2025-01-16
278 جار خوێنراوەتەوە
مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی کۆبوونەوە
ناوەندی هەواڵ
هۆشیار زێباری دەڵێت، ئەمڕۆ لە هەولێر مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی کۆبوونەتەوە.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لەتۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە دیمەشق بۆ ڕاگواستنێکی سیاسی ئارام.
دەشڵێت سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان."
هۆشیار زێباری،راشیگەیاندووە، دوێنێ چوارشەممە، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆبوونەوەکە بە ئارامی بەڕێوەچووە و ڕاشکاوانە بووەو پەیوەندیدار بووە بە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەزوویی.
هەرچەندە پێدەچێت کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی پەیوەست بوبێت بە کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی، بەڵام زێباری باسی نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نووسەر و چاودێری سیاسی بەدەزگای میدیایی"ئیرادە"ی وت،هەموو دیدارو نزیکبوونەوەیەکی هێزەکوردییەکان وسەرکردەکوردییەکان کارێکی گرنگەو بەهیوام ئەم دیدارە ئەنجامی هەبێت.
هاوکات، ڕۆژنامەنووس، سەرتیپ جەوهەر، بە"ئیرادە"ی وت، كۆبونەوەی بارزانی و مەزلوم عەبدی لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی سوریا و ناوچەكەیەو لێكەوتەی دەستپێشخەری ئەمریكاو وڵاتێكی هەرێمەكەیە بۆ ڕێكخستنەوەو باشتركردنی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان.
دیدارەکە دەبێتە یەكەم سەردان و دیداری ڕەسمیی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ هەولێرو سەردانەش لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە هەر بۆیە كرانەوەیەكی نوێ دەبێت لەپەیوەندی نێوان پارتی و ڕۆژئاوای كوردستان.
لەکاتی بەڕێوەچوونی بانگەسەی هەڵبژاردنی کاندانی پەرلەمانی کوردساتن، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی "لە ژیانمدا تەنها یەک داواکاری شەخسیم لە مەسعود بارزانی کردووە، ئەویش بینینی هاوڕێکەم مەزڵوم کۆبانێ بووە".
کۆتایی ساڵی ڕابردوو بەنێوانگیری و ئامادەبوونی ئەمریكیەكان هەریەكە لە مەزلوم عەبدێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و محەمەد جۆلانیی بەڕێوبەری ئێستای سوریا لەفرۆكەخانەی (زومێر) كۆبونەوە، بەڵام ئەنجامی نەبوو لەبەر ئەوەی یەكێك لەداواكارییەكانی جۆلانی چەكدانانی هەسەدەو تێكەڵكردنی هێزەكە بوو بەو هێزەی ئێستای دیمەشق!.
ڕۆژنامەنووس، سەرتیپ جەوهەر ئەوەشی ئاشکراکرد، لەچەند ڕۆژی ڕابردووش كۆبونەوەیەكی ڕانەگەیەنراو بەنێوانگیریی و ئامادەبوونی ئەمریكیەكان لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و توركەكان لەسوریا بووە بۆ ڕاگرتنی هەوڵی داگیركاریی و پەلاماردانی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر هەبووە كۆبونەوەكە هەر لەناو سوریا بوبێت، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبووە، توركەكان مەرجی زۆریان هەبووە، یەكێك لەداواكارییەكانیان هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و تەسلیمكردنی ئەو هێزەبووە بەجۆلانی بەڵام ئەو داواكارییە جگە لەوەی لەلایەن هەسەدە ڕەتكراوەتەوە، هاوكات ئەمریكاش دژی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەن.
د.عەبدولحەمید دەربەندی نوێنەری بارزانی، سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ هەریەکە لە مەزڵوم عەبدی و ئەنەکەسە کۆبووەوە و پەیامی مەسعود بارزانی بە لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەیاند.
میدیای فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاویکردەوە مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی "هەسەدە" لەگەڵ د.حەمید دەربەندی نوێنەری مەسعودبارزانی کۆبوەتەوەو دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا و ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
د. حەمید دەربەندی پەیامی بارزانی گەیاند بە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تیایدا داوای گرنگی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەکات لەم قۆناغە سەختەدا کە سوریا پێیدا تێدەپەڕێت.
مەزلوم عەبدی، جەختی لە گرنگی دەستکەوتەکانی کورد و هێنانەدی سەقامگیری بۆ ناوچەکە کردەوە و ئاماژەی بە گرنگی هاوکاری نێوان لایەنە کوردستانییەکان و کرد لەم قۆناغەدا.
چاوەڕێ دەکرێت دوای نزیکبوونەوەی لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، پەیام و داواکاری کورد بەرامبەر دیمەشق یەکبخرێت و بە یەک تیم گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بکەن.
كێشەو گرفتەكانی سوریا زۆر ئاڵۆزترن لەوەی چاودێران پێشبینیان دەکرد جگە لەوەی تائێستا هیچ تێگەیشتنێك لەنێوان دیمەشق و ڕۆژئاوای كوردستان نییە، هاوكات ئیدارەكەی جۆلانی هەموو پەیوەندییەكی ئیداریی لەگەڵ فەرمانگەكانی دەوڵەت لەڕۆژئاوای كوردستان بڕیوەو تەواوی فەرمانگەكان لەهەرسێ پارێزگاكانی حەسەكەو رەققەو دێرزۆر پەكیان كەوتووە.
|