×

2024-07-17 483 جار خوێنراوەتەوە

سیناریۆکانی پارتی، کێ لەپشت تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکەی ئەکرم ساڵحەوەیە؟

ناوەندی هەواڵ

بەپێی بەدوواداچوون و زانیارییەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکەی ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی پارتی لەگەرمیان، پاسەوانەکانی خۆیان بەسەیکردنی یاری نێوان  نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیاو ئینگلتەرا، سەرقالکردووەو هەموو گومانەکانیش بۆ ئەوەن تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکەی پارتی لەگەرمیان کاری پارتی خۆی بوبێت، پارتیش بۆ پەردەپۆشکردنی ڕووداوکە وەک هەومووجارەکانی دیکە پەکەکە تۆمەتبار دەکات،  پەکەکەش ڕیدەگەیەنێت، پارتی بەرپرسیار دەبێت لە هەرشتێک کە بەسەر هەر هەڤاڵێکماندا بێت، لە هەر شوێنێکی باشووری کوردستان بن.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدۆیەی هەیە،ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان کاتێک دوای ڕووداوەکە  بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن قسەی کرد وتی، کاتێک سواری ئۆتۆمبیلەکەم بووم لەو جێگەیەی دانیشتبووم ئۆتۆمبیلەکەم تەقیوەتەوە من و شۆفێرەکەم و پێشمەرگەیەکی تێدا بووین کە تەقییەوە دەرگاکان هەمووی داخرا بوون ناچار بە خێرایی دەرگای شۆفێرەکەمان کردەوەو لەو دەرگایەوە ڕزگارمان بوو، بەڵام لەگرتەیەکی دیکەی ڤیدیۆیدا کە بڵاو کراوەتەوە پاسەوانەکانی ئەکرەم ساڵح خێرا دەچن هەموو دەرگاکان دەکەنەوەو ئەکرم ساڵح دادەبەزێت.

ئەگەر لێکدانەوە بۆ ئەو دوو لێدوانە دژ بە یەکەی بەرپرسەکەی پارتی بکرێت دەبێت بپرسین  مانای ئەو دوو لێدوانە چیە؟

 شارەزایان و هاوڵاتیان و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لای خۆیانەوە دەپرسن ئەگەر ئۆتۆمبیلێک بتەقێتەوە سێ کەسی تێدا بێت، هەموو دەرگاکانیش قوفڵ بێت تەنها یەک دەرگا دوای تەقینەوەکە کرابێتەوە چۆن ڕزگاریان بووە بێئەوەی بریندار بن؟

هەروەها لە خولەکی یەکەمی ڤیدیۆکەدا بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت ئۆتۆمبیلەکەم لە ژوورەوە بووە هێنایانەتە دەرەوە پاکی بکەینەوە لێرەدا (گومانەکان زۆرتر دەبێت لەسەر ئەوەی کێ  ئۆتۆمبێلەکەی هێنایەتیە دەرەوە؟ بە دڵنیاییەوە یان خۆی یا پاسەوانەکانی) پاشان دەڵێت کە سواری ئۆتۆمبیلەکە بووین ئینجا تەقییەوە، بەڵم ئێمە سەلامەت بووین.!!

سەبارەت بەو ڕووداوە،  سەرچاوەیەکی ناو پارتی لەگەرمیان بە دەزگای میدیایی "ئیرادە"ی وت" هەقە پرسیاری ئەوە لە بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی بکرێت کاتێک (ئۆتۆمبیلەکە لە ماڵەکەتدا بێت و ماڵەکەت بە کامێرا دەور درابێت، دوو کابینە پاسەوان لەبەر دەرگاکەتا بێت و هەر ئەوانیش ئۆتۆمبیلەکەیان پاک کردبێتەوە ئەبێ کێ توانای ئەوەی هەبێ تەقینەوەی دانا بێت بۆی؟ بۆیە هەموو ئەمانە سیناریۆیەو ڕاستی ڕووداوەکە ڕوونەو پەیوەندی بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتی و تەسفێکردنی باڵەکانی ناوپارتی هەیەو تۆمەتبارکردنی هێزەکانی دیکەش کارێکی هەڵەیە.

کێشەکانی لقی پارتی لەگەرمیان چی بوون؟

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستهاتوون،  پارتی هەڵبژادنی نێوخۆی حزبەکەی کردووە  لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەڵبژاردنی لقی گەرمیانیش کراوە، ئەکرەم ساڵح بە‌ خۆی و ستافەکەیەوە زۆر بە هێز بوون و سەربە باڵی نێچیرڤان بارزانیش هەژمار دەکرێن، لەبەرامبەر ئەو باڵەکەی دیکەی پارتی لەسنووری گەرمیان  کە سەر بە باڵەکەی مەسرور بارزانیە.

لەلایەکی دیکەوە، لەلایەن دەزگای پاراستنی پارتی  زۆر هەوڵدرا تا ئاستی فشار لەوەی ئەکرەم ساڵح لە هەڵبژاردن بکشێتەوە تا باڵەکەی مەسرور بارزانی سەرکەوتوو بێت لە هەڵبژاردن بەڵام ئەکرەم ساڵح کە باڵی نێچیرڤان بارزانیە داواو فشارەژەی ڕەتکردەوەونەکشایەوە،ب بەوەش هەڵبژاەدن لەگەرمیان شەڕوئاژاوەو لێداوانی تێدا درووستبوو  دواجاریش بەهۆی ناکۆکیەکانەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سنووری گەرمیانیان بردە هەولێرو لە ژێر چاودێری پاراستنی پارتیدا ئەکرەم ساڵح و ستافەکەی توانیان هەڵبژاردنەکە ببنەوەو شکست بە باڵی مەسرور بارزانی بێنن.

ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنی لقی پارتی لە گەرمیان لە پارتی دەرچوون بۆ کۆنگرە جگە لەوەی ئەکرەم ساڵح وەک کەسی یەکەمی نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسی لقی گەرمیان  سەرکەوتوو بوو ستافەکەشی کە پێکهاتوون:(لوقمان ره‌شید،  سه‌باح له‌تیف، فه‌ریق حه‌سه‌ن، وریا عه‌لی، كۆچه‌ر ئه‌كبه‌ر شلێر ئه‌حمه‌د)

دەربارەی ڕووداوەکە، شارەزایەکی بواری سەربازی و شارەزای بۆمب و تەقینەوە کە نەی ویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بەدەزگای میدیایی "ئیرادە"ی وت، بە پێی کاریگەرییە بەجێماوەکانی بۆمبەکە لەسەر ئۆتۆبێلەکەی بەرپرسی لقی پارتی لەگەرمیان لەلایەن تیمی شارەزاو پسپۆڕەوە دروستکراوە بەڵام ئەو کەسەی بەکاری هێناوە ڕەنگە بێ زانیاری بووبێت و تەنها ئەرکەکەی بەجێگەیاندووە، ڕەنگە پێشی وترابێت کە بۆمبەکە بکات بەکام جێگەی ئۆتۆمبێلەکەوە.

وتیشی، ڕەنگە تەقینەوەکە و دانانی بۆمب بۆ  بۆ ئەو بەرپرسە ئاگادارکردنەوەی بەرپرسەکەی پارتی بوبێت لەسەر کارێک و ئامانجەکەی کوشتنی نەبوبێت لەبەر ئەوەی جێگەی دانانی بۆمبەکە لەبەشی دوواوەی ئۆتۆمبێلەکە و ئاراستەی تەقینی بۆمبەکە بۆ دەرەوەیە واتە شێوەی ئاسۆیی بووە نەک ستوونی گومان لای هاوڵتیان درووست دەکات و وادەکات بە سیناریۆ ناوی ببەن.

ئەوەی ڕوونە و لەم کاتەدا پێویستە قسەو هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، ڕووداوەکەیە کە پێمان دەڵێت؛ کێشەی ناوخۆیی لە ناو پارتی هەیە، ئەگەر کێشەی ناوخۆیی ناو پارتی نەبێت ، دەستگەیشتن بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی پارتی کە پاسەوان و کامێرا هەیە لەماڵەکەیدا بەو شێوەیە ئاسان نیە و هەرچەندە ڕەنگە لەبەر ڕانەگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان زوو بێت لە ئێستادا پەنجەی تۆمەت بۆ بەرپرسانی  ناو پارتی و هیچ حزبێکی دیکە درێژ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی باڵای پارتی و ئەنجومەنی ئاسایشی سەربەپارتی هەر زوو کەوتنە تۆمەتبەخشینەوەو بڵاوکردنەوەی  بەیاننامەکەو بانگەشەی ئەوەیان کرد کە پەکەکە ئەو کارەی ئەنجامداوە ئەوەش بۆ ڕازیکردنی دڵی دەسەڵاتدارانی تورکیا کە لەئێستادا هێزی تورکیا بەهاوکاری پارتی سەرقاڵی داگیرکردنی سووری بادینان.

پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا  پەکەکە لەگەرمیان هێندە بەهێزە ڕیزی پاسەوانی بەرپرسێک ببەزێنێ و بەناویاندا بڕوات و بۆمب بلکێنێتە سەیارەکەیەوە؟ بەرپرسێک شەوان سەیارەی دەباتە ژوورەوەو تا ڕۆژیش دەبێتەوە پاسەوانی هەیە، کاتێکیش سەردان ئەنجام دەدات پاسەوان لای سەیارەکەی دەمێنێتەوە، پە.کە.کە لە کوێوە دزەیکردو گەشتە لای سەیارەکەی؟ گومانی تر.
زانیارییەکان چی دەڵێن؟

 دەزگا ئەمنییەکان کامێرای شوێنی پشوودانی بەرپرسی لقی پارتییان هەڵگرتووەتەوەو لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ گەیشتنە ئەنجام و  سەرقاڵی بەدواداچوون و هەڵگرتنەوەی کامیراو پشکنینی ئەو شوێنانەن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسی لق پێیدا تێپەڕیووە.

سەرباری هەموو ئەوانەش، ڕەنگە هەندێک شت و هەندێک گومان هەبن، کاری میدیا نەبێت قسەی لەسەر بکات تا دوای یەکلایی بوونەوەی دۆسییەکە، کێ کردەوەکەی ئەنجامدا؟

ڕووداوەکە لەبەرژەوەندی کێیە؟

 دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمریکا لەگەرمیان دەڵێت، بێگومان کردوەکە دوورە لە یەکێتییەوە، چونکە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی ئەنجامدراوەو پارتی خەریکە تەوزیفیشی دەکات، کاتێک دەڵێت ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانە تۆمەتباران بدۆزنەوە.

دەشڵێت، پاشان کردەی وا لە بەرژەوەندی یەکێتی نییە وەکو حزب، بەوپێیەی سەدان بەرپرسی لە ژێر دەسەڵاتی پارتی لەکاردان و نایەوێت دەست بۆ بەرپرسی پارتی ببرێ، ئەمە جگە لەوەی ئەکرەم ساڵەح ڕەمزێکی وا گەورەی پارتی نییەو تەنانەت گەر تیرۆریش بکرایە، یەکێتی هیچ سودێکی نەدەبینی و دەبووە مایەی سەرئێشەش بۆی.

لە دیوی ترەوە پەنجەی تۆمەت بۆ پە. پە.کە درێژ دەکرێ، گریمان پە.کە.کە بۆی بکرێ، خواستی کردەوەیەکی وای هەیەو ئەنجامی دەدات، بەڵام لێرەشدا پرسیار دێتە پێشەوە، کوا کەی پە.کە.کە لەگەرمیان ئەوەندە بەهێزە کاری وا ئەنجام بدات  پە.کە.کە لە کوێوە دزەیکردو گەشتە لای سەیارەکەی؟ گومانی تر، لەبەر ئەوە ئەو گومانە هەڵەیە.

دانانی بۆمبەکە لە کاتێکدا کە تەنها چەند هەفتەیەک بەسەرهەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتیدا لەگەرمیان تێپەڕیوە. کە پڕبوو لە کێشمەکێش شارەزایان و چاودێرانیش تۆمەتبارکردنی کادیرە ناڕازییەکانی پارتی لەگەرمیان بە  کارێکی هەڵە وەسف دەکەن،لەبەر ئەوەی پێێان وایە چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکە کەسانی شارەزای لەپشتبووە، نەک کادیری حزبی بێ ئاگا .

دوێنێ سێشەممە، 16 ی تەمووزی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەپارتی دیموکرات ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوەو پەکەکەی بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیمکراتی کوردستان تۆمەتبارکرد.

کاردانەوەی پەکەکە چییە؟

لای خۆیەوە، پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لە بنەڕەتدا ئەنجوومەنی ئاسایشی بنەماڵەی بارزانییە، ئێمە بە بەرپرسیار دەزانێت لەو تەقەمەنیانەی کە لەناو ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، یەکێک لە بەرپرسانی پەدەکە چێنراون، ئێمە ئەم تۆمەتە نادادپەروەرانە و بێ بنەمایە ڕەتدەکەینەوە، دەشڵێن، پەدەکە هەڕەشە لە دەستەى بەڕێوەبەرى ئێمە دەکات، بەدڵنیاییەوە پەدەکە بەرپرسیار دەبێت لە هەرشتێک کە بەسەر هەر هەڤاڵێکماندا بێت، لە هەر شوێنێکی باشووری کوردستان بن.

تۆمەت و سیناریۆکانی پارتی چاوەڕێنەکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، لەکاتێکدایە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی  و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆکی پارتی لە دوو ڕاگەیەنراودا داوایانکردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو کەس و لایەنانە ئاشکرابکەن کە لە پشت هەوڵەکەوە بوون بەڵام خۆیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە.

سەرچاوە یەکی ئاگادار لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان بەدەنگی ئەمەریکای وتووە، ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لق کە بەشەو بۆمبەکەی پێوە لکێنراوە، دیوێکی لە تاریکایی و دیوەکەی تری بەلای پاسەوانەکانییەوە بووە، بۆیە کەسەکە بۆمبە لکێنراوەکەی لە دیوی تاریکاییەوە خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەکە."

سەرچاوەکە دەشڵێت، تانکی بانزینی ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لق لەو دیوەکەی تربووە، نەک ئەو دیوەی کە بۆمبەکەی پێوە لکێنرابوو، گەر بۆمبەکە بدرایە لە دیوی تانکی بانزینەکە، لەکاتی تەقینەوەکەدا ئۆتۆمبێلەکە دەتەقییەوەو ئەستەمبوو سەرنیشینەکانی دەربازیان ببێت.

ڕۆژی دووشەممە، 15 ی تەمموزی 2024، لەکاتێکدا ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی ویستوویەتی لەماڵی زۆیان لەگەڕەکی شەهیدانی کەلار بەرەو لق بڕوات، لەوکاتەدا بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیووەتەوە.

  • عێراق و هەرێم کەی بێدەنگی خۆیان سەبارەت بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەشکێنن؟

  • تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین لە قەرەتۆغان بەخاکسپێردرا

  • دوو مووشەک کشانەوەی هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لە عێراق ڕاگرت

  • لە 33 ساڵدا 845 کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی

  • هەشتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی وەدات حسێن کرایەوە

  • فواد حسێن: لەشکرکێشی تورکیا هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نیە

  • سەرچاوەیەک بۆ ئیرادە: لێدوانەکەی قاسم شەشۆ پیلانێکی مەترسیدار بوو

  • ڕۆژی 3ی ئاب؛ ڕۆژی کارەسات و مه‌رگی ئێزدییه‌كان

  • دە ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت

سەرەکی