8   کاتژمێر پێش ئێستا 77 جار خوێنراوەتەوە

وەڵامی توندی عێراقچی بۆ ناتانیاهۆ و ترەمپ: ئێرانیش ئەرکێکی تەواونەکراوی هەیە

لە گەرمەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئیسرائیل و ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاڵوگۆڕی توندی لێدوان و هەڕەشە لە نێوان سەرکردەکانی ئیسرائیل و ئێراندا گەیشتووەتە لوتکە. ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هاتن کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پشتیوانی بێمەرجی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بۆ هەڵبژاردنەوەی ڕاگەیاند و بە هۆکارێکی سەرەکی مانەوە و ئاسایشی قەوارەی ئیسرائیلی دانا.

ناتانیاهۆ لە پەیامێکدا بۆ دەنگدەرانی وڵاتەکەی جەختی کردەوە کە هاوبەشیی نێوان ئیسرائیل و ترەمپ پێشتر ڕێگری لە گەشەی بەرەی ئێران کردووە و مەترسیی ئەتۆمی دوورخستووەتەوە. وتیشی ئامانجی سەرەکییان لە دوو ساڵی داهاتوودا پووچەڵکردنەوەی تەواوەتی هەڕەشەی ئەتۆمی ئێرانە و ئەم پرۆسەیەش تەنها بە هاوکاری ڕاستەوخۆی نێوان خۆی و ترەمپ بەئەنجام دەگات.

لە وەڵامدا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە سەکۆی "ئێکس" وەڵامی هەڕەشەکانی ناتانیاهۆی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە دوایین جار ئیسرائیل هەوڵی دا ئەرکەکەی تەواو بکات، ئێران بە بەهێزتر هاتە دەرەوە. عراقچی ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت ئەمریکا بەرەو شەڕێکی دیکە ببات تەنها بۆ ئەوەی خۆی لە زیندان ڕزگار بکات، و هۆشداریی دا کە ئێرانیش ئەرکێکی جێبەجێنەکراوی هەیە.

لە لایەکی ترەوە، میهرداد ئەخلاقی کتابچی، وەزیری بەرگریی نوێی ئێران، لە یەکەم لێدوانیدا هەڕەشەی ئاڕاستەی ترەمپ کرد و ڕایگەیاند پێویستە ترەمپ لە بری هەڕەشەکردن، بیر لەوە بکاتەوە چۆن سەربازەکانی بە سەلامەتی لە ناوچەکە بباتە دەرەوە. کتابچی ئاماژەی بەوە دا ئێران ئامادەکاری تەواوی کردووە و ئەگەر ترەمپ تەنها یەک بۆمبیش بهاوێتە خوارەوە، دەبێت ئامادەی ژماردنی تەرمی سەربازەکانی بێت.

ئەم ئاڵوگۆڕە توندەی لێدوانەکان نیشانەی قووڵبوونەوەی زیاتری ململانێکانە لە ناوچەکەدا، کە تێیدا داهاتووی سیاسی ئیسرائیل و هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە هەڵوێستەکانی ئەمریکا و ئامادەکارییەکانی ئێرانەوە.

 

  • جەنگی ژمارەکان لە بودجەدا؛ بەغدا و هەولێر لەسەر پشکی هەرێم و مووچە وەڵامی یەکتر دەدەنەوە

  • دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی؛ مەسرور بارزانی بڕیارەکەی ڕەتکردەوە و ئاوات شێخ جەناب لەسەر هەڵوێستەکەی بەردەوامە

  • جیهان بەرەو پشێوییەکی گەورە دەڕوات؛ کۆتایی ئەم هەموو شەڕ و ئاژاوەیە چی دەبێت؟

  • دەسەڵات و ململانێی هێزەکان؛ بەغدا لە نێوان هەژموونی ئێران و دەستتێوەردانی تورکیادا

  • وەڵامی توندی عێراقچی بۆ ناتانیاهۆ و ترەمپ: ئێرانیش ئەرکێکی تەواونەکراوی هەیە

  • لە بری پێوەری ڕاستەقینە؛ پرۆژەی ڕووناکی بە "خەمڵاندن و بە گۆترە" پارەی کارەبا لە هاووڵاتیان وەردەگرێت

  • خۆپیشاندانەکانی پاریس لە دیدی پێنج نووسەر و ڕۆژنامەنووسی فەرەنسییەوە

  • خولی شەشەم درێژترین و قورسترین؛ دوو ساڵ بەسەر بێدەسەڵاتیی سندوقەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕدەبێت

  • لە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسادا؛ داوای ژیانێکی باشتر دەکرێت و شەپۆلێکی تاڵانکاریش شارەکانی گرتووەتەوە

سەرەکی