7   کاتژمێر پێش ئێستا 139 جار خوێنراوەتەوە

کارەبا 24 کاتژمێریەکەی حکومەت بە پشتی مۆلیدە ئەهلییەکان بەردەوام دەبێت

ناوەندی هەواڵ

كاره‌باى 24 كاتژمێرى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى بۆ دروستبووه‌ و حكومه‌ت په‌نا بۆ مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كان ده‌باته‌وه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌كرد، "پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، تا كۆتایی ساڵی 2026، زیاتر لە 7 هەزار مۆلیدە بكوژێندرێتەوە و ژینگەی هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییەكی بەرچاو بەخۆیەوە ده‌بینێت".

لە هەرێمی کوردستان، کێشە بۆ کارەبای 24 کاتژمێریی دروستبووە و لە بەشێکی شارەکان موەلیدەکان کارناکەن، بەڵام لە پارێزگای هەولێر بڕیاردراوە هەموو موەلیدەکان کاربکەن. سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدەکان لە هەولێر دەڵێ، بۆ هەر ئەمپێرێک 5750 دینار وەردەگیرێ.

ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر، دوای کۆبوونەوەیەک بڕیاریان داوه‌ تەواوی موەلیدەکان لەنێو شار، قەزا و ناحیەکان لە نەبوونی کارەبادا کارپێبکەن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دوێنێ شەممە رایگەیاند، لای حکومەت "هیچ شتێک نەماوە بە ناوی موەلیدە"، بەڵام لەکاتی دروستبوونی کێشە بۆ کارەبای نیشتمانی، دەتوانن بە رێککەوتن لەگەڵ دانیشتووانی سنوورەکانیان رێکبکەون و کارەبایان بۆ دابین بکەن.

لە سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ موەلیدەکان بڕیاری کارکردنیان نەداوە. عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ڕایگه‌یاندووه‌، ئێمە کێشەمان ئەوەیە ئامادە نەبووین بۆ کارکردن و کەسیش هیچی پێ نەوتووین. لە 700 موەلیدەی نێو شار چەند دانەیەکی کەم کە ناگەنە 10 موەلیدە خۆیان دەستیان بەکارکردن کردووەتەوە. 

هه‌ر دوێنێ شەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی "کێشەی تەکنیکی و چاکسازییەوە" بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەتەوە و تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکانن.

ئەو ناوچانەی کێشەی کارەبایان هەیە، ئەو ناوچانەن کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی رووناکییەوە پێگەیشتووە. ناوچەکانی دیکە تاوەکو ئێستا لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدەکانیان کاردەکەن.

بەگوێرەی پڕۆژەکە، 85%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی رووناکییان پێگەیشتووە.

پڕۆژەی رووناکی مانگی 11ـی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەندرا، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواوی هەرێمی کوردستان کارەبایان بکرێتە 24 کاتژمێریی. به‌ڵام به‌پێى ئه‌و كێشانه‌ بێت كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ى بڕى غازى به‌رهه‌مهێنراو بۆى دروست ده‌بێت، پێناچێت تا كۆتایى ئه‌مساڵ هه‌موو كوردستان به‌و پڕۆژه‌یه‌ ڕووناك بكرێته‌وه‌.

نرخی کارەبای24 کاتژمێری بەپێی خەرجکردنی کیلۆوات

بەپێی پرۆژەکە وەزارەتی کارەبا بڕیاری لەسەر نرخی کارەبای24 کاتژمێری بەپێی خەرجکردنی کیلۆوات بەمێشێوەیە داوە:  

1- یەک بۆ 400 کیلۆوات 72 دینار

2- لە 400 وات بۆ 800 کیلۆوات 108 دینار

3-لە 800 وات بۆ 1200 کلیۆوات بە 175 دینار.

4-لە 1200 کیلۆوات بۆ 1600کیلۆوات بە 265 دینار.

5-لە1600 بۆ سەرەوە بە 350 دینار.

پێدانی کەرتە خزمەتگوزارییە حکومییەکان بەکەرتی تایبەت و زیادکردنی نرخی خزمەتگوزارییەکان بەخواستی کۆمپانیاکانی سەربەدەسەڵات، وایکردووە هاوڵاتیان بەردەوام گومانیان هەبێت و ترسی ئەوەیان لادروست بێت کە حکومەتی هەرێم بێ باکانە نرخەکانیان لەسەر گران بکات، بەئامانجی ئەوەی کاری کۆمپانیاکانی خۆیان بەباشی بڕوات،لەپرۆژەی ڕوناکیشدا هاوڵاتیان بەردەوام بەهۆی زۆری نرخەکانی کارەبا، پرۆژەکە ڕەتدەکەنەوە بەڵام بەرپرسانی هەرێم بێ گوێدانە بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیان و نەدانی مووچەو گرانی پێداویستییەکانی ڕۆژانە، بەویستی خۆیان کاری کۆمپانیاکانیان لەسەر هاوڵاتیان جێبەجێ دەکەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە 35 ساڵە نەیتوانیوە كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، لەكاتێكدا بەشێكی كارەباكەی دەفرۆشێتە چەند پارێزگایەكی عێراق و لە ڕێگەی مۆلیدەشەوە نەیتوانیوە كارەبای 24 كاتژمێری دابین بكات.

پرسیارەکە ئەوەیە دوای بەكارهێنانی دروشمی "کارەبای 24 کاتژمێری" و فرۆشتنی نەوت و غاز، بۆچی دەبێت ژێرخانی وزەی ئەم هەرێمە هێندە فشەڵ بێت کە بە ڕووداوێک یان کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی غاز بکەوێتە تاریکییەوە؟ لەکاتێکدا حکومەت بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەهۆی کوژاندنەوەی مۆلیدەکانەوە ژینگەی شارەکانی پاک کردووەتەوە.

  • پێشنیارە سێ ڕەهەندییەکەی ئۆجالان

  • کارەبا 24 کاتژمێریەکەی حکومەت بە پشتی مۆلیدە ئەهلییەکان بەردەوام دەبێت

  • دوێنێى لێ بووه‌ به‌ پێرێ؛ پارتى به‌ ناوی چاودێرێكه‌وه‌ وه‌ڵامى بافڵ تاڵه‌بانى ده‌داته‌وه‌

  • تۆم باراک لە عێراق؛ ستراتیژی ناوەندیی و بێدەنگکردنی چەکە یاخیبووەکان

  • گۆرانکارییەکان لایەنەکانی عێراق و هەرێمی تەنگەتاو کردووە؛پێکهێنانی حکومەت بە دەست و خەتی ئەمریکا و تورکیا و ئێران

  • ملیاره‌ بلۆككراوه‌كان؛ چۆن ئاسته‌نگى بۆ ڕێككه‌وتنى ئه‌مریكا و ئێران دروستكردووه‌؟

  • گرووپەکانی عێراق چۆن بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا دابەش دەکرێن؟

  • ئه‌م هه‌فته‌یه‌ شیعه‌كان بۆ پرسی پڕكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان كۆده‌بنه‌وه‌

  • ئۆجه‌لان په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌؛ خه‌باتی هاوبه‌شی نێوان كوردان ئه‌ركێكی مێژووییه‌

سەرەکی