1 کاتژمێر پێش ئێستا
47 جار خوێنراوەتەوە
لە هەرێمی کوردستان؛ 843 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن و نیگەرانیی دیمۆگرافیش هەڵکشاوە
لە کاتێکدا دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەرووی 6.5 ملیۆن کەس، بەڵام بوونی زیاتر لە 843 هەزار ئاوارە و پەنابەر وادەکات کە ئەم توێژە نزیکەی 13%ـی کۆی گشتیی دانیشتووانی هەرێم پێکبهێنن؛ دۆخێک کە بە وتەی شارەزایان گۆڕانکاریی قووڵ لە باڵانسە دیمۆگرافییەکاندا دروست دەکات.
بەپێی داتا و ئەنجامە فەرمییەکانی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کە لە مانگی 11ـی ساڵی 2024 بەڕێوەچوو و لە کۆتایی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجامەکانی بڵاو کرانەوە، کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 46,118,793 کەس. لەم چوارچێوەیەدا، پشک و دابەشبوونی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ قەبارەی ئاوارە و پەنابەران، دیمەنێکی نوێی دیمۆگرافیی ناوچەکەی خستووەتە ڕوو.
دابەشبوونی دانیشتووان و ئاماری فەرمی
ئەنجامەکان دەریدەخەن کە کۆی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 519 هەزار و 129 کەس، کە بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون: پارێزگای هەولێر دوو ملیۆن و 517 هەزار و 534 کەس، سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 401 هەزار و 724 کەس، و دهۆکیش 1 ملیۆن و 599 هەزار و 871 کەس. هەروەها دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (کە ناوچەکانی وەکو کەرکووک، خانەقین، شنگال، مەخموور، خورماتوو و چەند ناوچەیەکی تر دەگرێتەوە) گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 949 هەزار و 983 کەس.

قەبارە و دابەشبوونی ئاوارە و پەنابەران
لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان 843 هەزار و 300 ئاوارە و پەنابەر نیشتەجێن. لە ڕووی جوگرافییەوە، پارێزگای دهۆک پشکی شێری بەرکەوتووە بە ڕێژەی 45% کە دەکاتە 377 هەزار و 416 کەس؛ هەولێر بە 331 هەزار و 755 کەس (39%) لە پلەی دووەمدایە، و سلێمانیش بە 134 هەزار و 129 کەس (16%) لە پلەی سێیەمدایە.
لە کۆی ئەم ژمارەیە، 273 هەزار و 990 کەس پەنابەرن (نەک ئاوارەی ناوخۆیی عێراق)، کە زۆرینەی ڕههایان واتە سەرووی 93%ـیان (256 هەزار و 715 کەس) هاووڵاتیی سوریین. هاوکات 8 هەزار و 506 ئێرانی، 6 هەزار و 726 تورک، 894 فەڵەستینی و 1 هەزار و 149 کەس لە وڵاتانی تر لە هەرێم دەژین.
پرسی دیمۆگرافی و نیگەرانیی شارەزایان
تەنها لە هەولێری پایتەختدا، 187 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی عێراق (کە سەرجەمیان عەرەبن) هەن کە زۆربەیان بە یەکجاری نیشتەجێ بوون؛ بە جۆرێک کە 163 قوتابخانەی عەرەبی لە هەولێر هەن و زیاتر لە 60 هەزار قوتابی تێدا دەخوێنن و ئەم ئاوارە ناوخۆییانە 7%ـی دانیشتووانی هەولێر پێکدەهێنن.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە ڕێژەی لەدایکبوون لە نێوان خێزانە کوردییەکاندا ڕووی لە کەمبوونەوەیەکی بەرچاو کردووە. ئەمەش وای کردووە کە چاودێران و شارەزایانی دیمۆگرافیا هۆشداریی توند بدەن لە لێکەوتە سیاسی و دیمۆگرافییەکانی زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی هاووڵاتییانی ناتایک لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە بەشێکی زۆریان لە ئێستاوە بوونەتە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون و سەرمایەی گەورە لە ناوچەکەدا.
-
کۆبوونەوەی سێ کاتژمێری واشنتون و تاران؛ ترەمپ پێشبینی ڕێککەوتن دەکات و ئێرانش مەرجەکانی ڕادەگەیەنێت
|
-
لە هەرێمی کوردستان؛ 843 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن و نیگەرانیی دیمۆگرافیش هەڵکشاوە
|
-
ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی ڕووناکی لە پێنجوێن؛ هێزێک خێمەی سوتاند و دەیان خۆپیشاندەری دەستگیرکرد
|
-
دوای دابەزینی بۆ 1.5%؛ سوپای عێراق دەرگا بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە
|
-
لە نیویۆرکەوە بۆ بەغداد؛ عەلی زەیدی خشتەی کاتیی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت ئاشکرا دەکات
|
-
بۆ پشکنینی DNA و ناسینەوەی هۆکارەکان؛ دەستکرا بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی تری بە کۆمەڵی قوربانیانی شنگال
|
-
خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و خولیای ڕۆشنبیری؛ئەڵمانەکان خۆیان فێری کوردی دەکەن
|
-
وردەکاری یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان
|
-
قەیرانی بەنزین و لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت؛ بەغداد دەتوانێت خواستی هەرێم لە سووتەمەنی پڕبکاتەوە؟
|
|
|
|