1     کاتژمێر پێش ئێستا 36 جار خوێنراوەتەوە

"لە هێڵی سووری 'جورفلسەخر'ەوە تا پەرلەمان؛ ئایا زەیدی کۆتایی بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دێنێت؟"

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، عەلی فالح زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لێکردوون پڕۆژەیاسایەک بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەپێی ڕێکارە دەستوورییەکان ئامادە بپەرژێنن.

لە کۆبوونەوەکەدا، ڕەوشی گشتیی وڵات و ئەو هەوڵانە خرانە ڕوو کە دەزگا ئەمنییەکان بە هەموو یەکە و پێکهاتەکانیانەوە بۆ سەپاندنی ئاسایش، سەقامگیری، و پاراستنی سنوور و ئاسمانی عێراق لە بەرامبەر هەڕەشە جیاوازەکاندا دەیدەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە "مەترسیدارترین شت کە هەڕەشە لەسەر دەوڵەت دروست دەکات چەکی بێکۆنتڕۆڵە، چونکە دەسەڵاتی یاسا و شکۆی دامەزراوە ئەمنییەکان لاواز دەکات." ئاماژەی بەوەش داوە کە بەهێزکردنی تواناكانی دامەزراوەی سەربازی، مەرجی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی، کە ڕاستەوخۆ بە سەقامگیریی ئابووری، سیاسی و ئەمنییەوە بەستراوەتەوە.

سەردانە بەپەلەکەی قائانی بۆ بەغداد؛ بڕیارەکان پێچەوانە دەبنەوە

لە کاتێکدا بڕیار بوو وەفدێکی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕووبکاتە تارانی پایتەختی ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان، پلانی کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی لەناکاو گۆڕدرا. دوای ئەوەی زانیاریی بەپەلە گەیشتە دەست ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ناوبراو ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو خۆی هاتە بەغداد لەبری ئەوەی لە تاران پێشوازی لە وەفدەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بکات.

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی دژەتیرۆر جووڵەیان بەرەو بەغداد کرد؛ ئەمەش وەک پەیامێکی بەهێز و ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران زەیدی تەمەشاکرا بۆ ئەو گرووپانەی ڕەتیدەکەنەوە ملکەچی بڕیارەکانی دەوڵەت ببن.

کێشەی هێڵی سووری "جورفلسەخر"

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەلحوڕە"ی ئەمریکی، سەردانەکەی قائانی بۆ بەغداد بە پلەی یەکەم پەیوەست بووە بە دۆسیەی چەکی گرووپە چەکدارەکانەوە، بەڵام ئەوەی هاتنەکەی خێراتر کرد، بەپێی سەرچاوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، تایبەت بووە بە دۆسیەی ناوچەی "جورفلسەخر".

زانیاریی لە ناو خودی گرووپەکانەوە دزەی کردبووە ناو تاران، کە سەرۆک وەزیران بەنیازە بچێتە ناو ئەو ناوچەیەی گرووپەکان ناویان ناوە "جورفلنەسر"—شوێنێک کە دوای ئازادکردنی لە دەستی داعش، هیچ هێزێکی ئەمنیی فەرمیی عێراق نەیتوانیوە بچێتە ناوی. سەرچاوەکانی حکومەتی عێراق ڕایانگیاندووە، هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر و هێزە سەربازییەکانی تر لە ئامادەباشیی تەواودا بوون بۆ چوونە ناو ئەو ناوچەیە لە هەر ئان و ساتێکدا.

تاران کە وەک شوێنێکی ستراتیجیی گرنگ سەیری جورفلسەخر دەکات، هەستی بە هەستیاریی دۆخەکە کردووە و ڕاستەوخۆ دوای دزەکردنی زانیارییەکان، قائانی گەیشتووەتە بەغداد.

پووچەڵکردنەوەی پەلاماری درۆنی و دەستگیرکردنی تۆڕێکی چەکدار

هاوکات لەگەڵ ئەم ئامادەکارییە سەربازییانەدا، دەزگای دژەتیرۆر و دەزگای هەواڵگریی عێراق توانییان تۆڕێکی چەکدار دەستگیر بکەن کە پلانی هێرشکردنیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هەبووە. ئەندامانی تۆڕەکە لە کاتی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکاندا دەستگیرکران و دەست بەسەر کەرەستە و درۆنەکانیان گیرا؛ ڕووداوەکە لە پارێزگای بابل ڕوویدا کە ناوچەی جورفلسەخریش دەکەوێتە چوارچێوەی سنووری ئیداریی هەمان پارێزگاوە.

تاران لەنێوان هێورکردنەوە و سووربوونی زەیدیدا

بە وتەی سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە کۆبوونەوەکانیدا فەرماندەی فەیلەقی قودس هەوڵی داوە جەخت لە گرنگیی ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەر جۆرە پێکدادانێک لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکاندا بکاتەوە. لە هەمان کاتدا، قائانی هانی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوە کە دیالۆگ لەگەڵ زەیدیدا بکەن سەبارەت بە گرنگیی نەشکاندن و لاوازنەکردنی ڕێژەی پێگەی ئەو گرووپانە.

بەڵام سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەش کردووە، زەیدی زۆر پێداگرە لەسەر هەنگاونان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ هەر گرووپێک کە دەستبەرداری چەکەکەی نەبێت دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی حکومەتی عێراق دیاری کردووە.

لە بەرامبەردا، هەوڵ و دانوستان لەلایەن سەرکردە شیعییەکانەوە لە ئارادایە بۆ دروستکردنی جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لەنێوان گرووپەکان و زەیدیدا؛ لێکتێگەیشتنێک کە لەسەر بنەمای دانەماڵینی تەواوەتیی چەک و ئەنجامندانی هێرش بێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی کەنداو، کە تاران دەیانکاتە ئامانج.

لە کۆتاییدا، سەردانەکەی فەرماندەی سوپای پاسداران—کە لە لیستەکانی تیرۆری ئەمریکادایە—هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیی نەبووە؛ سەرچاوەیەکی نزیک لە زەیدی ڕایگەیاند سەرۆکی حکومەتی عێراق تەنیا بەدوای پەیوەندییەکی سیاسیدا دەگەڕێت لەگەڵ ئێران، نەک پەیوەندییەکی سەربازی، و سەرلەبەری ئەو بیرۆکەیەی ڕەتکردووەتەوە کە پێشوازی لە فەرماندەیەکی سەربازیی دەرەکی بکات.

  • "هەڕەشەکانی پاسداران و کۆتایی مۆڵەتی گرووپەکان؛ وەفدێکی باڵای پێشمەرگە لە ئوردن بەشداریی کۆبوونەوەیەکی هەستیار دەکات

  • "لە هێڵی سووری 'جورفلسەخر'ەوە تا پەرلەمان؛ ئایا زەیدی کۆتایی بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دێنێت؟"

  • ململانێکان لە هورمزەوە بۆ کوردستان؛ مووشەک و درۆنەکانی ئێران ڕوویان کردووەتەوە هەرێم

  • "ململانێی پێکهێنانی حکومەت؛ چۆن یاری بە چارەنووسی دەرچووان کرد؟

  • دەیەیەک بەسەر بێدەنگکردنی پێنووسێکدا تێپەڕی؛ ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن

  • میلیشیاكان چۆن و بۆچی كۆگاى سوپاى عێراقیان كردووه‌ته‌ ئامانج؟

  • چرای سەوزی پەرلەمانی تورکیا بۆ 'یاسای چوارچێوە'؛ گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نوێ و گۆڕانکاری لە پرۆسەکەدا

  • لەنێوان هیوای گەڕانەوە و ئاڵۆزیدا؛بۆچی لە سه‌رێكانێ هێرشکرایە سەر یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان؟

  • قائانى بۆچى له‌ به‌غداد بوو؟

سەرەکی