2025-08-30
7735 جار خوێنراوەتەوە
عێراق..گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان رێگرتنە لەنفوزى چین
نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابوری، گەڕانەوەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا بۆ عێراق دوای چەندین ساڵ لە کشانەوە، بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت و پێیوایە ئاماژەیە بۆ باشتربونی کەشوهەوای وەبەرهێنان.
لە پۆستێکی دا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کە ئیرادە بەدواداچونى بۆ كردوە، مەرسومی ئاماژەى بەوەداوە كە گەڕانەوەی کۆمپانیای "شیڤرۆن"ی ئەمریکی لە کێڵگەی ناسریە لە پارێزگای زیقار دوای شەپۆلێکی پێشوی کشانەوە دێت لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی بیانییەوە.
مەرسومى لەو پۆستەى دا ئەوەى رونكردۆتەوە كە ئەم کشانەوانە بەهۆی خراپتربونی مەترسییەکانی گەندەڵی و کەميی ئەزمون لە کارگێڕی گشتی و لاوازيی توانای لەخۆگرتنى پارەی هاوکارییەكان كە بەهەدەر دەڕۆیشت لەگەڵ پرسە تائیفیەکان و نەبونی ئیرادەی سیاسی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بو.
ئەو شارەزایەى بوارى ئابورى ئەوەشى خستۆتەڕو، گەندەڵی بەرفراوان، پرۆسەى كڕینى ساختە، سپیکردنەوەی پارە، قاچاخی نەوت و بەرتیلدانی بیرۆکراتی بەربڵاو؛ بونەتە هۆی هەڵاتنی وەبەرهێنان و وڵاتەکەی خستۆتە بەشى پێشەوەى ڕیزبەندی گەندەڵی نێودەوڵەتی، كە ئەمەش ڕێگر بوە لە بنیاتنانی دەوڵەتی کاریگەر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاريی.
لەلایەکی دیکەوەو بەگوێرەى زانیارییەكانى ئیرادە، گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە، دیارترینیان خواستی ئەمریکییە بۆ بەرەنگاربونەوەی کاریگەرییە بەرفراوانەکەی چین لە کەرتی نەوت و غازی عێراق دا، هاوكات، گەرەنتیەکانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە شەفافیەت و سەقامگیریی گرێبەستەکان و ئاسایشى ناوخۆ؛ هاندەرێکی گرنگی دابینکردوە بۆ گەڕانەوەى ئەو كۆمپانیا داهات بەرزانە بۆ عێراق.
بە وتەی مەرسومی، گەڕانەوەی "شیڤرۆن" دوای ئەوە هات کە بەغدا بە سێ مەرجی کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕازی بو، لەوانە: "یەکدەنگيی"، کە گەرەنتی تەواوبونی ئاسانکارییەکانی پەیوەست بە پڕۆژەکە دەکات؛ "ئاسایش"، کە سەلامەتی کارمەند و پراکتیزەکردنی بازرگانی و یاسایی تەندروست لەخۆدەگرێت؛ و "ئاسانکاری ڕێكکارەکان"، کە دڵنیایی دەدات لەوەی گرێبەستەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە بەبێ گوێدانە هەر گۆڕانکارییەکی حکومەت لە داهاتودا.
جێى ئاماژەیە، لە گرێبەستە نوێیەکەدا هاتوە؛ دوای دەستپێکردنی بەرهەمهێنان؛ کۆمپانیاى شیڤرۆن پشکێک لە داهاتی پڕۆژەکە وەردەگرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی مۆدێلێکی نوێیە کە عێراق هەوڵدەدات بیگرێتەبەر بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرە گەورەکان.
-
جەنگی ئێران و زیانی بۆ ئابوری كەنداو؛ قەتەر و عێراق زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە
|
-
ئیسپانیا: گەمارۆدانی گەروی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە شتێکی بێ مانایە
|
-
ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق چەند دەخایەنێت؟
|
-
ئەمریكا هۆشداری دەداتە ئێران؛ چیتر تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا بە خۆڕایی نییە
|
-
بۆچی دوێنێ مووچە بۆ هەرێم نەنێردرا؟
|
-
جەنگ نرخی زێڕی بەرزكردەوە و نەوتی دابەزاند
|
-
چارەنووسی مووچەی هەرێم لەنێو ناڕوونی مووچەی بەغداد دا؟
|
-
هەڕەشەی ترەمپ لە دوورگەی خارگ؛ نرخی نەوت دەگەیەنێتە 200 دۆلار؟
|
-
لیستی مووچەی مانگی سێ تا سێشەممە دەنێردرێت بۆ بەغداد
|
|
|
|