5   کاتژمێر پێش ئێستا 102 جار خوێنراوەتەوە

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ نەتەنیاهۆ و زێلێنسكی

وتەبێژی كۆشكی سپی ڕۆژی سێشەممە كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكانی سەرۆكی ئەمریكای، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆكی ئۆكرانیا ڕاگەیاند.كۆبوونەوەكانیشی بە ئەرێنی و بنیاتنەر وەسف كرد.

كارۆلین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، دیدارەكانی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا و بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی بە ئەرێنی و بنیاتنەر وەسف دەكات.

كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهۆ سەعات و نیوێكی خایاندووە، ئەمەش یەكەم چاوپێكەوتنیانە لەوكاتەوەی ئەمریكا لە شوباتی ئەمساڵ هێرشی بۆسەر ئێران دەستپێكردو ئیسرائیلیش بەشداری كرد.

هەرچەندە دوای كۆبوونەوەكە ترەمپ و نەتەنیاهۆ قسەیان بۆ میدیاكان نەكرد، بەڵام كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی بە ئەرێنی و سەرنجڕاكێش و بنیاتنەر وەسف كرد.

وتەبێژەكەی كۆشكی سپی، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر ئاشكرا بكات، وتی كۆبوونەوەی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بەشێوەیەكی ئەرێنی و بنیاتنەر بەڕێوەچوو.

هەروەها هەژماری ڕەسمی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وێنەی دیدارەكەی بنیامین نەتەنیاهۆ لەگەڵ ترەمپ و لێپرسراوانی باڵای حكومەتی ئەمریكا بڵاوكردووەتەوە.

لەوكاتەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەمی بووەتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ئەمە هەشتەمین كۆبوونەوە و دیداریەتی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، هەرچەندە هەندێك جار بەهۆی ناكۆكیەكان لەگەڵ ئێران، پەیوەندی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهۆش تێكچووە.

پێشتر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، لە میانی دیدارەكەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمەریكا، تاوتوێی بەهێزكردنی تواناكانی بەرگری ئاسمانی ئۆكرانیا و هاوكاری بەرگری و پرۆسەی دیپلۆماسی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا كردووە.

دوای دیداری لەگەڵ ترەمپ، زێلێنسكی پەیامێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوكردەوە و دیدارەكەی لە كۆشكی سپی بە باش وەسفكرد و هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی ئۆكرانیا و پێشخستنی ئاشتی بەرز نرخاند.

سەرۆكی ئۆكرانیا هەروەها ڕایگەیاند كە لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، بە بۆنەی كۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهام، سەرەخۆشی خۆی بۆ سەرۆك ترەمپ دەربڕیوە. لە پەیامەكەدا نووسیویەتی لیندزی گراهام هاوڕێیەكی ڕاستەقینەی ئۆكرانیا بوو.

زێلێنسكی ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا باسیان لە مۆڵەتدان بە سیستمی بەرگریی مووشەكی پاتریۆت و چەند پێشنیارێكی دیكە كردووە كە دەتوانن یارمەتی ئۆكرانیا بدەن.

بە وتەی سەرۆكی ئۆكرانیا، هەردوولا ڕێبازی دیپلۆماسیشیان تاوتوێ كردووە و تەئكیدیان لەسەر زیندووكردنەوەی پرۆسەی دیپلۆماسی بۆ ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا كردووەتەوە.

وتیشی، تیمەكانی هەردوو وڵات كار لەسەر وردەكارییەكانی بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان واشنتۆن و كیێڤ دەكەن.

لە كۆتاییدا زێلێنسكی، پشتگیری یەكلاكەرەوەی ئەمریكای بۆ ئۆكرانیا بەرز نرخاند و وتی  سوپاسگوزارە بۆ ئەم پشتگیرییە.

 

 

  • ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ نەتەنیاهۆ و زێلێنسكی

  • زەیدی و ئەردۆغان لەسەر چی ڕێككەوتن؟

  • دوای زیاتر لە دوو ساڵ؛ پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی شکاند

  • دوای پچڕانێکی دوو مانگی؛ دەرگای ئیمراڵی دیسان کرایەوە

  • دوورخستنەوەی کەریم خان و کشانەوەی ڤەنزوێللا؛دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەبەردەم زریاندا

  • لە سایەی بێدەنگیی  لەگەڵ ئەمریکا؛ ئێران جەنگە سنووربەزێنەکەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕتر دەکاتەوە

  • داپۆشینی بێبەرنامەیی و گەندەڵی؛ چۆن حکومەتی هەرێم قەیرانی سووتەمەنی و پچڕانی کارەبای خستە ئەستۆی کۆمپانیاکان و بەغدادەوە؟

  • یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا؛ پرسی کورد دەگوازرێتەوە بۆ سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی

  • پەککەوتنی حکومەت و قەیرانی مووچە و بەنزین؛ هاووڵاتیانی هەرێم بێهیوا بوون و بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان کۆچ دەکەن

سەرەکی