2025-06-21
7275 جار خوێنراوەتەوە
ململانێی کورد و ئازەر لە ئێران.. ململانێى جوگرافیا و جێنفوز
دەروازەیەك بۆ چونە ناو باسەكە
پاش ئەوەى بۆ یەکەمینجار لە مێژوی هاوچەرخی ئێراندا، کاندیدە كوردەكان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى ساڵى 2024ى ئەو وڵاتەدا و لە هەمو پارێزگا تێکەڵاوەکانی باکوری ڕۆژئاوا؛ توانییان، کۆی دەنگی هاوتا ئازەربایجانییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو و زیاتریش بەدەستبهێنن، ئەو ئەنجامانە بونە مایەى ئەوەى گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان دو نەتەوەی ڕکابەر لەو ناوچانەدا نوێببنەوە، ئەمەش واى لە چاودێران كرد کە ڕۆڵی حکومەتی ناوەند لەم ململانێ ساردەدا بخەنە ژێر پرسیارەوە، بەوەى لە ڕوی بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی بۆ لادانی سەرنج لە داواکارییەکانی هەردو لایەنی ململانێکان و پرسیار لەسەر توانای داهاتوی خۆی بۆ هێشتنەوەی ئەم گرژییە لە ئاستێکی کۆنترۆڵکراو و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی بۆ ململانێی ئاشکرا، وەک لە زۆر بۆنەدا ڕویداوە، گوماناوى بێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەمو پارێزگاکانی ڕۆژئاوا - ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، کوردستان و کرماشان، لەلایەک زیادبونی دیمۆگرافیای بەرچاوی لە نێو کوردانی ئەو پارێزگایانەدا بە بەراورد لەگەڵ ئازەربایجانییەکان نیشان دا و لەلایەکی دیکەشەوە چالاكى سیاسی و ژیانێكى نوێى ناوازەى لە نێو کوردەکاندا خستەڕو، سەرەڕای هەمو ئەو گوشارانەی کە لەلایەن سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە دژی ئەوان کرابو، بەڵام بۆ یەکەمین جار کاندیدە كوردەكان لە کۆی 12 کورسی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ٧ کورسییان بەدەستهێنا و جیاوازییەکی ڕونیان بسەر كاندیدە ئازەرییەكاندا بەدەستهێنا.
حاکم مامیکان کاندیدی کورد بە 190 هەزار دەنگ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و شاهین جەهانگیر بە نزیکەی 120 هەزار دەنگ پلەی دوەمی بەدەستهێنا. لەكاتێكدا سەلمان زاکیر کاندیدی ئازەربایجان تەنها بە نزیکەی ٧٠ هەزار دەنگ پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
هەمان شت لە بازنەکانی هەڵبژاردنی ماکو، شنۆ، نەغەدە ڕویدا، کە براوەکانی کورد دەنگی زیاتریان لە هاوتا ئازەربایجانییەکانیان بەدەستهێنا. ئەمەش وای لە پارێزگارانی ناوچەکانی ڕۆژئاوا کرد کە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ باقی شارەكانى ترى ئێران دوابخەن و ڕێوشوێنی ناوازە بگرنەبەر بۆ هەڵمژینی شۆکی "کۆمەڵگەی ئازەربایجان" کە بە شێوەیەکی کاریگەر ژیانی ئیداریی و ئابوریی و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکەن.
هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە وەک ئەوەی "شەڕی عەشایەری" بێت، كە چاودێرانی دیمەنی ئێرانى دەریاندەبڕی، ئاماژەبو بە نەبونی ناوەڕۆکی سیاسی و ئایدۆلۆژی لەم هەڵبژاردنانەدا، كە ئەوەش بە قازانجی كۆمەڵە ناسیۆنالیستی و ناوچەییەكان و دابەشبونی هێزە سیاسییەکانی ئێران بە درێژایی ئەو هێڵانە بەڕێوەچو.
ململانێیەک لەسەر جوگرافیا و نفوز
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە لە کاتێکدایە کە ململانێ لەسەر ئاییندەی پارێزگاکانی هاوبەشی ئەو دو نەتەوەیە گەیشتۆتە ئاستێکی ناباوەڕ. دوای ئەوەی عەبدولڕەزا فەزلی وەزیری ناوخۆی ئێران لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی لامەرکەزیەت نیازی حکومەتی بۆ دروستکردنی دە پارێزگای نوێی ڕاگەیاند (ئێران لە ئێستادا 31 پارێزگای هەیە) ، دەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد سەریانهەڵدا و خوازیاری دروستکردنی پارێزگای نوێ بە زۆرینەی ڕەهای کورد هاتەئاراوە، هاوشێوەی پارێزگاکانی ئێستای کرماشان، ئیلام، و کوردستان، بە جیاکردنەوەی قەزاکانی باشور/کوردستان و ناوچەکانی پارێزگا تێکەڵاوەکان لەگەڵ ئازەربایجان لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، ململانێكان لەسەر جوگرافیا زیادیكرد.
عوسمان ئەحمەدی پەرلەمانتارى كورد لە پەرلەمانى ئێران پێشنیاری پێکهێنانی پارێزگایەکی نوێ بە ناوی "باکوری کوردستان" بۆ حکومەت کرد، کە شاری مەهاباد ناوەندەکەی بێت و زەوییەکانی لە هەمو پارێزگا تێکەڵەکان جیا بکرێنەوە. پەرلەمانتارانی ئازەربایجان لە پەرلەمان لە دانیشتنی 5ی كانونى دوەم ئەو پێشنیازەی کوردیان ڕەتکردەوە و بە هەنگاوێک بۆ زیادکردنی "مەیلی جوداخوازی" لەو وڵاتە وەسفیان کرد و دەسەڵاتدارانی حوكمڕانیان بیرخستەوە کە پێویستە لە هەر بڕیارێکی ئیداریدا ئەوەی ناویان ناوە "ئاسایشی نەتەوەیی وڵات" بیخەنەڕو.
ڕێناس جەوهەرى، چالاکوان و لێکۆڵەری کوردی ئێرانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕى "ئەلموجەلە"، ئەوەی بە " ئازاری ڕۆژانە" وەسفکردوە کە هاوڵاتییانی کورد لەم ناوچانەدا بە هۆی فرە ئاستی دەسەڵاتی حوکمڕانی: فارسی ناوەڕاست/شیعە و ئازەری ناوخۆیی، بەخۆیەوە دەبینن.
جەوهەرى لەو چاوپێكەوتنەدا ئەوەى رونكردۆتەوە كە بە هۆکاری ئاڵۆزیی مێژویی پەیوەست بە نزیکایەتی تائیفییان لەگەڵ فارسەکان و باڵادەستییان لە کەرتەکانی پەروەردە و شارنشینی و ئابوریدا، ئازەرییەکان بە شێوەیەکی نەریتی هەمو لایەنەکانی ژیانی گشتییان لە پارێزگا و قەزا هاوبەشەكاندا کۆنترۆڵ کردوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەى هەمو گۆڕانکارییانەی کە دەوڵەتی ئێران لە ماوەی سەدەی ڕابردودا بە چاوی خۆی بینیویەتى، بەڵام تا ئێستا بۆ كورد هیچ ئەنجامێكیان نەبوە.
ئەو چالاكوان و لێكۆڵەرە ئەوەش دەخاتەڕو كە تەنانەت بەشێک لەو چاکسازییە ئیداریی و ئازادییە ڕێژەییانەی کە کۆمەڵگەی کورد لە ماوەی دو خولی سەرۆک کۆماری چاکسازیخواز محەمەد خاتەمی (1997-2005)دا سودی لێوەرگرتبو، لەلایەن سەرکردە ناوخۆییەکانی ئازەربایجانەوە هەڵمژراون. ئەوان کۆنترۆڵی کەرتە ئابورییەکان دەکەن، و سودمەندن لە پەیوەندییە ناوازە تایبەتەکان لەگەڵ تورکیا، کە دراوسێی سنورییە لە هەمو ئەو ناوچانەدا؛ هاوكات، ساڵانێکە، دو زمانى ئاخاوتنیان گرتۆتەبەر.
لەلایەكى ترەوە، سیستم لە ناوچە هاوبەشەکان، فارسی/ئازەری، لە ئیدارە گشتیەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان، هەروەها لە دامەزراوە ئایینی، خێرخوازی، ئەمنیەتی، و میدیایی سیستمێكى تەواو كاریگەرە، ئەمەش بە ڕونی و هەمیشەیی گەلی کورد و کەلتورەکەیان و بەرژەوەندییەکانی پێکهاتەکانیان پەراوێز دەخات و ئەوان وەک گروپێکی گەورەی جوتیاران پۆلێنیان دەکەن و بەردەوام تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە هەوڵی دابەشکردنی دەوڵەتی ئێران دەدەن و زۆرجار لە داخوازییە سەرەکییەکانیان لە دەوڵەتی ناوەندی دوریان دەخاتەوە.
حیساباتی وردى دەسەڵات
دەسەڵاتدارانی حوكمڕانى ئێران سیاسەتى "تواناى لەخۆگرتن"بەرامبەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکان کە لە سەرانسەری جوگرافیای ئێراندا بڵاوبونەتەوە "تورکمان و بەلوچی لە ڕۆژهەڵات و عەرەب، کورد و ئازەری لە ڕۆژئاوا" پەیڕەو دەکەن و بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان و ململانێکان بۆ نفوز و سەرچاوەکانی نێوان ئەم گروپانە لەم ناوچانەدا دەقۆزنەوە، بۆ ئەوەی دواجار ببنە تاکە قەوارەی توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕکابەرییانە و ڕێگریکردن لە خۆیان لە تەقینەوە.
ئازەرییەکان نزیکەی چارەکێکی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن و ئامارە نافەرمییەکان بە نزیکەی 20 ملیۆن کەس مەزەندەیان دەکەن. ئەوان زۆرینەی ڕەها لە ناوچەکانی باکور پێکدەهێنن، لەوانەش ڕوبەری جوگرافیای دەوروبەری تارانی پایتەخت و کەنارەکانی دەریای خەزەر و سنورەکانی تورکیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان. زۆرینەی ڕەهایان پابەندن بە دوانزە ئیمامى شیعە، جگە لەوەش کورد لە ڕوی دیمۆگرافییەوە بچوکترە لە ئازەرییەکان و لە نێوان 8 بۆ 13 لە سەدی دانیشتوان پێکدەهێنن و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٨ ملیۆن کەسە، بەڵام له ناوچەی جوگرافیای زۆر فراوانتردا بڵاوبونەتەوه، بۆنمونە؛ له سێ پارێزگای گەورەی وەك؛ ڕۆژئاوای ئیلام، کرماشان و کوردستان به رێژەیەكى زۆر زیاتر له پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و خوراسان، بڵاوبونەتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 1979ەوە وەک توخمێکی سەرەکی لە ئیدارەی وڵاتدا؛ پشتیان بە ئازەرییەکان بەستوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە ئایینییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ فارسەکان، و گرنگیی ئەو ناوچە شارییە گەورانەى کە تێیدا نیشتەجێن و ئەو پشتیوانییە ڕونەی کە لەو ساڵەدا بۆ "شۆڕش" نیشانیاندا.
بنکە کۆمەڵایەتییەکان و نوخبە سیاسییەکانی ئازەرییەکان دژایەتی سیاسەتە ناسیۆنالیستی و فارسییەکانی شا بون، بەتایبەتی لە بواری میدیا، پەروەردە و سەربازیدا، بەڵام دەسەڵاتی نوێ و مەیلی تائیفییان وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی کاریگەری لەناو دەوڵەتدا سەیر دەکرد، لە بەرانبەردا ئەو حکومەتەی کە لە شۆڕشی 1979 سەریهەڵدا، بە نەرێنییەكى ناوازە مامەڵەی لەگەڵ کورددا دەکرد. ئەو داواکاریانەی کە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوازیاری ئۆتۆنۆمی و دانپێدانانی شوناسی نەتەوەیی کورد بو، ڕەتکرایەوە. پاشان لە ساڵی 1980ەوە شەڕێکی ماڵوێرانکەریان لە سەر ناوچە کوردنشینەکان هەڵگیرساند، لەو ماوەیەدا ڕێکخراوە سیاسییەکانی حزبە کوردییەکانیان لە ڕیشەی خۆیان هەڵوەشاندەوە و سەرکردەکانیان لە دەرەوەی وڵات گۆشەگیر کردو ناوچە کوردنشینەکانیش وەک کەمترین ناوچەی گەشەسەندنی وڵات مانەوە.
پارێزگای کوردستان لە پلەکانی خوارەوەی پێوەرەکانی گەشەپێدانی نیشتمانیدایە، لە کاتێکدا ناوچە کوردنشینەکان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەدا بەربڵاوترین سەرکوتکردنی ئەمنی بەخۆیەوە دەبینن و زیندانیانی سیاسی کورد زۆرترین ڕێژەی هەمو نەتەوەکان پێکدەهێنن.
گۆڕانكارییەكانى ئەم دواییە
لەم ساڵانەی دواییدا شتەکان تا ڕادەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتوە. سەرکردەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت بە ماڵپەڕى "ئەلموجەلە"ى ڕاگەیاندوە؛ هەمو بانگەشەکانی پشتبەستن بە "تەنها بە شیعەگەرایی"، ڕەگێکی ڕونی فارسی ناسیۆنالیستی هەیە. ئەم ناوەڕۆکە لە ساڵانی ڕابردودا دەستیکردوە بە هەستکردن بە هەڕەشەیەکی ڕون لە لایەن ناسیۆنالیستە ئازەرییەکانەوە.
ئازەربایجانییەکان بە تایبەت نەوە نوێیەکان ئەوانەى لە سەردەمی ڕژێمی ئێستادا لەدایكبون، بەهۆی سیاسەتە توندەکانیان دژی کۆمەڵگە، دەستیانکردوە بە پۆلێنکردنی خۆیان وەک هاوڵاتی ناسیۆنالیست/ئازەربایجانی پلەیەك، نەک شیعە.
ئەو سەركردەیەى حزبى دیموكرات ئەوەشى رونكردەوە كە شەڕی ئەم دواییەی ئازەربایجان و ئەرمینیا ئاماژەیەکی ڕون بو بۆ پەرەسەندنی هەستی ناسیۆنالیستی لای ئازەربایجانییەکان، ئەوان لە ناوچەکانی خۆیان خۆپیشاندانیان کرد بۆ پشتیوانی لە ئازەربایجان، دروشمی ناسیۆنالیستی ئازەربایجانی/تورکی يان دەوتەوە. لە میانی یارییەکی تۆپی پێدا کە لەوکاتەدا بەڕێوەچو، دروشمی ناسیۆنالیستییان بەرزکردەوەو دەیانوت دوژمنەکانمان فارس و ئەرمەنى و كوردن، لەبەرئەوە بەهۆی ئەم گوشارانەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران خۆیان لە پشتیوانیی سەربازی و لۆجستیکی ڕون بە هاوپەیمانی تەقلیدی خۆیان کە ئەرمینیا بو، بەدور گرت، بەڵام لە قوڵایی دڵیاندا دڵنیابون لەوەی کە ئەم مەیلە ناسیۆنالیستییە ئازەربایجانییە بۆی هەیە بیانخاتە مەترسییەوە. ئەو ڕێبەرە کوردە دەشڵێت: ئەمە بەو مانایە نییە کە دەسەڵاتدارانی ئێران پشتیوانی یان پاڵپشتی لە هەستی کورد یان ئەو هێزە سیاسییانەی کە لە ڕوی نەتەوەییەوە نزیکن لێیانەوە، دەكەن، نەخێر ئەو کارە ناکەن، تا ئەوکاتەی حزبە کوردییە ڕێکخراوەکان هەبن کە ئەوانیش داواکاری و یادەوەرییەک و چوارچێوەیەکی سیاسییان هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك كورد چاوەڕێى دابەزینی ئەو پشتیوانییە دەکەین کە لە سەر حیسابی کورد لە ناوچە هاوبەشەکاندا بۆ ئازەرییەکانیان پێشکەشکردوە، كە تێیدا کۆمەڵێک سیاسەتی چاو کوێرکردن لەسەر بنەمایەکی ناوازە بە ئازەرییەکان درابون، و مۆڵەتی هەندێک لە سەرکردە ناوخۆییەکانی کورد کە پەیوەست بون بەو ڕژێمەوە؛ بەهۆى ئەوەوە پارێزراوبون بۆ سەرکەوتن بەسەر پلیکانەی ئیداریی و ژیانی ئابوریی لە ناوچە هاوبەشەکاندا، تاوەكو کورد ببەستنەوە بە دەسەڵاتی ناوەندییەوە.
ئامادەبونی تورکیا لە ململانێكاندا
بەڵام چاودێران ڕەهەندی تر دەبینن سەبارەت بەوەى ساڵانێکە لەم ڕوەوە ڕودەدات، ئەو رەهەندانەى پەیوەندییان بە کاریگەریی هاوبەشی هەردو ئێران و تورکیا لەسەر کایەی ناوخۆیی یەکترەوە هەیە. ساڵانێکە تورکیا ئێران تۆمەتبار دەکات، ئەگەرچی بە شێوەیەکی نافەرمی بێت، بەوەی پاڵپشتی سەربازی و لۆجستیکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات، هاوکات ئێران ئاماژە بە گەشەیەکی ڕونی کاریگەریی سیاسی، کەلتوری و ئابوریی تورکیا لەسەر کۆمەڵگەی ناسیۆنالیستی ئازەری لە ئێران دەکات. بە بڕوای چاودێران، ئەم نفوزەی تورکیا لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە دەستیپێکرد، ئەوەش بە پەرەسەندنی تەلەفزیۆنی مانگی دەستکرد و فراوانبونی تواناکانی پەخشی ڕادیۆیی لە ناوخۆی تورکیاوە بۆ ئێران. هاوكات، ملیۆنان هاوڵاتی ئێرانی/ئازەری دەستیانکردوە بە شوێنکەوتنی میدیای تورکی، بەهۆی زمانی هاوبەشیان و هەڵهاتنیان لە میدیا ناوخۆییە تەقلیدییەكان كە بێبەشن لە هەر بەهایەکی کات بەسەربردن. و پرۆگرامی تەرفیهى. پەخشی هەواڵی تورکی، زنجیرە و بەرنامەی کات بەسەربردن کە لە لایەن دەیان کەناڵی تورکییەوە پێشکەش دەکرێن، بونەتە سەرچاوەی سەرەکی زانیاری بۆ ئازەرییەکانی ئێران و زۆرترین بینەری ئەو كەناڵانە لەلایەن ئەوانەوەیە.
بۆ ئەمەش مەیلی سەدان هەزار گەشتیاری ئێرانی-ئازەربایجانی بۆ گەشتکردن بۆ تورکیا لە وەرزی هاویندا زیاد دەكەن و دەوڵەمەندەکانیش لەنێویاندا موڵکی کەم نرخ لەوێ دەکڕن بۆ بەدەستهێنانی ئیقامەی هەمیشەیی تورکیا.
سەرەڕای هەردو فاکتەرەکە، سەرکەوتنی سیاسی و ئابوری پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی 2002ەوە و بەرزبونەوەی تۆنی ناسیۆنالیستی لەناو ئەو حزبەدا، کە سەرکردەکانی داوای دروشمی "نیشتمانی شین" دەکەن، کە ئەویش ئاماژەیەکە بۆ ڕەهەندی ناسیۆنالیستی/ئاسیایی سیاسەتەکانی توركیا، دڵسۆزییەکی ڕێژەیی لە نێو ئازەربایجانییەکانی ئێراندا بەدەستهێناوە، بە تایبەت دوای شەڕی ئازەربایجان دژی ئەرمینیا.
چاودێران ئاماژە بە هیچ هەوڵێکی تورکیا ناکەن بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی ناسیۆنالیستی ئازەربایجان لە ناوخۆی ئێراندا. ئەوان ئاماژە بەوەدەکەن کە پشتیوانی تورکیا بۆ ئازەربایجانییەکانی ئێران تەنها لە ئاستی میدیا و لایەنى کەلتوری و زمانەوانیى دا سنوردارە، بێڤومان ئەوەش لە ڕێگەی کونسوڵخانەکانی تورکیا لە ئێران، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئاستی نفوزی ئەنقەرە بەسەر ئازەربایجانییە ئێرانییەکان و توانای کۆکردنەوەیان لە کاتی پێویستدا؛ وەک ئەوەی لە کاتی شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیای ئەم دواییە یان لە کاتی هەندێک لە شەپۆلەکانی ناڕەزایەتییەکان کە لە ئێراندا شاهیدی کراون، ئاماژەیە بۆ ئامادەبونی بەربڵاوی تورکیا لە ناو بازنەکانی ئازەربایجانی ئێراندا. ئەمە بابەتی نیگەرانی گەورەی تارانە، زیاتر لە نیگەرانیی تورکیا لە پاڵپشتی ئێران لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر خاکەکەی، دواجار هەر ئەمە کردەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران و پەسەندکردنی هەندێک سیاسەتی ناوخۆیی دورمەودا سەبارەت بە ئازەربایجانییەکان ڕوندەکاتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی حوكمڕان سەرەڕای نەبونی پشتیوانی بەهێزی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی و نزیکیی نەتەوەیی بۆ فارس، هەمیشە ترسیان لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد و هەژمونی ئەوان بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا هەبوە. كەواتە هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە كە ئەم دەسەڵاتدارانە خۆیان لە گرتنەبەری ئەو سیاسەتانە دەپارێزن، کە ئامانج لێی زیادکردنی نفوزی کوردە لە بەرامبەر ناسیۆنالیستە ئازەربایجانییەکان.
-
ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن
|
-
عێراق..لەمەودوا هەر هەڵسوكەوتێكى تائیفی سزاى 3 ساڵ زیندانییە
|
-
پەكەكە وەك نیازپاكییەك دەست بەڕادەستکردنی چەکەکانی دەکات
|
-
عێراق دابهشكردنی موچهی مانگی حهوت دەستپێدەكات و موچهخۆرانی ههرێمیش 60 رۆژه چاوەڕێی موچەن
|
-
حکومەتی هەرێم موفلیسە پارەی نییە
|
-
ئایا سیاسەتە نوێیەکەی کاتس لەدوای ئێران؛ عێراق دەگرێتەوە؟
|
-
بۆچی میلیشا عێراقییەکان لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا ئامادە نەبون؟
|
-
موسەوى: روفاتى قوربانییەکان بەدانپێدانانی داعش ئاشکرابوە
|
-
دواین زانیاری لەسەر کۆبونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق
|
|
|