ماکرۆن و ئەردۆغان
2025-01-11
299 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكاش دەیەوێت ڕێگری لەهێرشی توركیا بكات؛ توركیا دژایەتی خۆی بۆ ڕۆڵی فەڕەنسا لە پرسی كورد ڕادەگەیەنێت
ناوەندی هەواڵ
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ڕۆڵی فەرەنسا لە پرسی كورد لە سوریا ڕەتدەكاتەوە، دەڵێت "ئەمریكا تەنها میحوەری وڵاتەكەمانە بۆ ئەوەی سەبارەت بە سوریا گفتوگۆی لەگەڵ بكەنی". لەكاتێكدا ئەمریكا دەیەوێت توركیا لە ئەنجامدانی پرۆسەیەكی سەربازی لە سوریا دووربخاتەوە.
هاكان فیدان فەرەنسا تۆمەتبار دەكات بەوەی گوێ بە مەترسییە ئەمنییەكانی توركیا نادات، داواشی لێدەكات توندڕەوە فەرەنسییەكان لە زیندانەكانی سوریا بباتەوە.
وتەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا لەكاتێكدایە، پاریس و واشنتن هەوڵدەدەن لە ڕێگەی گفتوگۆوە توركیا ڕازی بكەن خۆی بەدوور بگرێت لە هەر هێرشێك بۆسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەساڵی 2019 كۆتایی بە دەسەڵاتی داعش لە سوریا هێنا.
بەرپرسانی ئەمریكا و ئەوروپا و چاودێران ڕۆڵی هەسەدە بەرز دەنرخێنن لە ڕێگریكردن لە گەڕانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش لە سوریا، بەڵام توركیا بووەتە مەترسی بۆ سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و بە درۆن و تۆپهاوێژ هاوكاری هێزە بەكرێگیراوەكانی لە سوریا دەكات كە هێرشیان بۆسەر هەسەدە لە چەند ناوچەیەك و بەدیاریكراوی لە مەنبج دەستپێكردووە.
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە بڵاوەپێكردنی هێزی ئەمریكا و فەرەنسا لە باكوری سوریا و باشوری توركیا (سنوری باكور و رۆژئاوای كوردستان) هاكان فیدان ڕەتیكردەوە لە ئەگەرێكی وادا فەرەنسا هیچ ڕۆڵێكی پێبدرێت.
وەزیری دەرەوەی توركیا بە رۆژنامەنوسانی وت:"میحوەری سەرەكییمان لەو پرسەدا ئەمریكایە، بەڕاشكاوی نامانەوێت هیچ دەوڵەتێكی دیكە كە بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیەوەیەتی ڕۆڵی لە سوریا هەبێت و لەپشت هێزی ئەمریكاوە بیەوێت ئامانجەكانی بەدیبهێنێت".
فیدان وتیشی:"چەند جارێك ئەوەمان وتووە، ناتوانین لەژێر ئەم هەڕەشەیەدا بژین، یان ئێمە ئەو هەنگاوە دەنێین یان كەسێكی دیكە".
وەزیری دەرەوەی توركیا، فەرەنسا بەوە تۆمەتبار دەكات كە نایەوێت ئەو ئەندامە فەرەنسیانەی داعش كە لە سوریان بگەڕێنەوە، "چونكە گرنگی بە ئاسایشی ئێمە نادات".
هاكان فیدان پشتیوانی وڵاتان بۆ هەسەدە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە نایانەوێت داعشەكان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەكانیان.
|