5 کاتژمێر پێش ئێستا
7599 جار خوێنراوەتەوە
بازاڕەكانى كوردستان پشت بە پارەى گەشتیارى عەرەب دەبەستن
پوختە
بەپێى راپۆرتێكى میدیا عێراقییەكان، نزیكەى 70%ى بازاڕەكانى هەرێم پشت بە پارەى گەشتیارانى عەرەب دەبەستن كە سەردانى هاوینەهەوارەكانى هەرێم دەكەن، ئەمەش بەهۆى ئەو قەیرانە سەختەوەیە كە دەسەڵاتدارانى هەرێم بۆ خەڵكى كوردستانیان دروستكردوەو موچەكراوە بە وەرزى و باج و گومرك خراوەتە سەر هەمو شمەك و كاڵاو سێكتەرەكان.
هاوكات، لە هەرێمی کوردستان پێشبینی قەیرانێکی نوێی لە سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتودا دەكرێت، چونكە سەرەڕاى قەیرانی بەردەوامی موچە، ئیدى وردە وردە چالاكى گەشتیاریى خەڵكى ناوەڕاست و باشورى عێراق بۆ ناوچە گەشتیارییەكانى كوردستان رو لە دابەزین دەكات، كە ئەمەش مەترسیی لەسەر بازاڕەکانی هەرێم دروستدەکات و دەیگەیەنێت بە ئیفلیجبونی نزیک بە تەواوەتی.
دەستپێكردنەوەى خوێندن لە عێراق چ كاریگەرییەكى لەسەر ئابورى هەرێم دەبێت؟
عوسمان کەریم شارەزای بوارى ئابوری لە لێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا ڕونیکردەوە، دەستپێکردنەوەی خوێندن لە قوتابخانەو پەیمانگەو زانکۆکانی عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ژمارەی ئەو گروپە گەشتیارییانەی سەردانی شارەکانی کوردستان دەکەن، لە کاتێکدا هەرێم قەیران و بەربەستێکی ڕون لە پرسی موچەدا بەخۆیەوە دەبینێت.
تا چەندە بازاڕە ناوخۆییەكانى هەرێم وابەستەن بە گەشتیارى عەرەبەوە؟
ئەو شارەزایەى بوارى ئابورى ئاماژەی بەوەشکرد، بازاڕە ناوخۆییەکان لەم دواییانەدا بە رێژەى زیاتر لە 70% پشتیان بە سەردانکەران و گەشتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور بەستوە، کە ئەو گەشتیارانە بەشدارییان لە بوژاندنەوەی ناوەندەکانی بازرگانی و هاوینەهەوار و هۆتێلەکاندا کردوە.
بە وتەی کەریم، ئەم پشتبەستنە زۆرە بە گەشتیاری ناوخۆ وایکردوە کە بازاڕەکان ڕاستەوخۆ بەرەو ڕوی هەر گۆڕانکارییەک لە هەڵسوکەوتی گەشتیاران یان هێزی خەرجکردنیان ببنەوە، ئەمەش دۆخی ئێستای بازاڕەكانى هەرێمى هێندەی تر ناسکتر کردوە.
ئەگەر قەیرانى موچە چارەسەر نەكرێت چ كارەساتێك رودەدات؟
لە غیابی چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانی موچە، پێشبینی دەکرێت چالاکییە ئابورییەکان شایەتی دابەزینێکی كارەساتاوى و بەرچاویان هەبێت، بەتایبەتی لە کەرتەکانی چێشتخانە و هۆتێل و مۆڵەکاندا، ئەمەش بەو مانایەیە کە قەیرانەکە بە خێرایی لە ئاستی حکومەتەوە دەگۆڕێت بۆ ئاستی کۆمەڵایەتی و تایبەت، دواجار بە هۆى برسێتى و بێپارەیى و نەمانى داهاتى تاكە كەسەوە، ئەوەى پێشبینى ناكرێت لەسەر دۆخەكە رودەدات و شتێك نامێنێتەوە بە ناوى دانبەخۆداگرتنى خەڵك لە هەمو كایەكانى ژیان دا، هاوكات مەترسیى ئابورى و كۆمەڵایەتى و ئەمنیى و تەنانەت لێكەوتەى ترسناكى ناسەقامگیریى لە هەمو شارەكاندا، لێدەكەوێتەوە.
جێى ئاماژەیە، لەماوەی 12 ساڵى رابردودا موچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایانى هەرێمی کوردستان بەردەوام لە قەیرانی موچەدا ژیان دەگوزەرێنن، كە ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر توانای کڕینی هاوڵاتییانی ناوخۆ دروستکردوەو بازاڕەکانى كوردستانیش بۆ قەرەبوکردنەوە؛ پەنایان بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشورەوە بردوە، بەڵام ئەم فۆرمولە کاتییە بەس نەبوە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی ئابوری؛ بەڵکو ناسکی و لەبەریەكهەڵوەشاوەیى پێکهاتەی ئابوری لە هەرێم ئاشکراکردوە، کە لەسەر بنەمای یەک کەرت دامەزراوە، لەبەرئەوە لە غیابی ستراتیژێكى تۆكمەو پتەوى بارگاوى بە عەقڵانییەت لاى بەرپرسانى هەرێم بۆ چارەسەركردنى سیاسییانەى پرسى موچەو نەوت، هاوكات هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات یان پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەوا كارەساتەكە رەوەو پێشهاتى مەترسیدارى ناپێشبینیكراو ملدەنێت و پێدەچێت لە داهاتودا كۆنترۆڵى جڵەوى دۆخەكە لەدەست هەموان دەربچێت.
-
بازاڕەكانى كوردستان پشت بە پارەى گەشتیارى عەرەب دەبەستن
|
-
بهغدا قاسهى خاڵه سنوریهكانیش خاڵى دهكاتهوه
|
-
عێراق.. داهاتى وڵات لە دەریاى موچەدا دەتوێتەوە
|
-
سودانى وهڵامى تهیف سامى دهداتهوهو باسى موچهخۆرانى ههرێم دهكات
|
-
كۆمپانیا زهبهلاحهكهى ئهمریكا ڕوو لهعێراق دهكات.. سودانى چى وت؟
|
-
حكومهتى عێراق بۆ موچهى مانگى شهش باره قورسهكهى خسته كۆڵى حكومهتى ههرێم
|
-
سەدان ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دەنگ لەبەغدا خەرجدەکرێت
|
-
شارەزایەکی ئابوری ئاستەنگەکانی نەوتی هەرێم ئاشکرادەکات
|
-
ئیرادە داتاى قەرزى عێراق لەشەڕى ئێرانەوە تا ئەمڕۆ دەخاتەڕو
|
|
|