4 کاتژمێر پێش ئێستا
88 جار خوێنراوەتەوە
ئەو وڵاتانەی بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بەركەوتووە
خاوەن ئابورییە بەهێزەکان زۆرترین زیانیان کردووە
ناوەندی هەواڵ
لە جەنگدا هەمیشە ئەوەی زۆرترین زیان دەكات و دەبێتە قوربانی خەڵكی مەدەنییە، ئەمە جگە لە زیانە گیانیەكانی جەنگ كە بەهۆی كوژران و برینداربوون و وێرانبوونی ژێرخانی وڵاتانەوە ڕوودەدات.
جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا لە 28 ی شوباتی ئەمساڵەوە سەریهەڵداوە و نزیك دەبێتەوە لە مانگێك، بەڵام كاریگەرییەكەی ڕەنگە چەندین ساڵ بمێنێتەوە.

كۆمەڵەی حەوت زۆرترین زیانی ئابورییان كردووە
كۆمەڵەی حەوت واتە ئەو حەوت وڵاتەی خاوەنی بەهێزترین ئابورین ئەگەر لەڕووی ژمارەوە سەیر بكرێت زۆرترین زیانی ئابورییان كردووە.
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریكا لەگەڵ ئێران، قەیرانی گەورەی لە دابینكردنی وزە دروستكردووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ئابوریی جیهان هەیە، ئەوەی ڕوونە هەندێك وڵات زۆرترین زیانیان كردووە، هەندێكیش كەمتر.
سەبارەت بە ئەوروپا ئەم جەنگە بۆ ئەوان شۆكە لە كەرتی وزە، یادەوەری ناخۆشی جەنگی روسیا و ئۆكرانیایان پێش چوار ساڵ بیردەهێنێتەوە، چونكە ئەوكاتیش زۆربەی وڵاتەكان پشتیان بە وزەی روسیا بەستبوو.
شۆكەكە هەر ئەوەنییە، بەڵكو ترسی هەڵاوسانیش هەیە، چونكە بانكی ناوەندیی ئەوروپا و بانكی ئینگلتەراش بەنیازن سودی بانكی لەمساڵدا زیاتر بكەن.
داتاكانیش دەریدەخات، چالاكی بازرگانیی زۆرترین كاریگەری لەسەر بووە بەهۆی ئەم جەنگەوە، هەر ئەوەش وایكردووە گەشەی ئابوری خاو ببێتەوە.

ئەڵمانیا كە وڵاتێكی پیشەسازییە زۆر پشت بە وزە دەبەستێت
ئەڵمانیا كە وڵاتێكی پیشەسازییە زۆر پشت بە وزە دەبەستێت، بۆیە یەكێكە لە زیانمەندترین وڵاتەكان بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی وزەوە، بۆیە هەر قەیرانێكی جیهانیی كاریگەریی لەسەر دەكات.
بەڵام ئەڵمانیەكان چونكە پێشتر دەستیان بە قەیران سوتاوە، تا ڕادەیەك خۆیان بۆ ئەم جۆرە قەیرانانە ئامادەكردووە و ساڵی رابردوو پاكێجێك بڕیاری دەركرد، ئەمەش كاریگەرییەكەی كەمتر دەكاتەوە.
ئیتاڵیاش بەهەمانشێوە وڵاتێكی پیشەسازی گەورەیە، ئەویش بە هەمانشێوەی وڵاتانی ئەوروپا پشتی بە سەرچاوەكانی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانی وزە، دۆخی ئەوانیش سەخت بێت.
بەریتانیاش هەرچەندە ماڵی خۆی لە یەكێتی ئەوروپا جیاكردووەتەوە، بەڵام وەكو ئەوان سەرچاوەكانی وزە بۆ پیشەسازی و كارەباش بەكاردەهێنێت، بۆیە نرخی غاز نرخی كارەباش لەو وڵاتە دیاری دەكات، ئێستاش جگە لە غاز نرخی بەنزین و جۆرەكانی تری وزە لەو وڵاتە چەند هێندە بەرزبووەتەوە.
باجی ئەو بەرزبوونەوەی نرخەش، زۆربەی هاوڵاتیانی ئاسایی دەیدەن، چونكە باج لەسەریان زیاد دەبێت، جگە لەوەش كاریگەری لەسەر بودجەی وڵاتەكە دەبێت.

ژاپۆن نزیكەی 95% ی نەوتی پێویستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكڕێت
ژاپۆن نزیكەی 95% ی نەوتی پێویستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكڕێت كە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە پێی دەگات، بۆیە ئەو وڵاتە ئابوریەكەی لە چوارچێوەی مەترسیدایە. جگە لەوەش بۆ هەندێك كەرەستەی خاوی هاوردەكراو پشت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت.
هیندستانیش یەكێكە لەو وڵاتانەی هاوشێوەی ژاپۆن لە مەترسیدایە، چونكە نزیكەی 90% ی نەوتەكەی و نیوەی غازی پێویستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریكراوی لە گەرووی هورمزەوە بۆ ڕەوانە دەكرێت.بۆیە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر گەشەی ئابوری ئەو وڵاتە دەبێت. بەشێوەیەك وزە كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی چا و خۆراكیش لە چێشتخانەكانی ئەو وڵاتە دەبێت.

توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە زۆر زیانی بەردەكەوێت
توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە زۆر زیانی بەردەكەوێت، بەتایبەت كە سنورێكی دورودرێژی هەیە لەگەڵیدا، جگە لەوەی بەردەوامی جەنگەكە وادەكات پەنابەر رووی تێبكات، كاریگەری ئابوریشی لەسەر دەبێت. بەهۆی جەنگەوە بەشێك لەو غازەی لە ئێرانەوە بە هەرزان دەستیدەكەوت نەما، جگە لەوەش هەندێك خۆراك و كەلوپەلی چیتر پێناگات، ئەمەش هەڵاوسان دروستدەكات.

لەوپەڕی رۆژهەڵاتی ئاسیان، بەڵام كاریگەری جەنگی ئێرانیان پێگەیشتووە
هەندێك وڵاتی تریش هەند كە لەوپەڕی رۆژهەڵاتی ئاسیان، بەڵام كاریگەری جەنگی ئێرانیان پێگەیشتووە، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، یەكێك لەو وڵاتانەش سریلانكایە، كە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیەوە حكومەت ناچار بوو چەند رۆژێك پشوو ڕابگەیەنێت.پاكستانیش بە هەمانشێوە.
لە كۆتایدا باسی میسر دەكەین، جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەو وڵاتە، قەیرانی خۆراكە بنەڕەتیەكانیش دروستبووە، جگە لەوەی داهاتی كەناڵی سوێسیش نزیكبووەتەوە لە سفر، گەشتیاریشی تاك و تەرا پێوەماوە، لەكاتێكدا پێشتر ساڵانە 20 ملیار دۆلاری لە گەشتیاری و كەناڵی سوێسەوە دەستدەكەوت.
كێشەیەكی تریش بەرۆكی میسری گرتووە، بەهۆی ئەوەی قەرزەكانی زۆربەی بە دۆلارە و بەهای دراوەكەشی نزیكەی 9% دابەزیوە، ئەوەندەی تر قەرزی لەسەر كەڵەكەبووە.
-
ئەو وڵاتانەی بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بەركەوتووە
|
-
سێگۆشەی بەرتەسك؛ سێ نۆكەندی گرنگی جیهان
|
-
نهێنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بەو كتوپڕییە لەسەر هەناردەی نەوت چییە؟
|
-
ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە نرخی نەوت چی بەسەردێت؟
|
-
وەزارەتی دارایی: پێدانی موچە بە نەختینە (کاش) لە 20ی ئەم مانگەوە کۆتایی دێت
|
-
دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی پێناسی گومرگییەوە رەتکردەوە
|
-
تەیف سامی: داوای ناردنی لیستی مووچەی هەرێم دەکات
|
-
وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی یەک ڕەوانەی بەغدا دەکات
|
-
ترامپ گومرگی 25%ی بەسەر وڵاتانی بازرگانیکەر لەگەڵ ئێراندا سەپاند
|
|
|
|