1980 ئەم دۆخە بەردەوام بوو، دوای كودەتا زۆرینەی ئەندامەكان تووشی كوشتن و ڕاوەدوونان و دەستگیركردن بوونەوە و لە ساڵی 1981 زۆرێك لە ئەندامان ڕوویان كردە وڵاتی لوبنان.
لەوێ لەلایەن گرووپە شۆڕشگێرەكانی دیكەوە پاڵپشتی كران كە دیارترینیان نایف حەواتمە و جۆرج حەبەش و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستین بوو.
گەڕانەوەی گەریلا بۆ باکوور
ساڵی 1982 دووەمین كۆنگرەی بەست و لەو كۆنگرەیەدا بڕیاردرا لەسەر گەڕانەوەی گرووپە ڕاھێنراوەكانی پەكەكە بۆ باكوری كوردستان و ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی شەڕی چەكداری.
ئەو گرووپە ڕاھێنراوانەی پەكەكە لە دوای گەڕانەوەیان بۆ باكووری كوردستان پردی پەیوەندییان لە نێوان باكوور و لوبناندا دروستكرد و پۆل پۆل كەسان و لایەنگرانی خۆیان دەنارد بۆ ڕاھێنان بۆ لوبنان، بەھۆی گەورەبوونەوەی ئەو كار و چالاكییەكانی پەكەكە سوپای توركیا ھەڵمەتێكی لە دژی ئەندامان و لایەنگرانی پەكەكە دەستپێكرد، لەو ھەڵمەتانەی سوپای توركیادا ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامان و لایەنگران و كادیرە پێشكەوتووەكانی پەكەكە دەستگیركران، یان كوژران.
ئەو سەركردە و كادیرە دیارانەی پەكەكە لەلایەن سوپای توركیا و دەستگیركران بریتی بوون لە مەزڵوم دۆغان، حەقی قەرار، محەممەد خەیری دورمش، كەمال پیر و عەلی چیچەك. مەزڵوم دۆغان لە دوای دەستگیركردنی لە زینداندا بە بۆنەی نەورۆزەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و نەریتی یادكردنەوەی نەورۆزی لە دۆخە سەخت و ئەستەمەكاندا چەسپاند.
ھەر یەك لە ئەندامانی دیكەی پەكەكە مانگرتنیان تا مردنیان بەڕێوە برد و بەھۆی مانگرتنەوە گیانیان لە دەستدا. باردۆخی خۆڕاگری ئەندامان و كادیرانی پەكەكە كاردانەوەی بەرچاوی لە ناو كۆمەڵگەی كوردستاندا دروستكرد.
ئەوەش بووە ھۆی ئەوە لە دەرەوەی زیندانیش كاروچالاكییەكانی پەكەكە ڕوو لە زیادبوون بكات و سەرباری ئەوەی زۆربەی كادیرە سەرەكییەكانی پەكەكە دەستیگركرابوون، ژمارەی ئەندامانی ئەو حزبە ڕووی لە زیادبوون كرد.
لە دوای ئەو پێشھاتانە پەكەكە لە ساڵی 1984 ھێزی ڕزگاریی كوردستان (ھەرەكە)ـی دامەزراند و لە 15ی ئابی 1984دا شەڕی چەكداری بەشێوەی فەرمی و بە سەرۆكایەتی مەعسوم كۆركوماز (عەگید) لە دژی سوپا و حكومەتی توركیا لە شەمزینان دەستپێكرد.
پەكەكە لە ساڵی 1986 لە سێیەمین كۆنگرەیدا بڕیایدا ھێزی ڕزگاری كوردستان بكات بە ئارتەشی ڕزگاریی گەلی كوردستان (ئەرگەكە). ھەروەھا ئەكادیمیای سەربازیی مەعسوم كوركوماز (عەگید)ـی دامەزراند.
لە ساڵانی1990ی ڕابردوودا زنجیرەیەك ڕاپەڕین بە پێشەوایەتی پەكەكە زۆربەی شار و شارۆچكە و ناوچەكانی باكوری كوردستانی گرتووە و ئەوەش بووە ھۆی ئەوە پەكەكە زیاتر لەوەی كە چاوەڕوان دەكرا ھێزی خۆی لە ناو خەڵكدا نیشان بدات.
پەكەكە لە ساڵی 1990 جگە لە لوبنان چەند بنكەیەكی لە ناوچەكانی شام لە سووریا كردەوە. عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە لوبنانەوە بەرەو شام گەڕایەوە و بە بەردەوامی سەردانی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی دەكرد.
ئاگربەستی نێوان پەکەکە و تورکیا
لە دوای ھەوڵەكان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان پەكەكە و حكومەتی توركیا بۆ ئەوەی كێشەی كورد بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر بێت. لە ڕۆژی 19ی ئازاری 1993 عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بیقاعی لوبنان كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیی بەڕێوەبرد و لەلایەن پەكەكەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا.
بەپێی گفتوگۆكان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و چارەسەركردنی كێشەكی كورد بە شێوەی ئاشتییانە بەھێزترین پێشنیاز، پێشنیازی دامەزراندنی توركیای فیدراڵی بوو. تورگوت ئۆزال ھەشتەمین سەرۆك كۆماری توركیا لە چەند لێدوانێكدا باسی فیدراسیۆنی نێوان كورد و توركی كردبوو.
کوژرانی ئۆزال
لە دوای ئەوەی بەشێوەی گوماناوی تورگوت ئۆزال لە 17ی نیسانی 1993 كوژرا. ئاگربەستی نێوان پەكەكە و حكومەتی توركیاش كۆتایی پێھات. لە دوای ئەوەی جەنگ لە نێوان سوپای توركیا و پەكەكە زیاتر لە جاران چڕبوویەوە دیسانەوە ھەوڵەكان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەستیان پێكردەوە و لەو چوارچێوەیەدا پەكەكە لە ساڵی 1995 دا ئاگربەست و لە ڕۆژی ئاشتیی جیھانی لە ساڵی 1996 ئاگربەستێكی دیكەی ڕاگەیاند، بەڵام بەھۆی ھەوڵی تیرۆركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە، ئاگربەستەكەی كۆتایی پێھات.
جێهێشتنی سوریا
بەھۆی گوشارەكانی توركیاوە حكومەتی سوریا داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان كرد خاكی ئەو وڵاتە بەجێبھێڵێت و لە نۆی تشرینی یەكەمی 1996 دا ئۆجەلان سووریای بەجێھێشت.
ئۆجەلان لە یەكەم گەشتیدا ڕووی لە ڕووسیا كرد و سەرباری ئەوەی دۆمای ئەو وڵاتە بە كۆی دەنگ مافی پەنابەری سیاسیی بە ئۆجەلان بەخشی، بەڵام حكومەتی ڕووسیا مانەوەی ئۆجەلانی لە خاكەكەیدا قبوڵ نەكرد.
ڕووسیا لە بەرامبەر ئەوەدا كە ڕێگری لە مانەوەی ئۆجەلان بكات لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە قەرزێكی 10 ملیار دۆلاری پێدرا و توركیاش پشتیوانییەكانی خۆی بۆ چەكدارەكانی چیچان بڕی.
لە دوای ئەوە ئۆجەلان سەردانی ھەر یەك لە وڵاتانی یۆنان و ئیتاڵیای كرد. ھەروەھا ھەوڵیدا بڕواتە ئەڵمانیا كە لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە ڕیگری لێكرا. ھەوڵێكی دیكەی ئۆجەلان ڕۆیشتن بوو بۆ ھۆڵەندا تاوەكو لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دۆز لە بارەی كێشەی كوردەوە بكرێتەوە و ئەو كێشەیە بەشێوەیەكی نێودەوڵەتی كۆتایی پێبھێنرێت.
بریتا بۆلەر یەكێك لە پارێزەرە ئەڵمانیەكانی ئۆجەلان، كە ھاوكات ئەندامی دەستەی تیمێكی پارێزەری نێودەوڵەتی بوو لە كتێی "گەشتە بێ ئاكامەكانی سەركردەیەكدا" نووسیویەتی: كاتێك ئۆجەلان ھەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە ھۆڵەندا حكومەتی ئەمستردام ڕێگای لە نیشتنەوەی فڕۆكەكەی ئۆجەلان گرت لە فڕۆكە خانەكانی ئەو وڵاتەدا.
لەسەر داوای یۆنان و بۆ ھێوربونەوەی دۆخەكە، داواكرا ئۆجەلان یۆنان بەجێبھێڵێت بەرەو وڵاتی كینیا لە ئەفریقا بەڕێبكەوێت، لەو كاتەدا پلانی ڕۆیشتنیش بۆ ئەفریقای باشوور بۆلای ماندێلا بەھۆی ڕەزامەندی نیشان نەدانی حكومەتی ئەفریقای باشوورەوە شكستی ھێنا.
ڕفاندنی ئۆجەلان
كاتێك ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە شاری نایرۆبی پایتەختی كینیا بوو، بڕیاری ئەوە درابوو ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و یەكێك لە پلانەكانیش ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، بەڵام كاتێك لە بینای باڵیۆزخانەی یۆنانەوە بەرەو فڕۆكە خانەی نایرۆبی بەڕێدەكەون لەلایەن ژمارەیەك لە تیمی تایبەتەوە ھێرشكرایە سەر ئۆتۆمبێلەكەی ئۆجەلان و دەستگیریان كرد.
لە 15ی شوباتی 1999 دا ئۆجەلان ڕفێندرا بۆ توركیا، بەپێی بەشێك لەسەرچاوە میدیاییەكان سەرۆكی ئەو كاتی كینیا لەبەرامبەر وەرگرتنی پێنج ملیۆن دۆلاردا ئامادەبووە ڕێگا بە رفاندنەكەی ئۆجەلان بدات.
ھەروەھا بەشێك لە میدیاكان ئەوەیان بڵاوكردبووە كە وتەبێژی كۆشكی سپی بەناوی سێندی برگرەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی چاودێركردن و دەستگیركردنی ئۆجەلانی بەڕێوەبردووە.
ئەو زانیارییە بەشێوەی فەرمی لەلایەن ئەمریكاوە پشتڕاست نەكراونەتەوە، لەو كاتەدا ئۆجەلان ڕفێندرا، پەكەكە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی شەشەمین كۆنگرەی خۆی بوو. لە دوای ڕفاندنی ئۆجەلان پەكەكە حەوتەمین كۆنگرەی خۆی بەشێوەی نائاسایی بەڕێوەبرد. پەكەكە تاوەكو ساڵی2021، 11 جار كۆنگرەی بەڕێوە بردووە و نۆ جار ئاگربەستی یەكلایەنەی ڕاگەیاندووە. و سێ جار لۆگۆی خۆی گۆڕیوە.
دوای ئۆجەلان
پەكەكە لە دوای عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن كەسانی وەك موراد قەرەیلان و جەمیل بایكەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت. سوپای توركیا لە ماوەی جەنگ لە دژی پەكەكەدا زیاتر لە چوار ھەزار گوندی باكووری كوردستانی تێكداوە و بەھۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە 25 ھەزار ئەندام و لایەنگری پەكەكە و ھاووڵاتی كورد شەھید كراون وە زیاتر لە. 20 ھەزار ھێزی سەربازی وە ئەندامانی میتی توركیاش كوژراون.
لە ماوەی جەنگی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا لەلایەن حكومەتی توركیاوە 17ھەزار مامۆستا، ئەندازیار، خوێندكار، گوندنشین، پارێزەر، پزیشك لە شار و گوندەكانی باكووری كوردستان ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.
|