14   کاتژمێر پێش ئێستا 100 جار خوێنراوەتەوە

ئەدهەم بارزانی "سەدان کەس لەسەر هەڵوێستەکانیان شاربەدەر و ئاوارە کراون"

ناوەندی هەواڵ

ئەدهەم بارزانی دوای شاربەدەرکردنی لەسەر پەیامەکانی بۆ ساڵی چوارەم و لە یەکەم ڕۆژی جەژندا پەیامێکی ڕەخنە ئامێزی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند : دەسەڵاتی دەڤەرەکەیان بەرگەی ڕای جیاواز ناکرێت و هەمان دەسەڵاتیش بە بۆنەی ڕەخنە و بۆچوونەوە سەدان هاوڵاتیان دەربەدەر کردووە و ڕێگەش نادەن تەنانەت لە پرسەی ئازیزەکانیشیان سەردانی دەڤەرەکانی خۆیان بکەنەوە .

ڕۆژی 5-6-2022 ئەدهەم بارزانی لە دەڤەری خۆی دەرکرا بە هۆی هەڵوێستە سیاسیە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی،لە مانگی حەوتی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەدهەم بارزانی دەرکرد، دادگاکانی سەربەدەسەڵاتی پارتیش بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرد، پارتی لە ڕێگەی پەیوەندیەکانی خۆیەوە پشتبەست بە بڕیاری دادگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنیان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە بۆ وەرگرت و ناوبراویش بە ناچاری خۆی گەیاندە پارێزگای سلێمانی .

ئەدهەم بارزانی لە پەیامەکەی ئەمڕۆیدا کە بەبۆنەی جەژن و دوای کۆچی دوای برایەکیەوە بڵاوی کردەوە دەڵێت " دەسەڵاتی دەڤەرەکەیان کە مەبەستی پارتی دیموکراتی کوردستانە دەیەوێت هەمووان دەستەمۆی خۆی بکات .
ناوبراو ڕایدەگەیەنێت ئەو خواستەی پارتی بۆ دەستەمۆکردنی هەموان زەنگێکی مەترسیدارە نابێت ڕێگەی پێبدرێت . 

ئەدهەم بارزانی کوڕی شێخ عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی لە (16ی نیسانی 1962 ) لەدایک بووە و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان بووە له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان‌. ئەدھەم بارزانی ئامۆزایی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ساڵی 1976 بەدواوە تێکەڵی کاری سیاسی بووە و یەکەم کاروانی سیاسیشی لە نێو ڕیزەکانی پارتییەوە بووە‌ .

ئەدهەم بارزانی لە ساڵی 1988جوڵانەوەیەکی سیاسی بە ناوی ( حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕی کورد ) دروست کرادووە و بۆ یەکەمجار لە ریزەکانی پارتی جیا دەبێتەوە و ناکۆکییە سیاسیەکانی لەگەڵ ئەو حزبە دەستپێدەکات و لە سەرەتاکانی 2004 حزبەکەی هەڵوەشاندۆتەوە، دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەی پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکاتەوە .

ساڵی 2011 گرژییەکانی نێوان ئەدهەم بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ئەوەی ڕایگەیاند کە بۆ مانەوەی متمانەی مەسعود بارزانی پێویستە پارتی و سەرۆکی حزبەکە چاکسازی بکەن دەستی پێکرد .هەرئەوەش هۆکاری تەشەنە کردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ناوبراو و خودی مەسعود بارزانی بوون تا ئەو کاتی ناوبراو لە ساڵی 2014 ڕیزەکانی حزبەکەی جێهێشت .

ناوبراو ئێستا لە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێیە و زۆر جار ڕەخنەی توند لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دەسەڵاتی یەکەمی دەڤەرەکانی هەولێر و دهۆک دەگرێت، رەخنەکانی ئەم دواییەی لە بوونی تورکیا لەهەرێمی کوردستان و دواکاری ئەو لە ئازادکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکانی دەڤەرەکانی بادینان، کێشەکانی نێوان خۆی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی تەقاندەوە، تا ئەو کاتی پارتی خواستی دەستگیرکردنی لە ڕێگەی ئاسایش و بڕیاری دادگاوە گەیاندە هەموو بازگەکانی دەڤەری هەولێر و دهۆک، ئەو بڕیارەش ناوبراوی ناچار کرد دەڤەری بادینان جێبهێڵێت و لەسلێمانی نیشتەجێ بێت .

دەقی پەیامەکەی ئەدهەم بارزانی .........
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان..
ئازیزان و خۆشەویستان، سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت

دەمەوێت سەرەتا بەبۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم موسوڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان بکەم، وە داوای لێبوردن لە گشت دۆستان و ھەڤاڵان و خانەوادە و خۆشەویستانم بکەم، کە دوێنێ 5-6-2025 سێیەمین ساڵڕۆژی دەرکردنی من بوو لە زێدی خۆم و ئەمڕۆ 6-6-2025 کە یەکەم رۆژی جەژنیە، دورخستنەوەی من لە ئێوەو خاک و وڵات پێ دەنێتە ساڵی چوارەمەوە ماوەی سێ ساڵی تەواو لێتان دورم و نەمتوانیوە لەگەڵ ئێوەدا جەژنەکان بەڕێبکەین."

لای هەموان ئاشکرایە بەهۆی هەڵوێستەکانم لە ماوەی ڕابردودا لەسەر داگیرکارییەکانی خاکی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی تر ڕوبەڕوی ئاستەنگی زۆر و ئاوارەیی بوومە و لە دادگایە شکلیەکانی دەسەڵات لەو زۆنە سەرەڕای دەرکردنیشم بە تاوانبار لە قەلەم درام و نامەی دەسگیرکردنم بۆ بازگەکانی سنوری خۆیان و بە داخەوە چۆن پێیان کرا ھەر خۆیان دەزانن لە سنوری دەوڵەتی عێراقیش گشتاندنی بۆ کرا و نەئەبوو دادگا و حکومەتی بەغدا توشی ئەم ھەڵەیە ببن و پشتیوانی ئەم زۆڵمە کەسییە وحیزبیە بکەن، جەژنی ئەم ساڵ هاوکاتە لەگەڵ ئاوارە بوون و ڕێگریکردنی من لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆم، هەرچەندە لە هەر جێگایەک بم سلێمانی ئازاد بێت یاخود ڕۆژهەڵاتی سەربەرز بۆ من هەر بارزانە، بەهۆی دڵنەوای و دڵسۆزی ڕێزگرتنی خەڵکەکەی هەرگیز و ھەرگیز هەستم بە ئاوارەی نەکردووە بێجگە لە دووری ئازیزان."

لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ئەم دۆخەی بەسەر ئێمەدا هاتووە بەردەوام بووەو بە سەدان کەسی دیکە لەسەر ڕاو و ھەڵوێستی جیاواز و وتنی ڕاستیەکان ئاوارەو شاربەدەر کراون، چونکە دەسەڵاتی ئەو سنوورە بەرگەی ڕاوبۆچوونی جیاواز ناگرێت، دەیەوێت هەمووان دەستەمۆی خۆی بن، کە بەڕاستی ئەمەش زەنگێکی زۆر مەترسیدارە بەنیسبەت ئازادی و دیموکراسی میللەتەکەمانەوە."

پێم باش بوو ئەوانەی ڕێگری لە گەڕانەوەی من دەکەن یەکێک لەو بابەتانەی کە کردوویانە بە بیانوو بۆ ڕێگریەکانیان بەرامبەر بە من، بۆ  ڕای گشتی کوردستان و عێراق بڵاوبکەنەوە و بڵێن ئێمە بەم هۆکارە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەدهەم بارزانی دەکەین، بەڵام جگە لەو سێ بەیانەی  بڵاومکردووە و چەند جار ئاماژەی پێکراوە ھیچ ھۆکارێکی تر نیەو لە لای هەموان ئاشکرایە."

دەمەوێ ئەوەش بڵێم؛ بەداخەوە تاکوو ئێستا باشوری کوردستان لە دەست ئەم جۆرە بیرکردنەوانە دەناڵێنێت و سەدان کەس بەهۆی بیرو بۆچوونی جیاوازەوە ئاوارەی شارەکانی دیکە و دەرەوەی وڵات بوون و بێجگە لەوانەی کە چارەنوسیان نادیارە."

ئومێدەوارم ئەم جەژنە پیرۆزە ببێتە هۆکارێک کە چیدیکە هاوڵاتیانی کوردستان لەدەست جیاوازییەکان نەناڵێنن و بە ھۆی ھەندێک ھەڵوێست ئەم میللەتە برسی نەکرێت و ئەم سیاسەتە چەقبەستوەی 33 ساڵی ڕابردوو چیتر پەیڕەو نەکرێت."

هەروەها داوا لە سەرۆکایەتی دادگای باڵای عێراق و دادگای فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی عێراق و سەفارەت و کونسوڵیەتیەکانی وڵاتان و ھێزە کاریگەرەکانی کوردستان و تەواوی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و نوسەران دەکەم، کە چیتر لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە بێ دەنگ نەبن تا سەر فیرازی و کەرامەت بۆ تاکی کوردستانی عێراق بگەڕێتەوە."

دوبارە جەژنتان پیرۆز بێت و هیوای ئاسودەی و بەختەوەری بۆ هەموو لایەک دەخوازم."

براتان 
ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی 
6-6-2025

 

  • ئەدهەم بارزانی "سەدان کەس لەسەر هەڵوێستەکانیان شاربەدەر و ئاوارە کراون"

  • توندوتیژی دژ بە ژنان لە باکووری کوردستان و تورکیا زیادیان کردووە

  • کورسی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان کەم دەکات و شیعە و تورکمان زیاد دەکات

  • سامانە سروشتیەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی نەوتی بەغداد "ئێوەن قاچاخی دەکەن و نەوتی ئەملاولا بەناوی نەوتی عێراقەوە ساغ دەکەنەوە"

  • دەقی ئەو بڕیارانە بڵاو کرایەوە کە لە کۆنگرەی 12پەکەکە بڕیاریان لەسەر درا

  • CPT: سوپای توركیا هێرش و بۆردومانه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێم زیاد كردووه‌

  • په‌یامی ئۆجه‌لان له‌ دوا ژماره‌ی "سه‌رخۆبوون" بڵاوكرایه‌وه‌

  • ویستیان جەژنانە کۆ بکەنەوە بەڵام زیندان بوو بەجێگەیان

  • د.کامەران بەرواری: پارتی خۆی لەهەرچوار بەشی کوردستان پێ گەورەترە

سەرەکی