2025-08-28 627 جار خوێنراوەتەوە

بانکە عێراقییەکان.. یان چاکسازيی یان سزاى قورس

 

پوختە

جگە لە تێکەڵبون لە پڕۆسەی چاکسازیی بە سەرۆکایەتی بانکی ناوەندی و بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی، بانکە عێراقییەکان هیچ بژاردەیەکی تریان نییە و ئەم پرۆسەیە بۆتە پێشمەرجێک بۆ مانەوە لەناو سیستەمی داراییدا.

لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەى رێپێدراویش بۆ چاكسازیى، بانکەکان خۆیان لەبەردەم واقیعێکدا دەبیننەوە کە داڕشتنەوەی دوبارە دەسەپێنێت، جا لەڕێگەی پابەندبونی تەواو بە ستانداردەکان، یان یەکگرتنەوە، یاخود تەسفیەکردنەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانێکی درێژخایەن دەبینرێت؛ کە هەوڵدەدات متمانە بگەڕێنێتەوە و عێراق بە بازاڕە جیهانییەکانەوە ببەستێتەوە.

پلانى چاكسازیى چ دەرفەتێك دەدات بە بانكەكان؟

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "ئەلعالەم ئەلجەدید"ی ڕاگەیاند، پلانی چاکسازی بانکیی؛ نوێنەرایەتی دەرفەتێکی جیددی دەکات بۆ دوبارە داڕشتنەوەی کەرتی دارایی لە عێراق بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییە ڕونەکان، ئەوەش تەنها ڕێکارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ دوبارە بونیادنانەوەی متمانە بە بانکە عێراقییەکان، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

کۆچەر لەدرێژەى لێدوانەكەى دا ئەوەشى خستەڕو كە پرۆسەى چاکسازیی سەرکەوتو نابێت ئەگەر سنوردار بێت بە ڕەهەندی کارگێڕیی، بەڵکو پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی ڕون هەیە کە گەرەنتی سەربەخۆیی بڕیارە داراییەکان بکات، دور لە دەستوەردانی حزبی، هەروەها دابینکردنی ژینگەیەکی یاسایی و یاسایی کە یارمەتی بانکەکان بدات پابەندبن بە ستانداردە پێویستەکانەوە.

هاوكات ناوبراو ڕونیشیکردەوە، هەبونی هاوبەشێکی نێودەوڵەتی متمانەپێکراو بەشدارە لە پەرەپێدانی نەخشەڕێگایەکی ورد و دەرفەتێکیش بۆ عێراق دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دوبارە بتوانێت لەگەڵ سیستەمی دارایی جیهانیدا هەڵبكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەشکردەوە کە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆ داڕشتنەوەی بانکی ڕافیدەین بەشێکە لەم پڕۆژە فراوانەو ئەگەر سەرکەوتو بێت، وەک مۆدێلێک کاردەکات کە دەتوانرێت لە سەرجەم بانکەکانی دیکەدا دوبارە بکرێتەوە.

بانكى ناوەندى گرێبەستى لەگەڵ چ كۆمپانیایەك واژۆ كردوە؟

ساڵی ڕابردو بانکی ناوەندی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای "ئۆلیڤەر وایمان"ی ئەمریکی واژۆکرد، ئەمەش لەپێناوى ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لەسەر کەرتی بانکیی. کۆمپانیاکە لەم دواییانەدا کارەکانی تەواو کرد، سێ هەفتە لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی سەرەتایی پێشکەش کردبو، دواتر ڕاپۆرتێکی کۆتایی پێشکەشکرا کە کۆمەڵێک پێشنیار و ڕێوشوێنی فراوانی لەخۆگرتبو.

ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمەڵێک میکانیزم بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە بانکییەکانی ئێستا دەخاتە ڕو، دیارترینیان ڕێکخستنی مامەڵەکانی دۆلار و بەهێزکردنی سیستەمی چاودێری و پابەندبونە.

ئەم لایەنانە تا ئێستاش لەژێر گفتوگۆدان لە نێوان بانکی ناوەندی و کۆمپانیای ڕاوێژکاریی، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە فۆرمولەیەکی کردەیی کە بتوانرێت لە چوارچێوەی بازاڕی عێراقدا جێبەجێ بکرێت.

لەلایەكى ترەوە، بانکی ناوەندی عێراق لەم دواییانەدا دو کۆبونەوەی فراوانکراوی لەگەڵ نوێنەرانی نزیکەی 70 بانک لە بەغدا و هەولێر ئەنجامدا، بە بەشداریی پسپۆڕانی ئۆلیڤەر وایمان، ئەمەش بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و تەحەددیاتی ئەگەریی. هاوكات،  زۆرینەی بانکەکان خواستی خۆیان دەربڕی بۆ دەستپێکردنی ئەم ڕێگایە، لەکاتێکدا هەندێکیان بەهۆی ئاشنابونیان بە شێوازە کۆنەکانی کارکردنەوە دودڵن.

پلانەکە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لە کەرتی بانکی ئامادەکراوە، کۆمەڵێک مەرج و ڕێوشوێنی دیاریکردوە کە بە پێویستی دەزانێت بۆ چاکسازیی لە سیستەمەکەدا. هاوكات داوا دەکات وردە وردە سەرمایە بۆ 400 ملیار دینار زیاد بکرێت و کاریگەریی خاوەندارێتی خێزان و تاكە كەس کەم بکرێتەوە و سیستەمی دژە سپیکردنەوەی پارە بەهێز بکرێت و داوا لە بانکەکان دەکات گۆڕانکاری دیجیتاڵی بگرنەبەر.

مەرجەكانى ئۆلیڤەر وایمان چ تەحەددایەك بۆ بانکە سزادراوەکان دروستدەکەن؟

لای خۆیەوە مستەفا ئەکرەم حەنتوش پسپۆڕی دارایی و بانکی بە میدیا عێراقییەكانى ڕاگەیاند، ئەم مەرجانە تەحەددایەکی گەورە بۆ بانکە سزادراوەکان دروستدەکەن، بەوپێیەی ئەستەمە پابەندبن بە زیادکردنی سەرمایەی پێویست بە بڕی 400 ملیار دینار (نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار)، ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەنێوان بانکی ناوەندی و ئەو بانکانە بۆ گەیشتن بە فۆرمولەیەکی قبوڵکراو.

حەنتوش ڕونیشیکردەوە، رەنگە بانکی ناوەندی دیالۆگێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای ڕاوێژکاریی بکاتەوە بۆ گەیشتن بە سازان، یان بە درێژکردنەوەی ماوەی زیادکردنی سەرمایە بۆ زیاتر لە سێ ساڵ، یان بە کەمکردنەوەی بڕە پارەی پێویست بۆ ئەوەی نزیکتر بێت لە توانای بانکەکانی عێراق.

پلانە چاكسازییەكە بە چەند قۆناغ جێبەجێ دەكرێت؟

 پلانی چاکسازی بە سێ قۆناغی سەرەکى جێبەجێ دەکرێت و تا ساڵی 2027 درێژدەبێتەوە، ئەم قۆناغانەش بریتین لە:

یەكەم: زیادکردنی وردە وردەی سەرمایەی بانکەکان.

دوەم: دوبارە داڕشتنەوەی دەستەی بەڕێوەبەرێتییەكانیان.

سێهەم: ڕێکخستنەوەی ڕێژەی خاوەندارێتی بۆ ئەوەی پشکی كەسى نزیك و بنەماڵەم و خزمەكان لەسەدا 40 زیاتر نەبێت.

خاڵى سێهەم، پێچەوانەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە کە تەنها لەسەدا 10ی دیاریکردوە، لەبەرئەوە بە وتەی بەرپرسان؛ ئەم نەرمی  نواندنە وەڵامێکە بۆ بارودۆخی ناوازەی عێراق.

جێى ئاماژەیە، ئەم مەرجانە بژاردەی سنوردار دەخاتە بەردەم بانکەکان، لەوانە یەکگرتن یان تەسفیەکردن لە ئەگەری پابەندنەبون. ئەمەش گەورەترین تەحەددای بەردەم بانکە بچوک و سزادراوەکانە كە وایکردوە پێشنیار بکرێت بۆ کردنەوەی گفتوگۆیەکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا ڕاوێژکارییەكەدا، بە ئامانجی هەموارکردنەوەی هەندێک مەرج، جا چ بە درێژکردنەوەی ماوەی زیادکردنی سەرمایە بۆ زیاتر لە سێ ساڵ یان کەمکردنەوەی بڕی سەرمایەی پێویست بێت.

 

  • واژۆ لەسەر ناردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم کرا

  • بانکە عێراقییەکان.. یان چاکسازيی یان سزاى قورس

  • سودانى نوسراوى خه‌رجكردنى موچه‌ ئاراسته‌ى ته‌یف سامى ده‌كات

  • یەکخستنی غەرامەى هەولێرو بەغدا بازاڕى ئۆتۆمبێل ئیفلیج دەكات

  • ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەش دا

  • سبه‌ینێ له‌به‌غداوه‌ بڕیار له‌موچه‌ى هه‌رێم ده‌درێت

  • لەچارەکی یەكەمى ئەمساڵدا هەناردەى عێراق 24 ملیار دۆلار بوه

  • بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم دەگاتە 200 هەزار بەرمیل

  • ڕێباز حه‌ملان: له‌م هه‌فته‌یه‌دا موچه‌ى مانگى شه‌ش دابه‌شده‌كرێت

سەرەکی