1     کاتژمێر پێش ئێستا 32 جار خوێنراوەتەوە

شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغدا؛ کێشمەکێشی نوێ لەسەر داهاتی گومرگ و بودجەی ٢٠٢٧ دروست دەبێت

بڕیارە ئه‌مڕۆ وه‌فدێكى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوریی هه‌رێمى كوردستان بگاته‌ بەغدا، به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى تایبه‌ت به‌ ئاماده‌كردنى ره‌شنووسى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتیی ساڵى ٢٠٢٧ى عێراق. ئامانجی سەرەکیی سه‌ردانه‌كه‌ جێكردنه‌وه‌ى بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ پرۆژه‌یاساکەدا بەر لەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام هاوكات پرسی داهاتی دەروازە سنوورییەکان دانوستانەکانی دووچاری ئاستەنگێکی نوێ کردووەتەوە.

گۆڕینی بڕگەکانی ڕێککەوتن؛ بەغدا داوای ١٠٠٪ی داهاتی دەروازەکان دەکات

کێشەی سەرەکیی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەستە بە پرسی بەڕێوەبردنی گومرگ و داهاتی دەروازە سنوورییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا". بەپێی وتەکانی سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ، ڕێککەوتن کرابوو کە پێشنیازەکان بە دوو بڕگەی جیاواز (ئەلف و با) رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكرێن تاوەکو بڕیاریان لەسەر بدرێت؛ کە بریتی بوون لە وەرگرتنی ١٠٠٪ی داهات لەلایەن هەرێمەوە و دانەوەی ٥٠٪ی بە بەغدا، یان بەستنەوەی دوو هەژماری جیاواز لەناو سیستەمەکەدا.

بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، دوای چەندین مانگ لە دواکەوتنی وەڵام، نووسراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیان بەدەست گەیشتووە و تێیدا بڕگەی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی تاکلایەنە دەستکاری کراوە. لە نووسراوەکەدا بەغدا داوای کردووە دەبێت ١٠٠٪ی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بگەڕێنرێتەوە بۆ گەنجینەی گشتیی عێراق. شاندی دانوستاندنکاری هەرێم ئەم هەنگاوەی بە "سەرپێچیی یاسایی، دەستکاریی شەخسی و رێگری لە پرۆسەی ڕێککەوتن" ناوزەد کردووە، چونکە بەبێ ئاگاداری لایەنی هەرێمی کوردستان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئابووری دەستکاری کراوە.

پێشنیازەکەی سەرۆکوەزیران و هەڵوێستی هەرێم

لە دوا کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیازێکی نوێی خستووەتە ڕوو کە تێیدا هاتووە: هەموو داهاتی دەروازەکان بۆ خۆتان بێت، بەڵام لە بەرامبەردا بڕەکەی بە تەواوەتی لە پشکی مووچەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت. شاندی هەرێمی کوردستان ئەم پێشنیازەیان بە تەواوەتی ڕەتکردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە داوای دابەشکردنی داهاتەکە بە رێژەی ٥٠٪ بە ٥٠٪ دەکەن و دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بكرێت.

لەلایەکی ترەوە، سێ تەوەر لە دانوستانەکانی نێوان هەردوولادا یەکلاینەکراونەتەوە کە بریتیین لە: پرسی دەروازە نافەرمییەکان (کە حەوت دەروازە لە هەرێم فەرمین بەڵام بەغدا دانیا پێدا نەنیاوە)، پرسی لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، و لە هەموویان گرنگتر پرسی خاوەندارێتی و دابەشکردنی داهاتی گومرگییەکان.

چارەسەری کاتی و فشاری نێودەوڵەتی

تیمی دانوستاندنکاری هەرێم پێشبینی دەکات بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی ٥٠٪ بە ٥٠٪ بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی یاسای بودجە جێبەجێ دەکرێت. لە هەمان کاتدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ئەم پرسە بۆ ماوەی هەفتەیەک دواخراوە.

دۆسیەی نەوت، مووچە، دەروازە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ چەندین ساڵە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. سەرباری ڕێککەوتنی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، تاوەکو ئێستا چارەسەری بنەڕەتییان بۆ نەدۆزراوەتەوە.

بەپێی ئاماژەکان، حکومەتەکەی عەلی زەیدی هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیانە دەدات، و زانیارییەکان ناوەڕۆکی ئەوە ئاشکرا دەکەن کە خواستی ئیدارەی ئەمریکاش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە یەکجاری سفر بكرێنەوە.

جێی ئاماژەیە، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" لە دەروازەکاندا گۆڕانکاریی گەورەی دروستکردووە. عومه‌ر وائیلی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی بەستنەوەی دەروازەکان بە تۆڕی سەرەکی لە بەغدا، داهاتی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٢.٥ ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، کە تەنیا لە مانگی تەممووزدا گەیشتووەتە نزیکەی ٥٦٠ ملیار دینار، ئەمەش گرنگیی ئابووری و دارایی ئەم دۆسیەیە لە نێوان هەردوو حکومەتدا زیاتر دەردەخات.

 

  • هەولێر ئامادەیە نەوت ڕادەست بکات؛ پێشنیازێکی نوێی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر پرسی سووتەمەنی

  • شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغدا؛ کێشمەکێشی نوێ لەسەر داهاتی گومرگ و بودجەی ٢٠٢٧ دروست دەبێت

  • مەترسییەکە سەرهەڵدەداتەوە؛ ڕاستڕەوەکان لە ئەڵمانیا بەرەو سەرکەوتن

  • گوشارە هاوتەریبەکانی ئێران؛ لە ئامانجگرتنی ئۆپۆزسیۆنەوە تا دروستکردنی ئاستەنگ بۆ چەکی دەستووریی هەرێم

  • بۆچی وڵاتان زێڕەکانیان لە ئەمریکا دەکێشنەوە؟

  • دوو پێنت هاوسی گرانبەها کە پەیوەندییان بە موجتەبا خامنەییەوە هەیە لە لەندەن بۆ فرۆشتن دانراون

  • ئۆجالان، بایک و قەرەیلان نەخشەڕێگەی نوێ ئاشکرا دەکەن

  • عێراق سیستمی بودجەی دەگۆڕێت؛ جێگیرکردنی گرێبەستەکان لە سایەی ئاڵنگارییە داراییەکاندا

  • جەمیل بایک: پرۆسەی ئاشتی لەبەردەم بنبەستدایە و پێویستی بە هەنگاوی یاسایی و سیاسییە

سەرەکی