×

بەخاک سپاردنی تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین لە قەرەتۆغان
2024-08-23 243 جار خوێنراوەتەوە

تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین لە قەرەتۆغان بەخاکسپێردرا

ناوەندی هەواڵ

تەرمی (هێرۆ بەهادین)، یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی ئەمڕۆ لە سەیدسادق بەهۆی بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر شەهید بوو بە ئامادەبوونی بنەماڵەکەی و بەشداری کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنوسان و خەڵکی شاری سلێمانی لە گۆڕستانی قەرەتۆغان لە شاری سلێمانی لە مەڕاسیمێکدا بەخاک سپێردرا.

لە مەڕاسیمێکدا لە گۆڕستانی قەرەتۆغان 

لە پاش ڕەوانەکردنی تەرمەکانیان بۆ پزیشکی دادی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ خانەوادەی شەهیدی ڕۆژنامەنووس "هێرۆ بەهادین" تەرمی کچەکەیان وەرگرتەوە و لە مەڕاسیمێکدا لە گۆڕستانی قەرەتۆغان لە شاری سلێمانی بەخاکیان سپارد.

ڕۆژنامەنووسانی دەزگاکەمان بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی سەردانی سەیدسادق و سنووری شارەزووریان کردبوو

 کەمال حەمە ڕەزا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر، بەیاننامەیەکی خوێندەوەو ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، ڕۆژنامەنووسانی دەزگاکەمان بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی سەردانی سەیدسادق و سنووری شارەزووریان کردبوو، بەڵام تورکیا هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیاکەمان، بە هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی "گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین" شەهیدبوون و ڕۆژنامەنووسێكیشمان بەناوی "ڕێبین بەکر" برینداربوو.

وتیشی، شەهید گوڵیستان تارا، لە ساڵی 2000وە  دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە و ساڵانێکە لە باشووری کوردستاندا وەک بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی هاوکاری دەزگاکەمانی کردووە.

جەختیکردەوە:"ئێمە وەک کۆمپانیای چەتر بۆ گەشەپێدانی میدیایی ڕایدەگەیەنین، کە لایەق بە خوێن شەهدانمان بین و لەسەر ڕێبازی پیرۆزی ئەوان بەردەوام بین، بەڵێن دەدەین ئەو مەشخەڵەی ئەوان هەڵیانکردووە هەمیشە بە گەشاوەیی بیهێڵینەوە و بۆ لەمەودوا بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە پێداگریی لە پرسە ئازادییخوازییەکانی گەلەکەمان بکەین".

 (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) 

ئەمڕۆ پێنجەشەممە 23ی ئابی 2024،  بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی  تورکیا، لە نزیک گوندی تەپەڕەش لە سنووری قەزای  سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) شەهیدبوون و ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بەناوی "ڕێبین بەکر" بریندار بوو.

ئەوەی بووە جێگەی نیگەرانی لای  ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان و کەس و کاری قوربانییەکان ئەوە بوو لەگەڵ ئەنجامدانی ڕووداوەکە دژەتیرۆری پارتی لە ڕاگەیەندراوێکی چەواشەکارانەدا بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، ئەوکەسانی بوونەتە قوربانی  چەکدار و بەرپرسی پەکەکەن لەکاتێکدا ئەوان بۆ ڕۆژنامەنووسی ئازادبوون و بۆ کاری ڕۆژنامەوانی ڕوویان کردبووە ئەو سنوورە.

دوو ڕۆژنامەوانی ژن بوون، نەک ئەندامی هێزێکی چەکدار

هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر ڕووداوەکە وەک وەڵامێک بۆ ڕاگەیەندراوەکەی پارتی وتی،قوربانییەکانی هێرشە درۆنییەکەی نزیک قەزای سەیدسادق، دوو ڕۆژنامەوانی ژن بوون، نەک ئەندامی هێزێکی چەکدار تا مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هیچ وڵات و ناوچەیەک.

 وتیشی،شەهیدکردنی ئەم دوو ڕۆژنامەوانە تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی  نێودەوڵەتییە و بە توندی ئیدانەی دەکەین. 

لەبەر ئەوەی  پێشێلکردنێکی زەقی سەروەری خاکی عێراقە بۆیە جارێکیتر داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێن کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.

هەر سەر ڕووداوەکە، فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا،  هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوسانی بە تاوانێکی پاساو هەڵنەگر وەسفکردو ڕایگەیاند،بە توندی ئیدانەی ڕووداوەکە دەکەین.

 بەتوندی ئیدانە دەكەین 

لەڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشهاتبوو، ئێمە وەك  فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هێرشە درۆنیەكەی ئەمرۆی نزیك قەزای سەید سادق ، بەتوندی ئیدانە دەكەین ، كە ئۆتۆمبێلی تیمێکی رۆژنامەوانی كردە ئامانج  ، بەهۆیەوە دوو رۆژنامەنوسی ژن گیانیان لەدەستدا.

ژیانی ڕۆژنامەنوسانی کوردستان پارێزراو نییە

لەلایەکی دیکەوە،  کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان هۆشداریدا و ڕایگەیاند، ژیانی رۆژنامەنوسانی کوردستان پارێزراو نییەو ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویداو ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسان بە درۆن بکرێتە ئامانج وەرچەرخانێکی مەترسیدارە.

وتیشی، ئەم رووداوە دەگەیەنینە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

"ئەم وڵاتە بێ دەرگا و پەنجەرەیە"

رەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی ڕۆژنامەنووسان لەسەر ڕووداوەکە وتی، ڕۆژانە درۆنەکانی تورکیا خەڵکی مەدەنی دەکوژن و چونکە "ئەم وڵاتە بێ دەرگا و پەنجەرەیە"و تورکیا لای ئاساییە کوێی دەوێت بۆردومانی دەکات.

دەربارەی ڕووداوەکە بزوتنەوەی گۆڕان ڕیگەیاند، هێرشەكان بەبێ هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی بە ئەنجام ناگەن.

 ئەم جۆرە هێرشانە بەبێ هاوکاری ناوخۆیی بە ئەنجام ناگەن

ئەنجومەنی قەزای سەیدسادقی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، جارێکی دیكە درۆنی خوێنڕێژ،  ئۆتۆمبێلی هاونیشتیمانیەکی کردە ئامانج كە دوو ڕۆژنامەنوسی بێ تاوانیان شەهید کرد و دەشڵێت: ئەم جۆرە هێرشانە بەبێ هاوکاری ناوخۆیی بە ئەنجام ناگەن.

بەرەی گەل لەڕاگەیەندراوێکد لەسەر بەئامانج گردنی ڕۆژنامەنووسان هۆشداریداو ڕایگەیاند، کلکایەتی و دابەشبونە حزبی و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنورێکی بەزاندووە.

بەرەی گەل ڕاشیگەیاند، بە توندی سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەمڕۆی قەزای سەیدسادق دەکات کە تێیدا دوو هاونیشتیمانی ڕۆژنامەوان بەناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین کرانە ئامانج و تیرۆرکران.

بەرەی گەل دەڵێت، بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان و سەلامەتی و سەروەری خاکی عێراق و هاوڵاتییەکانی لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەريمی کوردستانە، بەداخەوە هەردولایان لە لوتکەی بێ باکی و بێ خەمیدان بەرامبەر ژیان و سەلامەتی و خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان.

بە هاوکاری دەستی ناوخۆییە و ئەجێندای سیاسییە

دەشڵێت، ئەوەی ڕودەدات و هەر ڕۆژەو درۆنێک مرۆڤێکی سڤیل و بێ گوناهی ئێمە دەکاتە ئامانج بە هاوکاری دەستی ناوخۆییە و ئەجێندای سیاسییە ، دوبارە بوونەوەی بەردەوامی ئەو خەرق و پێشێلکارییە ئەمنیانە شکستی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە و وایکردوە هیچ تاکێک هەست بە سەلامەتی و ئاسایشی ژیانی خۆی نەکات.

هەروەها لەبەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی گەلدا هاتووە، ئەجێندا دەرەکییەکان، کلکایەتی و دابەشبونە حزبی و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنورێکی بەزاندوە و دەبێت ئەو بێ باکیی و ئەجێندا مەترسیدارانە بەرامبەر ژیانی هاوڵاتیانمان کۆتایی پێبهێنرێت.

لای خۆیەوە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،کوشتنی دوو ڕۆژنامەنووس بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە پارێزگای سلێمانی شەرمەزار و ئیدانە دەکەین.
 
 دەشڵێت،بەئامانج گرتنی ڕۆژنامەنووسان پێشێلکردنی یاسا  و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە  و ئەو هێرشانە کاریگەریان لەسەر خەڵکی مەدەنی هەیە .

 هەموو لایەنەکان دەبێ ڕێز لە ئازادی ڕۆژنامەگەری بگرن

لیژنەکە ڕاشیگەیاندووە،ڕۆژنامەنووسان لە هەموو جیهاندا  نوێنەرایەتی هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر هیچ لایەنێک ناکەن و
 هەموو لایەنەکان دەبێ ڕێز لە ئازادی ڕۆژنامەگەری بگرن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە، 23ی ئابی 2024، لە ئاكامی هێرشێكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ئۆتۆمبیلێكی رۆژنامەنووسان لە سنوووری شارەزوور، دوو رۆژنامەنوس بە ناوەكانی (گوڵستان تارا‌و هێرۆ بەهادین) كە رۆژنامەنوسی سەر بە كۆمپانیای چەتر بۆ كاری میدیایی بوون، شەهید بوون‌و رۆژنامەنوسێكی دیكەش برینداربووە.

  • داروپه‌ردووى جه‌نگى غه‌ززه‌ 11 هێنده‌ى هه‌ره‌مه‌كانى میسره‌

  • ئایا ئێران ئاماده‌یه‌ بۆ ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل؟

  • کابینەکەی مەسرور بارزانی ته‌ندروستى هه‌رێمی له‌ كه‌رتێكى خزمه‌تگوزارييه‌وه‌ کردە كه‌رتێكى بازرگانى

  • حکومەتی هەرێم نە لیستی پاک کردووەتەوە و نە هەژمارەکەشی قبوڵ کراوە

  • ژیانی حەسەن نەسروڵا لە منداڵییەوە بۆ سەرکردەی حزب لە هەڕەشکردنەوە بۆ کوشتن

  • بای بای عیراق، دروشمی ئەو ڕیفراندۆمەی کوردى بە سەربەخۆیى نەگەیاند

  • یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە نێوان کەمتەرخەمی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایاندا

  • کاریگەری دەستێوەردانی حزبی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

  • کۆچ ئەو پرسەی ویژدانی هەموو کەس دەجوڵێنێت جگە لە ویژدانی دەسەڵاتداران

سەرەکی