2025-06-09
224 جار خوێنراوەتەوە
سەرەڕای نەبوونی متمانەی بانکی لە کۆتایی ئەم مانگەوە عێراق پاردەدانی کاش قەدەغە دەکات
ناوەندی هەواڵ
بڕیار وایە لە سەرەتای مانگی داهاتوەوە پارەدان لە فەرمانگە حکومییەکانی عێراق بکرێتە ئەلیکترۆنی و پارەدانی کاش لە ناوەند و فەرمانگە حکومییەکانی عێراقەوە قەدەغە بکرێت، هاوڵاتیانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە متمانەیەکی ئەوتۆیان نییە بە بانکە عێراقییەکان و ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت هەژمارە بانكییەکان 22 بۆ 33 ملیۆن زیادی کردووە .
ئەمڕۆ دووشەممە ساڵح سەلمان، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پارەى کاش لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کەلە سەرەتای مانگی مانگی داهاتوەوە پارەدان بەشێوەی کاش لەتەواوی فەرمانگەکانی حکومەتی عێراق قەدەغە دەکرێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی .
ڕاگەیەندراوی ڕاوێژکارەکەی سودانی بە لێدوانی سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنی عێراق "نەبیل نەجاڕ" بە قەدەغەکردنی پێدانی پارەی کاش لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا پشت ئەستورتر بوو .
بڕیاری بە ئەلیکترۆنی کردنی مامەڵە داراییەکانی عێراق بۆ یەکەمجار لە لە 18ى کانوونى دووەمى 2023 دەرچوو، یەکەم جار وێستگەکانی وزە لە عێراق و لە 1ی حوزەیرانى 2023 ناچار کران مامەڵەکانیان بکرێتە ئەلیکترۆنی و جوڵەی پارەی کاشیان لێ قەدەغە کرا بەوەش پرۆسەکە کەوتە بواری جێبەجێ کردن .
بەپێی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی مامەڵەداراییەکان، هەموو کەرتە حکومییەکان لە قۆناغی یەکەمدا و دواتر سەرجەم فەرمانبەران و هاوڵاتیان بگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت هەڵمەتی هۆشیاری دەستپێکردوە بۆ هاندانی خەڵک بۆ وەرگرتنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و دورکەوتنەوە لە کلتوری پارەدان بەشێوەی کاش .
هاوڵاتیان بڕوایان بە سیستمی بانکی نییە
دوای قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە ساڵی 2014 بەدواوە ،حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە دیاری کراوی بەرپرسانی پلەباڵای پارتی هەموو ئەو پارە کاشانەی کە لەبانکەکانی هەرێمدا هەبوون دەستیان بەسەرداگرت و بانکەکانیان خاڵی کردەوە لە پارەی کاش بە پارەی هاوڵاتیانیشەوە .
بانکەکان لە هەرێمی کوردستان هەموو پارەی هاوڵاتیان و بازرگانەکانیان کرد بە چەکی گەڕاوە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت حکومەت ئامادە نەبوو ئەو پارانە بگەرێنێتەوە بۆ خاوەنەکانیان ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی پلەباڵا نەبوونی بودجە و درێژبوونەوەی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعشیان کردە بیانوو لە پێناو نەگەڕاندنەوەی ئەو پارانەی کەلەباکەکاندا هەبوون ئەوەش گەورەترین زیانی لە متمانەی بانکەکانی هەرێم و کۆی سیستمی بانکی لەعێراق دا .
بۆچی سیستمی بەئەلیکترۆنی دراو لە عێراق جێبەجی دەکرێت
لە ڕواڵەتدا حکومەتی عێراق مەبەستییەتی "گۆڕانکاری بکات لە بەرزکردنەوەی شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و ئاسان دەستڕاگەشتنی بە سەر هەموو جۆرە گواستنەوەیەکی دراوی عێراقی لەسەرتاسەری جیهان"، بەڵام شرۆڤەکارانی سیاسی پییان وایە عێراق لە ژێر فشارە نێودەوڵەتییەکان و بە دیاری کراوی ئەمریکا بریاری بە ئەلیکترۆنی کردنی دراو و جموجوڵە بازرگانییەکانی جێبەجێ دەکات، بەو پێیەی ئەمریکا پێی وایە کەمی کاریگەرییە سیاسی و ئابوریەکانی سەر ئێران، عێراق و نەشافافی لە داهات و بردنی بەشێکی گەورەی دۆلار بۆ ئێران بەشێکن لەو هۆکارانە بۆیە ئەمریکا بەهەر نرخێک بێت دەیەوێت ئاگاداری کۆی جموجوڵی دراوی عێراقی و بازرگانییەکانی وڵاتەکە بێت .
جیا لە ئێران حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکە و ڕێگری کردن لە گواستنەوەی پارە و دراوی بیانی لە ناوخۆی عێراقەوە بۆ دەرەوە، بڕیاری داوە هەموو جۆرە کڕین و فرۆشتنێک لە درەوەی وڵاتەکە ڕاگرێت بە ماستەرکارتە عێراقییەکان، ڕێگریش دەکات لە دەرهێنانی پارە لە "ئای تی ئێمە " دەرەکییەکان لە وڵاتانی جیاواز،ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو فشارە بەرچاوەی لە ساڵی 2022 بەری کەوت لە بردنە دەرەوەی دراوە بیانییەکان .
سیستم و سودی پارەدانی ئەلیکترۆنی چییە
پارەدانی ئەلیکترۆنی سیستمێکی پارەدانە بەبێ ئەوەی پێویست بە پارەی کاش بکات. ئەم سیستمە ئەگەر وەک خۆی و لە پێناو بوژانەوەی ئابوری و پێشخستنی ئاسی بژێوی و کەرتەکانی دیکەی دەوڵەتدا بەکار بهێنرێت چەندین سوودی هەیە، دیارترینیان نەهێشتنی گەندەڵی و ساختەکاری و بەرتیلە لە دامودەزگاکانی حکومەت و ئاسانکاری مامەڵەکردن و زیادکردنی ڕێژەی دانانی پارەیە لە بانکەکاندا .
شارەزایانی دارایی و ئابووری پێیان وایە " یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی نەهێشتنی گەندەڵی و ساختەکارییە بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە یەکێکە وڵاتە گەندەڵەکانی جیهان و زۆرترین داهاتی دەوڵەتی تێدا وندەکرێت، جیا لەوە" یارمەتی بازرگانان دەدات لە وردی و پاراستنی هەژمارە حسابییەکانیان لەگەڵ ئاسانکاری کردن لە ناردن و وەرگرتنی پارە و جموجوڵە بازرگانییەکانیان" لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دەرفەتی چاودێری دەوڵەت بەسەر بازرگان و کۆی جموجوڵە داراییەکان دەڕەخسێنێت بەشێوەیەک دەوڵەت ئاگاداری هەموو جوڵەیەک دەبێت جا ئابوری بێت یان سیاسی و سەربازی .
سیستم ئەلیکترۆنی دراو ئێستا لە جیهاندا کاری لەسەر دەکرێت و لە زۆرینەی وڵاتان جێبەجێ دەکرێت، وڵاتان لەهەوڵدان پارەی کاش کەمبکەنەوە، لەبەرامبەردا بە ئەلیکترۆنی کاروبارە بازرگانییەکان ڕاییدەکەن،ئەگەر چی سیستمی بەئەلیکترۆنی دراو بێ کەم و کووری نیە و زۆرجار باندە چەتەیی و مافیاییەکان بۆ قۆڵبڕین یان سپی کردنەوەی پارە توانیویانە سودی لێوەربگرن .
-
ئەندامێکی هاوپەیمانی ئەنبار " ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ ئاودیوی تورکیا دەکرێت و داهاتەکەشی بنەماڵەیەک دەستی بەسەردا دەگرێت "
|
-
سەرەڕای نەبوونی متمانەی بانکی لە کۆتایی ئەم مانگەوە عێراق پاردەدانی کاش قەدەغە دەکات
|
-
دۆخی ئێستای عێراق لە ئارامی پێش گەردەلول دەچێت
|
-
ئیلۆن ماسک "ئێکس چات" وەک ڕکابەرێکی واتس ئەپ و تێلیگرام بڵاودهكاتهوه
|
-
سوپای ئیسرائیل تەرمی محەمەد سینواری دۆزییەوە
|
-
گەنجێکی عەرەب لە ڕووباری سیروانی دەربندیخان خنکا
|
-
بایکۆت نەخۆشخانە و بەشە فریاکەوتنەکانی هەولێر و سۆرانیشی گرتەوە
|
-
ھەراری: بە دڵنیاییەوە مرۆڤ وەک ئێستا نامێنێتەوە بەتەواوەتی دەگۆڕێت
|
-
ئەدهەم بارزانی "سەدان کەس لەسەر هەڵوێستەکانیان شاربەدەر و ئاوارە کراون"
|
|
|