6   کاتژمێر پێش ئێستا 8396 جار خوێنراوەتەوە

دانپێدانانە مەترسیدارەكانى حەجاج بە دۆكیومێنت دەكرێن

 

رۆژنامەى "ئەلسەباح"ى زمانحاڵى حكومەتى عێراق، لە ژمارەى ئەمڕۆیدا و لە لاپەڕەى یەكەم و بۆكسى دەستەڕاست بابەتێكى لەسەر "حەجاج" تاوانبارو بەرپرسى زیندانى "نوگرە سەلمان" بڵاوكردۆتەوەو ئاماژە بەوەدەدات؛ كە سەرجەم دانپێدانانەكانى ئەو تاوانبارە بە دۆكیومێنت دەكرێن و وەك ئەرشیف دەپارێزرێن.

رۆژنامەكە لەنێو بابەتە بڵاوكراوەكەى دا چیرۆكى ژنێك دەگێڕێتەوە بە ناوى "فەزیڵە حسێن" كە یەكەمین كەس بوە داواى یاسایى لەسەر "حەجاج" تۆماركردوەو بەهۆى داواكەى ناوبراوەو ئەو تاوانبارە مەترسیدارە دەستگیركراوەو لەلێدوانێكى تایبەت دا بۆ "ئەلسەباح" چیرۆكى خۆى بەمجۆرە دەگێڕێتەوە:

كاتێك دایكم و باوكم و برا شیرەخۆرەكەم لە زیندانى "نوگرە سەلمان" لەدەستدا، منداڵێكى بچوكبوم، لەخواردنى پاشماوەى خۆڵەكانمان دەخواردو بە دەستى خۆمان لەپشت شوراكانەوە منداڵەكانمان دەناشت و رۆژانە روبەڕوى دەستدرێژى و سوكایەتى دەبوینەوە.

فەزیڵە، بەو گێڕانەوەیە دەردەدڵى خۆى بۆ رۆژنامەكە دەكات، كاتێك لەگەڵ هەزاران هاوڵاتى دەستگیركراوى كورد دا لە هەشتاكانى سەدەى رابردودا لەنێو زیندانى "نوگرە سەلمان" دەردەسەرییەكانى ژیانى تێدەپەڕاند، پێش ئەوەى لەساڵى 1990دا بەر لێبوردنى گشتى بكەوێت.

فەزیڵە یەكەمین كەسبو كە داواى یاسایى لە دژى ئەفسەرى پێشوى دەزگا ئەمنییەكانى عێراق "عەجاج ئەحمەد حەردان ئەلعوبێدى" ناسراو لاى كوردەكان بە "حەجاج" تۆماركرد.

فەزیڵە لەو لێدوانەى دا بۆ "ئەلسەباح" ئاماژە بەوە دەدات كە دادپەروەریى مافێكى رەهاى قوربانییەكانەو پێویستە رۆڵى رزگاربوەكان لە پرۆسەى دادگایى كردنەكەدا پشتگوێ نەخرێت و دەشڵێت: هەرگیز ناتوانم ئەو تاوانبارانەى رۆڵیان لە ئازادارن و ئەشكەنجەدان و برسیكردنى ئەو خەڵكە بێتاوانەدا هەبوە، لەبیربەرمەوە، كە بەداخەوە لە ئێستادا هەندێكیان چارەنوسیان نادیارە یان هەڵاتون بۆ دەرەوەى وڵات.

هاوكات، بەهۆى شاهێدى دانى فەزیڵەوە، دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراقى لە مانگى ئایارى رابردودا، هەواڵى دەستگیركردنى تاوانبار "حەجاج"ى راگەیاند، كە بۆ ماوەى 37 ساڵ توانیبوى لەبەرچاو ونبێت و خۆى بشارێتەوە، سەرەڕاى ئەوەى خێزانەكەى لە ساڵانى رابردودا هەواڵى مردنى ناوبراویان بڵاوكردبۆوە، بۆئەوەى دەزگا ئەمنییەكان بەلاڕێدا ببەن و چیتر بەدوایدا نەگەڕێن.

لەلایەكى ترەوەو لە لێدوانێكى تایبەتى "عەبدولكەریم عەبد فازڵ" ناسراو بە "ئەبو عەلى ئەلبەسرى" سەرۆكى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق بۆ هەمان رۆژنامەى ناوبراو، جەختى لەوەكردۆتەوە هەڵمەتى دەستگیركردنى "حەجاج" دواى لێكۆڵینەوەیەكى بەرفراوانى دەزگاكەو دانپێدانانى ژمارەیەك لە گەورە ئەفسەرانى پێشوى رژێمى بەعسەوە سەرچاوەى گرتوە، كە پێداگرییان لەوە كردۆتەوە "حەجاج" دەستێكى درێژى رژێمى بەعس بوە لە جێبەجێكردنى راگواستنى زۆرەملێ و دەستگیركردن و لەناوبردنى بەكۆمەڵى خەڵكى بێتاواندا.

جێى ئاماژەیە لەپاش دەستگیركردنى ئەو تاوانبارە، ناوبراو بە هیچ جۆرێك نكوڵى نەكردوە لە دانپێدانانەكان و ئاماژەى بەوەداوە كە سەرۆكایەتى پەیڕەوى برسیكردن و دەستدرێژیى سێكسى رۆژانەو ئەشكەنجەدانى دەستگیركراوەكانى كردوەو وەك ئامرازێك بۆ كوشتنى بەكۆمەڵ ئەو كارانەى كردوە.

دواجار، حەجاج، لە درێژەى دانپێدانەكانى دا دەڵێت: كاتێك لە ساڵى 1989 ئیدارەى زیندانەكەم وەرگرت، بەتاڵم كردەوە لە چوار هەزار دەستگیركراوى عەرەب و لە شوێنى ئەوان سێ هەزار دەستگیركراوى كوردم لە سلێمانى و هەولێرەوە هێنا و پرۆسەى برسیكردنمان وەك چەكێكى جەنگ بەكارهێنا كە هیچى كەمتر نەبو لەكوشتارى بۆردومانى سەربازیى، چونكە تەنها لەماوەى 10 مانگ دا یەك لەسەر سێى دەستگیركراوەكان مردن.

 

  • كوردو سوننەو شیعە لەنەینەوا پێكهاتەیەكى تێكەڵ دروستدەكەن

  • دانپێدانانە مەترسیدارەكانى حەجاج بە دۆكیومێنت دەكرێن

  • قەیرانە ناوخۆییەکان پرسى هەڵبژاردن لە هەرێم سارد دەكەنەوە

  • ئه‌وه‌ى خواپێداوو خێزانه‌كانیان پێوه‌ى ده‌نازین دادگا له‌گۆڕى نا

  • ڕێكه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان.. مه‌رگه‌ساتى ژیانى كۆچبه‌ران

  • فەرمانبەران و مامۆستایانى ناڕازیى چالاكییەكى نوێ ئەنجامدەدەن

  • موچەخۆران و لایەنەكانى دەرەوەى دەسەڵات خۆپیشاندان دەكەن

  • کشانەوەی ئەمریکا بۆ هەولێر.. پێشێلکردن یان ڕێککەوتن؟

  • هەولێرو بەغدا.. كێشەكان بەرەو چارەسەرى بنەڕەتى دەچن

سەرەکی