10 کاتژمێر پێش ئێستا
208 جار خوێنراوەتەوە
کەنەکە کارنامەی مێژوویی خۆی ڕاگەیاند
لە پێکهێنانی کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشەوە بۆ ئامادەکاری کۆنفرانسی نەتەوەیی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە نوێترین ڕاگەیەندراوی خۆیدا، نەخشەڕێگایەکی سیاسی و ستراتیژی بۆ قۆناغی ئێستای کوردستان و ناوچەکە دەخاتە ڕوو. کەنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو جەرگەی گۆڕانکاری گەورەدایە و پێویستیی یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد لە هەموو کات زیاترە.
پرسی ژنان؛ بنەمایەک بۆ دیموکراسی و لێکتێگەیشتن
لە بەشێکی گرنگی ڕاگەیەندراوەکەدا، کەنەکە جەخت لەسەر ڕاستینە و ئیرادەی ئازادی ژنان لە کایەی سیاسیدا دەکاتەوە و داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداریی ژنان لە کاروباری نەتەوەییدا لاببەن. کەنەکە ڕایگەیاندووە: "پێویستە هەموو هەڵوێستە جیاکارییەکان بەرامبەر بە ژنان وەک هەڵوێستی دژە دیموکراسی هەژمار بکرێن." هاوکات بە توندی کوشتنی ژنانی بە هەر بیانوویەک بێت، وەک "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" ناساندووە و هەر جۆرە بە ئامرازکردنێکی ژنانی لە سیاسەتدا ڕەتکردووەتەوە.
دامەزراندنی ناوەندێکی دیپلۆماسی هاوبەش
پەرەپێدانی پرسی دیپلۆماسی خاڵێکی دیکەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە. تێیدا بڕیار دراوە لەسەر کارنامەی دامەزراندنی “کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان” بە ئامانجی یەکخستنی گوتاری دیپلۆماسی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەت لە یادی ١٠٣ ساڵەی پەیمانی لۆزاندا.
ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی بەرفراوان
کەنەکە ئاشکرای دەکات کە جڤاتی گشتیی ٢٤ـەمین، لە ڕاستیدا کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاریی بووە بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی بەرفراوان کە بڕیارە لەمساڵدا بەڕێوەبچێت. ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری لەگەڵ کەسایەتییە سەربەخۆ و دیارەکانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هاتووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ستراتیژێکی هاوبەشەوە پێگەی کورد لە نەخشەی نوێی ناوچەکەدا بپارێزرێت.
قەیرانی داگیرکەران و دەرفەتی بۆ کورد
ڕاگەیەندراوەکە شیكارییەکی وردی بۆ دۆخی چوار دەوڵەتی داگیرکەر کردووە و ئاماژە بەوە دەدات کە عێراق، سوریا، ئێران و تورکیا هەریەکەیان بە شێوازێک لە ناو قەیرانی قووڵ و ناسەقامگیریدان. کەنەکە هۆشداری دەدات کە لەم "شەڕە جیهانییەی ناوچەکەدا" ئەگەر کورد نەتوانێت یەکێتیی دیموکراتی خۆی بەهێز بکات، مەترسی لەدەستچوونی دەرفەتە مێژووییەکان هەیە، بۆیە یەکڕیزی بە پرسێکی "ئەگەر نەبێت نابێت" وەسف دەکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تەنها بە یەکگرتوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە دەتوانرێت پیلانی داگیرکەران پووچەڵ بکرێتەوە و پەیامی سەرەکی کۆبوونەوەکە بەم دێرە کورت دەکاتەوە: "کات کاتی یەکگرتنە. کاتی چارەسەرکردنە. کاتی ئازادییە. کاتی کارکردنە."
دەقی ئەنجامنامەکە بەمشێوەیەیە
“کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ڕۆژانی ٦ و ٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی، ٢٤ەمین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی، لە هۆڵەندا بەڕێوەبرد. جگە لە ئەندامان، میوانانی زۆر، سەرۆک و بەڕێوەبەری حزب و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، و کەسایەتیی سەربەخۆ و ژمارەیەکی بەرچاو لە میدیاکارانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. بەهۆی ڤیزا و هۆکاری بیرۆکراتی، بەشێکی زۆر لە ئەندامان لە کوردستان، بەتایبەت (باشوور و ڕۆژئاوا) و ئەوانەی لە ڕووسیان، نەیانتوانی بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن. لەبەرئەوە ئەندامانی ئەو شوێنانە لە شاری سلێمانی و قامیشلۆ و مۆسکۆ کۆبوونەوە و لە ڕێگەی زوومەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کرد. بەپێی بەرنامەی کار، کۆبوونەوە وەک ڕاوێژێکی نەتەوەیی دەستی بە کارەکانی کرد. سەرەتا کۆبوونەوە بە ڕێزگرتن لە شەهیدان و سروودی “ئەی ڕەقیب” و وتاری دەستپێکی هاوسەرۆکان دەستیپێکرد. دواتە فیلمێک لەسەر ٢٧ ساڵەی کەنەکە نمایشکرا. لە تەوەری یەکەمدا بارودۆخی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە وردی تاوتوێ کرا ن و ستراتیژی نەتەوەیی لە ئێستادا خرایە بەرباس.
دوای ئەوە پەیامی میوانان و پەیامی سەرکردە و نوێنەرانی حیزبەکان پێشکەشکران. بۆ یەکەمجار لە دوای دامەزراندنی کەنەکەوە، پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان گەیشتە جڤاتی گشتیی و خوێندرایەوە. دواتر، ڕاپۆرتی ساڵانەی کار و چالاکییەکانی کۆنسەی بەڕێوەبەر و کۆمسۆنەکانی کەنەکە خوێندرانەوە. ئەندامان گفتوگۆی بەرفراوانیان لەسەر ڕاپۆرتەکە کرد. لە وتووێژەکاندا باس لە ٢٧ ساڵەی کەنەکە، گۆڕانکاریی و نوێکردنەوەی کەنەکە، پەیمان و پەیڕەو و بەڵگەنامەی ستراتیژی نەتەوەیی، دۆخی زمانی کوردی و ڕێگریکردن لە هەڕەشەی ئاسمیلەکردن کرا. کارو خەباتی کەنەکە لە نێوان دوو جڤاتی گشتیدا، هەڵسەنگێندرا و چەندین پێشنیاز لەبارەی ئەو بابەتانەوە کران.
لە ڕۆژی دووەمدا یەکڕیزیی و یەکێتیی ناوماڵی کورد تاوتوێ کرا و گفتوگۆی بەرفراوان لەوبارەیەوە کرا. نوێنەری حیزب و ڕێکخراوەکان و زۆرێک لە کەسایەتییەکان لەسەر ئەم خاڵە قسەیان کرد و پێشنیارەکانیان خستەڕوو. لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا بانگەوازییەک کرا کە لە ماوەی ئەمساڵدا کۆنفرانسێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی بە بەشداری سەرجەم لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پێکهاتەکان و کەسایەتیی سەربەخۆ و هەموو داینامیکەکانی کوردستان رێکبخرێت و لەوێدا بناغەی یەکڕیزی نەتەوەیی بە تەواوی دابڕێژرێت.
پاشان لە لایەن کۆمیسیۆنی کاری دەرەوەی کەنەکە پێشنیارێک کرا کە بە ناوی کەنەکەوە نامەیەک بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بنێردرێت بۆ ئەوەی گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت بناسێت و پێگەی چاودێری لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێت. نەتەوەی کورد کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٦٠ ملیۆن کەسە، لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتیی نییە و بە نەبوو دادەنرێت. ئەمە ستەم و نادادپەروەرییە و ئەم دۆخە جێگای رەزامەندیی نییە. پاشان گفتوگۆ و مشتومڕی بەرفراوان لەسەر ئەم ڕەشنووسە کرا. لە ئەنجامدا بڕیار درا کە لە پێناو نوێنەرایەتیکردنی گەلی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کەنەکە و سەرجەم قەوارەکانی سەر بە کەنەکە دەست بەم کارە بکەن و بەدوایدا بچن تا ئەنجام بەدەست دەهێنن.
دواتر بڕیارنامەیەک سەبارەت بە دۆخی زمانی کوردی پێشکەش کرا. لەوێدا داوادەکرێت هەڵوێستی جددی بگیرێت لە دژی جینۆسایدی کولتووری و ئاسمیلەکردن، دژی سیاسەت و کردەوەکانی دەوڵەتی تورک کە بە هەموو شێوەیەک “زمانی دایکیی بۆ پەروەردە” قەدەغە دەکات، هەروەها حکومەتی کاتی سوریا کە بە هەڵوێستی نادادپەروانەی خۆی پرسی “پەروەردە بە زمانی کوردی، بە زمانی دایک”ی کردۆتە گرێ کوێرە. هەمانکات رژێمی ئێران کە شانازی دەکات و دەڵێت “پارێزگایەکم بە ناوی کوردستان هەیە” . بەڵام خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغە دەکات، هەروەها لە باشووری کوردستان، کە “دەستکەوت و زمانەکەی” بووەتە ئامانجی هێرشی تورکیا و ئێران و بەشێک لە حکومەتی عێراق، پێویستە بێدەنگ نەبین. لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ و مشتومڕی بەرفراوان کرا. لە ئەنجامدا بڕیار درا کە کەنەکە داوای لە هەموو پێکهاتەکان و داینامیکیەکوردستانیەکان بکات دژی ئەو هەڵوێستانە بوەستن و زمانی کوردی بپارێزن و پاڵپشتی ئەو دەستپێشخەرییە بکەن کە لە باکووری کوردستان بە دروشمی “هەموو ماڵێک ببێتە قوتابخانەیەکی کوردی” دەستی پێکردووە.
بارودۆخی ئێزیدی و عەلەوی و یارسان و مەسیحی و ئاشووری-سوریانی-کلدانی، بارودۆخی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، کوردانی ئەنادۆڵی ناوەڕاست، کورد لە وڵاتانی روسیاو قەوقاسیا (یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو)، کوردەکانی خۆراسان، کوردانی فەیلی و بە گشتیی کوردانی دانیشتووی دەرەوەی کوردستان، لە بەرنامەی کاردا بوو. کەنەکە رەوشی هەموویان لەبەرچاو دەگرێت و بەردەوام لە ئەجێندای کار و چالاکییەکانیدایە. هەروەها لە یادی ١٠٣ ساڵەی ڕێککەوتنی لۆزاندا وەک هەموو ساڵێک کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەری بەڕێوەدەچێت.
بەپێی بەرنامەی کار، لە سەرەتاوە بارودۆخی سیاسی کوردستان و بەتایبەت بارودۆخی ئەم دواییەی باکوری کوردستان و تورکیا، بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان بە ناوی “بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دێموکرات”، پرۆسەی گەڕان بەدوای ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە باکوری کوردستان بە گشتیی، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر گەلەکەمان، دۆخی زیندانییە سیاسییەکان، شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێران و کاریگەریی ئەم شەڕە لەسەر کوردستان و ناوچەکە، هێرشەکانی سەرەتای ئەمساڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان، بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق، کێشە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەکان و قەیرانەکانی باشووری کوردستان، پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ دوای ٢٠ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، گۆڕانکاریی و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هەڵوێست و کاریگەریی زلهێزە جیهانییەکان لە ناوچەکەدا، هاوکات لەگەڵ هەموو ئەمانەی باسمان کردن، لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشەکانی سەر رۆژاوای کوردستان، بەهێزبوون و گەشەسەندنی چالاکییەکانی گەلەکەمان دژ بە داگیرکەران چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، بۆتە دەنگ و ڕەنگی گەلەکەمان، ئەم بابەتانە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە گفتوگۆیان لەسەر کرا.
جڤاتی گشیی ٢٤ـەمینی کەنەکە لە کاتێکدا بوو کە لە باکوری کوردستان و تورکیا گفتوگۆی گەرم لەسەر چارەسەری کێشەی کورد بەڕێوەدەچێت و لەو بارەوە گەڕان و دیالۆگ و بانگەواز و کۆبوونەوە و لێدوانی گرنگ هەیە.
لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا لە دوورگەی ئیمرالی لە نێوان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکدا دانوستان لەسەر چارەسەری پرسی کورد بەڕێوەچووە. لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا بەڕیز ئۆجەلان لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ بانگەوازێکی بە ناوی “بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک” کرد. لەسەر بنەمای ئەم بانگەوازە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نێوان ٥ بۆ ٧ـی ئایاری ٢٠٢٥ـدا کۆنگرەی ١٢ـەمینی خۆی بەست، لە ڕۆژی ١١ـی تەمووزی ٢٠٢٦ گرووپێکی گەریلا چەکەکانی خۆیان سووتاند لە ٥ـی ئابی ٢٠٢٦ کۆمیسیۆنێک بە ناوی “کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و خوشکوبرایەتی و دیموکراسی” لە پەرلەمانی تورکیا دامەزرا. دوای کۆبوونەوە و هەوڵی زۆر، کۆمسیۆن لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦ ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد، ئێستا پرۆسەکە چۆتە قۆناغی یاساییەوە. بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە پێویستە یاسای ئازادی و ئینتیگراسیۆن دەربکرێت. لەسەر ئەو خاڵانە کۆبوونەوە و دانوستان هەیە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام. جگە لەوەش تا ئێستا دۆخی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕوون نەکراوەتەوە.
هەرچەندە تا ئێستا ئەم پرۆسەیە بەو شێوەیەی کە دەخوازرێت هەنگاوی نەناوە، بەڵام پرۆسەکە بەردەوامە. ئه م پڕۆسەیە هەنگاوێکی مێژوویی و ستراتیژییه، نەک تەنیا بۆ باکوری کوردستان، به ڵکو بۆ هەموو کوردستانیش. ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی ئەرێنی گەشە بکات و بگاتە ئەنجام، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەموو کوردستان دەبێت. ئەوکاتە دەتوانین هەم دەستکەوتەکانی باشوور و ڕۆژاڤا فراوانتر بکەین و هەم بپانپاێزین، هەروەها دەتوانین بەرەو قۆناغی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو بنێین و لەو بەشەدا گەلەکەمان ئازاد بکەین.
تا ئێستا ئەم پرۆسەیە وەک چاوەڕوان دەکرا ناجووڵێت. حکومەت هەنگاوی کۆنکرێتی نەناوە و لە کاتێکدا پەیامە ئەرێنییەکانی بەرپرسەکانی بەردەوامن، زمانی دانوستان هێشتا زمانی ئاشتی نییە.
هەر لەو پەیوەندییەدا جڤاتی گشتیی کەنەکە بە تایبەتی ئەم دۆخەی خستووەتە کارنامەی خۆیەوە و ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنێت:
24ەمین کۆبوونەوەی گشتیی کەنەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە پڕۆسەی ئیمراڵی نێوان بەڕێز ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا دەڕوانێت و پشتیوانی لێدەکات. بۆئەوەی ئەم پڕۆسەیە بگاته ئه نجامێکی سەرکەوتوو و باش، ئێمه وه ک که ن ک لە هه موو کەڵک لە هەموو دەرفەتەکانمان وەردەگرین. ئەمە پڕۆسەیەکی زۆر گرنگە و ئەگەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەر بکرێ، بە هەمان شێوە کاریگەری زۆر ئەرێنی لەسەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان و یەکگرتوویی گەلی کورد و کوردستانیانیش دەبێت.
داوا لە هەموو هێز و دامودەزگا و لایەن و ڕێکخراوەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین کە بە شێوەیەکی ئەرێنی پشتیوانی لەم پرۆسەیە بکەن.
داوا لە دۆستانی گەلی کورد و هێزە ئاشتیخوازەکان دەکەین کە لەم پڕۆسەیەدا گەلی کورد بە تەنیا جێ نەهێڵن و هەوڵ بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بدەن.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزە جیهانییەکان دەکەین کە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە کەڵک وەربگرن
هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین ئەم هەلە لە دەست نەدەن، ڕێگە بۆ پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیە بکەنەوە و بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بکەن، بە زووترین کات ئەم پرسە بخەنە کارنامەی پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی بناغەیەکی سیاسی و یاسایی بۆ چارەسەریی دامەزرێنن.
بۆ ئەوەی پڕۆسەکە به شێوەیەکی باشتر پێشبکەوێت و ڕێگه خۆشبکات له نێوان هەردوولا و چاودێریی تەواوی پڕۆسەکە بکرێت، پێویستی به لایەنێکی سێهەمی بێ لایەن هەیە. جڤاتی گشتیی کەنەکە داوا لە هەردوولا دەکات زەمینە بۆ لایەنی نێوەندگیر خۆش بکەن و لایەنی سێیەم دیاری بکەن.
هیوادارین هەموو لایەک بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا پرسی کورد چارەسەر بکرێت
لە لایەکی دیکەوە، ڕژێمی ئێرانیش لە نێو قەیرانێکی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە. ڕێژیمی ئێران وڵاتی کردووە بە زیندانێکی کراوە بۆ هەموو پێکهاتەو نەتەوەکانی ئێران. زیاتر لە ٤٠ ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران مافی ژنان و مافە دێموکراتیکەکانی هەموو گەلانی ئێران پێشێل دەکات و ناڕازیەتییەکان سەرکوت دەکات. گەلی ئێران ناڕازییە، ڕازی نییە و تامەزرۆی ئازادی و وڵاتێکی دیموکراسییە. کۆبوونەوە داواکاریی و خواستەکانی خەڵک بۆ ئازادی و دامەزراندنی وڵاتێکی دیموکرات بە دروست و ڕەوا دەزانێت و پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و تێکۆشەرانی ئازادیخواز دەکات. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانی چالاکوانان شەرمەزار و ڕیسوا دەکات.
ماوەی ساڵێکە دۆخی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێراندا هەیە. هەندێک جار گەرمە و هەندێک جار سارد، بەڵام تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئەو جەنگەی لە ناوچەکەماندا هەیە بە جەنگی سێیەمی جیهانیی ناوزەد دەکرێت. ئامانج لەم شەڕە داڕشتنەوەی جوگرافیای سیاسی و سیستەمی ناوچەکەیە. لەسەر ئەم بنەمایە دەیانەوێت ئەو سیستەمە بگۆڕن کە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر دایانمەزراندووە. ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای دابەشکردنی کوردستان و بێبەشکردنی کورد بنیات نرا. بەڵام ئەمڕۆ ئەم سیستەمە لە ناو گفتوگۆ و پێداچوونەوەدایە. بە تایبەتی شەڕی بەردەوامی ئێران و ئەمریکا – ئیسرائیل دەرفەتێکی نوێ بۆ هەموو گەلی ئێران و گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوڵقێنێت. ئێمە وەک کورد لەم شەڕەدا لایەنگری هیچ لایەک نین. بەڵام ئەگەر ئەم شەڕە دەرفەتی نوێ بۆ ئازادی بڕەخسێنێت، بێ گومان گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سوود لەو دەرفەتانە دەبینێت. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان شەش پارتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کراوە، کارێکی ئەرێنییە. هەرچییەک ڕووبدات، پێمان وایە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم قۆناغە مێژووییەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.
لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێرانەوە، ئێران بە بیانووی ئامادەبوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ناوچەیە، هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان. هاوکات ئێران درێژە بە سیاسەتی لەسێدارەدان دەدات. جگە لەوەش لە پێوەندی لەگەڵ ئەمەدا هێرش بۆ سەر کۆلبەرە کوردەکان زیادی کردووە و ڕۆژانە کۆلبەر دەکوژرێن. ئەمە دۆخێکی جددی و مەترسیدارە و نابێت قبوڵ بکرێت.
ئێمە ئەو هێرشانەی دەوڵەتی ئێران و بۆ سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەین. داوا لە پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیران و گەلەکەمان بە گشتی دەکەین لەسەر بنەمای یەکێتی نەتەوەیی لە دژی ئەو هێرشانە ڕاوەستن و هەڵوێستیان هەبێت.
هەروەها کۆبوونەوەکە داوا لە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکات کە بەرەیەکی هاوبەش لە پێناو بنیاتنانی وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیک پێکبهێنن و بە یەک دەنگ لە دژی ڕێژیم بوەستن.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هێزەکانی جیهانی دێموکرات دەکات کە خەڵکی ئێران بە تەنیا جێ نەهێڵن و پشتیوانی لە تێکۆشەرانی دژ بە ستەمکاران بکەن.
ماوەی ساڵ و نیوێکە بارودۆخێکی نوێ لە سوریا زاڵە. ڕژێمی بەعس روخا و هێزە سەلەفیەکان لە دیمەشق هاتنە سەر دەسەڵات. سەرەتای ئەمساڵ بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا، هێزەکانی ڕژێمی دیمەشق هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر. ئێمە وەک گەلی کورد لەو هێرشانەدا زیانێکی گەورەمان بەرکەوت. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا کورد و دۆستانی کورد بە ژمارەیەکی زۆر و بە یەکگرتوویی لە سەرانسەری کوردستان و جیهان ڕژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد. دواتر شەڕ وەستا و لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق ڕێککەوتن کرا. هەرچەندە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا واژۆ کرا، بەڵام هێشتا ئەو پرسە یەکلایی نەکراوەتەوە. بەم ڕێککەوتنە حکومەتی دیمەشق بە فەرمی دان بە بوونی گەلی کورد و مافە دەستوورییەکانیدا دەنێت، بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێککەوتنە بەو شێوەیەی کە دەخوازرێت جێبەجێ نەکراوە. جڤاتی گشتیی ئەم ڕێککەوتنە بە گرنگ دەزانێت، پشتیوانی لێدەکات و دەیەوێت بە زووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە لایەکی ترەوە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هێرشی زۆر بۆ سەر عەلەوی و مەسیحی و درووز کراوە. لەم دواییانەدا کۆمەڵکوژیی لە دژی عەلەوی و باوەڕدارانی دروز کراوە. ئەگەر ڕێوشوێنی پێویست نەگیرێتەبەر، ئەو کۆمەڵکوژییانە لە دژی عەلەوی و مەسیحی و کورد و دروز دووبارە دەبنەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئیدانەی هێرشەکانی سەر عەلەوییەکان و مەسیحییەکان و دروزەکان کرا و داوا لە هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان کرا دژی ئەو هێرشانە بوەستن و هەموو پێکهاتەکانی سوریا بپارێزن.
دەسەڵاتدارە نوێیەکانی دیمەشق دەیانەوێت سیستەمێکی ئیسلامی لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەو وڵاتە دامەزرێنن. بیرکردنەوە و بیرۆکەکانیان دوورە لە پێوەرە دیموکراسیەکان. ژنان و مافەکانی ژنان لە کارنامەی ئەواندا نیین. خەڵکی سێکۆلار و دیموکراتخواز لەژێر گوشاردان. ئەمەش دۆخێکی نادیای هێناوەتە کایەوە. ئەگەر سوریایەکی دیموکراسی دروست نەکرێت، نائارامییەکان بەردەوام دەبن و ڕەنگە سوریا دابەش ببێت. لەم ڕووەوە کورد دەبێ هۆشیار بێت و دۆست و هاوپەیمانەکانی زیاتر بکات
ڕۆژئاوا، بە گشتی، بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەرکێکی سەرەکییە. هەروەک پێشتر ئەم دۆخە لە کارنامە و پلانی کەنەکەدا دەبێت و چاودێری دەکرێت.
باشووری کوردستان، هەرێمێکی ئازادکراو و خاوەن پێگەی فیدراڵی، هیوایەکی گەورەیە و مایەی دڵخۆشییە بۆ هەموو کورد. هەرچییەک بێت، دەبێت ئەم دەستکەوتانە بپارێزرێن و پەرەیان پێبدرێت. پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوور ئەرکێکی نیشتمانییە. کەنەکە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوور هەستیارە. ئێمە دەمانەوێت ئەم دەستکەوتانە فراوانتر بکرێن و بخرێنە خزمەتی هەموو کوردێکەوە.
هەروەها دۆخێکی نادیار لە سەرتاسەری عێراقدا هەیە، ئەم دۆخە مەترسی لەسەر پێگەی کوردستان دروست دەکات. بەو پێیەی عێراق لە ناو قەیرانێکی گەورەدایە، دەستی دەرەکی زۆریش چوونەتە ناو عێراقەوە. لە ناوچەکانیی مادەی ١٤٠ پرۆسەی تەعریبکردن لە دژی دانیشتوانی کورد بەڕێوەدەچێت و لە چەندین شوێنیش دەست بەسەر زەویوزاری جوتیارانیدا دەگیرێت. کورد لە زۆر شوێن دەردەکرێن. بەداخەوە لەم دۆخە نادیار و مەترسیدارەدا، هێزە کوردییەکان یەکگرتوو نین و بە یەک دەنگ هەڵوێست ناگرن.
زیاتر لە ٢٠ مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردندا لە باشووری کوردستان، بەڵام تا ئێستا حکومەتی نوێ پێکنەهاتووە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمیش نەکراوە، پەرلەمان کارا نەکراوە. لەم کاتەدا یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد زۆر گرنگە. ئەگەر ئێمە وەک کورد یەکگرتوو نەبین، ڕەنگە قەوارەی فیدراڵی و زۆرێک لە دەستکەوتەکانمان نەمێنن. لە هەمان کاتدا دەکرێت ناوچە دابڕاوەکان (ناوچەکانی مادەی ١٤٠) بە تەواوی لە کوردستان داببڕدرێن. دیمۆگرافیای هەرێم لە ئێستاوە لە زۆر بواردا لە گۆڕاندایە. پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان ناکۆکیەکانیان وەلا بنێن و پێکەوە کار بۆ بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان بکەن.
لە سەرەتای شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانەوە، بە بیانووی مانەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ناوچەیە، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان زیادی کردووە. هێرشەکان تەنها بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات نیین، بەڵکو بۆ سەر هەموو باشووری کوردستانن. کۆبوونەوە بە توندی ئیدانەی ئەم دەستدرێژییانە دەکات و پشتیوانی لە گەل و سەرکردایەتی باشوور دەکات.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی شنگال و بارودۆخی باوەڕدارانی ئێزدی بە گشتی تاوتوێ کران. پرس و کێشەکانی شەنگال به ڕده وامن. شەنگال بەشێکە لە خاکی کوردستان. شەنگال لە زۆر لاوە هێرشی لەسەرە، پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران بۆ سەر شنگال بوەستن و شەنگالیش بپارێزرێت. پێویستە ناسنامەی ئێزیدی لە شنگال پارێزراو بێت و دیمۆگرافیای شنگال زیانی پێنەگات و خەڵکی شنگال خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی کوردانی فەیلیش باسکرا. پرسی کوردانی فەیلی ماوەیەکی زۆرە لە کارنامەی کەنەکەدایە. کەنەکە کۆمیتەیەکی تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کوردانی فەیلی دامەزراندووە و لە ئێستادا ئەم کۆمیتەیە سەرقاڵی کارکردنە. کوردی فەیلی لە زۆر ناوچەدا لەژێر فشار و هێرشدایە. بە تایبەتی لە ژێر هێرشی ئاسمیلاسیۆنێکی زۆر گەورەدان. ئەم پرسە تەنیا پرسی کوردانی فەیلی نییە، نەک تەنیا پرسی کەنەکە، بەڵکو پرسێکی نەتەوەییە و پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان بەدواداچوون بۆ دۆخی کوردانی فەیلی بکەن و چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە.
لە جڤاتی گشتییدا سەرنج خرایە سەر بارودۆخی باوەڕدارانی یارسان، باس لە کێشەکانیان کرا. ئیماندارانی یارسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ وەک کورد و چ وەک ئیمان لەژێر فشارێکی زۆردان. ئایینی یارسانیی باوەڕێکی دێرینی کوردستانە و دەبێت وەک خۆی بپارێزرێت.
کاتێک بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران باس دەکرێت، بەداخەوە زۆرجار دۆخی کوردانی خوراسان لەبیر دەکرێت. ئەمەش کەموکورتی زۆربەی لایەن و ڕێکخراوە کوردییەکانە. کەنەکە، هەر لە دامەزراندنیەوە و تا ئێستا، هەوڵی ئەوە دەدات کە تیشک بخاتە سەر بارودۆخی کوردانی خوراسان و نوێنەرایەتی خۆیان لە کەنەکەدا هەبێت. ئەگەر سنوورداریش بێت، نوێنەرایەتی کوردانی خوراسان لە کەنەکەدا هەیە. پێویستە ئەم نوێنەرایەتیە بەهێزتر بکرێت. پرس و کێشه کانی کوردی خوراسان ده بێت له کارنامه ی هه موو لایەن و ڕێکخراوه کوردیەکاندا بێت.
هەروەها بارودۆخی گەلی ئاشووری-سوریانی-کلدانیش لە کۆبوونەوەکەدا هێنرایە ئاراوە. گەلی ئاشووری-سوریانی-کلدانی گەلێکی دێرینی ناوچەکەمانن و لە دامەزراندنی کەنەکەوە و تا ئێستاش نوێنەرایەتییان لە کەنەکەدا هەبووە. لە کۆنسەی بەڕیوەبەریشدا جێگەیان هەیە. لە مێژوودا چەندین کۆمەڵکوژیی بەرامبەر ئەم گەلە ئەنجام دراوە. ئەو کەسانە نەک هەر لە ڕووی نەژادییەوە دەکرێنە ئامانج، بەڵکو لە رووی ئایینیشەوە ا هێرشی توندیان لەسەرە. لەگەڵ هاتنی داعش، گەلی ئاشووری-سوریانی-کلدانی یەکێک بوو لە ئامانجە یەکەمەکان و کۆمەڵکوژییان بەرامبەر کرا. بەهۆی ئەم کارەساتانەوە ژمارەی دانیشتووانییان لە ناوچەکەدا کەمی کردووە و بەرەو کەمتربوونەوەش دەچێت. پاراستنی ئەم گەلە دێرینە ئەرکێکی سەرەکی کەنەکە و هەموو هێزە کوردییەکانە. ئێمە هەمیشە لەم پرسەدا خۆمان بە ئەرکدار دەزانین. چارەنووس و ڕزگاریی گەلی کورد و گەلی ئاشووری-سریانی-کلدانی بەیەکەوە گرێدراون و سەرکەوتنیشیان هەر بە یەکەوە دەبێت.
هەروەک گەلی کورد، گەلی ئاشووری-سریانی-کلدانی، ئەرمەنی، عەرەب، تورکمان و گەلانی دیکەش لە کوردستاندا، دەبێ لەژێر گەرەنتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا مافی دیموکراسی خۆیان هەبێت. مافی ئەو پێکهاتانە نابێت ببنە قوربانی حیساباتی دەسەڵاتی سیاسی، دەبێت وەک گەلانی دێرینی ئەم وڵاتە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. پێویستە ئەو پێکهاتانە بەشداری لە هەموو بڕیارەکانی داهاتوودا بکەن و مافە دیموکراسییەکانیان لەسەر بنەمای ژمارە نەبێت، بەڵکو لەسەر تەوافوق و ڕێککەوتن بێت.
کەنەکە هەموو جۆرەکانی ڕەگەزپەرستی ڕەتدەکاتەوە، لە هەر لایەکەوە بێت. داوا لە هەموو هێز و دەسەڵاتە سیاسییە کوردییەکان و ئەو پێکهاتانەش دەکات، ڕێگە نەدەن کە هەندێک هێزی ناوخۆیی و دەرەکی لە ڕێی نەژادپەرستییەوە پەرە بە دووبەرەکی و پەرچەکردن بدەن.
بەشێکی زۆری کۆمەڵگای کوردستان باوەڕداری عەلەوین (ئەهلی هەق). ئەم ئایینەش ئیمانێکی دێرینی کوردستانە. باوەڕدارانی عەلەویی بە درێژایی مێژوو تووشی چەندین هێرش و کۆمەڵکوژی بوونەتەوە. ئێستاش ناتوانن بە پێی ئیمانی خۆیان عیبادەت بکەن و بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت بژین. ئەوان تووشی هەڵاواردن دەبن و کەم بەها سەیردەکرێن. لە هەمان کاتدا لەلایەن دەوڵەتەوە ئاسمیلە دەکرێن و هەوڵدەدرێت لە کۆمەڵگای سوننەدا بتوێندرێنەوە. زۆرێک لە ئەندامانی کەنەکە سەر بە ڕێبازی ئەهلی هەقن و نوێنەرانی ناو کەنەکەن. کەنەکە ڕێز لەم باوەڕە دەگرێت و بە هەموو شێوەیەک مافی باوەڕدارانی ئەهلی هەق دەپارێزێت.
هەروەها بارودۆخی کوردانی ئەنادۆڵی ناوەڕاست لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا بوو. نوێنەرانی پلاتفۆرمی کوردانی ئەنادۆڵی ناوەڕاست کە ئەندامی کەنەکەن، باسی بارودۆخی گەلەکەمانیان لە ناوچەکەدا کرد و کۆبوونەوەکەیان ئاگادارکردەوە. کوردەکانی ئەنادۆڵی ناوەڕاست لە مێژە وەک کوردانی ناوەڕاستی کوردستان جێگەی خۆیان لە شۆڕشدا گرتووە و خۆیان بە خاوەنی کوردستان دەزانن. بەهۆی ئەم دۆخەوە ڕووبەڕووی هێرشی ڕەگەزپەرستی دەبنەوە. پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان ئەم دۆخە بە جددی وەربگرن و گەلەکەمان لە ئەنادۆڵی ناوەڕاست بە تەنیا جێ نەهێڵن.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی کورد لە قەفقاسیا (وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو) تاوتوێ کرا. ماوەیەکە لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست وەک کازاخستان و قیرغیزستان هێرش دەکرێتە سەر کوردان. کورد نەک هەر لە کوردستان لەژێر هێرشدایە، بەڵکو لە هەموو جیهاندا لەژێر هەڕەشە و هێرشدایە. ئەم هەڕەشە و هێرشانە بەردەوام دەبن تا وڵاتێکی ئازاد بۆ کورد دادەمەزرێت. کەنەکە، لە هەموو شوێنێک و ناوچەیەکدا، مافەکانی گەلی کورد دەهێنێتە ناوبەرنامەی کار و کوردان دەپارێزێت.
دۆخی ژنانیش لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا بوو. نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان بە شێوەیەکی بەهێز بەشدارییان لە کۆبوونەوەی گشتیدا کرد و بە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەکانیان کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. ئەگەرچی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان پەرەی سەندووە و شوێنێکی بەرزی لە نێو دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی کوردستاندا گرتووە بەڵام کێشەی ئازادی ژنان لە وڵاتی ئێمەدا وەک وڵاتانی دیکەی جیهان چارەسەر نەکراوە. گەشەسەندنی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان جێگای شانازییە و لە ئاستی جیهانیشدا دەنگی داوەتەوە. بەڵام مەسەلەکە گەورەیە، پرۆسەیەکی قووڵ و درێژخایەنە. دەبێت ئەقڵیەتی هەزاران ساڵە بگۆڕدرێت. هەروەها بزووتنەوەکانی ژنان داوا دەکەن ژمارەی ژنان لە پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا زیاد بکرێن. ژنان ڕەخنە لە لایەنە سیاسییەکان دەگرن لەسەر تێڕوانینی پیاوسالاریی لە سیاسەتی کوردیدا و دەیانەوێت بە پێی ڕاستینەی ژن ڕێگای سیاسەت لە هەموو حزبەکاندا بەڕووی ژناندا بکرێتەوە،. بە تایبەتی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکرێت کە ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداریی ژنان لە کاروباری یەکێتیی و یەکڕیزیی نەتەوەییدا لاببەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ و چارەسەرەکان سەبارەت بە یەکێتی نەتەوەیی بە بەشداری ژنان بەهێزتر بکرێن.
پێویستە هەموو هەڵوێستە جیاکارییەکان بەرامبەر بە ژنان وەک هەڵوێستی دژە دیموکراسی هەژمار بکرێن و ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی ژنان لە سیاسەتدا ببێتە بنەمای لێکتێگەیشتن. کوشتنی ژنان چ لە ماڵەوە بێت یان لەسەر شەقامەکان و بە هەر بیانوویەک بێت، دەبێت وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەژمار بکرێت. ژنان دەبێ بە ئیرادەی خۆیان لە سیاسەت و دامودەزگاکانی بڕیارداندا جێگەی خۆیان بگرن. کەنەکە هەر جۆرە بە ئامرازکردنی ژنان لە سیاسەتدا ڕەتدەکاتەوە و ڕێز لە ئیرادەی ئازادی ژنان دەگرێت. داوا لە هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دەکات ڕێز لە ئیرادەی ژنان بگرن.
لە ساڵڕۆژی پەیمانی لۆزان کرا و لە یادی ١٠٣ ساڵەی پەیمانی لۆزان، وەک هەموو ساڵێک کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاری لۆزان بەڕێوە دەچێت.
پرسی دیپلۆماسی لە کۆبوونەوەدا خاڵێکی سەرەکیی بوو. زۆر باس لە یەکگرتووی دیپلۆماسیی کوردی و کوردستان کرا. پێویستی دامەزراندنی ناوەندێکی دیپلۆماسی هاوبەش وەک خواستێکی سەرەکیی هاتە بەر باس. لەو پێوەندییەدا دامەزراندنی “کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان” بوو بە کارنامەیەکی سەرەکیی کۆبوونەوە.
لە کۆنفرانسی ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزاندا، بە مەبەستی پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان کورد، بڕیاردرا بانگهێشت بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی بەرفراوان بکرێت. ئەم بابەتە وەک خاڵێکی سەرەکیی لە کۆبوونەوەکەدا قبوڵ کرا. ئەم بابەتە ماوەیەکە لە کارنامەی کەنەکەدایە. پێش جڤاتی گشتیی، کۆبوونەوەی ڕاوێژ لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتیی سەربەخۆ و دیاری کورد لە وڵاتانی جۆراوجۆر و سەرتاسەری کوردستان کرا و بۆچوون و پێشنیارەکانیان وەرگیران. دەتوانین بڵێین جڤاتی گشتیی ٢٤ـیەمین کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاریی بوو بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی بەرفراوان.کۆبوونەوەکە ئەم بابەتەی کردە بەشێکی سەرەکی لە پلاندانانی خۆی. ئامانج ئەوەیە کە لە ماوەی ئەمساڵدا بتوانین کۆنفرانسی بەرفراوانی نەتەوەیی بەڕێوەببەین و هەموو پرس و کێشەکانمان لەم کۆنفرانسەدا تاوتوێ بکەین و لەسەر بنەمای ستراتیژێکی هاوبەش یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین. لەم مانگانەی داهاتوودا کارە گەورەکانمان لەم بوارەدا بەرەوپێش دەچن. زۆر ڕوونە ئەو قۆناغەی ئێمە تێیداین قۆناغێکی ئاسایی نییە. قۆناغێکی گرنگە هەم بۆ گەلی کوردستان و هەم بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە. چارەنووسی گەلی کورد و چارەنووسی ناوچەکە لە رۆژانی داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە قۆناغێکی زۆر گرنگ و مێژوویی داین. لەئەنجامی ئەو شەڕەی ئێستادا دیار نییە لە پلانداناندا بۆ نەخشەی نوێی ناوچەکە تا چەندێک دەرفەت و پێگە بە کورد و کوردستان دەدرێت.. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لەم قۆناغە مێژووییەدا، گرنگترین شت بۆ ئێمە، واتە بۆ گەلی کورد، یەکێتی و یەکڕیزیی نەتەوەییە. لەم قۆناغەدا کاری یەکێتیی دیموکراتیکی کورد زۆر گرنگ و چارەنووسسازە وەک بڵێی “ئەگەر نەبێت نابێت”. بە واتایەکی تر لەم قۆناغە مێژووییەدا گەلەکەمان زۆر پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە، پێویستی بە داڕشتنی ستراتیژی هاوبەشە. بۆ ئەوەی دەرفەتە مێژووییەکان لەدەست نەدەین، بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی شایستەی خۆی بگرێت و بە ئازادی و سەربەخۆیی بژی، پەرەپێدانی ستراتیژی هاوبەش پێویستییەکی زۆر گرنگە.
دۆخی کوردستان و ناوچەکە هەستیار و ناڕوونە. هاوکات لەگەڵ مەترسییەکان دەرفەتیش هەن ئەگەر بتوانین بەکاریان بهێنین. چوار دەوڵەتی داگیرکەر لە ناو قەیرانی گەورەدان. دۆخی عێراق ناڕوونە و تاڕادەیەکی زۆر ناسەقامگیرە. دۆخی سوریا کاتییە و بۆ ماوەیەکی زۆر ناتوانێت خۆی ڕێکبخاتەوە. ئێران وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، لەگەڵ چەندین قەیران بەرەوڕووە. تورکیا هەرچەندە خۆی بە بەهێز دەزانێت و توانیویەتی لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا هەندێک ململانێی نێودەوڵەتی سەربخات، بەڵام لەهەمان کاتدا لە نێو قەیراندایە و داهاتووی نادیارە. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕێکی جیهانی هەیە. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەریەکەیان بە شێوازی خۆیان لایەنێکی ئەم شەڕەن. ناوچەکە بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە دەڕوات.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا ئەگەر بتوانین باشتر خۆمان ڕێکبخەین و یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین، دەتوانین پێگەیەکی هەمیشەیی بۆ هەموو کوردستان دابین بکەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە هەموو هێز و حزب و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانمان و هەروەها هەموو گەلەکەمان لە سەرتاسەری وڵات و لە هەر شوێنێک دەژین، باشتر یەکبگرن و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بەهێزتر بکەن و فراوانتر بکەن. بەم شێوەیە دەتوانین هەموو پیلان و پڕۆژەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر لە دژی کوردستان پووچەڵ بکەینەوە.
دۆخی کوردستان و جیهان کە لە سەرەوە شیکاری بۆ کراوە، ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەش ئاشکرا دەکات. شیکردنەوە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕیەکان بەس نیین بۆ ئێمە. بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان دەبێت بە هێز و ئیرادەیەکی زۆرەوە کار بکەین. جگە لەوەش پێویستە ماندوونەناسانە کاربکەین بۆ یەکێتی نەتەوەیی کە ئەرکی سەرەکیمانە. لەم ڕووەوە ئەگەر و دەرفەت هەن. هەروەها دەتوانین لە ئاستی جیهانیشدا کاری دیپلۆماسی بەهێز بکەین و دەبێت ئەوەش بکەین
بە کورتی؛ کات کاتی یەکگرتنە. کاتی چارەسەرکردنە. کاتی ئازادییە. کاتی کارکردنە.”
-
ئەنجومەنی وەزیران: داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە
|
-
لهنێوان ههڕهشهى ترهمپ و ملنهدانى ئێران؛ ئایا ڕێككهوتن دهكرێت؟
|
-
کەنەکە کارنامەی مێژوویی خۆی ڕاگەیاند
|
-
ترهمپ بیرۆكهى ههیه و ئێران گفتوگۆ لهسهر بهرنامه ئهتۆمیهكهى ناكات
|
-
نمایشێكى سهربازیی له چین به ئامادهبوونى سهرۆكى ڕووسیا و كۆریا؛ سهرۆكى ئهمریكا توڕه دهكات
|
-
ترهمپ خۆى بێلایهن دهكات؛ ئێران بهرپرسیارێتى دووبارهبوونهوهى هێرشهكانى ئیسرائیل دهخاته ئهستۆى ئهمریكا
|
-
لە بارەی كەیسی پێشمەرگەكەی پارتییهوه؛ ئاسۆ حاجى لهسهر چى كوژرا؟
|
-
پێشنیارە سێ ڕەهەندییەکەی ئۆجالان
|
-
کارەبا 24 کاتژمێریەکەی حکومەت بە پشتی مۆلیدە ئەهلییەکان بەردەوام دەبێت
|
|
|
|