5 کاتژمێر پێش ئێستا
352 جار خوێنراوەتەوە
نهێنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بەو كتوپڕییە لەسەر هەناردەی نەوت چییە؟
ناوەندی هەواڵ
وادیاربوو هەرێم و بەغداد بەنیاز نەبوون لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كە بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز راگیرابوو، بگەنە رێككەوتن، وەزارەتی نەوتی عێراق، هەرێمی كوردستانی بەوە تۆمەتبار كرد كە بە ئامانجی سیاسی دەیەوێت ڕێگری لە هەناردەی نەوت بكات، هەرێمی كوردستانیش عێراقی بەوە تۆمەتبار كرد كە هەرێمی كوردستانی گەمارۆداوە.

چی ڕوویدا؟
ئەم ناكۆكی و قسە دژ بەیەكانە بەردەوامبوون، تا وەكو فشار بۆسەر هەرێمی كوردستان، بریاربوو شەوی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام پێش ئەو دانیشتنە پەیوەندیی تەلەفۆنیی تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ئەنجامدرا، ئەمەش هەموو شتێكی گۆڕی.
پێشتر بەرپرسانی هەرێم پێداگرییان دەكرد كە رێگە نادەن هەناردەی نەوتی عێراق دەستپێبكاتەوە لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، عێراقیش هەڕەشەی ئەوەی دەكرد كە رێوشوێن دەگرێتەبەر و رێگەی جێگرەوەیان هەیە.

بەڵام پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی تۆم باراك و مەسرور بارزانی شتەكانی پێچەوانە كردەوە، مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی بۆ رێگەدان بە هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە ڕاگەیاند، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراقیش رێككەوتنەكەی لەنێوان هەولێر و بەغداد بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت راگەیاند كە زیاتر لە دوو هەفتەیە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ڕاگیراوە.

مەسرور بارزانی: بڕیارمان دا رێگە بدەین نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە بڕوات
مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی سێشەممە، 17-03-2026رایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی رووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی ئەركی هەموومانە كار بكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا لە زووترین كات دا، رێگە بدەین نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە بڕوات.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ "بۆ ئەوەی بەپەلە ئەو رێگرییانەی خراوەتە سەر هاوردە و جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان هەڵبگیرێن".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتیشی: هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ دابینكردنی گەرەنتی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت و گاز تا بتوانن بە سەلامەتی دەست بە بەرهەمهێنان بكەنەوە.
لەبارەی رێككەوتنەكەش، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "سوپاس و پێزانینم بۆ هاوبەشە ئەمریكییەكانمان هەیە بۆ رۆڵ و پاڵپشتییان لەم پرۆسەیەدا".

وەزیری نەوتی عێراق رێككەوتنەكەی ڕاگەیاند
هاوكات رۆژی سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند، رێككەوتن بۆ هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە كراوە.
وەزیری نەوتی عێراق گوتی، رێككەوتنەكە "رۆژی چوارشەممە 18-3-2026 دەخرێتە واری جێبەجێكردنەوە و كاتژمێر 10:00ی بەیانی هەناردەكردن دەستپێدەكات."
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە كرد، نەوتی كەركووك لەڕێگەی بۆرییەكەوە هەناردە دەكرێت و لەماوەی دوو رۆژدا هەناردەكردن دەگاتە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

بڕیاربوو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت
ئەو رێككەوتنە لەكاتێكدایە،بڕیاربوو شەوی سێشەممە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام پێش دانیشتنەكەی پەرلەمان رێككەوتنەكە كراوە.
رۆژی سێشەممە، 17ی ئازاری 2026، شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئەنجامی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بڵاوكردەوە. بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، هەردوولا رێككەوتوون لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركووك هاوتا لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش لەڕێگەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
شاندی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی "هەستكردن بە بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی و شەراكەتی دەستوورییە" و ئامانج لێی زیادكردنی داهاتی گشتی و چارەسەركردنی قەیرانی داراییە، بە تایبەتی بۆ دابینكردنی مووچە و بژێوی هاووڵاتییان لەم "بارودۆخە هەستیار"ـەی ناوچەكەدا.

خاڵە سەرەكییەكانی رێككەوتنەكە:
دەستپێكردنی هەناردە: بڕیارە لە (18ی ئازاری 2026) هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەكان دەستپێبكاتەوە.
لیژنەی هاوبەش: لیژنەیەكی تەكنیكی و كارگێڕی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەكە.
داهاتی نەوت: تەواوی داهاتی نەوتە هەناردەكراوەكە بۆ گەنجینەی گشتیی فیدراڵ دەگەڕێتەوە.
پاراستنی كێڵگەكان: هەردوولا رێككەوتوون لەسەر گرتنەبەری رێكاری تووندی ئاسایشی بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەكردن.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردووەتەوە كە "درێغی ناكات" لە گرتنەبەری هەر رێكارێك كە خزمەت بە تێپەڕاندنی قەیرانە داراییەكان لە سەرتاسەری عێراق بكات و داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەكان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان دابین بكات.

دەست بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان كرا
وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە نائاساییەی كە ڕووبەرووی وڵات بووەتەوە، بەیانی رۆژی 18ی ئادار، كاتژمێر 6:30، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، دەستی بە كارپێكردنی وێستگەی نەوتی "سارالو" بۆ گواستنەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بۆ وێستگەی فیشخابوور كرد، تا لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی بەندەری جەیهانی توركی لەسەر كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست بكرێت.

زانیاریی لەبارەی بۆری نەوتی كوردستان
بۆری نەوتی كوردستان ڕۆژانە توانای هەناردەكردنی 900 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام بۆری نێوان كەركوك و هەولێر ڕۆژانە توانای هەناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا كەركوك ڕۆژانە تەنها 100 بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.
پێش جەنگی ئێران هەرێمی كوردستان ڕۆژانە نزیكەی 255 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، ئەگەر هەرێمی كوردستان دەست بە هەناردەكردنی نەوتی خۆی بكاتەوە، ئەوا ڕۆژانە دەتوانرێت 550 هەزار بەرمیل بێ كێشە هەناردە بكرێت.
لە 300 هەزار بەرمیل زیاتر، دەبێت حكومەتی عێراق نەوت بە تانكەر بهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان و لە هەولێرەوە بخرێتە نێو بۆرییەوە. هەروەها لەنێوان كەركوك و بەسرەش بۆری گواستنەوەی نەوت نییە و دەبێت لەوێشەوە هەر بە تانكەر نەوت بهێنرێت.
رۆژانە هەرێم چەندی دەستدەكەوێت؟
بەوتەی نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوری، بە تێپەڕبوونی نەوت بە بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان، بۆ هەر بەرمیلێك نەوت هەرێمی كوردستان دوو دۆلار وەردەگرێت.
بەوتەی ئەو شارەزایە، رۆژانە هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر هەناردەكردنی 200 هەزار بەرمیل نەوت 400 هەزار دۆلاری دەستدەكەوێت، كە مانگانە ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلار دەكات، ئەمەش لەگەڵ زیادبوونی هەناردەی نەوت زیاتر دەكات.
-
نهێنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بەو كتوپڕییە لەسەر هەناردەی نەوت چییە؟
|
-
ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە نرخی نەوت چی بەسەردێت؟
|
-
وەزارەتی دارایی: پێدانی موچە بە نەختینە (کاش) لە 20ی ئەم مانگەوە کۆتایی دێت
|
-
دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی پێناسی گومرگییەوە رەتکردەوە
|
-
تەیف سامی: داوای ناردنی لیستی مووچەی هەرێم دەکات
|
-
وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی یەک ڕەوانەی بەغدا دەکات
|
-
ترامپ گومرگی 25%ی بەسەر وڵاتانی بازرگانیکەر لەگەڵ ئێراندا سەپاند
|
-
سۆمۆ: لە مانگی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە 193.5 هەزار بەرمیل بووە
|
-
راوێژکاری دارایی سودانی: گرژییەکانی ڤەنزوێلا نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
|
|
|
|