2025-01-17 112 جار خوێنراوەتەوە

ئیسرائیل ڕێككەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ حەماس پەسەند كرد

ناوەندی هەواڵ

كابینەی ئەمنی ئیسرائیل ڕێككەوتنی ئاگربەستی لە غەززە لەگەڵ بزووتنەوەی حەمماس پەسەند كرد، كە ڕۆژی پێنج شەممە لەنێوان هەردوو شاندی دانوستاندنكار لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ئەنجام درا.

میدیاكانی ئیسڕائیل بڵاویانكردەوە، “كابینەی ئەمنی ئیسرائیل، كە لە وەزارەتە ئەمنییەكان پێكهاتووە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا واژۆی لەسەر رێككەوتنی ئاگربەستی غەززە كرد، كە بڕیارە لە ڕۆژی یەك شەممەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، سەرەڕای دواکەوتنی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە و پەسەندکردنی لەلایەن حکومەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک لە بارمتەکان ڕۆژی یەک شەممە لە غەززە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە ئازاد بکرێن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بڕیارە لە بەشی یەکەمی ڕێککەوتنەکە سێ ژنە بارمتە لەڕۆژی یەک شەممە ئازاد بکرێن.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیسرائیل، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست نەتانیاهۆ بە كەسوكاری بارمتەكانی وتووە، خۆیان بۆ ئازادكردنی بارمتەکان ئامادە بكەن.

لەلایەکی دیکەوە لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن حەماسەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ''ئەو ئاستەنگانەی بەهۆی پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە هەلومەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست دروست بوون، بە هەوڵی نێوەندگیرە بەهادارەکان ئەم بەیانیە لابران''.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە بە بەشداریی گرووپە فەڵەستینییەکان و تەواوی چین و توێژەکانی گەل، ئامانج لێی ئاڵوگۆڕێکی نیشتمانییانەى دیلەکانە، و هەروەها هاتووە؛ ''لیستی ئەو ناوانەی لە یەکەم قۆناغی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل ئازاد دەکرێن، بەپێی قۆناغ و ڕێکارییەکان لەڕێگەی نوسینگەی دیلەکانەوە بڵاودەکرێتەوە''.

قەتەر کە یەکێکە لە وڵاتانی نێوەندگیر، ڕۆژی 15ی کانوونی دووەم ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماسی ڕاگەیاند لە بارەی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل.

ڕێککەوتنەکە کە لە سێ قۆناغ پێکدێت ڕۆژی یەکشەممە 19ی کانوونی دووەم، دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و، لە 42 ڕۆژی یەکەمدا 33 دیلی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.

ڕێککەوتنەکە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەشێوەیەکی گشتگیر بۆ کەرتی غەززە و گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینییەکان بۆ سەر ماڵوحاڵیان لەخۆدەگرێت.

وردەکاری لە بارەی قۆناغەکانی دووهەم و سێهەم لە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەم ڕادەگەیەندرێت.لەکاتێکدا ئیسرائیل حەماس تۆمەتبار دەکات و پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکەی دواخستووە، حەماس پابەندبوونی خۆی بەڕێککەوتنەکە ڕاگەیاند.

 

  • دۆناڵد ترەمپ: لە نزیکترین کاتدا چاوم بە پوتین دەکەوێت

  • تەنها لە یەك مانگدا 13 ڕۆژنامەنوسی كورد لە توركیا زیندانی كراون

  • لەبەرامبەردا هەژارەكان زیاتردەبن

  • دۆناڵد ترەمپ 47هەمین سەرۆکی ئەمریکا

  • پزیشکێکی عێراقی لە غەززە بە نەشتەرگەری قۆڵی بۆ منداڵێک چاندەوە

  • چەكدارێك دوو دادوەری ئێران دەكوژێت و پاشانیش خۆی دەكوژێت

  • مەزڵوم عەبدی بۆچی سەردانی ئەمریكا ناكات؟

  • لە قۆناغی یەكەمی ئاگربەستدا؛ ئیسرائیل 737 فەڵەستینی ئازاد دەكات

  • ئیسرائیل ڕێككەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ حەماس پەسەند كرد

سەرەکی