2   کاتژمێر پێش ئێستا 218 جار خوێنراوەتەوە

پاش 21 کاتژمێر گفتوگۆی ئەمریکا و ئێران بێئەنجام بوو

تیمی ئەمریكا و ئێران پێیان وایە دەبێت بە سەركەوتوویی لە گفتوگۆی گەڕی یەكەمی دوای جەنگ بچنە دەرەوە

ناوەندی هەواڵ

وەفدی ئەمریكا و ئێران لە پاكستان بەبێ ئەوەی بگەنە رێككەوتن كۆتاییان بە كۆبوونەوەكانیان هێنا، ئەوەش پاش 21 كاتژمێر گفتوگۆ لەنێوانیان دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە ڕۆژی چوارشەممەوە، پێدەچێت ئەم شكستی دانوستانە ئاگربەستیش بخاتە مەترسییەوە.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، دوای هاتنە دەرەوەی لە شوێنی گفتوگۆكان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان، ڕایگەیاند:"هەواڵە خراپەكە ئەوەیە نەگەیشتینە ڕێككەوتن، پێموایە هەواڵەكە زیاتر لەوەی بۆ ئەمریكا خراپ بێت بۆ ئێران خراپە".

جێگری سەرۆكی ئەمریكا وتیشی:"بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە گفتوگۆكان كۆتاییان هات، بەبێ ئەوەی بگەینە رێككەوتنی ئاشتی، ئێرانیەكان مەرجەكانی ئەمریكایان ڕەتكردەوە، كە یەكێكیان ئەوەیە پەرە بە چەكی ئەتۆمی نەدەن".

ڤانس جەختیكردەوە"ئەمە باشترین دەرفەتی رێككەوتنی كۆتایی و گونجاوە بۆ ئێران".

"ئەوپەڕی نەرمیمان لەگەڵ ئێران نواند"

جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە پاكستان بە رۆژنامەنوسانی وت:"ئەوپەڕی نەرمیمان لەگەڵ ئێران نواند، بەڵام ئەوان ڕەتكردنەوەی مەرجەكانیان هەڵبژارد".

لەبەرامبەردا، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: سەركەوتنی دانوستانەكان لەنێوان ئێران و ئەمریكا پەیوەستە بەدووركەوتنەوەی ئەمریكا لە داواكارییە زیادەڕەو و نایاساییەكان.

لەلایەن خۆیەوە، ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویكردەوە:داواكارییەكانی ئەمریكا زیادەڕەوییان تێدابووە،ئەمەش ئاستەنگی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دروستكردووە.

تائێستا دەستپێكردنەوە یان ڕاگرتنی تەواوەتی دانوستانەكان دیارنییە، ئێرانیش دەڵێت تا كاتی ڕێككەوتن دۆخی گەرووی هورمز وەك خۆی دەمێنێتەوە.

پلانی داهاتووی ئەمریكا چییە؟

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردووەتەوە، پلانی داهاتووی ئەمریكا سەبارەت بە ئێران بە دەستی ترەمپە، كە ئێستا بۆ گەشتی كۆتایی هەفتە لە فلۆریدایە.

ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری بەرپرسانی كۆشكی سپییەوە ئاماژەی بەوەكردووە، هەر بژاردەیەكی سەرۆك تێچووی سیاسی و ستراتیژی گەورەی دەبێت.

وەك ئەو رۆژنامەیە باسی كردووە، جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، پێشنیازێكی رێككەوتنی كۆتایی بۆ ئێران كردووە كە بۆ كۆتاییهێنانە بە بەرنامەی ئەتۆمیی، بەڵام ئێران ڕەتیكردووەتەوە.

گرەوەكەی ترەمپ

رۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، گرەوی ترەمپ دژ بە ئێران خۆی دەبینێتەوە لە فشاری سەربازیی گەورە بۆسەر ئێران، تا ناچاری بكات هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئێران پێی وایە تەنها مانەوەی ڕژێمەكەی سەركەوتنە، جەختیشیكردووەتەوە زیانەكان هەرچەند بن هەڵوێستی ئێران لاواز ناكات.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز، تیمی ترەمپ ترسیان لەوە هەیە ڕابكێشرێنە نێو گفتوگۆیەكی درێژخایەن و ئاڵۆز، لەكاتێكدا ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا پێی وایە دەبێت ئێران بە ئاسانی ڕادەستی مەرجەكانی ئەمریكا بێت، بەڵام ئەمەش واقیعی نییە.

بنەڕەتی ناكۆكییەكان

بەپێی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، ئێران رەتیدەكاتەوە دەستبەرداری تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت، ئەمریكاش پێی وایە ئەمە ئامادەكارییە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای 39 رۆژ لە جەنگ، هێشتا هەڵوێستی هەردوولا زۆر توندە و نەرمی نواندنی تێدا نییە.

ئێستا كارتی بنەڕەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هەڕەشەی پرۆسەی سەربازییە، بەتایبەت كە ئاگربەست لە 21 ی ئەم مانگە كۆتایی دێت.

نیویۆرك تایمز، ئەوەشی خستووەتەڕوو، كارتی سەربازیی ئەمریكا، تێچووی سیاسی و ئابوری هەیە، بەتایبەت كە جەنگ كاریگەری لەسەر نرخی وزە و هەڵاوسان لە جیهان هەبووە.

هەستیارترین دۆسیە

ئەو دۆسیەیەی رۆژنامەكە وەك هەستیار ناوی بردووە، دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمزە، كە كارتی سەرەكیی فشاری دەستی ئێرانە، شانبەشانی داواكارییەكانی تری كە خۆی دەبینێتەوە لە قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی جەنگ و هەڵگرتنی سزاكان.

ئەمریكا ڕەتیكردووەتەوە قەرەبووی زیانەكان بكاتەوە، بۆ هەڵگرتنی سزاكانیش ئەمریكا ڕازی بووە بەڵام دوای رێكەوتن و بە پلەبەندی.

تیمی سەركەوتوو

وەك رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاماژەی پێكردووە، هەریەك لە تیمی ئەمریكا و ئێران پێیان وایە دەبێت بە سەركەوتوویی لە گفتوگۆی گەڕی یەكەمی دوای جەنگ بچنە دەرەوە، ئەمریكا بەهۆی هێزی سەربازیی و ئێرانیش بەهۆی خۆڕاگرتنیەوە، بەڵام ئەنجامی كرداری چەقبەستوویی سیاسییە، لەگەڵ نەبوونی هیچ ئامادەییەك لەلایەن هەردوولاوە بۆ سازش كردن، ئەمەش وادەكات قۆناغی داهاتوو لەبەردەم گفتوگۆی درێژخایەن و سەرهەڵدانەوەی جەنگ كراوەبێت.

  • ژمارە لەنێوان كورد و حكومەتی سوریا؛ بەپێی رێككەوتنی 29 ی كانوونی دووەم دیلەكان ئاڵوگۆڕ دەكرێن

  • پاش 21 کاتژمێر گفتوگۆی ئەمریکا و ئێران بێئەنجام بوو

  • مێزی دانوستان لەژێر گەمارۆدا؛دواین زانیاریی لەبارەی دانوستانی ئێران و ئەمریكا لە پاكستان

  • رۆژنامەی گاردیان:جەنگی ئێران شكستێكی ستراتیژی بوو بۆ ئەمریكا و هەمووان تێیدا دۆڕان

  • لە سوریا كۆتایی بە بێ ناسنامەیی كورد دێت

  • پارتی بە هەڵوەشاندنەوەی پشووی 9 ی نیسان زەنگی چوونە بەرەی سوننەکانی لێدا

  • چاوەكان لەسەر پاكستانن بۆ ئەوەی ئاوێك بە ئاگرەكەدا بكات؛ وەفدی ئێران و ئەمریكا دەچنە ئیسلام ئاباد

  • هۆشداری لە شكاندنی ئاگربەست؛ هێرشەكان بۆسەر ئێران ڕاگیراون بەڵام ئاگربەست لوبنانی نەگرتووەتەوە

  • ئاگربەست لەگەڵ ئێران؛ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕوبەڕووی ڕەخنەی توندی ئۆپۆزسیۆن دەكاتەوە

سەرەکی