2   کاتژمێر پێش ئێستا 45 جار خوێنراوەتەوە

ململانێکان لە هورمزەوە بۆ کوردستان؛ مووشەک و درۆنەکانی ئێران ڕوویان کردووەتەوە هەرێم

لە کاتێکدا ئاڵۆزی و ململانێ سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا (بە تایبەت لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک گەرووی هورمز) گەیشتوونەتە لووتکە، تاران بەردەوامە لە ئاڕاستەکردنی هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ هێرش یان هەڕەشەیەک لە هەرێمەوە بۆ سەر ئاسایشی ئێران ئەنجام نەدراوە.

دوێنێ کاتژمێر ١٣:٢٠، سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە بە هێرشی مووشەکی، بارەگاکانی ئەو حیزبەی لە دۆڵی "ئالانە" کردووەتە ئامانج. بەپێی وتەی سەرچاوەکە، هەرچەندە هێرشەکە توند بووە، بەڵام بەهۆی ئامادەباشی و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی پاراستن، هێزەکانی کۆمەڵە توانیویانە خۆیان بە سەلامەتی بپارێزن و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر بوونی قوربانی یان زیانی مرۆیی نادۆزرێتەوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە درێژەی هەڵمەتە بەردەوامە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانە بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو هەرێمدا. بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵە، لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکاوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٢ مووشەک و درۆن ئاڕاستەی بارەگا و ئۆردوگاکانیان کراون.

هاوکات سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، چوار درۆنی نەناسراو لە چەند شوێنێکی جیای سەربە قەزای سۆران (لە باکووری هەولێر) کەوتوونەتە خوارەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام پاشماوەی یەکێکیان لەسەر ماڵی هاونیشتمانییەک لە سەنتەری سۆران کەوتووەتە خوارەوە و زیانی مادی بە ماڵەکە گەیاندووە. هەروەها دوو درۆنی تر لە نزیک گوندێک لە قەزای خەلیفان و دانەیەکیش لەسەر چیای بەنی هەریر لە ناحیەی هەریر کەوتوونەتە خوارەوە، کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە پوش و پاوانی ناوچەکە.

لە لایەکی ترەوە، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی مووشەکی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە چیاکانی بالیسان. بەپێی بەیاننامەکەی حزبی دیموکرات، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ڕژێمی ئێران لانیکەم ١٥٢ هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بارەگاکانیان.

شایانی باسە، لە دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان، تا ئێستا ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١٤ کەسی تریش بریندار بوون.

  • "هەڕەشەکانی پاسداران و کۆتایی مۆڵەتی گرووپەکان؛ وەفدێکی باڵای پێشمەرگە لە ئوردن بەشداریی کۆبوونەوەیەکی هەستیار دەکات

  • "لە هێڵی سووری 'جورفلسەخر'ەوە تا پەرلەمان؛ ئایا زەیدی کۆتایی بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دێنێت؟"

  • ململانێکان لە هورمزەوە بۆ کوردستان؛ مووشەک و درۆنەکانی ئێران ڕوویان کردووەتەوە هەرێم

  • "ململانێی پێکهێنانی حکومەت؛ چۆن یاری بە چارەنووسی دەرچووان کرد؟

  • دەیەیەک بەسەر بێدەنگکردنی پێنووسێکدا تێپەڕی؛ ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن

  • میلیشیاكان چۆن و بۆچی كۆگاى سوپاى عێراقیان كردووه‌ته‌ ئامانج؟

  • چرای سەوزی پەرلەمانی تورکیا بۆ 'یاسای چوارچێوە'؛ گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نوێ و گۆڕانکاری لە پرۆسەکەدا

  • لەنێوان هیوای گەڕانەوە و ئاڵۆزیدا؛بۆچی لە سه‌رێكانێ هێرشکرایە سەر یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان؟

  • قائانى بۆچى له‌ به‌غداد بوو؟

سەرەکی