2025-01-20
115 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ 47هەمین سەرۆکی ئەمریکا
ناوەندی هەواڵ
دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بووە 47هەمین سەرۆکی ئەمریکا.
لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە کۆشکی کاپیتۆڵی واشنتن بەڕێوەچوو، هەریەکە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سوێندی یاساییان خوارد و دەسبەکاربوون.
لەدوای سوێندخواردنی، ترەمپ وتارێکی پێشکەش کرد و وتی "متمانە بۆ دیموکراسی و ئازادی دەگەڕێنینەوە و لێرەوە دیموکراسیی ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە."
ڕاشیگەیاند، گەڕانەوەی هێزی کۆمارییەکان بۆ دەسەڵات ئاسان نەبوو، بینیتان چۆن هێرش کرایە سەرم و گوللە بەر گوێم کەوت، بەڵام خودا منی پاراست بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمریکا گەورە بکەمەوە."
ترەمپ لەو پەیامەیدا کە یەکەم پەیامی دوای دەستبەکاربوونی بوو ڕاشیگەیاند، ئێستا سەردەمی زێڕینی ئەمریکا دەستیپێکرد؛ لە ئەمڕۆ بەدواوە وڵاتەکەمان دەگەشێتەوە و رێزی لێ دەگیرێت.
ترەمپ وتیشی، جارێکی دیکە سەروەری دەگەڕێنینەوە بۆ ئەمریکا و پابەندی دەستوور دەبم و بە دڵسۆزی ئەرکەکانم جێبەجێ دەکەم.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها دوو ڕەگەز هەیە ئەوانیش نێر و مێ، هەموو هەوڵەکانی گۆڕینی ڕەگەز ڕادەگرم.
هەموو سەربازێک دەگەڕێنمەوە بۆ ناو سوپا کە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ڕێوشوێنەکانی کۆرۆنا دەرکرابوون و هێزەکانمان سەرنجیان لەسەر یەک ئەرک دەبێت، ئەویش تێکشکاندنی دوژمنەکانمانەو لە ئێستاشدا جەنگ هەیە بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەشداری ناکەین سانسۆری حکومەت ڕادەگرین و ئازادی ڕادەربڕین بۆ ئەمریکا دەگەڕێنینەوە. ترەمپ وای وت.
جۆرج واشنتن لە 30-04-1789 وەکو یەکەم سەرۆکی ئەمریکا دەستی لەسەر ئینجیل دانا و دەستبەکاربوو، دواتر وتارێکی لە کۆنگرێس پێشکەش کرد.
جۆرج واشنتن لەو کاتەدا ئینجەلەکەی ماچ کرد و 13 تۆپ تەقێنران، ئەوەش بووە دەقی یەکەم سوێندخواردنە لە مێژووی ئەمریکا دا.
لە دەستووری ئەمریکا دا ئاماژە بە وتار نەدراوە، ئەوەی سەرۆکەکانی ئەمریکا دەیکەن تەنها دووبارەکردنەوەی نەریتەکەی واشنتنە.
سوێند خواردنی دۆناڵد ترەمپ 65هەمین جارە لە مێژووی ئەمریکا لە شاری واشنتنی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، پێشتر لە پێنج شاری دیکە ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوەچووە؛ ئەوانیش نیویۆرک، فیلادێلفیا، داڵاس، پلیمس و بەفەڵۆ.
لە شاری نیویۆرک دوو جار ڕێوڕەسمەکە بەڕێوەچووە، لە فیلادێلفیا دو جار، داڵاس یەک جار، پلیمس جارێک و بەفەڵۆ جارێک.
یەکەم ڕێوڕەسمی سوێند خواردنی سەرۆک لە مێژووی ئەمریکا لە شاری نیویۆرک بوو کە جۆرج واشنتن بووە سەرۆکی ئەمریکا.
دووەم سوێند خواردنی جۆرج واشنتن لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا بەڕێوەچوو.
|