×

2024-12-01 269 جار خوێنراوەتەوە

ئەحرارشام و بەرەی نوسرە كێن و چۆن توركیا بۆ مه‌رامى خۆى به‌كاریان ده‌هێنێت

ناوەندی هەواڵ

له‌و كاته‌وه‌ى گروپه‌كانى به‌ناو ئۆپۆزسیۆنى سوریا و به‌ره‌ى نوسره‌ و ته‌حریرى شام ده‌ستیان به‌ هێرشكردنه‌سه‌ر حه‌له‌ب و ئیدلب و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى سوریا كردووه‌، به‌شێك به‌ نائاگایى كه‌وتوونه‌ته‌ پیاهه‌ڵدانى ئه‌و گروپانه‌ و وه‌ك فریاده‌ڕه‌س دژ به‌ ڕژێمى به‌عسى سوریا لێى ده‌ڕوانن، به‌ڵام ئه‌وان هه‌مان ئه‌و گروپانه‌ن كه‌ خوێنى كوردیان ڕشتووه‌ و ده‌ستیان له‌ ژن و منداڵى كورد نه‌پاراستووه‌، ئێستاش له‌ بۆسه‌دان بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى دیكه‌ هه‌مانكار به‌رامبه‌ر كورد ئه‌نجام بده‌ن.
بەرەبەیانی 27ـی تشرینی دووەم، چەتە و گروپەکانی بەرەی نوسرە و “تەحریر شام”ـی سەربە دەوڵەتی تورک و داعشی کۆنە هاوپەیمانی، بە چەکی قورس و مامناوەند و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر حەلەب و چەند ناوچەیەکی دیکەی سووریا دەستپێکرد، لە بەرامبەردا هێزەکانی ڕژێمە سەرکوتکارەکەی ئەسەد،  بەبێ تەقە و هاوشێوەی سوپای عێراق و پارتی کە ساڵی 2014 لە موسڵ و شنگال هەڵهاتن، ناوچانەکانیان چۆڵکرد و زۆرترین چەک و جبەخانەیان بۆ بەکرێگیراوەکان جێهێشت.
تەحریر شام کێن و چۆن دامەزران ؟
هەیئەی تەحریر شام، لەساڵی 2012ەوه‌ بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی محەمەد جۆلانی لەژێر ناوی جیاواز دامەزراوە، زۆرترین چالاکی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنسارالئیسلام ئەنجامداوە، ساڵى 2013ـدا ڕایگه‌یاند کە ئەوان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كىان به‌ده‌وڵه‌تى ئیسلامی “داعش”ـه‌وه‌ نه‌ماوه‌ و وەک هێزێکی ئیسلامی توندڕەو و سەربەخۆ دەمێننەوە.
دواتر و له ساڵی ‌2016ئەحرارشام، له ‌قاعیده‌ش جیابووه‌نه‌وه ‌و كۆتاییهاتنى پەیوەندیەکانیان لە گەڵ ئەو ڕێکخراوە ڕاگه‌یاند، بەڵام لە ڕاستییدا خراپتر لە داعش و قاعیدە لەژێر ناوی ئیسلامدا مامەڵە دەکەن، تەنانەت لە هەندێک کاتدا سەربڕین و بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستە لە یاساکانی خۆیاندا جێبەجێدەکەن و سڵ لەهیچ شتێک ناکەنەوە.
زۆر دژە کوردن و بەردەوام لە بۆسەدان بۆ لێدان لە کورد تەنانەت لەکاتی هێرشەکانیان بۆ سەر حەلەب دەیانووت بەم زوانە دەگەنە ناو کوردەکان و خوێنیان دەخۆنەوە !
هەیئەی تەحریرى شام کۆکراوی چەند گروپ و تاقمی چەتەیی و تیرۆرستی ناوچەکەیە ؟ 
لە دوای لاوازبوونی چەتەکانی داعش لە عێراق و سووریا لە ساڵی 2017 “جەبهەت نوسرە، جەبهەت ئەنساره‌دین، جەیش السوننە، لیوا حەق‌ و بزووتنەوەی نوره‌دین زینکی”، هەموویان بوون بەیەک هێز و ناویان له‌خۆیان نا “هەیئەی تەحریر شام”، پاشان چەندین هێزی تری وەک ئەحرار دیمەشق پەیوەندییان بە تەحریری شامه‌وه‌ كرد، بەڵام ئەوەی زۆرترین کاریگەریی لەسەر تەحریر شام هەیە تا ئێستاش، جەبهەت نوسرەیه‌ کە پێشتر خۆی وەک لقێکی قاعیدە ناساندبوو.
تەحریر شام ئێستا بە تەواوی پارێزگای ئیدلبی داگیر کردووە و ساڵی ڕابردووش چووەتە ناوچەکانی عەفرین‌ و عەزاز و جەرابلوسەوە و سه‌رجه‌م هێزه‌ چه‌كداره‌كانى دیكه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى خستووه‌ته‌ ژێر دەست و چەپۆکی خۆیه‌وه‌، هەرچەندە تەحریر شام لەساڵی 2016ـەوە لە لایەن ئەمریکاوە وەک گرووپێکی توندئاژۆی تیرۆرست ناسێنرا، بەڵام بەشێکی زۆری هاوکاریی و پشتیوانی لۆجستی و سەربازیی لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هەندێک وڵاتی هەژموونگەرا وەردەگرێت.
تەحریر شام وەک سێبەر و بەکارهێنراوی دەوڵەتی تورکیا 
لەساڵی 2019ـدا و دوای دەستپێکی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بە سوود وەرگرتن لەو دەرفەتە، تەحریر شام حکومەتێکی بەناوی حکومەتی “ئینقاز” لە پارێزگای ئیدلب دامەزراند پاشان دەسەڵات و چالاکییەکانی فراوانتر کرد
ته‌حریر شام پێشتر به‌ره‌ی نووسره‌ بوو، له‌لایه‌ن دەوڵەتی توركەوە هاوكاریی سه‌ربازیی‌ و لۆجستی ده‌كرا، توركیا به ‌فه‌رمی به‌ره‌ی نوسره‌ی وه‌كو ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه‌ی سووریا ناساند، ساڵى 2019 كاتێك له ‌شارى ئیدلب ته‌قینه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ ڕوویدا و ئەبو محەمەد جولانی سەرۆكی ته‌حریر شام برینداربوو، به‌په‌له‌ و به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى گه‌یاندرایه‌ توركیا و چارەسەری پزیشكی بۆ كرا، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ بوو به ‌ته‌حریر شام، توركیاش هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر گۆڕا و گرنگی به “‌سوپای سووریای ئازاد” دا و ئه‌وانی وه‌كو ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه‌ ناساند، به‌ڵام به‌ماوه‌یه‌كى كه‌م، په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ جۆلانى ئاسایى كرده‌وه،  ته‌نانه‌ت هێندە پەیوەندییەکانیان بەهێزە، له ‌هەندێک لە ناوچەکانی عه‌فرین‌ و ئیدلب، ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌كانى دەوڵەتی تورك به‌كارده‌هێنن بۆ هاتوچۆكردن و دابینکردنی هاوکارییە لۆجستیی و هەواڵگرییەکانیان.
چۆن تورکیا تەحریرشام لە دژی کوردان بەکاردەهێنێت ؟ 
ساڵی 2018ـە، کاتێک دەوڵەتی تورک بڕیاری داگیرکردنی عەفرینی دا، بە جارێک زیاتر لە 70 فڕۆکەی جەنگیی بردە ئاسمانی عەفرین، لە زەمینیشەوە لەگەڵ چەتەکانی بەرەی نوسرە یان (تەحریر شام)، هێرشیان بۆ داگیرکردنی عەفرینی کوردان دەستپێکرد، بەمەش ڕاستەوخۆ دەوڵه‌تى تورک ئەو گرووپەی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و دژ بە کوردان بەکاریهێنان .
گرووپەکە ڕاستەوخۆ و بە دنەی دەوڵەتی تورک دەستیان کرد بە تاڵانکردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی عەفرین و بڕینەوە و گواستنەوەی دار زەیتوونەکانی عەفرین و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە، هەر ئەوەندە نا بەڵکو زیاتر لە یەک هەزار چەکداری ئەو گروپ و تاقمە بەکرێگیراوانە لە ناوچەکانی بادینان تورکیا شەڕی گەریلا و داگیرکردنی کوردستانیان پێدەکات ئەوەش بەئاگاداری و لەبەرچاوی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌.
خەونی تورکیا و گروپە بەکرێگیراوەکانی ئەحرارشام چیە ؟ 
تورکیا خەونی یەکەمی بەدرێژای مێژوو لێدان و نەهێشتنی کورد بووە، دواتر گرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە خۆی بە میساقی میللی ناوی دەبات، تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی هەندێک لە پارت و گروپە بەکرێگیراوەکانیەوە هاوشێوەی سوارەی حەمیدیە و كۆمه‌ڵكوژكردنى ئەرمەنەکان، کۆمەڵکوژی بەسەر کوردان بهێنێت و خۆیشی لەبەرپرسیاریەتیەکە بدزێتەوە و ئه‌وكاره‌ به‌ گروپه‌كان بكات.
ئەحرارشامی سەربە تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام و بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات لەیەکەم ساتی هێرشەکانەوە کەوتنە خۆیان و پلانی بەرگرییان داڕشت و بەشێک لە هێزەکانیان لە ناوچە و گەڕەکە کورد نشینەکان جێگیرکرد .
ئەحرارشام لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەند وڵاتێکی دیکەوە پشتیوانی دەکرێت، تەواوی پیلانەکان لە سوریا دژی بوون و مانەوەی کوردە، هاوکات گەمارۆدانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دوای ئەوەی ئەسەد ملی نەدا بۆ جێبەجێکردنی داواکانی تورکیا و تەسفیەکردنی کوردانی نێو جوگرافیای ئیدارەی ڕۆژئاوا، بێگومان لەگەڵ ئەو خواستەی تورکیا چەندین نەخشە و پلانی دیکەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە سوریا جێبەجێ دەکرێن کە بەتەواوی نەخشەی ناوچەیی و هەرێمی بە قازانجی دەوڵەتانی سەردەست دەگۆڕن و دیار نییه‌ ئه‌مه‌ پلانه‌كه‌ى توركیا پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ یاخود له‌به‌رژه‌وه‌ندى ده‌بێت.

 

  • لە باكوری ڕۆژئاوای سوریا چی ڕوودەدات و بۆچی ئێستا؟

  • ئەحرارشام و بەرەی نوسرە كێن و چۆن توركیا بۆ مه‌رامى خۆى به‌كاریان ده‌هێنێت

  • برسێتیی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر له‌ 10% ى دانیشتوانى جیهان

  • سبەینێ ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی كۆیلایەتییە؛ زیاتر لە 50 ملیۆن كەس كۆیلەی مۆدێرنن

  • ​حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى كۆچبه‌رانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا ڕێكده‌كه‌وێت

  • مۆساد چۆن دزەیكردووەتە ناو دەزگاكانی ئێرانەوە؛ بەرپرسێكی هەواڵگری ئێران دانی پێدادەنێت

  • هێزێكی كوردی چۆن داخی كردووە بە دڵی دوو دەوڵەت و چەندین گروپی چەكداری بەكرێگیراودا

  • سبەینێ پەكەكە پێدەنێتە 47 هەمین ساڵیادی دروستبوونییەوە

  • وه‌فدێكى هه‌رێم ده‌چێته‌وه‌ به‌غداد؛ بۆچى تائێستا به‌غداد مووچه‌ى هه‌رێمى نه‌ناردووه‌؟

سەرەکی