2026-07-08 564 جار خوێنراوەتەوە

لە نێوان مەقاسە و نەبوونی کاشدا؛ فەرمانبەرانی کوردستان باجی درێژەکێشانی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن

پرۆسەی ناردنی پارەی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشەی کەمیی پارەی کاش لە وەزارەتی دارایی عێراق و ململانێی توند لەسەر بڕینی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕووبەڕووی دواکەوتن بووەتەوە و ناردنی پارەکە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دواخراوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئاشکرابوونی فشارە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بۆ ڕاگرتنی مووچە بە پاساوی پاکتاوی دارایی ساڵانی ڕابردوو، ئاڵۆزییەکی نوێی خستووەتە ناو هاوکێشەکەوە.

پرۆسەی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ جارێکی دیکە تووشی بەربەست بووەوە و بەپێی زانیارییەکان ڕەوانەکردنی پارەکە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دواکەوتووە، هۆکاری سەرەکیی ئەم دواکەوتنە کاتییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق لە ئێستادا بەدەست کێشەی نەبوونی پارەی نەختینەی پێویستەوە دەناڵێنێت و سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەی کاشە، چونکە سەرەڕای ئەوەی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەشکردووە، بەڵام هێشتا بەشێک لە سەرۆکایەتییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی بەغدا مووچەیان وەرنەگرتووە، لە پاڵ ئەم کێشە تەکنیکییەشدا، ناکۆکییەکی قووڵ لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەکان بەردەوامە و بەغدا سوورە لەسەر مەرجی وەرگرتنی ١٢٠ ملیار دینار وەک پشکی حکومەتی فیدراڵ و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر وەزارەتی دارایی کوردستان ئەو بڕە نەنێرێت ئەوا بە تەواوی مەقاسەی دەکات و لە کۆی پارەی مووچەکە دەیبڕێت، لە کاتێکدا شاندی هەرێم داوای کەمکردنەوەی ئەو بڕەی بۆ ٦٠ ملیار دینار کردووە بەڵام تا ئێستا بەغدا پابەندە بە ڕێککەوتنە کۆنەکەوە و حکومەتی هەرێمیش هۆشداری دەدات کە بڕینی ئەو پارەیە کورت هێنان و کێشە لە دابەشکردنی مووچەدا دروست دەکات.

هاوشانی ئەم قەیرانە داراییە، ململانێیەکی سیاسیی قورستریش لە پشت پەردەوە سەریهەڵداوە، بە جۆرێک لە کۆبوونەوەی حەوتی ئەم مانگەی نێوان فالح ساری وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەماندا، وەزیرەکە لە وەڵامی پەرلەمانتارانی کورددا ئاشکرای کردووە کە فشارێکی سیاسیی توندی لەسەرە بۆ ئەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان نەنێرێت، کە یەکێک لە سەرچاوەی ئەو فشارانە عەدنان فەیحان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە و بە نووسراوێکی فەرمی داوای کردووە پێش ناردنی مووچە دەبێت پاکتاوی دارایی سێ ساڵی ڕابردوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت بەو پاساوەی کە گوایە لە ڕابردوودا زیاتر لە پشکی خۆی پارە بۆ کوردستان نێردراوە، ئەم داواکارییەش لە کاتێکدایە کە دیلان غەفوور ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاندووە وەزیری دارایی دڵنیایی پێداون مووچەی ئەم مانگە خەرج دەکرێت بەڵام جەختی کردووەتەوە کە بۆ مانگەکانی داهاتوو پێویستە میکانیزمەکە لە ڕێگەی یاساوە بگۆڕدرێت و بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام ناڕوات، هاوكات سروە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە تا کاتی دەرچوونی یاسای بودجەی ٢٠٢٧ هیچ کێشەیەکی بنەڕەتی بۆ مووچە دروست نابێت.

پرسی پاکتاوی دارایی کە پێشتر لە سەردەمی تەیف سامی وەزیری پێشووشدا هەمیشە وەک کارتێکی فشار بەکارهێنراوە، لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بە داتا  ڕەتکراوەتەوە و ڕوونکراوەتەوە کە بەغدا هیچ ساڵێک پشکی تەواوی کوردستان کە ڕێژەی دوانزە پۆینت شەش کایە نە ناردووە و لە سێ ساڵی ڕابردوودا شەش مووچەی تەواوی فەرمانبەران فەوتاوە، بەپێی داتاکانی هەرێم، لە کۆی ٥٨ تریلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار شایستەی دارایی ڕاستەقینە، بەغدا تەنیا ٢٤ تریلیۆن و ٣٠٠ ملیار دیناری ناردووە کە دەکاتە تەنیا چل و یەک لەسەدی پشکەکەی، سەرەڕای ئەوەی لەو ماوەیەدا عێراق ١٦٥ تریلیۆن دیناری بۆ وەبەرهێنان خەرج کردووە بەڵام یەک دیناریشی بۆ پرۆژەکانی هەرێم نەناردووە، لە کاتێکدا کێشەی سەرەکی تر لەسەر داهاتی دەروازە سنوورییەکانە کە بەغدا داوا دەکات سەرجەم داهاتەکان بچنە حسابەکەی و دواتر پشکی هەرێم بنێرێتەوە بەڵام کوردستان پێی وایە دەبێت داهاتەکان لای خۆی بمێننەوە و پشکی فیدراڵی ڕەوانە بکات، و لە ناو ئەم هەموو ململانێ و لێدوانە دژبەیەکەی میدیاکانی پارتی و یەکێتی کە مژدەی ناردنیان دەدا، هەفتەکە کۆتایی هات و خەڵک و مووچەخۆرانی کوردستان بوونەتە زیانمەندی یەکەمی ئەم کێشمەکێشە بەردەوامە.

 

  • بانكه‌ بازرگانییه‌كانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانى ڕاپه‌رین و هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌

  • عێراق رێکارەکان توند دەکاتەوە و هەرێمی کوردستان ناچار بە جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی دارایی دەکرێت

  • داتاى خه‌رجی مووچه‌و به‌كاربردنی به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی عێراق

  • شاکاری گواستنەوە یان زیانی دارایی؟ بە بەهای زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار ئۆتۆمبێل لە کوردستاندا هەن

  • زیانە نەبینراوەکەی کاره‌ساته‌که‌؛ ئەو دوو ئاگرەی گیرفانی قۆرخکارانی پڕکرد و سییەکانی سلێمانی سووتاند

  • بە ئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکانی هەرێم؛ بەغدا کۆنترۆڵی داهاتە داراییەکان توندتر دەکات

  • هەوڵەکان بۆ چارەسەری قەیرانی بەنزین چڕ دەبنەوە؛ ١٦٩ پەرلەمانتار گوشار دەخەنە سەر زەیدی و  سامانە سروشتییەکانیش وەڵامی بەغدا دەداتەوە

  • لە نێوان چاپکردنی دراو و قەرزی ناوخۆییدا؛ کورتهێنانی دارایی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوا دەخات

  • حكومەتی هەرێم ماوەی مۆڵەتی بێ مووچەی كەم كردەوە

سەرەکی