عەبدوڵا ئۆجەلان
3 کاتژمێر پێش ئێستا
251 جار خوێنراوەتەوە
ئۆجەلان: ئەم پرسە گەورەیە نابێت بە بیرێكی بچوك لێی بڕوانرێت
"پرۆژە چارەسەریەكەمان لەسەر بنەمای میحوەری ئەنادۆَڵ- میزۆپۆتامیایە"
ناوەندی هەواڵ
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە و كورد پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە، دوای ئەوەی شاندی دەم پارتی ئیمراڵی رۆژی هەینی 27 ی ئاداری 2026 لەگەڵیدا كۆبوونەوە، سەبارەت بە كۆبوونەوەكەش ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە.
بەوتەی شاندی دەم پارتی ئیمراڵی، عەبدوڵا ئۆجەلان وتوویەتی:" پرۆسەكە گەیشتووەتە قۆناغێكی گرنگ و پێویستە چارەسەر لەسەر بنەمای دانوستان، ویستی دیموكراسی و بەرپرسیارێتی مێژوویی بێت".

"باسی لە رۆڵی پەرلەمان كردووە و داواكاری هەیە"
عەبدوڵا ئۆجەلان لە دیدارەكەدا باسی لە بەرپرسیارێتی پەرلەمانی توركیا لە پرۆسەكەدا كردووە، بە شاندەكەی وتووە:"ئەو هەنگاوانەی دوای راپۆرتی کۆمیسیۆن دەنرێن، زۆر گرنگە بەبێ دواکەوتن بخرێنە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیرەوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" بۆ بەهێزبوونی ویستی چارەسەری، پێویستە کەناڵەکانی دیالۆگ کراوە بن و سیاسەتی دیموکراسی بەهێز بکرێت، نابێت دەرفەتە مێژووییەکان لەدەست بدرێن".

داهاتووی هاوبەش
بەوتەی شاندەكە ئۆجەلان وتویەتی:"کۆمەڵگەی دیموکراسی گرەنتی داهاتووە بۆ هەموو گەلان و پێکهاتەکانی نیشتەجێی تورکیا و هەرکەسێک بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکات، نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو داهاتووی هاوبەشیش بەدەست دەهێنێت".
"سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە"
"پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بایەخی پرۆسەکەیان زیاد کردووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی پەیوەندیدار بە ئێران هاتووەتە پێشەوە، لە ناوچەکەدا سێ هێڵی جیاواز دەرکەوتوون، هێڵی ئەمریکا-ئیسرائیل، هێزە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری دۆخی ئێستا و رێگەی سێیەم کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە". ئۆجەلان وای وتووە.
سەبارەت بە خەباتی چەكداری رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ڕایگەیاندووە:"وەک لە بانگەوازی 27ـی شوباتیشدا ئاماژەم پێکرد، سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە. چی دیکە گەڕانەوە بۆ دواوە ئەستەمە و پرۆسەکە گواستنەوەیە بۆ ئاشتی لەگەڵ کۆماری دیموکراسیدا".

"هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ كۆماری توركیا نییە"
ئۆجەلان رایگەیاندووە "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە و پرسی سەرەکی کەموکوڕییە لە دیموکراسییدا، دیموکراسی تاکە چارەسەرە کە بەهێزبوونی کۆمار مسۆگەر دەکات".
" پێویستە تێڕوانینێک پەرەی پێبدرێت کە پەیوەندیی کورد لەگەڵ دەوڵەت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون سەرلەنوێ
پێناسە بکاتەوە، پێویستە دەوڵەتیش ئەم پرۆسەیە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی نەبینێت".
"ناسنامە و ئازادی"
بەوتەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، ئۆجەلان وتویەتی:" بەشداریکردن لە کۆماردا دەبێت لەسەر بنەمای ناسنامە، ئازادیی رادەربڕین، مافی رێکخستن و ئازادیی ژنان بێت و ئەم مافانە تەنیا بۆ کورد نین، بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگەن".
رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو:"چارەسەری دەتوانێت بە مۆدێلێکی یەکگرتنی دیموکراسیی کۆمەڵگە بێت، ئەمەش پێویستی بە دیموکراسیی گشتگیر و بەکۆمەڵی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەیە".
لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە و كورد، پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستیپێکرد، كورد ناوی ناوە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك، دەوڵەت و بەشی زۆری حزبەكانی توركیاش بە "توركیای بێ تیرۆر" ناوی دەبەن.
هەر لە تشرینی یەکەمی 2024دا باخچەلی، داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ـی بە عەبدوڵا ئۆجەلان کرد.
دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 ـدا بانگەوازێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
پەکەکەش لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان زنجیرەیەک هەنگاوی نا لەوانەش خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەك دانان.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکیان سوتاند.
دواتر پەکەکە لە 26ـی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە.
هەروەها پەكەكە لە 16ـی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ رایگەیاند، بەهۆی "مەترسیی پێکدادان" ەوە لە ناوچەی زاپـی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە.

هەنگاوی گرنگ
ئەم پەیامە لەكاتێكدایە، دەسەڵاتدارانی توركیا هەنگاوێكی "گرنگ" دەنێن، لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی لە توركیا لەنێوان كورد و دەسەڵاتداران دەستیپێكردووە، كورد بە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك و حكومەتیش بە "توركیای بێ تیرۆر ناوی دەبات"، ئەویش باشكردنی دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە و كوردە لە باكوری كوردستان و توركیا.
پرۆسەكە بە هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری دەستیپێكرد، پرۆسەیەكی سیمبولی چەك سوتاندنیش ئەنجامدرا، ئێستاش توركیا هەنگاوێك هەڵدەگرێت، كە ئەویش باشكردنی دۆخی زیندانیی ئۆجەلانە، نەك ئازادكردنی، وەك ئەوەی پەكەكە و كورد لە توركیا داوای دەكەن.
تونجەر باكرهان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراسی و یەكسانی گەلان، دەم پارتی رایگەیاند: كۆمەڵگەیەك بۆ مانەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی دروست دەكرێت، ئەو دوورگەیەی كە دەكەوێتە باشوری دەریای مەرمەڕە لە رۆژئاوای توركیا، كە 27 ساڵە تێیدا زیندانییە.
دەستگیركردنی ئۆجەلان
دوای ئەوەی لە ساڵی 1999 لە پرۆسەیەكدا كە پەكەكە بە پیلانگێڕی ناوی دەبات دەستگیركرا، سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراو پاشانیش حوكمەكەی گۆڕدرا بۆ هەتاهەتایی.
باسەكە لەسەر گۆڕانكاریی یاسایی و پێدانی مافی هیوایە بە عەبدوڵا ئۆجەلان كە مافی ئازادكردنی دەگرێتەوە، دواتر تێكەڵكردنی بە كۆمەڵگە.ئۆجەلان لە 27 ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێكدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانانی كرد، داواشیكرد پەكەكە رووە و كاری سیاسی لە چوارچێوەیەكی یاسایی هەنگاو بنێت، ئەمەش مشتومڕی بەرفراوانی لە توركیا بەدوای خۆیدا هێنا.

گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان
ئۆجەلان لە بانگەوازەكەیدا كە بە ناونیشانی "بانگەواز لە پێناو ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك" بڵاویكردەوە، باسی لەوەكرد ئازادیی كەسیی ئەو بنەڕەت نییە بۆ ئەم پرۆسەیە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا گرنگە ئازادیی جوڵەی هەبێت، بۆ ئەوەی بە باشی رۆڵی خۆی لە سەركردایەتی پرۆسەكە بگێڕێت.
مەرجی پەكەكە
مافی هیوا بۆ ئۆجەلان و گۆڕینی دۆخەكەی لە زیندانی ئیمراڵی، مەرجێكی پەكەكەیە بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی ئاشتی و چەكدانان،جگە لە پەكەكە، پارتی دیموكراسی و یەكسانی گەلان "دەم پارتی" یش بە هەمانشێوە داوای گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان دەكەن، بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشی پرۆسەكە بەڕێوەببات و سیاسی و رۆژنامەنوسان و نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی ببینێت.
چەندین جار شاندی دەم پارتی و ئیمراڵی، لە زیندان چاویان بە ئۆجەلان كەوتووە و دواتر پەیامەكانیان بڵاوكردووەتەوە، ئۆجەلان خواستی خۆی نیشانداوە كە رۆژنامەنوس و ئەكادیمی و كەسە سیاسیەكان ببینێت تا لەسەر پرۆسەی ئاشتی گفتوگۆیان لەگەڵ بكات.
بە وتەی ئەندامانی ئەو شاندە، یاخود نزیكەكانی ئۆجەلان كە سەردانیان كردووە، ئۆجەلان هەرگیز داوای ئازادبوونی نەكردووە، بەڵام خواستی ئەوەی هەبووە بتوانێت ئەو كەسانەی دەیەوێت بیانبینێت، ئێستاش حكومەتی توركیا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە زیندانەكەی بۆ بگۆڕێت بە شوێنی مانەوە و نوسینگەیەكی هەبێت لە رێگەیەوە كاروبارەكانی بەڕێوەببات، بشتوانێت لە دوورگە دابڕاوەدا بجوڵێت.
دروستكردنی كۆمەڵگەیەك
باكرهان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە:"لە واقیعدا ئێستا خەریكی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكن یاخود ماڵێك بۆ ئۆجەلان لە ئیمراڵی، بەڵام ناوی چییە و چۆن دروست دەكرێت نازانین، بۆیە پێویستی بە ڕوونكردنەوەیە و پێم وایە بەمزوانە روونكردنەوە لەبارەیەوە دەدرێت".
وتەكانی باكرهان لەبارەی گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان و دروستكردنی شوێنێك بۆی لە دوورگەی ئیمراڵی، بووەتە جێی باسی میدیا و رای گشتیی لە توركیا، بەڵام بەرپرسانی حكومەتی توركیا تا ئێستا لەوبارەیەوە بێدەنگن.
هەنگاو لەپێناو پرۆسەی ئاشتی
هاوسەرۆكی دەم پارتی جەخت دەكاتەوە،" پێویستە حكومەت هەنگاوی ئاشكرا بنێت بۆ پرۆسەی ئاشتی، پێویستیشە حكومەت نەخشەرێگای هەبێت، چونكە گەیشتووینەتە دۆخێك چیتر قسە بەس نییە و گەل هەنگاوی جددی دەوێت".
تونجەر باكرهان دەشڵێت، ئێستا حزبەكەی سەرقاڵی پرۆژەیاسایەكی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتییە، چونكە كورد هەست بە نائارامی دەكات و پێویستە یاسایەك هەبێت بڕوا بە هەردوولا بهێنێت.
شاندی دەم پارتی ئیمراڵی كە پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار و پارێزەر ئۆزگور ئیرۆڵ، رۆژی هەینی رابردوو سەردانی ئۆجەلانیان كرد.

نزیكبوونەوەی جوڵەی پەرلەمان
لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراتی، كە پەرلەمانی توركیا لە ئابی رابردوو بۆ دانانی چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی، پێكیهێنا، رەزامەندی لەسەر راپۆرتی هاوبەشی بنەما یاساییەكانی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانان دەربڕیوە و لە 18 ی شوباتدا بەرزی كردووەتەوە بۆ پەرلەمان، ئەمەش پاش حەوت مانگ لە گفتوگۆ كە 20 كۆبوونەوەی تێدا كراوە تا چوارچێوە یاساییەكانی پرۆسەكە دابڕێژنەوە.
ناڕوونی خشتەی پەرلەمان
لەگەڵ ناڕوونی خشتەی كاتیی پەرلەمان سەبارەت بە دەستپێكردنی گفتوگۆی راپۆرتەكە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە، تا ئامادەبكرێت بۆ دانیشتنی گشتیی پەرلەمانی توركیا، دابەشبوون سەبارەت بە بڕیاری چوارچێوە یاساییەكان لەلایەن پەرلەمانەوە هەیە، چونكە راپۆرتەكە جەخت لەسەر لێكۆڵینەوە لە چەكدانانی پەكەكە دەكاتەوە بەتەواوەتی، كە ئەوەش هەمان هەڵوێستی حكومەتی توركیایە، بەڵام لایەنی كوردی سورە لەسەر ئەوەی سەرەتا هەنگاوە یاساییەكان بنرێن تا پاڵپشت بێت بۆ چەكدانانی تەواوەتی پەكەكە.
هەفتەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سووربوونی دەسەڵاتەكەی لەسەر پرۆسەی ئاشتی راگەیاند، جەختیشی لە "سەركەوتنی ئامانجەكانی پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر " كردەوە.ئەردۆغان وتیشی "ئەوەی پێویستە پەرلەمان هەنگاوی لەبارەوە دەنێت بۆ چەكدانانی پەكەكە".
-
حەوت گرێ پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆز دەكەن؛ كێبڕكێی زۆرینە و سێیەكی پەكخەر
|
-
ئۆجەلان: ئەم پرسە گەورەیە نابێت بە بیرێكی بچوك لێی بڕوانرێت
|
-
ئێران هۆشداری دەدات؛ ئیسرائیل گەورەترین بودجەی سەربازیی پەسەند دەكات و ئەمریكاش هێزی زەمینیی زیاتر دەنێرێت
|
-
توركیا هەڕەشەی دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ ئەگەر كورد بەشداری جەنگی ئێران بكات
|
-
ئایا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت؟
|
-
دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگۆڕێت
|
-
ئاڵۆزی پێش دانوستان كەوت؛ ئەمریكا ئامادەكاری بۆ هێرشی زەمینیی دەكات
|
-
لێرەین تا تاران فێری ئازادی بکەین
|
-
|
|
|
|