×

وێنە: گێتی
2025-01-01 141 جار خوێنراوەتەوە

زیانەكانی یاری ئاگرین؛ مێژووەكەی بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

ناوەندی هەواڵ

هەموو ساڵێك و لە شەوانی سەری ساڵی نوێدا، ملیۆنان یاریی ئاگرین لە ئاسمان دەتەقێنرێنەوە، بەڵام هێشتا خەڵك زانیاریی لەبارەی مێژووەكەی و زیانەكانی نییە.

سەدان هەزار تۆن ژەهر و دوكەڵ دەخرێتە ژینگەوە

 لە بەندەری سیدنی ئوستورالیا ساڵانە نزیكەی نۆ تۆن یاریی ئاگرین بۆ شەوی سەری ساڵ ئامادە دەكرێت.

لە لەندەن و لەشەوانی سەری ساڵدا نزیكەی 12 هەزار تۆن یاری ئاگرین دەتەقێنرێن.

ئەمساڵ بەهۆی كەشوهەوای خراپ و بای بەهێزەوە لەهەندێك وڵات هەڵدان و تەقاندنەوەی یارییە ئاگرینەكان سنورداربوو، بەشێوەیەك لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ئەمساڵ بەفەرمی یاری ئاگرین هەڵنەدرا، هەروەها لە ئیدنبەرە بەهۆی بای بەهێزەوە ڕێگە بەهەڵدانی یاری ئاگرین نەدرا.

لە نیویۆرك قەدەغەی كاتیی هەڵدانی یاری ئاگرین بەهۆی سەری ساڵەوە هەڵگیرا، لە لاس ڤیگاس لەسەر 10 باڵەخانە و هۆتێلی بەرزی شارەكەوە یاری ئاگرین هەڵدرا.

ئامارێك لەوبارەیەوە

 بەپێی ئامارێك هەموو ساڵێك ئەمریكییەكان نزیكەی 136 هەزار تۆن یاری ئاگرین لەشەوی سەری ساڵدا هەڵدەدەن، بەشێوەیەك هەر ئەمریكییەك نزیكەی پاوەندێك یاری ئاگرینی بەردەكەوێت.

لە ئەوروپا ساڵانە پێش پەتای كۆرۆنا 110 هەزار تۆن یاری ئاگرین هاوردە دەكرا بۆ شەوانی سەری ساڵ، بەڵام لەدوای بڵاوبوونەوەی كۆڤید 19 ەوە كەمیكردووە بۆ 30 هەزار تۆن.

قازانجی یاریی ئاگرین

  پیشەسازی یاریی ئاگرین جیهانییە و قازانجێكی زۆر دەكات، لە ساڵی 2024 بەبەهای زیاتر لە دوو ملیار و 690 ملیۆن دۆلار یاری ئاگرین فرۆشراوە، پێشبینی دەكرێت ئەو ڕێژەیە تا ساڵی 2032 بگاتە زیاتر لە سێ ملیار و 650 ملیۆن دۆلار.

لەو شەوەدا زۆرێك لە ماددەی تەقینەوە و ڕووناككەرەوە دەچێتە هەواوە، لەهەمانكاتدا دوكەڵ و تۆزێكی زۆر دەچێتە هەواوە و ژینگە پیس دەكات، بەتایبەتیش زیانەكەی بۆسەر بۆری هەناسەدانی ئەو كەسانەیە كە نزیكن لێیەوە.

بەپێی توێژینەوەكان لە هەموو ساڵێكدا، لەگەڵ هەڵدانی یارییە ئاگرینەكان بۆ ئاسمان كوالێتی پاكی هەوا زیاتر دادەبەزێت.

مێژووی سەرهەڵدانی

پێشبینی دەكرێت سەرهەڵدانی یاری ئاگرین بۆ پێش لەدایكبوونی مەسیح بە نزیكەی 200 ساڵ بگەڕێتەوە، سەرەتا لە چینەوە سەریهەڵداوە و دواتر بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، دواتر بەهۆی پێشكەوتنەكانەوە جۆر و ڕەنگی یارییە ئاگرینەكان گۆڕدراون.

لەگەڵ زۆربوونی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان لە ئاهەنگەكان و بەتایبەتیش ئاهەنگی سەری ساڵ، وردە وردە كاریگەری خراپی كردووەتەسەر ژیانی مرۆڤ و بەتایبەتیش ژیانی وشكانی.

زیانی تەندروستی

  كاتێك باس لە مەترسییەكانی یاری ئاگرین دەكەین، سەرنجمان بۆ برینداربوون و سوتان بەهۆی ئەو یارییە ئاگرینانە دەچێت، بەتایبەت كە ساڵ بەساڵ ئامارەكان بەرزتر دەبنەوە.

بەڵام هەندێك كاریگەری لەوە دوورتر هەن، كە بە درێژخایەن بەهۆی ئەو یارییە ئاگرینانەوە دروست دەبن، بەتایبەت كە شەوانی سەری ساڵ ئەو ڕێژە زۆرەی یاریی ئاگرین پێكەوە هەڵدەدرێن.

یارییە ئاگرینەكان ڕێژەیەكی زۆر دوكەڵیان تێدایە كە كاریگەری لەسەر كوالێتی و پاكێتی هەوا دەكات، جگە لە هەندێك پیسكەری دیكە كە لەو یارییە ئاگرینانەوە دەردەچن و بینینیان زەحمەتە.

پیتەر بریمبلكۆمپ، توێژەری زانستی ژینگەیی لە زانكۆی ئەنجلیای ڕۆژهەڵات لە بەریتانیا كە لە هاوای دەژی، لەساڵی 2023 توێژینەوەیەكی بڵاوكردەوە لەبارەی یارییە ئاگرینەكان كە چۆن بەشداری دەكەن لە پیسبوونی كەشوهەوا و ژینگە لە شاری "هۆنۆلۆلۆ".

ئەو توێژەرە تیشكی خستووەتەسەر شەوی سەری ساڵ، كە تیایدا بەشێوەیەكی بێسنوور یارییە ئاگرینەكان هەڵدەدرێن، بەتایبەت كە زیاتر لەو ڕێژەیە هەڵدراوە كە ڕێگەپێدراوە.

پیتەر دەڵێت بەشێكی زۆری ئەو یارییە ئاگرینانەی هەڵدراون بەشێوەیەكی نایاسایی بردراونەتە وڵاتەكەوە.
توێژینەوەكە هەروەها باس لە پیسبوونی هەوا لە هەردوو شاری برنۆی چیك و گراتسی نەمسا دەكات، باس لەو بەرزبوونەوە مەترسیدارەی ماددە پیسكەرەكانی هەوا دەكات لەكاتی شەوانی سەری ساڵدا دەچنە هەواوە، زۆربەیان كانزا و تێكەڵەی بەكارهێنراوی ئەو یارییە ئاگرینەن جگە لەو ڕەنگانەی تێی دەكرێت.

توێژینەكەكان دەریانخستووە 80% ی ئەو گەردیلانەی لە یارییە ئاگرینەكانەوە دەردەچن دەتوانن بگەنە سیییەكانی مرۆڤ، دواتریش دەبنە هۆی چەندین كێشەی تەندروستی وەك ڕەبۆ و نەخۆشی دڵ و دابەزینی كێش بەشێوەیەكی ناسروشتی.

هەروەك توێژینەوەكان دەریانخستووە یارییە ئاگرینەكان بڕێكی زۆر لە پیسكەرەكانی هەوایان تێدایە، لەوانەش دووەم ئۆكسیدی كبریت و یەكەم و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و چەند ماددەیەكی دیكە، جگە لەوەش ئەو ڕەنگانەی بەكاردەهێنرێت ماددەی ژەهراوین.

ئەو كەسانەی زۆر بەر یارییە ئاگرینەكان لە نزیكەوە دەكەون هەندێك نیشانەیان تێدا دەردەكەوێت، لەوانەش كۆكەی درێژخایەن و بەڵغەم و توندی هەناسەدان، زۆربەی كاتیش دواتر تووشی ڕەبۆ دەبن، یاخود شێرپەنجەی سییەكان و چەند نەخۆشییەكی دیكەی پەیوەست بە هەناسەدان.

كاریگەری لەسەر هەسارەكەمان

 دەكرێت یارییە ئاگرینەكان ببنەهۆی ئاگركەوتنەوە و دواتریش بە درێژخایەن كاریگەری لەسەر پیسبوونی هەوا دەبێت.

بەپێی توێژینەوەیەكی ئەمریكی لەساڵی 1980 ەوە واتە لەماوەی 37 ساڵدا 11 هەزار و 294 ئاگر لەكۆی 600 هەزار ئاگر لە ئەمەریكا بەهۆی یارییە ئاگرینەكانەوە بووە.

ئەو ڕووداوانەی ئاگركەوتنەوەش بووەهۆی قەدەغەی یاری ئاگرین بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆر لە نیویۆرك لەكاتی ئاهەنگەكانی سەری ساڵ، تا بەمدواییە قەدەغەكە هەڵگیرا بەڵام بە سنورداری مایەوە.

كاریگەری لەسەر ژیانی وشكانی

وەك زانراوە بەشێوەیەكی بەرفراوان سەگەكان لەكاتی یاری ئاگریندا دەترسن، بەپێی توێژینەوەكانیش یارییە ئاگرینەكان كاریگەری مەترسیداری لەسەر باڵندەكان دەبێت.

بەشێوەیەك بەپێی یەكێك لە توێژینەوەكان ئەو قازانەی لە ئەوروپا لەشوێنی سارد و بەستەڵەكدا دەژین بەهۆی هەڵدانی یاری ئاگرین لەسەری ساڵدا بە كۆمەڵ لە هێلانەكانیان فڕیون و تا 500 كیلۆمەتر نەوەستاون.

دواتریش ئەو قازانە بەماوەیەكی زۆریش دوای هەڵدان و تەقینەوەی یارییە ئاگرینەكان نەگەڕاونەتەوە بۆ هێلانەكانیان كە جێیان هێشتووە.

لەشەوی سەری ساڵی 2021 لە ڕۆما دوای كۆتایی هاتنی ئاهەنگ و هەڵدانی یارییە ئاگرینەكان، لەسەر شەقامەكان سەدان لاشەی باڵندەی "زەرزور" دۆزرانەوە.

هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوە دەدرێت

  بەهۆی ئەو زیانانەی یارییە ئاگرینەكان بۆسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ هەیەتی، هەوڵدەدرێت یارییەكی ئاگرین دروست بكرێت كە دۆستی ژینگە بێت و نایترۆجین لە پێكهاتەكەیدا هەبێت، كەمتریش دووكەڵ بكات.

جگە لەوەی هەوڵەكان بۆ ئەوەیە ڕەنگی كەمتر لە یارییە ئاگرینەكان بەكاربهێنرێت و بە كانزای قورسیش دروست نەكرێت، هەروەها لەیزەر و درۆن بكرێنە بەدیلی یاری ئاگرین لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵ، كە دەكرێت بەپێچەوانەی یاری ئاگرین دووبارە بەكاربهێنرێنەوە و زیانی كەمتریشیان هەیە.

 

  • گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان؛ ڕای گشتیی توركیای بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە

  • بۆچی توركیا دەیەوێت بەنداوی تشرین داگیر بكات؟

  • زیانەكانی یاری ئاگرین؛ مێژووەكەی بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

  • ئۆجه‌لان "سه‌ركرده‌ پێویسته‌كه‌" بۆ ئاشتى له‌ توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست

  • دەقی وتە و پەیامەكانی ئۆجەلان لە دیدارەكەی دوێنێیدا

  • هەمواری برگەیەكی تایبەت بە نەوتی هەرێم كەوتە دوای سەری ساڵ

  • پێشێلكاری گروپە چەتەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2024

  • مه‌ترسیدارن و وه‌ك كارتى فشار به‌كارده‌هێنرێن؛ ئایا هه‌سه‌ده‌ ئه‌ندامانى داعش ڕاده‌ستى عێراق ده‌كاته‌وه‌؟

  • بەڵگەنامەی نهێنی لەبارەی ڕووخانی ئەسەد و گۆرڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرادەبێت

سەرەکی