5   کاتژمێر پێش ئێستا 6299 جار خوێنراوەتەوە

كوردو سوننەو شیعە لەنەینەوا پێكهاتەیەكى تێكەڵ دروستدەكەن

 

پوختە

پارێزگای نەینەوا خۆی بۆ شەڕێکی نوێى هەڵبژاردن ئامادە دەکات کە بە چڕترین شەڕی هەڵبژاردن لە دوای بەغدا وەسف دەکرێت و هێزە سیاسییەکان لە پێکهاتە جیاوازەکانەوە تێكەڵ بە یەكدى دەبن و یەکتر دەبڕن، كە ئەمەش ڕەنگدانەوەی گرنگیی ستراتیژیی پارێزگاکە و قورسایی هەڵبژاردنە تێیدا.

لەنێوان هاتنە ناوەوەی هێزی نوێ بۆ گۆڕەپانەکە، و هەوڵە خێراکانی لایەنە تەقلیدی و تازەپێگەیشتوەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە پێشبڕكێ و كێبڕكێى داهاتودا بسەلمێنن، پارێزگاكە لە ئێستادا پێكهاتەیەكى نوێ بە خۆیەوە دەبینێت كە ئەویش تێكەڵەیەكە لە كوردو سوننەو شیعە، كە ئەو پێشهاتەش بەپێى بیروڕاى چاودێرانى سیاسیى؛ بۆ یەكەمینجارە حاڵەتى لەو شێوەیە لەنێو ئەو پارێزگا گەورەیەى عێراق دا بەدیبكرێت.

نەینەوا چ پلەیەكى هەیە لە روى چڕیى كێبڕكێى هەڵبژاردنەوە؟

عەبدوڵڵا ئەلحەدیدی توێژەری کاروباری سیاسی، لە لێدوانێكى دا بۆ میدیا عێراقییەكان ئاشكرایكرد، نەینەوا لەدوای بەغداوە پلەی دوەمی دەبێت لەڕوی چڕی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە، چونكە هەمو لایەنەکان بەشێوەیەکی چالاک ئامادەکاریی دەکەن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەى هەڵبژاردن دا.

ئەلحەدیدى لەو لێدوانەى دا ئەوەشى خستەڕو كە پارێزگاکە "کراوەیە بۆ هەمو لایەك"، ئەمەش وایکردوە ببێتە گۆڕەپانی کۆبونەوەی چەندین هێز و هاوپەیمانی، دیارترینیان لایەنە نوێیەکانی سوننە، لەگەڵ لیستی سەرۆکوەزیران، کە بە پاڵپشتی هاوپەیمانی هۆزەکان لە ناوچەکانی باشوری موسڵ و ڕۆژئاوای دیجلەوە دەچێتە ژورەوەو تا ناوەوەى سێنتەرى پارێزگاكە درێژدەبێتەوە.

چوارچێوەى هەماهەنگیى و پارتى لە نەینەوا چۆن ئامادەكاریى دەكەن؟

ئەلحەدیدی لە درێژەى قسەكانى دا وتى: هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دەشتەکانی نەینەوا و ڕۆژئاوای پارێزگاکە بە تایبەتی لە تەلەعفەر و شەنگال ئامادەکاریی دەکەن بۆ چونە ناو کێبڕکێکە، هاوکات، پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای شکستی ئەم دواییەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هەوڵدەدات نفوزی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمجارە هێزە کەمینەکان چالاکتر دەچنە ناوەوە و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرکردە نوێیەکانی سوننە کێبڕکێ دەکەن لەگەڵ ئەو کەسایەتییە تەقلیدییانەی کە پێشتر زاڵ بون بەسەر گۆڕەپانەکەدا.

پارێزگاكە چۆن تێكەڵەیەك لە كوردو سوننەو شیعە پێكدەهێنێت؟

چاودێرانى سياسى پێیانوایە؛ پارێزگاى نەینەوا ئامادەیە ببێتە گۆڕەپانێکی هەڵبژاردن کە بە گەرمی ململانێی لەسەرە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قورسایی سیاسی و لایەنە کۆمەڵایەتییەکەیەتى، كە خودى پارێزگاکە تێکەڵەیەکی هەمەچەشن لە پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت و هەستیاريی مێژویی لە نێوان هێزە سوننە و کورد و شیعەکان و هەروەها کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانیشدا لەخۆدەگرێت، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى چەندین هاوپەیمانێتى ژێربەژێر لە پارێزگاكەدا دروستبون كە هەر سێ پێكهاتەى كوردو شیعەو سوننە لە خۆدەگرێت و لەگەڵ یەكدى جۆرێك لە هەماهەنگییان پێكهێناوە.

 ئەم فرەچەشنییە لە هاوپەیمانێتییەكاندا بەهایەكى بەرزو گران بە پرۆسەكە دەبەخشێت و دەتوانێت پارێزگاكە بکاتە گۆڕەپانی ململانێیەكى توند و هاوسەنگی هێزیش لە هەرێمى كوردستان دابڕێژێتەوە، هاوكات ئەگەری هەیە شێوەی هاوپەیمانێتییەكان لەسەر ئاستی نیشتمانی دوای هەڵبژاردنەکان دیاری بکات.       

 

 

  • كوردو سوننەو شیعە لەنەینەوا پێكهاتەیەكى تێكەڵ دروستدەكەن

  • دانپێدانانە مەترسیدارەكانى حەجاج بە دۆكیومێنت دەكرێن

  • قەیرانە ناوخۆییەکان پرسى هەڵبژاردن لە هەرێم سارد دەكەنەوە

  • ئه‌وه‌ى خواپێداوو خێزانه‌كانیان پێوه‌ى ده‌نازین دادگا له‌گۆڕى نا

  • ڕێكه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان.. مه‌رگه‌ساتى ژیانى كۆچبه‌ران

  • فەرمانبەران و مامۆستایانى ناڕازیى چالاكییەكى نوێ ئەنجامدەدەن

  • موچەخۆران و لایەنەكانى دەرەوەى دەسەڵات خۆپیشاندان دەكەن

  • کشانەوەی ئەمریکا بۆ هەولێر.. پێشێلکردن یان ڕێککەوتن؟

  • هەولێرو بەغدا.. كێشەكان بەرەو چارەسەرى بنەڕەتى دەچن

سەرەکی