2025-08-03 7840 جار خوێنراوەتەوە

هەرێم بەرپرسە لە دابەشنەكردنى موچەى مانگى شەش نەك بەغدا

 

پوختە

پاش ئەوەى لەنێوان هەرێم و بەغدا رێككەوتنێك لەسەر نەوت و موچە ئیمزا كرا و بەپێى رێككەوتنەكە دەبێت هەرێم مانگانە 120 ملیار دینار لە داهاتى ناوخۆو بڕى 230 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بدات بەكۆمپانیاى سۆمۆ بەمەبەستى بازاڕگەریى، لە ئێستادا میدیاكانى نزیك لە پارتى واى پیشان دەدەن گوایە بەغدا لە رێككەوتنەكە كشاوەتەوەو ناچێتە ژێر بارى بەڵێنەكانى و ئەو رێككەوتنەى كە كراوە تەنها بۆ موچەى مانگى پێنچ بوە.

تەیف سامى و میدیاى نزیك لە پارتى چى دەڵێن؟

تەیف سامى لە دوایین لێدوانى دا بۆ میدیا عێراقییەكان ئەوەى ئاشكراكرد كە تاوەكو هەرێم بڕى 230 هەزار بەرمیل نەوت لەرێى سۆمۆوە هەناردە نەكات؛ موچە نانێرم بۆ فەرمانبەرانى هەرێم.

 وەزیرى دارایى عێراق پێشتر لەرێى دروستكردنى چەند لیژنەیەكى هونەرییەوە سەبارەت بە داهاتى ناوخۆو نەوت و تەوتین؛ حكومەتى ماوە بەسەرچوى هەرێمى بەشێوەیەكى ناراستەوخۆ ئاگاداركردەوە كە بۆ لەمەودوا تەنها لەرێى راپۆرتەكانى ئەو لیژنانەوە بڕیار لەسەر موچە دەدرێت و پێویست ناكات جارێكى تر لیژنە بنێرن بۆ بەغدا.

بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە، تاوەكو ئێستا تەنها لیژنەى لێكۆڵینەوە لە بەرهەمهێنانى بڕى نەوت و هێرشە درۆنییەكان هاتۆتە هەرێم و بڕیاروایە هەر ئەمڕۆش سەرجەم لیژنەكان راپۆرتەكەیان بدەن بە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق.

هەر بەگوێرەى زانیارییەكانى ئیرادە، لە ئێستادا بە هۆى كەمیى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت بەراورد بە ماوەى پێش هێرشە درۆنییەكان، بەغدا رازى بوە بە بڕى 100 هەزار بەرمیل نەوت تا لەرێى سۆمۆوە نەوتەكە ساغ بكرێتەوە، كە ئەمەش بە ئاسانى لە تواناى هەرێم دایەو دەتوانێت ئەو بڕە بداتە كۆمپانیاى ناوبراو، چونكە لە ماوەى پێشودا و هەر لە زارى میدیاكانى نزیك لە پارتى وا بڵاوكرایەوە كە هەرێم لە ئێستادا تواناى بەرهەمهێنانى نزیكەى 125 هەزار بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى هەیە، لەبەرئەوە ئەگەر هەرێم بە نیازبێت وەك مانگى پێشو لە سنورى 81 هەزارو 83 هەزار بەرمیل نەوتدا مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات و بڕى 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێداویستى ناوخۆ گلبداتەوە، ئەوا مەحاڵە موچەى مانگى شەش رەوانە بكرێت، تەنانەت ئەگەر وەڵامى لیژنە هونەرییەكانى ئەمڕۆش بۆ ئەنجومەنى وەزیرانى بەغدا هەرچییەك بێت.

بۆچى پارتى واى پیشان دەدات سودانى و بەغدا لە رێككەوتنەكە كشاونەتەوە؟

ماوەیەك میدیاكانى پارتى و سایت و پەیجە سێبەرەكانى ئەو حزبە ئەوە دەدەن بە گوێى موچەخۆرانى هەرێم دا كە سودانى لە رێككەوتنەكە كشاوەتەوەو وتویەتى: ئەو رێككەوتنە تەنها بۆ مانگى پێنچ بوە، باشە ئەگەر شتێكى لەمجۆرە لە ئارادا بێت ئەى كارى لیژنەكان چییە لە ئێستادا كە سەرقاڵى راپۆرتى خۆیانن و بەغدا بە وردى چاوەڕێى وەڵامى راپۆرتەكانیان دەكات؟.

هاوكات پارتى لەرێى راگەیاندنە فەرمى و سێبەرەكانییەوە دەیەوێت بڵێت: مادام هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق نزیكبۆتەوە، لەبەرئەوە سودانى دەیەوێت بە دژایەتى پارتى و حكومەتى هەرێم لەناو شیعەو پارێزگاكانى ناوەڕاست و باشور دەنگێكى زۆر بەو دژایەتیكردنە بۆ خۆى مسۆگەر بكات، چونكە بە راى پارتى ئەوەى لە بەغدا زیاتر دژایەتى پارتى و هەرێم بكات زۆرترین دەنگ بۆ خۆى مسۆگەر دەكات، ئەمەش مەفهومى سەرجەم ئەو ئینشیقاقانەى دەڤەرى سلێمانیمان بیردەخاتەوە كاتێك هەر پارچەیەك لە یەكێتى جیادەبۆوە؛ ئەگەر دژایەتى پارتى بكردایە ئەوا دەنگ و كورسى زیاترى بەدەست دەهێنا وەك سەرەتاى هەڵمەتى بانگەشەى بزوتنەوەى گۆڕان.

كەواتە پارتى لەرێى ئەم بانگە چەواشەكارییانەى میدیاكانییەوە؛ دەیەوێت خۆى بێبەریى بكات لە بەرپرسیارێتى نەهاتنى موچە لە بەغداوەو كۆى گشتى پرسى نەناردنى موچە بخاتە ئەستۆى حكومەتى ناوەند نەك هەرێم.

بۆ ئەم مانگە چۆن موچە رەوانە دەكرێت؟

بەبڕواى چاودێرانى سیاسى ناوخۆى هەرێم، ئەوەى ئێستا رودەدات؛ ئەوەیە كە تۆپ لە گۆڕەپانى هەرێمدایە نەك بەغدا، چونكە هەرێم بە ئاسانى دەتوانێت بڕى 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت و تا ئێستاش یەك قەترە نەوتى نەناردوە، هاوكات بڕى پارەى داهاتى ناوخۆى نانەوتى كە لەسەرى رێككەوتون و دەبێت 120 ملیار دینار بێت. بە وتەى بەرپرسانى دارایى هەرێم؛ لە خەزێنەى حكومەتى ماوە بەسەرچوى هەرێم ئەو بڕە پارەیە ئامادەیە، بەڵام ئیرادە زانیویەتى لەبەر بێ متمانەیى هەرێم بەرانبەر بە بەغدا ئەویش تا ئێستا رەوانەى بەغدا نەكراوە.

ئەوەى دەمێنێتەوە وەك تەنها ئومێدێك بۆ موچەخۆرانى هەرێم، راپۆرتە هونەرییەكانى ئەمڕۆى لیژنەكانە سەبارەت بە بەرهەمهێنانى نەوت و هێرشە درۆنییەكان و داهاتى ناوخۆو تەوتین، دواى ئەو راپۆرتانە؛ وردە وردە هاتن و نەهاتنى موچە بە تەواوەتى یەكلادەبێتەوە، لەبەرئەوە دەبێت پارتى و حكومەتى ماوە بەسەرچوى هەرێم لەم هەفتەیەدا ئەو پابەندییەى لەسەریانە سەبارەت بە رێككەوتنەكە وەك خۆى جێبەجێى بكەن.

 

 

  • لە نێوان چاپکردنی دراو و قەرزی ناوخۆییدا؛ کورتهێنانی دارایی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوا دەخات

  • حكومەتی هەرێم ماوەی مۆڵەتی بێ مووچەی كەم كردەوە

  • عێراق لە قەیرانی قووڵی داراییدایە و بۆ مووچە پێویستی بە قەرزە

  • نرخى لیترێك به‌نزین له‌ وڵاتان و به‌راورد به‌ هه‌رێمى كوردستان

  • بەنزینی بێ کوالێتی و گرانبەها؛ بارمتەگرتنی خەڵک لە پێناوی قازانجی حزبی و بازرگانیدا

  • حكومەتی هەرێم نرخی بەنزینی بە گران جێگیر كرد

  • بازدانی نەوتی عێراق؛ ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ تورکیا و پڕۆژەیەکی مێژوویی لەگەڵ سووریا بە چاودێری ئەمریکا

  • تره‌مپ چاو ده‌بڕێته‌ نه‌وت؛ عێراق و ئه‌مریكا به‌ به‌های تریلیۆنێك دۆلار 18 رێككه‌وتننامه‌ ئیمزا ده‌كه‌ن

  • توركیا و عێراق ڕێككەوتن لەسەر ئەو بۆرییە دەكەن كە بە باشور و باكوری كوردستاندا تێدەپەڕێت

سەرەکی