2025-08-05
6343 جار خوێنراوەتەوە
بەرهەمى تەماتە زۆرەو بەهۆى نەخۆشییەوە مریشك گران دەبێت
پاش ئەوەى هەمو ساڵێك لە وەرزى بەرهەمهێنانى تەماتەدا سنورەكان دادەخران و دواتر لەرێى قاچاغەوە تەماتە هاوردە دەكراو جوتیارانیش وەك ناڕەزایەتى دەربڕین؛ بەرهەمى تەماتەى خۆیان فڕێدەدا و رێگاو شەقامە سەرەكییەكانیان دادەخست، بۆ ئەمساڵ كاردانەوەكان بەوجۆرە نییەو چارەسەر بۆ ئەو حاڵەتە نەخوازراوانە دۆزراوەتەوە.
بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە، لە ئێستادا كارگەى دۆشاوى شارەزور دەستیكردوە بە وەرگرتنى بەرهەمى تەماتەى جوتیارانى ناوخۆ، چونكە سەرەڕاى ئەوەى نرخەكەى هەرزانەو ملیۆنەها تەن بەرهەمهاتوە، بەڵام كوالیتى تەماتەى كوردى بە هۆى تام و مزرییەكەیەوە بۆ دۆشاو لەبارە، ئەگەرچى بەهۆى كەمیى نرخەكەیەوە جوتیار تا رادەیەك زەرەر دەكات؛ بەڵام ساغكردنەوەى بەرهەمەكانیان جێگەى رەزامەندیى زۆرێك لە جوتیارەكانە.
هاوكات، بەگوێرەى زانیارییەكانى ئیرادە كە لە عەلوەى سلێمانییەوە پێى گەیشتوە، لە ئێستادا نرخى تەماتە لە عەلوەدا بە بەپێى باشى و خراپى جۆرى تەماتەكە لە 150 دینار بۆ 350 دینارە، ئەوەش بەهۆى بڕى ئەو تەماتە زۆرەى لە قەزاكانى شارەزورو پێنجوێن بەرهەمهاتوەو جوتیارەكانیش بەپەلە دەیانەوێت بەرهەمەكانیان لە بازاڕدا بەنرخێكى كەمیش بێت ساغى بكەنەوە.
ئیرادە زانیویەتى، لە ئێستادا بێجگە لە كارگەى دۆشاوى شارەزور كارگەیەكى تریش لە هەوڵى وەرگرتنى بڕێكى زۆرى تەماتەى جوتیارانى ناوخۆدایەو سەرەڕاى ئەوەش بەرهەمى ئەمساڵ رەوانەى پارێزگاكانى خواروى عێراق و وڵاتانى دراوسێ دەكرێت.
سەبارەت بە نرخى مریشك لە بازاڕەكانى هەرێم و بەگوێرەى بەدواداچونەكانى ئیرادە، بەهۆى بەرزبونەوەى پلەى گەرماو بڵاوبونەوەى نەخۆشییەوە، لە ئێستادا لە بازاڕەكانى هەرێم نرخى مریشك گەیشتۆتە 3600 دینار بۆ 3750 دینار، كە ئەمەش وایكردوە بەهۆى بێ بازاڕيى و نەبونى موچەوە، بەرهەمى مریشك بە ئاسانى ساغ نەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا نرخەكەى هەر بە گرانیى ماوەتەوە.
بەپێى لێدوانێكى زانا عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بؤ كەناڵەكانى راگەیاندنى ناوخۆ، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی مریشك دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبونەوەی چەند جۆرێك نەخۆشی لەناو كێڵگە پەلەوەرییەكاندا، چونكە بە درێژایى ساڵ سێ جۆر نەخۆشى باو لەنێو كێڵگە پەلەوەرییەكاندا بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئەمجارە هۆكاری سەرەكی گەرمایە.
ئیرادە ئەوەشى زانیوە، كە یەكێكى تر لە هۆكارەكانى بەرزبونەوەى نرخى مریشك دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى لە ئێستادا پرۆژە ناوخۆییەكانى بەرهەمهێنانى هێلكە تواناى كاركردنیان نەماوەو بەرهەمیان لە رادەبەدەر كەمبۆتەوەو نرخى جوجكى تەمەن یەك رۆژیش لە هەڵهێنەرەكاندا گەیشتۆتە نزیكەى 75 سەنت.
جێى ئاماژەیە، سەرەڕاى گرانیى نرخى مریشك، بەڵام رێژەى بەرهەمهێنانى زیادەى ئەو خواردنە سەرەكییەى هەرێم لە كێڵگە پەلەوەرییەكاندا گەیشتۆتە نزیكەى 120 هەزار تۆن دواى پڕكردنەوەى پێداویستى ناوخۆ، لەبەرئەوە لە ئێستادا رێژەى نزیكەى 46%ى بەرهەمى زیادەى مریشك رەوانەى دەرەوەى هەرێم دەكرێت.
-
ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە نرخی نەوت چی بەسەردێت؟
|
-
وەزارەتی دارایی: پێدانی موچە بە نەختینە (کاش) لە 20ی ئەم مانگەوە کۆتایی دێت
|
-
دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی پێناسی گومرگییەوە رەتکردەوە
|
-
تەیف سامی: داوای ناردنی لیستی مووچەی هەرێم دەکات
|
-
وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی یەک ڕەوانەی بەغدا دەکات
|
-
ترامپ گومرگی 25%ی بەسەر وڵاتانی بازرگانیکەر لەگەڵ ئێراندا سەپاند
|
-
سۆمۆ: لە مانگی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە 193.5 هەزار بەرمیل بووە
|
-
راوێژکاری دارایی سودانی: گرژییەکانی ڤەنزوێلا نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
|
-
نرخی زێڕ دابەزینی تۆمارکرد
|
|
|
|