2025-06-21 8697 جار خوێنراوەتەوە

عێراق؛ چیتر كتێب ناخوێنێتەوە

 

بەپێی ڕاپرسییەک کە ساڵانە گۆڤاری (CEOWORLD) ى ئەمریکی ئەنجامى دەدات، عێراق لە ڕیزبەندی 96هەمینە لە کۆی 102 وڵاتی جیهان لەنێو ئەو وڵاتانەی لە شەش مانگى یەكەمى ساڵی 2025 زۆرترین کتێبیان خوێندۆتەوە.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمریکا و هیندستان پلەی یەکەم و دوەمیان بەدەستەوەیە لەڕوی بەرزترین ڕێژەی خوێنەرانی کتێب لە نێوان وڵاتانی هەڵبژێردراوی جیهاندا. ئەمریکییەکان بە تێکڕا ساڵانە هەركەسێك 17 کتێب دەخوێنێتەوە، هیندییەکانیش ساڵانە رێژەكە بۆ هەر كەسێكیان 16 کتێبە. 

لە درێژەی ئامارى راپرسییەكەدا هاتوە، بەهای بازاڕی کتێبی جیهانی لە ساڵی 2023دا گەیشتە 144.67 ملیار دۆلار و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2024 تا 2030 بە ڕێژەیەکی گەشەی ساڵانەی خێراتر بە ڕێژەی 1.8% گەشە بکات.

وەك ئاماژەمان پێدا، عێراق لە ڕیزبەندی 96ی جیهانیدا بوە لەنێو ئەو وڵاتانەی ئەمساڵ زۆرترین کتێب دەخوێننەوە، واتا بەشێوەیەکی مامناوەندی ئەگەر رێژەیەكى دیاریكراو وەربگرین؛ هەركەسێك 2.77 کتێب لە ساڵێکدا دەخوێنێتەوە، ماوەی خوێندنەوەكەشی 64 کاتژمێرە لە ساڵێکدا.

هاوكات، عێراق لە ڕیزبەندی دەیەمی ئەو وڵاتە عەرەبیانەیە كە ئەمساڵ زۆرترین کتێبیان خوێندوەتەوە، دوای میسر، لوبنان، بەحرەین، ئوردن، عومان، کوەیت، مەغریب، قەتەر، جەزائیر لە پلەی 10یەمدایە.

وتەیەک کە لە ساڵانی شەستەکانەوە لە بازنە روناكبیرییەكانى عێراقدا بڵاوبۆتەوە، دەڵێت "قاهیرە دەنوسێت، بەیروت چاپ دەکات، بەغداش دەخوێنێتەوە".

لەلایەكى ترەوە، لە 10ی ئاداری هەمو ساڵێکدا ڕێکخراوی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری و زانستی کۆمکاری عەرەبی (ئەلێکسۆ) و وڵاتانی ئەندام؛ ڕۆژی کتێبخانەکانی عەرەبی پیرۆز دەکەن، ئەوەش بە داننان بەوەی کە ئەم ڕۆژە نوێنەرایەتی دەرفەتێکی گەورە دەکات بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و بوژاندنەوەی فیکر و میراتی عەرەبی.

دابەزینی خوێندنەوە لە جیهانی عەرەبى دا

ئامارەکان لەسەر ڕێژەی خوێندنەوە لە جیهانی عەرەبیدا ئاماژەن بۆ تێکچونی واقیعی کەلتوری کە ڕوبەڕوی وڵاتانی عەرەبی بۆتەوە، بەتایبەتی کاتێک بەراورد دەکرێت لەگەڵ هاوتاکانیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی پێشکەوتوی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. ڕاپۆرتی گەشەپێدانی مرۆیی کە لە ساڵی 2011 لەلایەن دامەزراوەی بیری عەرەبییەوە دەرچوە، ئاماژە بەوە دەکات کە هاوڵاتییەکی عەرەب بە تێکڕا 6 خولەک لە ساڵێکدا دەخوێنێتەوە، هاوڵاتییەکی ئەوروپی بە مامناوەندی ساڵانە 200 کاتژمێر دەخوێنێتەوە.

بەڵام توێژینەوەیەکی ساڵی 2008 کە لەلایەن کۆمپانیای فرەنەتەوەیی توێژینەوەی بازاڕ "سینۆڤات"ئەنجامدراوە؛ دەریخستوە کە ڕێژەی خوێندنەوە زۆر زیاترە لەوەی کە ئاماژەی پێکراوە. ئەو كۆمپانیایە پێى وایە لێکۆڵینەوەکان کە دابەزینی بەرچاوی خوێندنەوەیان لە جیهانی عەرەبیدا دەرخست، تەنها خوێندنەوەی کتێبی کەلتورییان هەژمار دەکرد، هاوکات چاوپۆشییان لە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبی خوێندن و فایلی کار و ڕاپۆرت و کتێبی کات بەسەربردن و ئینتەرنێت کردوە.

دابەزینی خوێندنەوە لە عێراق

سەبارەت بە عێراق، عومەر ئەلسالم، بەڕێوەبەری کتێبخانەی عاشور بە ماڵپەڕى (نون پۆست)ی ڕاگەیاندوە، هیچ ئامارێکی جێ متمانە لەسەر ڕێژەی خوێندنەوە لە عێراق بەردەست نییە، بەڵام ئامارە نزیکەکان ئەوە دەردەخەن کە ژمارەی خوێنەرانی کتێبە ڕۆشنبیرییەکان لە رێژەى لە 5٪ی کۆی دانیشتوانی خوێندەوار لە وڵاتدا زیاتر نییە، سەرەڕای بونی نزیکەی 50 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراقدا.

هۆکارەکانی دابەزینی خوێندنەوە لە عێراق

لەلایەن رۆشنبیرانەوە هۆکارێكی زۆر هەیە كە بۆ دابەزینی خوێندنەوە لە عێراق باسیان لێوەدەكرێت. محەممەد عەبد، مامۆستای زمانی عەرەبی بە (نون پۆست)ی وتوە، بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئەمنی و ئابوری، هەروەها کێبڕکێی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی مانگە دەستکردەكان، عێراق لە دو دەیەی ڕابردودا شایەتی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

عەبد، ئاماژەی بەوەدا کە نەوەی گەنج ڕقێکی بەرچاو لە کتێب و خوێندنەوە بەخۆیەوە دەبینێت، تا ئەو ئاستەی ئێستا چاودێران دەتوانن هەزاران گەنجی عەرەب و عێراقی ببینن کە لە ژیانیاندا یەک کتێبی ڕۆشنبیرییان نەخوێندۆتەوە، لە دەرەوەی خوێندنەکەیان.

سەبارەت بە دابەزینی ئاستی خوێندنەوە لە جیهانی عەرەبی بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، ئەو مامۆستایەى زمانى عەرەبى ئەوەى رونكردۆتەوە كە لەدوای هاتنی ئینتەرنێت و تەلەفزیۆنی مانگی دەستکردەوە، جیهانی عەرەبی شایەتی دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی خوێندنەوە بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایکردوە گەنجان ڕویان تێبکەن، دوای ئەوەی پێشتر کاتە بەتاڵەکانیان بە خوێندنەوەی ڕۆمان و چیرۆک و بڵاوکراوە کەلتوری و فیکرییەکانی تر بەسەر بردبو.

ژمارە مەترسیدارەکان و پرۆسێسکردنێكى خاو

دابەزینی ڕێژەی خوێندەواريی لە عێراق لەگەڵ بەرزبونەوەی بەرچاوی ڕێژەی نەخوێندەواريی وڵاتەکەدایە. کۆميسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 8 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی کە زۆرینەیان گەنجن، نەخوێندەوارن. بەوتەی فاتن ئەلحەلفی ئەندامی کۆميسیۆن، 18%ی عێراقییەکان نەخوێندەوارن و زیاتر لە نیوەیان ژنن.

هەرچەندە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2011 یاسای خوێندەواريی دەرکرد، بەڵام بە وتەی ئەلحەلفی، وڵات ئاواتەخوازی خۆی بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردە پەرەسەندوە بەدينەهێنا. پێدەچێت چارەسەری دەستبەجێ بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی دابەزینی ڕێژەی خوێندنەوە لە وڵاتەکەدا نەبێت، بەوپێیەی یاسای پەروەردەی ناچاريی جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش وایکردوە هەزاران خوێندکار واز لە خوێندن بهێنن. جگە لەوەش خراپی کوالیتی وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی عێراقدا، بەهۆی گێژاوی وڵاتەوە، بۆشاییەکی بەرچاوی لە نێوان بەردەستبونی قوتابخانە و ستافی مامۆستایان و پێداویستییەکانی کەرتی خوێندنی سەرەتایی وڵات دروستکردوە.

عێراق لە وڵاتى سەیياب و مەلائیكە و بەیاتى.. بۆ زنجیر لەخۆدان لە حسێنییەكان

ئاشكرایە عێراق بە وڵاتى شاعیرەكان ناسراوە، بەتایبەتى كۆمەڵێك شاعیرى گەورەى پێشەنگ لە چەشنى بەدر شاكر سەییاب و نازك ئەلمەلائیكەو عەبدولوەهاب بەیاتى و بوڵند ئەلحەیدەرى و جان دەمۆ و سەرگۆن پۆڵس و چەندینى تر، بەڵام لە دواى ساڵانى 2000وە؛ دروست تر لە دواى كەوتنى بەعس لە 2003 و باڵكێشانى تائیفییەت بەسەر كۆى گشتى پێكهاتەكانى عێراق دا، وڵاتەكە بۆتە كارگەیەك بۆ دروستكردنى حسێنییەكان لە ناوەڕاست و باشور، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى ئەو یادە ئایینیانەى شیعە؛ زیاتر لە هەر فێستیڤاڵێكى شیعریى و ئەدەبى بایەخیان پێدەدرێت، كە بۆتە هۆى ئەوەى مۆركى خوێندنەوەو كتێب كڕین لاى تاكى عێراقیى كە پێشتر پێى ناسرابو؛ بەتەواوەتى كاڵبێتەوەو شەقامە بەناوبانگەكەى "موتەنەبى" جارێكى تر بۆ ئاپۆڕاى خوێنەر لەبەردەم كڕینى كتێب دا وەك خۆى نەبینینەوە.

 

 

  • ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن

  • عێراق..لەمەودوا هەر هەڵسوكەوتێكى تائیفی سزاى 3 ساڵ زیندانییە

  • پەكەكە وەك نیازپاكییەك دەست بەڕادەستکردنی چەکەکانی دەکات

  • عێراق دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی حه‌وت دەستپێدەكات و موچه‌خۆرانی هه‌رێمیش 60 رۆژه‌ چاوەڕێی موچەن

  • حکومەتی هەرێم موفلیسە پارەی نییە

  • ئایا سیاسەتە نوێیەکەی کاتس لەدوای ئێران؛ عێراق دەگرێتەوە؟

  • بۆچی میلیشا عێراقییەکان لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا ئامادە نەبون؟

  • موسەوى: روفاتى قوربانییەکان بەدانپێدانانی داعش ئاشکرابوە

  • دواین زانیاری لەسەر کۆبونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق

سەرەکی