3   کاتژمێر پێش ئێستا 2880 جار خوێنراوەتەوە

ساڵح موسلیم زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى مه‌زڵوم عه‌بدى بۆ دیمه‌شق ئاشكراده‌كات

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەسەرۆکایەتی وه‌فدێكى سەربازیی‌و سیاسیى هەرێمی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەچێتە دیمەشق، سەرکردەیەکی دیارى ڕۆژئاوای کوردستانیش ده‌ڵێت، "لەم سەردانەدا تەنها هەنگاوەکانی تایبەت بەدۆسیەی تێکەڵبوونەوەی سەربازیی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا باسدەکرێت"، چه‌ند زانیارییه‌كیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، فه‌رمانده‌یه‌كى جگه‌ له‌دوو كه‌سایه‌تى سیاسیى دیارى كورد، فه‌رمانده‌یه‌كى دیارى به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك عه‌ره‌ب‌و دوو سه‌رۆك هۆزى گه‌وره‌ى عه‌ره‌ب یاوه‌ریى عه‌بدى ده‌كه‌ن بۆ دیمه‌شق.

25ی ئەم مانگە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی سووریا گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ تێکەڵبونەوەی هێزە سەربازییەکان، ئەویش بەجۆرێک بەرژەوەندیی گشتیی تێیدا ڕەچاو دەکرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) ئاشكرایكرد، "شاندەکە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەرۆکایەتی دەکات‌و دەچێتە دیمەشق، ئەم شاندە دۆسیەی سەربازیی‌و تێکەڵبوونەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا تاووتوێدەکات‌و ئومێد زۆرە کە دەرئەنجامی باشی هەبێت، لەهەنگاوی دواتریشدا پرسی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە مەدەنییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا تاووتوێدەکرێن".

لەبارەی ڕۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش لەدانوستانەکانی ئەمجارە، ساڵح موسلیم وتوویه‌تى، "دانوستانەکانی ئەمجارەش بەچاودێری ئەمریکاو هاوپەیمانان بەڕێوەدەچن".

به‌پێى زانیارییەکان شاندەکە جگە لەمەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هەریەکە لەئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان لەئیدارەی خۆسەرو چەند بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی‌و مەدەنی ئیدارەی خۆسەر تیایدا بەشدارن.

لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییەکان دەکرێت کە لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار هاتوونە تەئاراوە، چاوەڕێشدەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا وردەکارییەکانی تێکەڵبوونەوەی 90 هەزار ئەندامی هەسەدەو هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ هەردوو وەزارەتی بەرگریی‌و ناوخۆ پەسەندبکرێن، بەتایبەتی کە پێشتریش هەردوولا ڕێککەوتبوون هەسەدە بکرێتە سێ فیرقەی سەربازیی سەر بەوەزارەتی بەرگریی سووریا، ئەوانیش لەڕەققە، دێرەزوورو حەسەکە جێگردەبن.

سەرچاوەیەک لەهێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشكرایكردووه‌، بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە مەزڵووم عەبدی ئەم سەردانە ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەوا سەردانەکەی دواخستووەو ئەگەر دۆخی کەشوهەوا گونجاوبێت لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا ئەو سەردانە ئەنجامدەدرێت.

ئه‌وه‌ى زانراوه‌، له‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ دیمه‌شق، ئەبو عومەر ئیدلیبی یه‌كێك له‌فه‌رمانده‌ باڵاكانى هه‌سه‌ده‌و هه‌ریه‌ك له‌شێخ مانح حەمیدی دەهام هادی شێخ‌و سه‌رۆك هۆزى عه‌شیره‌تى گه‌وره‌ى شه‌مه‌ر یاوه‌رى مه‌زڵوم عه‌بدى ده‌بن بۆ دیمه‌شق‌و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع.

  • سوپاى سوریا جمه‌ى دێت له‌عێراقیه‌كان

  • به‌فربارین مه‌رزێكى هه‌رێمى به‌ته‌واوه‌تى داخست

  • ئێران سنوورى عێراقى به‌زاندو له‌ناو خاكى هه‌رێم‌و به‌درێژایى 600 كیلۆمه‌تر دیوارێكى سێ مه‌ترى دروستده‌كات

  • ساڵح موسلیم زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى مه‌زڵوم عه‌بدى بۆ دیمه‌شق ئاشكراده‌كات

  • گه‌نجێكى باكورى كوردستان له‌سلێمانى به‌چه‌قۆ كوژرا

  • هه‌سه‌ده‌ چه‌كى قورس‌و هێزێكى زۆر جوڵه‌ پێده‌كات

  • کات خەریکە تەواو دەبێت و کوردیش هێشتا لە دەرەوەی یارییەکەدایە

  • ڕۆژئاوای کوردستان؛ لەبەردەم وەرچەرخان و ڕێککەوتنێکی مێژووییدا

  • فڕۆكەیەك لەئەنكەرە كەوته‌خوارەوە..سه‌رۆك ئه‌ركانى لیبیاى تێدابووه‌

سەرەکی