×

تیمی ڕێکخراوی CPT ی ئەمریکی
2024-08-14 284 جار خوێنراوەتەوە

لە 33 ساڵدا 845 کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی

ناوەندی هەواڵ

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕێکخراوى CPT ئەمریکى ئاماری قوربانییانی بۆردوومانەکانى تورکیا و ئێرانی لە ساڵی 1991 تا  2024 بڵاوکردەوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکە کە لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیێەکەدا  بۆ ڕۆژنامەنووسان خرایەڕوو  لە ساڵی 1991 تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2024،  425 کەس بەهۆى بۆردوومانەکانى تورکیا و ئێران گیانیانلەدەستداوە.

رێکخراوی CPT دەشڵێت، تورکیا بەرپرسیارە لە کوشتن و بریندارکردنى 792 هاونیشتمانیى سڤیل و وڵاتی ئێرانیش بەرپرسیارە لە کوشتن و بریندارکردنى 143 هاوڵاتی.

بەپێی ئاماری تیمی کوردستانی عێراقی CPT ی ئەمریکی، لەماوەی  33 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، کە 425یان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە.

ڕێکخراوی (CPT) کە بایەخ بە پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات و تۆماریان دەکات، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا بەناونیشانی "قوربانییانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران لە باکووری عێراق"، ئاماری پێشێلکارییەکانی  33 ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە.

ڕاپۆرتەکەی ڕێکراوی سی پی تی  ئەمریکی لە  دووتوێی 39 لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە، لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت (ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران) و تەنیا قوربانییانی سڤیلی تۆمارکردووە، کە لە پێشێلکارییەکانی ئەو دوو وڵاتە بوونەتە قوربانی. 

ڕێکخراوەکە پێشێلکارییەکانی هەردوو وڵاتی لە کانوونی دووەمی ساڵی 1991 تا حوزەیرانی ساڵی 2024، واتە لە ماوەی 33 ساڵ و شەش مانگ تۆمار کردووە.

لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشە سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتەوە لەو ماوەیەدا 845 هاونیشتمانی و هاووڵاتی ، بوونەتە قوربانی  کە 425 کەسیان شەهیدبوون، 420 کەسیشیان برینداربوون، هەروەها 10 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کە پیشەیەکی دیکەیان کردووە شەهید بوون و پێنجیشیان بریندار بوون. هاوکات هەشت سەربازی سوپای تورکیا کە بە دیل بوون،دواتر بەهۆی هێرشەکانی توریا خۆیەوە کوژراون."

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی (CPT) بەڕۆژنامەنووسانی وت، "لەساڵی 1991ەوە بەهۆی نەبوونی داتای پێویست، باردودۆخی سیاسیی، نەبوونی دامەزراوەی تایبەتمەند، حکومەت هیچ جۆرە قەرەبوو و هاوکارییەکی پێشکێشی خانەوادەی قوربانیان و هاوڵاتیانی قوربانی نەکردووە."

هه‌ر به‌پێی  راپۆرته،‌ زۆرترین گیانله‌ده‌ستدانى هاوڵاتیان له‌ ساڵى 1994 بووه‌ كه‌ تێیدا 73 هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 51 هاوڵاتیش بریندار بوونه، له‌ به‌رامبه‌ریشدا له‌ ساڵانى 2004، 2012 و 2014 هیچ حاڵه‌تێكی گیانله‌ده‌ستدان یاخود بریندار بوونى هاوڵاتیان له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان تۆمار نەکراوە.

بەپێی ئامارەکەی CPT،  ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتەوە شەهید بوون بەپێی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان ناسێندراون:

-187یان بە شەهید ناسێندراون
-174یان بە شەهیدی سڤیل نەناسێندراون
-31یان قوربانی بیانین کە شەهیدانە نایانگرێتەوە
-43یان بە شەهیدی سەنگەر ناسێندراون

ڕێکخراوی(CPT)، تورکیا بەرپرسیارە لە 83٪ی قوربانییانی مەدەنی، کە بەهۆی هێرشەکانییەوە 344 کەس شەهید بوون و 358 کەسیش برینداربوون. 39٪ی قوربانییان لەنێوان ساڵانی 2018 تا 2024 بووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە تورکیا لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2017ەوە لە 360 کیلۆمەتر سنووری نێوان عێراق و تورکیا زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی"چنگ"ی لەنێو هەرێمی کوردستان کردووە، بەهۆیانەوە 74 بنکە و بارەگای سەربازی لەناو هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووانی 170 گوند، هەروەها مەترسیی چۆڵبوونی 602 گوندی دیکەش هەیە.

ئەوانەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی 498یان نێر و 204یان مێ بوون، جگە لەوەی 508یان پێگەیشتوون، 194 منداڵ لەنێو قوربانیاندان، کە 79یان شەهید بوون و 115یشیان بریندار بوون. 

لە هێرشەکانی تورکیا ئەوانەی بوونەتە قوربانی، 648 کورد، 49 عەرەب، 4 تورک و یەک دانمارکییە.

جۆری هێرشەکانی تورکیا و ژمارەی قوربانیان: 

- هێرشی ئاسمانی:

484 قوربانی: 243 شەهید بوون، 241 بریندار، بەمشێوەیە بووە:

-333یان بەهۆی هێرشی فڕۆکەی جەنگی
-132یان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
-18یان بە ئەگەری چەکی کیمیایی
-1 بەرکەوتنی پارچەی تێکشکاوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
-2 هێرشی هێلیکۆپتەر

- هێرشی زەمینی:

216 قوربانی، 101 گیان لەدەستدان و  115 بریندار، کە بەمشێوەیە بووە:

-104 بەهۆی تۆپبارانەوە.
-52 بەهۆی تەقەی سەربازانی تورکیا
-30 تەقەلێکردن یان فڕێدانە خوارەوە لە هێلیکۆپتەر
-28 بەهۆی تەقینەوە
-21 تەقینەوەی مین
-5 دەستلێدانی بۆمب و ناپاڵمی نەتەقیو
-2 بەهۆی تی ئێن تی
-2 بەهۆی ڕفاندنەوە

ڕێکخراوی سی پی تی، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە تورکیا بە ئەنقەست ژمارەیەک لە شوێنەکانی مەدەنی دەکاتە ئامانج لەوانە کەمپی پەنابەران، کردنە ئامانجی سڤیل و گەریلاکانی پەکەکە بەیەکەوە، شوێنە گەشتیارییەکان، فێستیڤاڵ و سووتاندنی زەویی کشتوکاڵی و فڕێدانە خوارەوە لە هەلیکۆپتەر. 

قوربانیانی هێرشەکانی تورکیا ناوچەکان:

- پارێزگای دهۆک(44٪):

306 قوربانی (151 شەهید، 155 بریندار)

- پارێزگای هەولێر (34٪):

242 قوربانی (129 شەهید، 113 بریندار)

- پارێزگای سلێمانی (16٪):

114 قوربانی (51 شەهید، 63 بریندار)

-نەینەوا (6٪):

40 قوربانی (13 شەهید، 27 بریندار)

قوربانیانی هێرشەکانی ئێران

ڕێکخراوی (CPT)ئەمریکی ، لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، لەماوەی نێوان کانوونی یەکەمی ساڵی 1991ەوە بۆ حوزەیرانی ساڵی 2024، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە 143 کەس بوونەتە قوربانی (81 شەهید و 62 بریندارن).

بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکە تەنها بەهۆی تۆپبارانەکانی ئێرانەوە، 63 کەس شەهید بوون و 48ی هاوڵاتی دیکە برینداربوون، جگە لەوەش لەساڵی 2013ەوە تا ئێستا ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازیی لەناوخاکی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و لە  54%ی هێرشەکانی ئێران بۆسەر قوربانیانی مەدەنی بوون.

ئەوانەی بەهۆی هێرشەکانی ئێران بوونەتە قوربانی، 98 نێر و 45 مێن، 44یشیان منداڵ و 99یان پێگەیشتوون.

46%ی ئەو هاونیشتمانی و هاووڵاتیانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە گیانیانلەدەستداوە بە شەهید هەژمار نەکراون.

جگە لەوە 155 بریندار لە کۆی 420 بریندار پێویستیان بە یارمەتی پزیشکی زیاتر هەیە بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی جەستەیان.

قوربانیانی سڤیل بەپێی هێرشەکانی ئێران:

-111 بەهۆی تۆپبارانەوە
-19 بەهۆی تەقەکردن لە بارەگاکان
-10 بەهۆی درۆنەوە
-3 بەهۆی تەقینەوە
-3 بەهۆی تەقینەوەی مین

هێرشەکانی ئێران بەپێی شوێنەکان:

- پارێزگای سلێمانی (71٪):

102 قوربانی (63 شەهید، 40 بریندار)

- پارێزگای هەولێر (28٪):

41 قوربانی (19 شەهید، 22 بریندار)

بەپێی ئامارەکەی سی پی تی ، لەسەر ئاستی قەزاکان قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین هێرشەکانی بەرکەوتووە، کە 96 قوربانیی هەبووە بەجۆرێک (59 شەهیدو 37 بریندار)، ئەوەش ڕێژەی 67٪ـی قوربانییان پێکدەهێنێت.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی (CPT) ی ئەمریکی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا وتی، ئەوەی بووەتە جێگەی نیگەرانیمان ئەوەیە  لە هەرێمی کوردستان  35 هاوڵاتی بە بۆردوومانی تورکیا شەهید کراون بەڵام دواتر حکومەتی هەرێم  کەیسەکانیانی گۆڕیوە بۆ ڕووداوی هاتوچۆ.

ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێم  ئەو کەسانە بەشەهید تۆمار ناکات کە بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیاو ئێرانەوە لەناو خاکی هەرێم دەبنە قوربانی و شەهید و بریندار دەبن.

وتیشی،سوپای تورکیا دوو هاوڵاتی لە فڕۆکەوە خستووەتە خوارەوە کە خاوەن سێ منداڵ بوون گیانیان لەدەستداوە لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا لە هەرێمی کوردستان 18 هاوڵاتی بەئەگەرێکی  زۆرەوە بە چەکی کیمیایی شەهید کردووە.

ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکەیدا بەپێنج ڕاسپاردە داوا دەکات حکومەتی عێراق  قەرەبووی هاووڵاتییان بەبێ جیاکاری بکاتەوە و سەرەوەریی عێراق بپارێزێت و خزمەتگوزاری پێشکێشی ئەو قوربانییانە بکرێت کە پێویستیان پێیەتی.

هاوکات بۆ هەرێمی کوردستانیش  داوای جێبەجێکردنی یاسای ماف و ئیمتیازاتی خانەوادەی شەهیدان و قوربانییانی ئەنفال دەکات و قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە و گیانی هاووڵاتیان بپارێزرێت.

بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوا دەکات وڵاتانی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) حکومەتی تورکیا بەرپرسیار بکەن لەو کوشتن و بریندارکردنەی هاوڵاتیان، چونکە پێی وایە ئەوان چەک بەو وڵاتە دەدەن.

  • هوداپار لە باکوور دووژمن و لە باشوور دۆستی کوردان

  • ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان پایەکانی دەسەڵات بتەو دەکات

  • چاوچنۆکی و تەماحەکانی تورکیا دەگەنە کەرکوک

  • عێراق و هەرێم کەی بێدەنگی خۆیان سەبارەت بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەشکێنن؟

  • تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین لە قەرەتۆغان بەخاکسپێردرا

  • دوو مووشەک کشانەوەی هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لە عێراق ڕاگرت

  • لە 33 ساڵدا 845 کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی

  • هەشتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی وەدات حسێن کرایەوە

  • فواد حسێن: لەشکرکێشی تورکیا هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نیە

سەرەکی