2025-04-24 94 جار خوێنراوەتەوە

51 ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت

ئیرادە میدیا

51 ساڵ لەمەوپێش و لەرۆژی 24ی نیسانی ساڵی 1974، رژێمی بەعسی دیکتاتۆر دڕندانە بە چوار فڕۆکەی سیخۆ و 16 بۆمبی ناپاڵم بۆردومانی شاری قەڵادزێ و کەمپی زانکۆی سلێمانی کرد، کە لەو کاتەدا زانکۆی سلێمانی گواسترابووەوە بۆ قەڵادزێ.

بەهۆی ئەو بۆردومانەی رژێمی بەعسی لەناوچوو 163 هاوڵاتی شەهید کران، کە نۆ  لەشەهیدەکان خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بوون، ئەوە جگە لەوەی 300 کەسیش بریندار بوون.

خوێندکارەکانی زانکۆی سلێمانی کە شەهید کران بە ناوەکانی "بورهان عەبدوڵا شاسوار، سۆران محەمەد سەڵتە، هیوا عەبدول غەفور، حەمەساڵح سام سام، سەروەر عەلی قادر، ئازاد حسێن" بوون.

زانکۆی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، لە ساڵی 1974 کاتێک بڕیاردرا زانکۆی سلێمانی بگوازرێتەوە بۆ قەڵادزێ بۆ درێژەدان بە خەباتی زانست‌ و قەڵەم، رژێمی بەعسی دیکتاتۆر بە بۆردومانکردنی زانکۆکە وەڵامی ئەو هەڵوێستە کوردانەیەی خوێندکاران‌ و مامۆستایانی دایەوە و دەیان خوێندکار شەهید بوون‌ و سەدان خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار و ئاوارە بوون.

دوای هەشت ساڵ جەماوەری شاری قەڵادزێ هەموو ساڵێك لە 24-4 دا ناڕەزاییان دژ بە رژێمی خوێن رێژی بەعس دەر دەبڕی، بەڵام ناڕەزایی 24-4-1982 زۆر جیاوازتر بوو راپەڕینی تیادا بەرپابوو بە رێپێوان و هوتاف كێشان و لەژێر دروشمی:

"گولە و پەت و سێدارە، ناترسێنێ ئەم شارە "
"شەهید خوێنی دەڕژێنێ، ئازادی بەدەست دێنێ
"بیست و چواری چوارە، جێی كەڵبەی سەگی هارە "
"هێزی گەل لەبن نایە، شەهید بوون دكتۆرایە "

لەبەرامبەر ناڕەزایی و بێزاری پشدەریەكان رژێمی بەعس لەو ساڵەشدا بە ئاگر و ئاسن وەڵامی دەدانەوەودڕندانە کەوتە گیانی هاوڵاتیان و بەهۆیەوە دوو خوشک کە بە "مامۆستا سنەوبەر و دایکە ئامینە" ناسراوبوون، شەهید بوون و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوای شەڕی هەشت ساڵەی عیراق و ئێران جارێكی تر پیلانی راگواسنتی جێبەجێكردەوە كە تەواوی پشدەری خاپور كردو ناوی نا (ناوچەی موحەڕەمە) دانیشتووانەكەشی بەسەر ئۆردوگا زۆرەملێكانی (خەبات، جدیدە، كەورگۆسك، تۆبزاوا، دارەتوو) دابەشكرد.

لە ساڵی 2013دا، بۆ رێزگرتن لە خەباتی خەڵکی قەڵادزێ و بەرزراگرتنی روحی شەهیدان و یادی شەهید و بریندارانی بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 4ی ئازاردا، بە بڕیاری 2262؛ رۆژی 24 / 4ی وەک رۆژی "شەهیدی زانکۆ"دیاریکرد.

داواشی لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان کرد، ساڵانه‌ له‌و روژه‌دا به‌ چالاکی رۆشنبیری‌ و زانستی یادی شەهیدان‌ و قوربانیانی زانست‌ و قه‌ڵه‌م لە کوردستان بکەنەوە.

رژێمی بەعس لەماوەی دەسەڵاتیدا چەندین تاوان و کۆمەڵکوژی دژ بە کورد ئەنجامداوە، لە قۆناغی حوکمکردنیدا بە چەندین شێوە و قۆناغ هەوڵی لەناوبردنی کورد و کەمکردنەوەی ناسنامەی کوردی داوە.

بۆردومانی قەڵادزێ بەشێک بووە لە ویستەکانی حزبی بەعسی دیکتاتۆر بۆ کپکردنەوە و لەناوبردنی ئەو بیر و هۆشە زیندووەی کە لەناو خەڵکی قەڵادزییەدا هەبووە.

  • 51 ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت

  • ئەنفال تاوانی سەدە، جینۆساید دژی نەتەوەیەک

  • 22 ساڵ بەسەر رووخاندنی دەسەڵاتى بەعس لە عێراق تێدەپەڕێت

  • ترەمپ: شەممەی داهاتو گفتوگۆی راستەوخۆمان لەگەڵ ئێران دەبێت

  • ئاهەنگی نەورۆز لە 25 وڵات و ناوچەی جیهاندا بەڕێوەدەچێت

  • حەوت ساڵ بە سەر داگیرکردنی عەفریندا تێدەپەڕێت

  • ئەو جوتیارە كوردەی سەربازێكی عێراقی ملپێچەكەی ڕاكێشا، دەستگیركراو بە كەفالەت ئازاد كراوە

  • یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە

  • 'حه‌مزات' كێن؟ چی له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌زانی؟

سەرەکی