2025-06-03
166 جار خوێنراوەتەوە
عێراق ھاوڵاتییەکانی خۆی لە کەمپی "ھۆڵ" دەگەڕێنێتەوە
ناوهندی ههواڵ
ئەمڕۆ سێشەممە (3ی حوزەیرانی 2025) کەناڵەکانی عێراق ئەوەیان ئاشکرا کرد، کە حکومەتی عێراق بە نیازە تەواوی عێراقییەکانی ناو کەمپی ھۆل، کە کەوتۆتە باشووری پارێزگای حەسەکەوە، و ھێزەکانی سوریایی دیموکرات سەرپەرشتی دەکەن، بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق و سەرەتا لە کەمپێکدا جێگیر بکرێن.
ئەیوب ڕوبەیعی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەم ھەنگاوەی حکومەتی عێراقەوە، ڕایگەیاند: "گەڕاندنەوەی ھەزاران خێزانی عێراقی لە کەمپی ھۆلەوە ھەنگاوێکی دروستە، بۆ خۆبەدوورگرتن لە چهندین مەترسی ئاسایشی کە ھەڕەشە لە عێراق و ناوچەکە دەکەن".
ھەروەھا ڕوبەیعی ئەوەشی گوت: "حکومەتی بەغدا پێش ھەمووان کەوتووە لە دەرککردن بەو مەترسییە گەورەیەی لە کەمپی ھۆلدا خۆی حەشارداوە و ھەڕەشە لە ھەموو جیھان دەکات، عێراق ھەر لەزووەوە داوای چۆڵکردنی ئەو کەمپەی کردووە، ئەویش بەوە دهبێت ھەموو دەوڵەتانی جیھان ھاوڵاتییەکانی خۆیان کە لەو کەمپەدا ببەنەوە، و پاشان چەکدارە داعشەکان کە لە زیندانەکاندا، لە دادگایەکی تایبەتمەنددا دادگایی بکرێن".
ناوبراو ئاماژەی بە ھەنگاوەکانی ئەو پلانە عێراقییە کرد، کە وەک سەرەتا ئەو خێزانانەی چەکدارانی داعش لە کەمپی ھۆلەوە دەھێنرێنەوە و لە کەمپی جەدعەدا نیشتەجێ دەکرێن، پاشان دەخرێنە ژێر بهرنامەگەلێکی دەروونی بە ئامانجی تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەلگا و ناوچەکانی پێشووی خۆیان.
ڕوبەیعی پێی وایە کە ھێنانەوەی ئەو ژن و منداڵانەی چەکدارە داعشەکان، ڕێگەگرتنە لەوەی ئەمانە بەکاربھێنرێن بۆ پلانگێڕی دەرەکی، ھەروەک ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو منداڵ و نەوجەوانانەی ناو ئەو کەمپە، لە ھزری توندڕەوی دوور بخرێنەوە.
ئەمە جگە لە گەڕاندنەوەی ژن و منداڵ و نەوجەوانەکانی خێزانەکانی داعش، عێراق بەنیازە چەند چەکدار و ئەندامێکی پلە باڵای ئەو ڕێکخراوە وەربگرێتەوە تا لە عێراق دادگایی بکرێن.
پێشتریش عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆسهری دیموکراتی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سوریا و ھێزەکانی ھەسەدە، سەدان ھاوڵاتیی عێراقی لە کەمپی ھۆل وەرگرتۆتەوە.
ھەروەک لەم ڕۆژانەشدا دەستیکردووە بە گواستنەوەی زیاتر لە 800 ژن و منداڵی عێراقی ناو کەمپەکەوە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ھێزەکانی ھەسەده، دەیانگوازێتەوە بۆ کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ.
بەشی زۆری ئەو خێزانانەی چەکدارانی داعش لە دوای ساڵی 2017 و ڕزگارکردنی ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق لە دەستی ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام-داعش" ھەڵاتبوون بۆ سوریا.
پاشان لەدوای ڕزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە سوریا، کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی سوریایی دیموکرات، و چەکدارەکان لە چەند زیندانییەکی ڕۆژاڤا زیندانیکراون، و ژن و منداڵەکانیش لە کەمپێکی گەورەدا کۆکراونهتهوه، کە بەیەکێک لە قەرەباڵغترین شوێنهكانی ڕاگرتن و بە ترسناکترینیشیان دادەنرێت، بەھۆی ئەوەی خەڵکی جیاوازی لە ھەموو وڵاتانی جیھانی تێدایە و بەشی ھەرەزۆریان ھزرێکی توندڕەوانەیان ھەیە، و مەترسی ئەوەش دەکرێت ئەو منداڵانەی لەوێن بە ھەمان ھزری توندڕەوەی داعش پەروەردە بکرێن، چەندین جاریش ڕووداوی کوشتن لەلایەن ژنانی توندڕهوی ئهو كهمپهوه، دژ بە ژنانێکی تری کەمپەکە بە بیانووی ھاوکاریکردن لەگەڵ ئیدارەی کەمپەکەدا، یاخود بە بیانووی لادان لە بیرکردنەوەی توندڕەوانەی ئەوان، ئهنجامدراوه.
سەرەڕای ئەوەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویهتی بە ھەماھەنگی لەگەڵ عەشیرەتە عەرەبەکانی ناوچەکانی خۆسەریی دیموکرات، بەشێکی ژن و منداڵانی داعش کە سەربەو عەشیرەتانەن بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ھەروەھا عێراق و چەندین وڵاتی تر، بەشێک لە ھاوڵاتییەکانی خۆیان وەرگرتۆتەوە، بەڵام ھێشتاکە کەمپەکە نزیکەی 30 ھەزار دانیشتوانی ھەیە، و نزیکەی نیوەی ئەوانە نەوجەوانن، کە پێویستە لەو ژینگەیە دووربخرێنەوە و دووبارە پەروەردە بکرێنەوە.
دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاڤا و باکووری ڕۆژھەڵاتی سوریا، و بەرپرسانی کەمپی ھۆل و ھێزەکانی سوریای دیموکرات چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەوان بانگ لە ھەموو ئەو دەوڵەتانە دەکەن کە ھاوڵاتیانیان لە کەمپی ھۆل ھەیە، تا بێن و ھاوڵاتییەکانی خۆیان وەربگرنەوە، بەڵام بەشی ھەرەزۆری دەوڵەتان لەو ڕووەوە کەمتەرخەمییان نواندووە.
مانەوەی کەمپی ھۆل بەوشێوەیە، بەتایبەت بوونی ئەو ژمارە نەوجەوان و گەنجە لەو کەمپەدا ئەگەری سەرھەڵدانی نەوەیەکی نوێ توندڕەو لەشێوەی داعش، بە زیندووی دەھڵێتەوە، کەمپەکە ژینگەیەکی گونجاوە بۆ بیرکردنەوەی پەڕگیرانە.
تا ئێستا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ھیچ ئامارێک لەبەردەست نییە، ئایا ھەرێم ھیچ ھاونیشتمانییەکی لەو کەمپەدا ھەیە یان نا. لەمبارەیەوە زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە.
-
موچهی ههریم، ئهندامان و سهرۆكایهتی پهرلهمان دهدات بهگژ یهكدا
|
-
عێراق ھاوڵاتییەکانی خۆی لە کەمپی "ھۆڵ" دەگەڕێنێتەوە
|
-
حەلبوسی جارێکی تر ڕووبەڕووی سکاڵایی یاسایی دەبێتەوە
|
-
ئەمڕۆ كۆمیسیۆن لینكى كارمەندانى سەر سندوقەكان كارا دەكات
|
-
تهندروستی عێراق: ژمارەى توشبوانى ئایدز كەمن
|
-
پەیوەندى عێراق و ئێران لە بوارى وزەدا دەچێتە قۆناغێكى نوێوە
|
-
عێراق دەبێتە خاوەنى پایتەختێكى ئیداریى نوێ
|
-
عێراق ساڵانە ملیارێك دۆلار دەدات بە برنج
|
-
ملیۆن و نیوێك دەنگدەر كارتى دەنگدانیان نوێكردۆتەوە
|
|
|