ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1 کاتژمێر پێش ئێستا
93 جار خوێنراوەتەوە
حەوت گرێ پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆز دەكەن؛ كێبڕكێی زۆرینە و سێیەكی پەكخەر
ئێستا ئەوەی ڕوونە، ئەمریكا نایەوێت كاندیدێكی نزیك لە گروپە چەكدارەكان ببێتە سەرۆكوەزیران، ئێرانیش نایەوێت كەسێكی نزیك لە ئەمریكیەكان ئەو پۆستە وەربگرێت
ناوەندی هەواڵ
حەوت گرێ ڕێگای پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق ئاڵۆز دەكەن، لایەنەكان بەسەر بەدەستهێنانی زۆرینە و سێیەكی پەكخەردا دابەشبوون، ئەمەش ڕەنگە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوابخات و ئێرانیش لەم كاتە هەستیارەدا پەیامێكی ناردووە، پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاساش دەڵێت ئەمریكا تازەكردنەوەی خولی دووەم بۆ سودانی ڕەتدەكاتەوە.

ساتی یەكلاكەرەوە
لە ساتێكی هەستیار و یەكلاكەرەوەدا، تیمی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سەركەوتووبوون لە ڕاگرتنی ئەو سیناریۆ سیاسییەی ڕێگە بە دووبارە كاندیدكردنەوەی محەمەد شیاع سودانی دەدات بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران.
سەرەڕای ئەم گۆڕانكارییە، هەریەك لە بەرەی مالیكی و سودانی بەردەوامن لە بانگەشەكانیان كە خاوەنی ڕێژەی یاسایین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ توانای پێكهێنانی سێیەكی پەكخەر، كە بۆ شكستپێهێنانی هەر رێڕەوێكی دەستوری بەسە.
لەو شەوەی بڕیاربوو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا 11 رۆژ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوابخات تا گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بكرێت.
حەوت گرێكە
بەڵام ئەم دواخستنە تەنها ڕێوشوێنێكی تەكنیكی نییە، بەڵكو ئاشكرابوونی ئەو قوڵایی دابەشبوونە سیاسیەیە كە دەوری دۆسیەی پێكهێنانی حكومەتی داوە، ناوەندە سیاسیەكانیش باسی حەوت گرێ دەكەن كە ڕێگای پێكهێنانی حكومەتی ئاڵۆز كردووە.
یەكەم: دابەشبوونی ناو ماڵی شیعە، بەتایبەت ئەو مشتومڕەی دوای سازشی سودانی لە بەرژەوەندی مالیكی سەریهەڵدا، دواتریش سازشكردنەكە چوەوە خاڵی سفر واتە سودانی پەشیمان بوەوە.
دووەم:ڤیتۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ گەیشتنی مالیكی بە پۆستی سەرۆكوەزیران.
سێیەم:ڕەتكردنەوەی ئاشكرای سوننەكان بۆ كاندیدبوونەوەی مالیكی بۆ سەرۆكوەزیران، ئەویش لەسەر بنەمای هەڵوێستەكانی ڕابردووی مالكی بەرامبەر سوننەكان.
چوارەم:پابەندبوونی مەرجەعی ئاینیی بەو بێدەنگییەی بەرامبەر كاندیدبوونی مالیكی هەڵیبژاردووە، لایەنە شیعەكان پێیان وایە ئەو بێدەنگییە ئەو وتە بەناوبانگەی نەجەف بەبیر دەهێنێتەوە كە "تاقیكراوەكان تاقی ناكرێنەوە".
پێنجەم: رۆڵی راستەوخۆی گروپەكان لە دیاریكردنی سەرۆكوەزیران، وەك لە بەیاننامەیەكی پێشووی كەتائیبی حزبوڵا هاتووە، كە باس لەهەوڵەكان بۆ وەرگرتنی چەند پۆستێكی حكومی دەكات، لەكاتێكدا ئەو گروپانە 80 كورسی پەرلەمانیان هەیە.
شەشەم:كاریگەری و لێكەوتەكانی ئەو جەنگەی لە كۆتایی مانگی شوباتەوە لەناوچەكە سەریهەڵداوە بەسەر دیمەنەكەدا باڵی كێشاوە، لەگەڵ یەكلابوونەوەی گروپەكان بۆ لایەنگری ئێران، هەروەها دوودڵی بەشێك لە هێزە شیعەكان لە سەرپێچیكردن لە ڕێنمایی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران كە پشتیوانی سودانی بكەن بۆ سەرۆكوەزیران، ئەمەش لەلایەن گروپەكانەوە بە "ناپاكی لە میراتی رێبەر" دادەنرێت.
حەوتەم:تائێستاش هێزە كوردیەكان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕێكنەكەوتوون.

پەیامێكی ناڕوون و ئاڵۆز
لەپشت پەردەی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان، ناوەندە سیاسیەكان باس لەوەدەمكەن، پەیامێك لە موجتەبا خامنەیی ڕابەری نوێی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە گەیشتووەتە عێراق، ئەمەش لە سەروبەندی گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان، تێیدا جەخت لە رێنماییەكەی باوكی دەكاتەوە كە پێویستە پشتیوانی مالیكی بكەن.
ئەم پەیامە هەرچەندە هیچ لایەنێكی شیعە پشتڕاستی نەكردووەتەوە، بەڵام چینێكی تری بۆ ئاڵۆزیەكان زیادكردووە، چونكە بەشێك لەلایەنە شیعەكان بیریان لەوە دەكردەوە پشتی مالیكی بەردەن بەڵام ئێستا زیاتر دوودڵن لەوەی ئەو كارە بكەن، لەكاتێكدا دۆخی ناوچەكە هەستیارە.
بەوتەی سەرچاوە سیاسیەكان، تائێستا لەڕووی ژمارەوە هیچ یەكێك لە لایەنەكان ناتوانن دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بكەن، ئەمەش دۆخی چەقبەستوویی زیاتر دەكات و دیمەنەكە وەك خۆی دەهێڵێتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 11 ی نیسانی بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكردووە، داواش لە سەركردەی لایەنە سیاسیەكان دەكات بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و ئیستیحقاقی دەستوری تەواو بكەن و حكومەتێك پێكبهێنن كە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكانی هەبێت.

جیابوونەوەی كتوپڕ
بەوتەی بەها ئەعرەجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران كە بە نزیك لە سودانی ناسراوە و سەرۆكایەتی كوتلەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان دەكات لە پەرلەمان، لەناو كوتلەی مالیكی جیابوونەوە ڕوویداوە، ئەمەش گۆڕانكارییەكی كتوپڕە لەبەردەم سیناریۆكانی ڕاسپاردنی سودانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران.
لەلایەن كوردیشەوە، تائێستا رێككەوتن نییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، تا سەرۆك كۆماریش هەڵنەبژێردرێت سەرۆكوەزیران ڕاناسپێردرێت، كەواتە شیعەكان دەیانەوێت كاندیدی سەرۆكوەزیران یەكلا بكەنەوە ئەوكات سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، تائێستاش یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی نزار ئامێدی تاكە كاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەكاتێكدا پارتی ئەوەی ناوێت.

خوێندنەوەكان چی دەڵێن؟
لەناو هێزە شیعەكاندا مالیكی بە پشتیوانی گروپە چەكدارەكان لێكدەدرێتەوە، سودانیش بەو هێڵە هەژمار دەكرێت كە نزیكە لە ئاڕاستەی ئەمریكیەكانەوە، ئەمەش لە دەستگیركردنی سێ كەسدا دەركەوت كە سەر بە گروپەكان بوون و تێوەگلابوون لە هێرشكردنە سەر ناوەندە دیپلۆماسیەكان لە عێراق.
بەوتەی ئیحسان شەمەری، سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی، دیاریكردنی 11 ی نیسان وەك رۆژی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێت ببێتەهۆی ئەنجامدانی دانیشتنەكە، پێشبینیش دەكات دانیشتنەكە دوابخرێت، چونكە ئەو پێی وایە لایەنە شیعەكان چاوەڕێی ئەنجامی ئەو جەنگە دەكەن كە لەنێوان ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا سەریهەڵداوە.

ئێستا ئێران سورە لەسەر پشتیوانیكردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، ئەمریكاش هەرچەندە تائێستا هەڵوێستی نوێی ڕانەگەیاندووە دژی كاندیكردنی نوری مالیكییە و پشتیوانی محەمەد شیاع سودانی دەكات، هەرچەندە بەوتەی زیاد ناسری سەركردەی دەوڵەتی یاسا ئەمریكا تازەكردنەوەی خولێكی تری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سودانی ڕەتدەكاتەوە، "هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی وتووە ئەگەر بەنیازن كاندیدكردنی مالیكی بكشێننەوە و خولی دووەم بۆ سودانی تازە بكەنەوە ئەمریكا ڕازی نابێت".
ئێستا ئەوەی ڕوونە، ئەمریكا نایەوێت كاندیدێكی نزیك لە گروپە چەكدارەكان ببێتە سەرۆكوەزیران، ئێرانیش نایەوێت كەسێكی نزیك لە ئەمریكیەكان ئەو پۆستە وەربگرێت، لایەنە عێراقیەكانیش لەم نێوەندەدا گیریان خواردووە.

-
کۆڕەو ترس بوو لە مردن یان عەشق بۆ ئازادی؟
|
-
حەوت گرێ پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆز دەكەن؛ كێبڕكێی زۆرینە و سێیەكی پەكخەر
|
-
ئۆجەلان: ئەم پرسە گەورەیە نابێت بە بیرێكی بچوك لێی بڕوانرێت
|
-
ئێران هۆشداری دەدات؛ ئیسرائیل گەورەترین بودجەی سەربازیی پەسەند دەكات و ئەمریكاش هێزی زەمینیی زیاتر دەنێرێت
|
-
توركیا هەڕەشەی دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ ئەگەر كورد بەشداری جەنگی ئێران بكات
|
-
ئایا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت؟
|
-
دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگۆڕێت
|
-
ئاڵۆزی پێش دانوستان كەوت؛ ئەمریكا ئامادەكاری بۆ هێرشی زەمینیی دەكات
|
-
لێرەین تا تاران فێری ئازادی بکەین
|
|
|
|