بەرەو گەشتی کۆتاییبەرەو گەشتی کۆتای بۆ دواجار ماڵئاوای لێکردین و بەخاک سپێردرا
دوا پەیامی ڕۆژنامەنوسی چوارپارچەی کوردستان ( سەید ئەڤرەن )
بۆ ئەوەی واتا بە هەموو ساتێکی ژیان ببەخشرێت، پێویستی بە تێکۆشانێکی گەورە ھەیە، منیش لە پێناو ئەو واتایەدا تێکۆشانێکی گەورەم بەڕێوەبرد، من کورد بووم و دەبوو گەلەکەم ئازاد بێت، لەو پێناوەشدا تا دوا هەناسەم پێنووس و و کامێراکەم خستە کار و قسەی خۆمم کرد، ئێستا لێی ورد دەبمەوە، چەند نەوە گۆڕدران؟ ئەوەی دەیزانم ئەوەیە، کە ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بووین و گەشەمان کرد…
ئێمە لەو فەلسەفەیەوە هاتووین “تەنانەت لە گۆڕیشدا بین ئەرکی خۆمان بۆ ئازادیی ئەم گەلە جێبەجێ دەکەین” وە کردوومانە بە پێوەری خۆمان، هەر بۆیە ئێمە ھەبووین و دەژین.
باپیرم کاتێک لەگەڵ شێخ سەعید ھەنگاوی نا، ئەم تێکۆشانە دەستی پێکرد، من نەوەى باپیرەمم، ئەو ئاڵایەی وەرمگرت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بە شەکاوەیی ڕامگرت، لە ئامەدەوە ھەتاکوو خەرزان، لە عەفرینەوە تا قامیشلۆ، لە زاپەوە تا سلێمانی، لە ورمێ تا مهاباد، لە هەموو شوێنێک بووم، ئێستا لایەکم باکوورە، لایەکم ڕۆژئاوایە، لایەکم باشوورە و لایەکیشم ڕۆژهەڵاتە، بە تەواوی بووم بە کوردستان، ئیدی ملیۆنان کەس ڕێچکەی من دەگرنەبەر و درێژە بەو نەریتە دەدەن…
زۆر شت هەبوون کە دەبوو ئەنجام بدرێن، بەڵام کات ھەر ئەوەندە ڕێگەی پێدام.
لە خێر و خۆشیدا بن!
سەید ئەڤرەن ناوی ڕاستەقینەی سەید محەمەد ئەڤرەنە، ساڵی ١٩٦٩ لە ناوچەی هێنێی ئامەد لە دایکبووە و لە ناو بنەماڵەیەکی کورد پەروەر و هەڵگری نەریتی شۆڕش گێڕانە و سەرهەڵدانی شێخ سەعیددا لە دایک بووە ..
لاوێتی سەید ئەڤرەن و سەردەمی خوێندنیدا تێکۆشانی ئازادیی ناسی و بە جۆشەوە بەشدار بوو، لە زانکۆی چوکورۆڤا دەیخوێند، یەکێک لە پێشەنگەکانی ڕاگەیاندنی ئازاد و شۆڕشگێڕ غوربەتلی ئەرسۆزی ناسی کە لە هەمان زانکۆ دەیخوێند، لە ڕێگەی ئەو ناسینەوە دەبێتە خوێندکارێکی غوربەتلی ئەرسۆز و ئەزموونی گرنگی لێوە فێردەبێت.
هەڤاڵ سەید لە ساڵی ١٩٩٠ لە هەوارگەی سەرهەڵدان و بەرخودان، لە ئامەدەوە، بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان دەبێت، بەرپرسیارێتی مێژوویی پڕ ئازار و مەینەتی وڵاتەکەی دەخاتە سەرشانی و بوێرانە و بێ سڵەمینەوە، لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە دەست بە خەباتی ڕاگەیاندن دەکات.
لە دژوارترین کاتەکاندا کە لە باکووری کوردستان هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد هەڵکشابوون، گوندەکان دەسووتێنران، ڕۆژنامەنووسان لە سەر شەقامەکان دەکوژران، هەروەها بە هەزاران کەسایەتی پێشەنگ زیندانی دەکران و دەکوژران، هەڤاڵ سەید لەگەڵ هەڤاڵانی خۆی بە بێ دوودڵی کاری دەکرد و ڕاستی بۆ جیهان دەگواستەوە، لەو ڕێگە دژوارەدا چەند جار لەلایەن داگیرکەرانەوە زیندانی دەکرێت.
کاتێک بارەگای ڕۆژنامەی ئۆزگور ئولکە، لە ئیستەنبووڵ و نووسینگەکانی لە ئەنقەرە و ئامەد، لە ٣ـی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ـدا لە شەودا تەقێنرانەوە، هاوڕێ سەیدیش لە ناوەندی گشتی ڕۆژنامەکە، وەک بەرپرسیاری دەستەی نووسین ئەرکداربوو، لەو هێرشەدا لەگەڵ ٢٣ هەڤاڵی برینداربوو.
لەو کاتەدا کە خەڵک دەترسا ڕۆژنامە بخوێنێتەوە، ئەو بە بێ دوودڵی ئەو کارەی بەڕێوە دەبرد، لە پێناو ئەوین و ئەشقی ڕاستی و ئازادیدا زۆر جار ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە.
لە چوارچێوەی ئەرکی ناسین و ناساندنی ڕاستی وڵاتەکەی، دوای ماوەیەک ڕوودەکاتە چیاکانی کوردستان و بە پێنووسەکەی ڕاستی تێکۆشانی ئازادیی دەگێڕێتەوە،
سەید ئەڤرەن لە بابەتە ئەکادیمی، مێژوویی و وێژەییەکانیش بە دەیان نووسین ئامادە دەکات و دەستی باڵای هەبوو لە دەوڵەمەندکردنی ئەرشیفی ڕاگەیاندنی ئازاد، گەشتی خۆی لەو پێناوەدا بە ناوی “گەشتێک بەرەو کەناری ژیان” دەکاتە پەرتووک.
هاوڕێ سەید نەک هەر لە کوردستان و چیاکانی، لە زۆر وڵات کە کورد تیایدا دەژین، ئەرکی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبردووە، لە وڵاتانی پێشووی سۆڤییەت، ئەرمینیا و ڕووسیا لە سەر دۆخی کۆمەڵگای کورد لەو ناوچانە و کەسایەتییە ناودارەکان لێکۆڵینەوەی کرد، بەڵام بەوەش قایل نابێت، لە هەر جوگرافیایەکی کوردستان کە جموجۆڵی شۆڕشگێڕیی تێدا بێت ڕوودەکاتە ئەوێ.
کاتێک ساڵی ٢٠١٢ لە ڕۆژئاوای کوردستان، شەپۆلی شۆڕش بەرزبووەوە، هەڤاڵ سەیدیش ڕوودەکاتە ئەو خاکە، لەلایەکەوە ڕاستی شۆڕش دەگێڕێتەوە و دەنووسێت، لەلایەکیشەوە لە دامەزراندن و داڕشتنی خەباتی ڕاگەیاندندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، لە دێرکەوە تا عەفرین لە تەواوی جوگرافیای هەرێمەکە هەنگاو بە هەنگاو دەگەڕێت، چاودێریی قۆناغەکانی شۆڕش دەکات و بە دەیان خوێندکار پەروەردە دەکات، بەو خەباتەیەوە دەبێتە یەکێک لە کۆڵەکە و پایەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ڕاگەیاندنی شۆڕش.
هەڤاڵ سەید ئەڤرەن لە ساڵی ٢٠٢٠ـوە ململانێی لەگەڵ نەخۆشی و کێشەی تەندروستی دەکرد، دوو جار تووشی جەڵدە و وەستانی دڵ ببوو، هەر بۆیە بە ناچاری چەندین جار نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە، سەرباری کێشەی تەندرووستیش، بێ وەستان خەباتی خۆی بەڕێوەدەبرد و بە هیچ جۆرێک جۆش و خرۆشی کەمی نەدەکرد.
لەم دواییەدا جارێکی تر نەخۆشییەکەی سەریهەڵدایەوە و دۆخی تەندرووستیی تێکچوو، هەربۆیە لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێریی تەندرووستییەوە،تا دواجار سەر لەبەیانی ٢٢ـی ئەیلول دڵی وەستا و ژیانئاوایی کرد.
ئەمڕۆ ٢٧ـی ئەیلول تەرمی ڕۆژنامەنوس سەید ئەڤرەن لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە ئامادە بوونی هەزاران هاولاتی بەخاک سپێردرا.