×

زیندانی ئیمراڵی
2024-12-30 179 جار خوێنراوەتەوە

ئۆجه‌لان "سه‌ركرده‌ پێویسته‌كه‌" بۆ ئاشتى له‌ توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست

ناوەندی هەواڵ

هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 25 ساڵه‌ له‌ زیندانى ئیمراڵى ده‌ستبه‌سه‌ره‌، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ر و دامه‌زرێنه‌رى پارتى كرێكارانى كوردستان تائێستاش "پیاوه‌ پێویسته‌كه‌" له‌باره‌ى پرسى كورد له‌ توركیا و ناوچه‌كه‌. ئه‌مه‌ وه‌سفى ڕۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ته‌ بۆ ئۆجه‌لان.

ئۆجه‌لان كه‌ ئێستا ته‌مه‌نى 75 ساڵه‌، كورده‌كان وه‌ك "پاڵه‌وان" سه‌یرى ده‌كه‌ن، له‌ لیجه‌ى ئامه‌د و له‌ 28 ى تشرینى دووه‌مى 1978 په‌كه‌كه‌ى دامه‌زراند، له‌ ساڵى 1984 یشه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تى گه‌وره‌ترین شۆڕشى چه‌كدارى و فكرى دژ به‌ توركیا ده‌ستپێكرد، كه‌ تائێستا به‌هۆى شه‌ڕى نێوان په‌كه‌كه‌ و سوپاى توركیاوه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س كوژراون، هه‌ندێك هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌ڵێن له‌نێوان 15 بۆ 40 هه‌زار كه‌س له‌وكاته‌وه‌ى شه‌ڕى چه‌كدارى په‌كه‌كه‌ دژ به‌ توركیا ده‌ستیپێكردووه‌، كوژراون.

ئۆجه‌لان له‌ 15 ى شوباتى 1999 له‌ نایرۆبى ده‌ستگیركرا، ڕۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت ده‌ستگیركردنه‌كه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كى ئه‌منیی توركیادا بووه‌ به‌ هاوكارى میسر و ئێران، له‌كاتێكدا په‌كه‌كه‌ خۆى ده‌ڵێت به‌ پیلانێكى نێوده‌وڵه‌تى بووه‌ و ئیسرائیلیش تێیدا به‌شدار بووه‌، ده‌ستگیركردنه‌كه‌ له‌وكاته‌دا بوو كه‌ خه‌ریك بوو به‌هۆى مانه‌وه‌ى ئۆجه‌لان له‌ سوریا شه‌ڕ له‌نێوان سوریا و توركیا هه‌ڵبگیرسێت، ئه‌وكاته‌ى ئۆجه‌لان ڕه‌وانه‌ى توركیا كرا له‌ 29 ى حوزه‌یرانى 1999 سزاى له‌سێداره‌دانى بۆده‌رچوو، تۆمه‌ته‌كه‌شى دروستكردنى "ڕێكخراوێكى تیرۆریستى بوو".

به‌ڵام حوكمه‌كه‌ى جێبه‌جێنه‌كرا و له‌ساڵى 2004 هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى توركیا دانوستانى بۆ ئه‌ندامبوون له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا ده‌ستپێكرد، به‌وه‌ش سزاى ئۆجه‌لانى گۆڕى بۆ زیندانى هه‌تاهه‌تایى، ئۆجه‌لان به‌ مه‌رجیش ئازاد نه‌كرا و له‌وكاته‌وه‌ى ده‌ستگیركراوه‌ له‌ زیندانى ئیمراڵییه‌ كه‌ دوورگه‌یه‌كه‌ له‌ ده‌ریاى مه‌رمه‌ره‌ى باشورى ئیستانبوڵ.

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى له‌ زیندان بوو به‌ڵام هیچ ڕۆژێك كاریگه‌رى كه‌م نه‌بوه‌وه‌، كاریگه‌رییه‌كه‌شى ته‌نها له‌سه‌ر كورده‌كان له‌ توركیا نه‌بوو، به‌ڵكو له‌سه‌ر كوردانى ده‌وروبه‌رى توركیاش كاریگه‌رى داناوه‌، ئێستاش وه‌ك كلیلى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد له‌ توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌بینرێت.

كه‌ى یه‌كه‌م دیدار له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان ئه‌نجامدرا بۆ چاره‌سه‌رى پرسى كورد؟

یه‌كه‌م دیدارى ئاشكراى نێوان عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان و ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا له‌ساڵى 2012 بوو، كاتێك هاكان فیدان كه‌ ئه‌وكات جێگرى سه‌رۆكى هه‌واڵگرى توركیا بوو سه‌ردانى كرد، دواتر هاكان فیدان بووه‌ سه‌رۆكى ده‌زگاكه‌ و له‌ ساڵى 2023 شه‌وه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیایه‌، له‌وكاته‌وه‌ ناوى پرۆسه‌ى ئاشتى هاته‌ ناو ناوان، كه‌ ئامانج لێى به‌وته‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا چاره‌سه‌رى پرسى كورده‌ له‌گه‌ڵ ڕاگرتنى شه‌ڕى چه‌كدارى په‌كه‌كه‌.

هه‌وڵه‌كانى چه‌ك پێدانان

له‌چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى فیدان بۆلاى ئۆجه‌لان له‌ ساڵى 2012، په‌روین بوڵدان كه‌ ئه‌وكات ئه‌ندامى په‌رله‌مان بوو له‌سه‌ر پارتى ئاشتى و دیموكراسى له‌گه‌ڵ سرى سوره‌یا ئۆنده‌ر و ئیدریس بالوكه‌ن له‌ ئادارى 2013 سه‌ردانیان كرد، ئه‌و وه‌فده‌ش له‌ڕووى میدیاییه‌وه‌ ناونرا وه‌فدى ئیمراڵى، دواتر سه‌ردانه‌كه‌ بووه‌هۆى ئه‌وه‌ى ئۆجه‌لان له‌ نه‌ورۆزى ئه‌و ساڵه‌ په‌یامێك بڵاو بكاته‌وه‌ و داواى كرد په‌كه‌كه‌ چه‌ك دابنێت و بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ى سنورى توركیا.

دواتر موراد قه‌ره‌یلان كه‌ ئه‌وكات و ئێستاش به‌رپرسى باڵى سه‌ربازى په‌كه‌كه‌یه‌، له‌ 25 ى نیسانى 2013 ڕایگه‌یاند:"په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌شتى ئایاره‌وه‌ ده‌ستده‌كات به‌ كشانه‌وه‌ له‌ناوخۆى توركیا و ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت". به‌ڵام ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا پابه‌ندى ئاگربه‌سته‌كه‌ نه‌بوو و ڕایگه‌یاند:"ته‌نها 15%ى گه‌ریلاكان توركیایان جێهێشتووه‌".

داواكارییه‌كانى ئۆجه‌لان بریتی بوو له‌ چاكسازى و دیموكراسى و پێدانى مافى كورد له‌ توركیا كه‌ له‌ده‌ستوردا دانى پێدابنرێت، به‌ڵام داواكارییه‌كان جێبه‌جێ نه‌كران و په‌كه‌كه‌ش چه‌كى دانه‌نا.

شكستى ئاگربه‌ست

ئاگربه‌ست له‌نێوان ساڵانى 2013 بۆ 2015 به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام ئه‌ردۆغان له‌ 2015 له‌ ئاگربه‌ست كشاه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند:"گونجاو نییه‌ ئه‌ندامانى حزبه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌ربكه‌ون كه‌ پشتیوانى تیرۆر ده‌كه‌ن." كه‌ مه‌به‌ستى په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان بوو به‌وه‌ش دووباره‌ شه‌ڕ له‌نێوان گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه‌ و سوپاى توركیا ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

ئێستاش دواى ده‌یه‌یه‌ك له‌ ڕاوه‌ستانى ئه‌و گفتوگۆیانه‌، به‌ ڕه‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى دادى توركیا ڕۆژى 28-12-2024 دیداری نێوان دوو ئه‌ندامى ده‌م پارتى (په‌روین بوڵدان و سرى سوره‌یا ئۆنده‌ر) له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌رى زیندانیكراوى په‌كه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ى ده‌م پارتى له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایانگه‌یاند:" كۆبوونەوەیەكی وردمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەنجامدا، باری تەندروستی باش بوو، مۆڕاڵی زۆر باش بوو، هەڵسەنگاندنەكانی بۆ چارەسەری هەمیشەیی كێشەی كورد زۆر گرنگ بوون، لە میانی دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توركیا تاوتوێ كرا. بەڕێز ئۆجەلان، لە بەرامبەر ئەو سیناریۆ تاریكانەی داهاتوو كە دەسەپێنرێن، چارەسەری ئەرێنی خستەڕوو".

ئۆجەلان لە دیدارەكەدا ئەم قسانەی كردووە:
* نوێبوونەوەی برایەتی توركیا-كورد بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، لە هەمان كاتدا یەكلاكەرەوەیە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی هەموو گەلان، گرنگە و بابەتێكی بەپەلەیە".
* بۆ ئەوەی پرۆسەكە سەركەوتوو بێت، پێویستە هەموو بازنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و بە شێوەیەكی بنیاتنەر نزیك بن و سوود لە لایەنی ئەرێنی وەربگرن بەبێ ئەوەی بچنە ناو حیساباتی كاتی و تەسكەوە. ئەمە زۆر گرنگە، بێ گومان یەكێك لە گرنگترین بنەماكانی پەرلەمان دەبێت.
*پێشهاتەكانی غەززە و سوریا دەریانخستووە كە چارەسەری ئەم كێشەیە كە بە دەستێوەردانی دەرەكی زیاتر و زیاتر قووڵتر دەبێتەوە، گەیشتووەتە دۆخێك كە چیتر ناتوانرێت دوابخرێت، لە چوارچێوەی ئەم باسەدا، بۆ ئەوەی ئەم كارە سەركەوتوو بێت، پشتیوانی و پێشنیارەكانی ئۆپۆزسیۆن بەنرخن.
* هەروەها ئەو زانیاری و ئیرادەیەم هەیە كە بە شێوەیەكی ئەرێنی پشتگیری لەو پارادایمە بكەم كە بەڕێز باخچەلی و كاك ئەردۆغان بەهێزی دەكەن.
* پێویستە وەفدەكە ئەم نزیكییەی من هەم لەگەڵ دەوڵەت و هەم لە ئەگەری پێویستدا لەگەڵ بازنەكانی سیاسیدا هاوبەش بكات. لەم چوارچێوەیەدا ئامادەم هەنگاوێكی ئەرێنی بنێم و بانگەوازی پێویست بكەم.
*هەموو ئەم هەوڵانەی ئێمە وڵات دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی كە شایەنیەتی و لە هەمان كاتدا دەبێتە ئاراستەیەكی زۆر بەنرخ بۆ گۆڕانكارییەكی دیموكراسی.
*"بۆ توركیا و ناوچەكە كاتی ئاشتی و دیموكراسی و برایەتییە". 
ئێستا كورد و ناوچه‌كه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى ئه‌رێنى ئه‌م دیداره‌یه‌، كه‌ ئاخۆ ئه‌م جاره‌ش توركیا پرۆسه‌ى ئاشتى به‌ ڕاسته‌قینه‌ ده‌ستپێده‌كات و یاخود ئه‌نجامه‌كه‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شه‌ڕه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌وه‌ى دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ناجێگیره‌ و گۆڕانكارى ڕوویداوه‌.

 

  • زیانەكانی یاری ئاگرین؛ مێژووەكەی بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

  • ئۆجه‌لان "سه‌ركرده‌ پێویسته‌كه‌" بۆ ئاشتى له‌ توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست

  • دەقی وتە و پەیامەكانی ئۆجەلان لە دیدارەكەی دوێنێیدا

  • هەمواری برگەیەكی تایبەت بە نەوتی هەرێم كەوتە دوای سەری ساڵ

  • پێشێلكاری گروپە چەتەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2024

  • مه‌ترسیدارن و وه‌ك كارتى فشار به‌كارده‌هێنرێن؛ ئایا هه‌سه‌ده‌ ئه‌ندامانى داعش ڕاده‌ستى عێراق ده‌كاته‌وه‌؟

  • بەڵگەنامەی نهێنی لەبارەی ڕووخانی ئەسەد و گۆرڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرادەبێت

  • ڕۆژێك دوای هەڕەشەكانی ئێران؛ عەلەوییەكان دەستیان بە خۆپیشاندان كرد

  • هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەرامبەر ڕۆژئاوای كوردستان چی دەبێت؟

سەرەکی