2025-06-09 188 جار خوێنراوەتەوە

دۆخی ئێستای عێراق لە ئارامی پێش گەردەلول دەچێت

ناوەندی هەواڵ

شارەزایەکی سیاسی عێراقی پێی وایە لە بری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، ڕەنگە "حکومەتێکی فریاگوزاری" ڕابگەیەندرێت و هۆشداریدا لە بەئەنجام نەگەشتنی دانوستانی ئەمریکا و ئێران کە چ کاریگەریەکیان لە عێراقی داهاتوودا دەبێت، بەرپرسان و چاودێرانی دیکەی سیاسیش هەر هەوڵێکی دواخستنی هەڵبژاردن بە کارەسات بۆ عێڕاق وێنا دەکەن و پێیان وایە دۆخی ئێستای عێراق ئارامی پێش هەڵکردنی گەردەلولە

ئەحمەد شەریفی" شارەزای سیاسی و ستراتیژی عێراقی پیی وایە دانوستانی ئێران و ئەمریکا کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە سەر داهاتووی عێراق و تەنانەت هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی مانگی 11 ی ئەمساڵی پەرلەمانی وڵاتەکە دەبێت، بە تایبەت لە ئەگەری سەرنەکەوتنی دانوستانەکان، کارەسات ڕوو لە عێراق دەکات بەو پێیەی ئەنجامەکان هەرچۆن بن کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە سەر کۆی بوارە سیاسی و سەربازی و ئابورییەکانی وڵات دەبێت  . 

پێشتر و لەمانگی نیسان سەرۆکی دەوڵەتی یاسا " نوری المالیکی" هۆشداری لە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا و ڕایگەیاند : چەندین هەوڵی ئاژاوەگێڕی هەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان کە مەبەست لێیان ھەڵوەشاندنەوەی کۆی پرۆسەی سیاسی و ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتە بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە و دابەشکردنی وڵاتەکە بۆ کۆمەڵێک قەوارەی لێکدابڕاو .

مالیکی هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا دەڵێت : حکومەتی فریگوزاری زاراوەیەکی بێبنەمایە و هیچ بوونێکی نیە، لە حکومەتتدا "باری لەناکاو" هەیە و ڕاگەیاندنیشی پێویستی بە سێ لەسەر چواری دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، ئەی ئەگەر پەرلەمان بوونی نەبێت کێ حکومەتی باری لەناکاو ڕادەگەیەنێت .
 
كاریگه‌ری په‌یوه‌ندیی و دانوستانەکانی ئێران- ئه‌مریكا له‌سه‌ر عێراق

 کاریگەری پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر عێراق گەورە و فراوانە، ھێوربوونەوە یاخود گرژبوونی پەیوەندییەکان، پێش ئەوەی لەسەر ئەو دوووڵاتە ڕەنگ بداتەوە، کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی ناوخۆی عێراق دادەنێت.

لەدوای ساڵی 2003 و کەوتنی رژێمەکەی سەدام حسین هەریەک لە ئەمریکا و ئێران توانیان کاریگەری سیاسی و سەربازی و ئابوری خۆیان لە گۆڕەپانی عێراقیدا توندوتۆڵ بکەن و بەردەوامیش ئەو کاریگەرییە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بوونێکی گەورەی هەیە .

کوشتنی قاسم سولێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە 3ی کانوونی دووەمی ساڵی 2020دا لە لایەن سوپای ئەمریکاوە، گڵۆپی سووری ئەمریکییەکان بوو بۆ بوونی ئێران لە عێراق و سنوردارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لە جموجوڵە سیاسی و سەربازییەکانی لە ناوچەکە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی، ئەگەر چی کوشتنی فەرماندە سەربازی و سیاسییە ئێرانییەکە نەیتوانی بوونی ئێران لە عێراق سنوردار بکات . 

شرۆڤەکارانی سیاسی عێراقی و عەرەبی پێیان وایە سەرباری فشارە هەمە جۆرەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و ئەو کاریگەرییە فراوانەی ئەمریکا لە عێراق بەڵام ئەو وڵاتە ناتوانێت بەو ئەندازەی "سەرۆکە یەکلەدوای یەکەکانی ئەمریکا ویستویانە" لە عێراق سەرکەوتووبن ، بەو پێیەی ئێران لانی کەم لە ڕووی "جوگرافی و مەزهەبییەوە" لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای شیعەی عێراقی هاوبۆچوونن و زۆرینەی پلان و سیاسەت وئابوریان گرێدراوی یەکدییە و هەر گۆڕانکاریەکیش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت و بەڕێوەبردن لە هەردوو وڵاتەکەدا دەهێنێتە ئاراوە .

نیگەرانی ئەم دواییەی پارتە شیعییەکانی عێراق بەرامبەر پارتی و سوننەکان بۆ زیادی کردووە   

پارتە شیعییەکان لە جموجوڵە ئابوریی و سیاسیەکانی پارتی و بەرپرسانی ئەو حزبە نیگەرانن، پارتی دیموکراتی کوردستان بێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و سەرەڕای بوونی ململانێیەکی دە ساڵەیی لە گرێبەستە نەوتیەکان، " دوو گرێبەستی دیەکەیان لە بواری غاز " لەگەڵ ئەمریکییەکان واژۆ کرد ، پارتی و بەرپرسانی ئەو حزبە لەگەڵ سوننەکان و بەشێک لە خێڵەکانی پارێزگا سونییەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق لە جموجوڵدان و بەردەوام لەکۆبوونەوەدان . 

شیعەکانی عێراق مەترسییان ھەیە لەوەی کە گۆڕانکارییە خێرا و دراماتیکییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و ھاتنە سەرکاری حکومەتێکی سوونیی بە پاشخانێکی ئیسلامی جیھادیی سوننییەوە لە دیمەشق، ببێتە ھۆی ئەوەی سووننە لە عێراقدا جارێکی تر ھەژموون پەیدا بکەنەوە و لەمەشدا پارتی بیەوێت گورزی خۆی لە شیعە و دەسەڵاتی ئێستای عێراق بدات لانی کەم بۆ ئەوەی تەرازووی هێز لە نێوان شیعە و سونەی عێراقی یەکسان بکاتەوە، شیعە ئەم جموجوڵەی پارتی وەک هەوڵی پارتی و بەرپرسانی حزبەکە بۆ پێکدا هەڵپژانی سەربازی و شەڕی تائیفی لە وڵاتەکەدا وێنا دەکەن . 

دۆخی ئێستای عێراق لە ئارامی پێش گەردەلول دەچێت

سووننەکانی عێراق لەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن لە ساڵی 2003، بوونی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە ساڵانی 2014-2018 بووە هۆی  وێرانبوونی شارەکانیان و ئاوارەبوونی زۆرینەی دانیشتوانی پارێزگاكانیان، هەردوو ڕوداوەکە بووە هۆی پاشەکشەی تەواوی سونە و باڵا دەستبوونی شیعەی عێراق .

گۆڕانکارییە خێراکانی دوو ساڵی ڕابردوو، لەدوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023ەوە، کە بوو بەھۆی لاوازبوونی بەرەی ئێران لەناوچەکە و بەھێزبوونی ڕکابەرەکانی ئێران، به‌ دیاریكراوی ئیسرائیل، کەنداو، تورکیا و عەرەبی سووننە له‌ سوریا، ئومێدی ھەستانەوەی لای سووننەکانی عێراق و مەترسی لای شیعەکان دروست کردووە .

بەشێکی زۆری بۆچوونەکان بۆ ئەوە دەچن دۆخی ئێستای عێراق لە ئارامی پێش گەردەلول دەچێت، بەو پێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەروبەندی گۆڕانکاریەکی خێرادایە و عێراقیش لە ناوەندی بەرژەوەندییەکانی هەریەک لە ئیسرائیل و ئەمریکا و تورکیا لە لایەک و وڵاتانی وەک ڕوسیا و ئێران لە لایەکەی دیکەوەن، ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان دەسەڵاتدارانی شیعە و لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی هەرە باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و "گرێبەستە غازییەکان و بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان" یەکەم لێکەوتەکانی پێش ئەو گەردەلولەکەن کە دەکرێت عێراق بەرەو پشێوی یان لێکترازانی گەورە بەرێت کە دوور نیە زانیاری پێشوەختە و گڵۆپی هەریەک لە وڵاتانی بەرژەوەندی خواز بن لە هەڵکردنی ئەو گەردەلولەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرتاپای عێراق بە کورد و شیعە و سوننەوە بگرێتەوە .

 

  • ئەندامێکی هاوپەیمانی ئەنبار " ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ ئاودیوی تورکیا دەکرێت و داهاتەکەشی بنەماڵەیەک دەستی بەسەردا دەگرێت "

  • سەرەڕای نەبوونی متمانەی بانکی لە کۆتایی ئەم مانگەوە عێراق پاردەدانی کاش قەدەغە دەکات

  • دۆخی ئێستای عێراق لە ئارامی پێش گەردەلول دەچێت

  • ئیلۆن ماسک "ئێکس چات" وەک ڕکابەرێکی واتس ئەپ و تێلیگرام بڵاوده‌كاته‌وه‌

  • سوپای ئیسرائیل تەرمی محەمەد سینواری دۆزییەوە

  • گەنجێکی عەرەب لە ڕووباری سیروانی دەربندیخان خنکا

  • بایکۆت نەخۆشخانە و بەشە فریاکەوتنەکانی هەولێر و سۆرانیشی گرتەوە

  • ھەراری: بە دڵنیاییەوە مرۆڤ وەک ئێستا نامێنێتەوە بەتەواوەتی دەگۆڕێت

  • ئەدهەم بارزانی "سەدان کەس لەسەر هەڵوێستەکانیان شاربەدەر و ئاوارە کراون"

سەرەکی